١٥\٢\٢٠١٠
وێنەکانى ناو
ئاوێنەیەکى تەمگرتوو.

هەردى شەفیق
ئێوارەیک هەواڵم
بۆدێنن
کەتۆ دەگەڕێیتەوە بۆ شار و
هەموو دیوارەکان ئەکەیت بە دەرگا
شەقامەکان ئەسپێریت بە فەرامۆشى
بەڵام من وەک کۆترێکم لێهاتووە
عیشق پەڕوباڵى کردبێت
تۆ دیار نەمایت
لەباو بۆران و
هەورى پایز هەواڵم پرسیت
لەئێوارەى یادگاریەکان و
گەڵاى سەماکەرى دەم کزەبا
سۆراخم کردیت
من خەریکبووم ناو خەیاڵى کتێبەکان و
باخچەى فریشتەکانى خواو
سەر زەمینە نەدۆزراوەکانت بۆ دەگەڕام
بەڵام تۆ لەبەلەمێکا خنکابوویت
بەڵێن بوو بتباتە سەرزەمینى ئاسودەیی
دواى تۆ
من جەنگەکانم بە دۆڕاندنى خەیانەت بردەوە
لەسەر مێزێک هەرگیز
من و خەیانەت پێکێک بادەمان نەنۆشى
ئێستاش من سەر کەوتوویەکى دۆڕاوم
وەک ئەو شارەى لەناو دوکەڵى کەلاوەکانیدا
ئاڵاکەى ئەشەکێتەوە
دائەنیشم و حەکایەتە کوژراوەکانى گەنجیم
بۆ پەڕەسێلکەیەکى سەر بڕاو ئەگێڕمەوە
عیشقى کۆنەساڵ لەنێو بێدەنگى شەودا ئەناڵێنێ
ئاشنایەتى من و ئەو ئەچێتەوە ناو خەیاڵى شیعرێک
من گوێم لەبریندارێکە هاوار ئەکات
بەهەناسەکانى پەروانەیەکى تەزیوو گەرم ئەکاتەوە
پەروانەیەک،
هەمیشە بەبرینەوە برین ئەنوسێتەوە
باى پایزیش فوو بەگەڵاو گوڵى جوانیا ئەکاو
وەکو پەپویەک لەسەر کەلاوەى ماڵى یار
ئاشوب ئەدا ئەکات
باشەقامەکان وەکو خۆیان تاریک بن دڵى من
نمایشى مەرگ خەریکە دەست پێئەکات
سەرم ئەنێم بەدرەختێکى ڕوتى پایزەوەو
سەیرىشەقامێکى چۆڵ ئەکەم
پڕە لەئاوازى باو گریانى گەڵاى کۆچکردوو
ئاگام لێیە دێوانەیەک لەو بەرەوە
جگەرەکەى ڕۆشن ئەکاو باى سارد ناهێڵێ
ئاگام لێیە شەقام تاریک دادێء
مەرگ وەک چەتەیەکى جەربەزە پێم ئەڵێ:
دەست بەر زکەرەوە
پارەم لێت ئەوێ نەک بیرە وەرى
بەڵام من باکم بەدورى تۆ هەیە نەک نزیکى ئەو
تۆ ڕۆژێک دڵشکانمت لەگەڵ خۆت نەبرد بۆ پیاسە
تەنیایمت بەدم جگەرەیەکەوە نەکێشا
ئاگرێکت نەبینى لەناو شیعرەکانما ئەسوتێ
ڕۆژێک هەواڵى کڵۆڵیمت لەدەردە دارێک نەپرسى
ئێوارەیەک بەخەیاڵیش بەم بیماریەت نەزانیم
زەمانێک دێت لەسەر دیوارەکانى شار ئەنوسن
پیاوێک هەبوو پەرستارى دڵێکى هەزار جار شکاو بوو
پاسەوانى مەیخانەیەکى بێدەنگ بوو
خۆر بێئومێد بووبوو لەوەى پەنجەرەکەى بۆ بکاتەوە
بەپێى خاوسى
هەموو ڕۆژێ هەتا ئەو سەرى مەلولى ئەڕۆیشت
تەنها ئەم ڕستە میراتى ئەو پیاوە بوو
(کلیلەکان دەرگاى جەهەنەم ئەکەنەوە نەک چارەنوس)
بەخودا ئیتر دڵى من
بەرگەى ئەم هەموو خەیاڵء برین و
خوێن لێچونە ناگرێت، ڕوئیا
هەر ئەو پیاوەى ئێواران
بەلێوى کەمانێکى دڵتەنگ ئەگریا
کەمانچەژەنەکەى بەخەمى خەیانەت خۆى کوشت
ئێستا دڵى لەژیان ئێشاوە
هەموو شتێک بەبێ تۆ غەریبە
هەموو شتێک بۆنى شوێن پێى تۆى لێدێ
وەک ئەوەى تۆ بەگۆرانیەکى بێدەنگ
ژیانت پڕ کردبێت لەدڵتەنگى
وەکو دەستى مردویەک خۆڵى سەر گۆڕەکەى لابدات
تۆزى
سەر تابلۆکان دەسڕم
دەزانم تۆ لەناو چوار چێوەدا
ئەمشارەت پڕکردووە لە دیلێتى
وێنەیەک لەناو چوار چێوەدا
ئەم ماڵەى پڕ کردووە لە بۆن
سەختە گۆرانى وتن بۆ گوڵێک
بەر لەپشکوتن هەڵوەرى
مردن بەدیار کۆترێکەوە
بۆ تاقە جارێکیش بێت
بەسەر چڵێکى خەیاڵى ئێمەوە نەنیشت
یەشتا دێوانە دڵشکاوەکەى جاران
بەسەر شەقامەکاندا دەگەڕێت
ئەوەندە دڵى تەنگە ،
گوڵێکى پەژموردەش دڵى خۆش ئەکات
بەدڵێکى لاوازو دووچاوى کزەوە
شەقامەکانى نامورادى ئەگەڕێ
حەیففففف!
نە ئەو سەرى بەماڵى خەیاڵى ئێمەدا کردو
نەئێمەش گوڵێکى حەقیقیمان دا بەئەو
من دەزانم
دڵى تەنگە وەک خۆر نشینی ئێوارەیەکى ماتەمبار
لەسەر سینەى ئەم شانۆ تاریکە
وەک قەرجێکى دڵشکاو ئەجوڵێ
وەک سەماکەرێکى پیر دڵى خۆى ئەداتەوە
یەشتا وەک شەو پەرستێک
کەمانەکەى بۆ تاریکى ئەژەنێت
وەک حەماڵێکى شەکەت
هەزار سەدە مەینەتى بکاتە کۆڵ
پشکۆ لەسەر دڵى سارد ئەکاتەوە
بێتاقەتى لەمەستیدا ئەکێشێت
دواى تۆ باکم نەبوو چى ڕوو ئەدا
بە کۆڵ حەسرەتم بۆ ژیان ئەکێشاو
گوڵم ئەدایە دەستى بێهیوایی
مەرگ لەگۆرانیەکانما سەوز ئەبوو
عیشق لەناو دڵ پەروانەکانا ئەمرد
دواى تۆ
وەک ئەو گوڵانەى هەتا مردن دڵیان ئەشکاو
هەڵئەوەرین
وەک ئەو بیمارانەى لەنەخۆشخانەکاندا
کەسێکیان نەبوو لە ژور سەریانەوە دانیشێت
عیشق گیانى سپارد
ناڵەى ئەو شەوانەى بۆت ناردبووم
وەک گوللەیەکى وێڵ دەیپێکام
دواى تۆ سێبەرى گۆڕێک داڵدەى نەدام
مردن ژیانى منى بەفلسە سورەیەک نە کڕى
من مردووم و تۆ ئاگات لێنیە
بەشى من لەم دونیایەدا
پێکێک خوێن و
کۆڵێک غەم و
مشتێک خۆڵەمێش بوو
ئێستاش کەخودا دەرگاى بەهەشتت لێدەکاتەوە
لە دۆزەخى منا ئەسوتێى
کە خودا دەرگاى بەهەشتت لێدائەخات
لەدۆزەخى تۆدا ئەسوتێم
تۆ بۆ عیشقێک ئەگریت
لەدەستەکانى منا سەوز نەبوو
من بۆ گوڵێک لەخەیاڵى کەسدا سەوز نەبوو
ئێستاش لەسەر خۆ خەریکە وێران دەبم و
کەس نایبینێ
ماڵەکەى من وەک دڵى تازیە بارێک کپء خامۆشە
لەسەر شۆستەکان
سەیرى سواڵکەرو کتێبەکان ئەکەم
ژورەکەى تەنیایشم
لەپرسەى سۆزانیەک ئەچێت .
Jgarsoz8181@yahoo.com
|