په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٨\٢٠١٠

وێنە لە رۆماندا، وێنە لە سینەمادا...


حەسەن حوسێن   


لە دوو سەدەى رابردوودا رۆمان بەسەر هەموو ژانرەکانی دیکەى ئەدەبدا هەژمووندار بوو. کاتێک سینەما سەریهەڵدا، ئەویش بآ بەش نەبوو لەو هەژموونەى رۆمان، سینەماش بەپێی خۆى کاریگەرى لەسەر رۆمان دانا بەتایبەت لە مۆنتاژدا. بۆیە دەبینین رۆمانء سینەما چەندین توخمی هاوبەش کۆى کردوونەتەوە، وەکو گێڕانەوە، وێنە، رووداو، کاتء شوێن، جگەلە فەزاء ئەتمۆسفێرى ناوەوەى هەریەکە لەو دوانە، بۆ نمونە هەندێکجار بینینی کارێکی سینەمایی وەک خوێندنەوەى داستانێک وایەء بەپێچەوانەیشەوە فەزاى ناوەوەى هەندێک کاری ئەدەبی هێندە پڕ وێنەء جووڵەیە کە لە شاکارێکی سینەمایی دەچێت. کەوایە دەکرێت بڵێین ئەم دوو شێوازەى دەربڕین هەم لەیەک دەچنء هەم جیاوازیشن، هۆکارى سەرەکی ئەم موفارەقەیەش وێنەیە.


لە هەشتاکاندا کە خوێندنەوەى چیرۆکێک یا رۆمانێک سەرسامی دەکردم لە دڵەوە خۆزگەم دەخواست ئەو کارە ئەدەبییە بکرێتە فیلم. هەڵبەتە ئەو دەمە باسێک لە سینەماء فیلمی کوردى لە ئارادا نەبوو، ئەو زانیاریانەش کە لەسەر سینەما هەمبوون تەنها لە ڕٍێگەى سەیرکردنی فیلمء چوونە سینەماء کەڵکەڵەى هەواڵی سینەماکارانەوە بەدەستم هێنابوون، بۆیە ئەو کاتە زۆر بۆم روون نەبوو کە چ شتێک وا دەکات حەزبکەم کارێکی ئەدەبی جیا لەکارێکی دیکە بەفیلم ببینم. بەڵام دواتر بۆم روون بووەوە، ئەوە وێنەء دیمەنە لە نێوکارێکی ئەدەبیدا کە نزیکی دەکاتەوە لەکارێکی سینەمایی یا لایەنی کەم توخمێکی گرنگە بۆ ئەوەى چانسێکی بداتآ تا ئامادەبکرێت(Adaptation) بۆ سینەما.


زمانی وێنە لە رۆماندا وشەیە، وشەش خۆى شتێکی ئەبستراکتەو ئەرکێکی دەلالیی هەیە، واتە وشەکان وەکو هێما دێنە ناو خەیالڕء ئەندێشەى خوێنەرەوە، ئەویش لە مێشکیدا دەیانگۆڕێت بەوێنەء دیمەنیان لێ بەرهەم دەهێنێت. ئەوەش کە یاریدەى پرۆسیسی بەرهەمهێنانی وێنەء دیمەنەکان دەدات، ئەو وەسفانەیە نوسەر بەکاریان دەهێنێت، کە زیاتر لە کێشانی سکێچێک یا دروست کردنی هێڵە سەرەکییەکانی چەند فیگەرێک دەچن کە ئەرکی تەواوکردنییان بەخوێنەر بسپێردرێت، لەم نێوەدا نووسەرء خوێنەر دوو جەمسەرى تەواوکەرى یەکترن، ئەم ئاڵءگۆڕ پێکردنەى بەرهەمهێنانی وێنەییش لەنێوان نوسەرء خوێنەردا، وا دەکات کە خوێنەر رادەیەک ئازادى هەبێت لەو وێنانەى کە بۆ کارەکتەرەکانی دەکێشێت. ئەمەش لە خوێنەرێکەوە بۆ خوێنەرێکی دیکە دەگۆڕێت، چونکە پرۆسیسی خوێندنەوە زیهنییەء پێویستیی بە ئەندێشەء خەیاڵی خوێنەر هەیەء ئینجا لێکدانەوە یاخود راڤەکردن، نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە خوێندنەوەش خۆى کارێکی تاکگەراییانەیە بەپێچەوانەى تەماشاکردنی فیلمەوە کە بەکۆمەلڕ ئەنجام دەدرێت. لە یەک رستەدا وێنە لە رۆماندا پشت بە ئەندێشەکردن دەبەستێتء نوسەر لەرێگەى وشەوە وێنە دروست دەکات.


بەڵام لە سینەمادا وێنە بەهۆى کامێراوە دەردەبڕدرێت، واتە پرۆسەیەکی میکانیکییە، وێنەء دیمەنەکان خەسڵەتێکی بەرجەستەیان هەیەء لە ڕێگەى هەستی بینینەوە، پاشان هەستی بیستن، دەگەنە وەرگر یاخود بینەر. بەرجەستە بوونی وێنەىکارێکتەرء لۆکەیشنەکان بەشێوەیەکی واقیعی، نەک لەڕێگەى ئەندێشەکردنەوە، ئەو تواناییەى کامێرا نیشان دەدات لەوەى کە چۆن وێنەى خەیاڵء فەنتازیاى مرۆڤ بگرێتء نمایشیان بکات. لەم رووەوە نوسەرء دەرهێنەرى فەرەنسی" ئابیل جانس" لەو پەڕى سەرسامی خۆیدا بەرامبەر بە وێنە دەڵێت: ( ئیدى سەردەمی وێنە هات.. هەموو خورافەکان، ئەفسانە، دامەزرێنەرى ئایینەکانء خودى ئایینەکانیش، هەموو کەسایەتییە مەزنەکانى مێژوو،... چاوەڕوانی ناردنی ئەو تیشکەن، هەرچی پاڵەوانەکانیشە لەبەردەم دەرگاکانماندا پاڵەپەستۆیانە بۆ ئەوەى بێنە ژوورەوە، هەموو خەونەکانی ژیانء سەرجەم ژیانی خەونەکان، ئامادەن بەسەر ئەو شریتە هەستیارەدا گوزەر بکەن، وڕێنە ناکەم گەر بڵێم هۆمیرۆس لێیدەوشایەوە کە ( ئیلیادە)ء بگرە(ئۆدیسا)کەیشی لەسەر ئەم شریتی فیلمە چاپ بکات، ئەمەیە هەقیقەتی سینەما). ئەم بۆچوونەى جانس نەختێک زیادەڕەوىء پێوەنانی تێدایە، چونکە هەرچەندە وێنەى سینەمایی، لە دەربڕیندا هەندێک جار وێنەى ئەدەبی یا رۆمان تێدە پەڕینێت، بۆ نمونە چیرۆک نووسێک رەنگە پێویستی بە چەند لاپەڕەیەک هەبێت بۆ وەسف کردنی جوانیی سیمایەک یا باس کردنی شوێنیک، لەکاتێکدا کامێرا دەتوانێت ئەو وەسفە بە گرتەیەک نیشان بدات. بەڵام هەندێکجاریش دەربڕینی وێنەى سینەمایی ناگاتەوە بە رۆمانء کورت دەهێنێت. بۆنمونە رۆمان دەتوانێت لە باس کردنی بارى دەروونی کارەکتەرەکانیدا قولڕ بەناخء دەرونییاندا رۆبچێت، بەڵام کامێرا تەنها ئەوەندە دەتوانێت کە وێنەى دەرەوەى روخسارى کارەکتەرەکە نیشان بداتء دەربڕینەکانی دەمء چاوء روخسارى دەربخات. هەروەها سەرەڕاى ئەو ئیستاتیکایەى وێنەیەکی سینەمایی هەیەتیء ئەو کاریگەرییەى کە لەسەر هەستء چێژى بینەر دایدەنێت، بەڵام بەرجەستە بوونی وێنەکان لە شەخسیەتی راستەقینەء مرۆییدا، ئەو ئازادییە لە وەرگر دەسەنێتەوە کە، لە رۆماندا هەیەتی، لە ئەندێشەى خۆیدا سیماى کارێکتەرء شوێنەکان بکێشێت.


لێرەوە پرسیارى ئەوەى کە ئایا رۆژێک دادێت سینەما جێگەى رۆمان بگرێتەوە؟ رەنگە ناماقولڕء نەشیاو بێتە بەرچاو، چونکە ئەو وەزیفەیەى کە رۆمان لە نێو کەلتووردا هەیەتی، سینەما ناتوانێت پڕاء پڕ ئەنجامی بدات. تەنانەت گەلێک رەخنەگرء خاوەن رێبازى سینەماییش ئەوە رەت دەکەنەوە کە ئەرکێکی رۆشنبیریی لە رادەبەدەر بسپێردرێت بە سینەما، هەر وەک ئەوەى لە سەرەتاکانی سەدەى بیستدا هەوڵەکانی دەرهێنەرى روسی ئایزنشتاین، سەرەڕاى ئەو داهێنانەى لە بوارى مۆنتاژى سینەماییدا ئەنجامیدا، بەڵام رووبەڕووى رەخنەى رەخنەگرانء بیرمەندانی بوارى سینەمایی بووەوە.
 

ماڵپه‌ڕی حه‌سه‌ن حوسێن