٢٨\٨\٢٠١١
کورتە چیرۆک:
وێنە سیحراویەکەی
وەرداش.
یاسین برایم
لە نێوەراستی بازاڕی شار، ناونیشانەکەی بە
ئاسانی دەدۆزریتەوە، دوکانێکی درێژ، پڕ لە کەل و پەلی کارەبایی. لە
کۆتایی دوکانەکەش، کۆگایەکی بچووک و قەڵەباڵغ لە کارتۆن و کەل و پەلی
یەدەگ ، هەروەها کۆمەڵێک کتێب و گۆڤار لە نێو کارتۆنەکان بەرچاودەکەون
، کە هی کۆمەڵەی هاوڕێیانی کتێبن. گەنجێکی جوان و دەسترەنگین ، راستر
بڵێین پەنجە زێرین ، چونکە دەستەکانی کار ناکەن و تەنها پەنجەی گەورەی
دەستی راستی دەجولێتەوە . زۆر جار لە نێو تاریکایی دوکانەکە ، چاوە
جوانەکانی وەک هەلۆ دەبریسکێنەوە. هەموو تەمەنی لە سەر ئەم عارەبانەیە،
ئەو بەناچاری هۆگری ئەو عارەبانەیە بووە، هەرگیز ناتوانێ دەستبەرداری
بێت . رۆژانە کاتەکانی خۆی لە بەرامبەر کۆمپیوتەرێکی داگیرساو لە سەر
ئەم عارەبانەیە بەسەر دەبات وپەنجە تاقانەکەی دەخاتە سەر ماوسەکەی و
خەریکی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتە. کاتێ جەستەکەی دەبینیت ، تەنها سەرێکەو
لە سەر عارەبانەیەک داندراوە ، سۆزو ویژدانت دەجوڵێنێ و بەزەیت
پێدادێتەوە ، بەڵام کاتێ کار و پڕۆژە و بەهرەو داهێنان و کارە
هونەریەکانی دەبینیت ، بۆت دەردەکەوێت ئەمە مرۆڤێکی چەند مەزنە ، ئەوسا
ئیرەیی پێدەبەیت ولە بەرامبەر ئەو خۆت بە بچووک و کەمزان دێتە بەر
چاو.تابلۆی سەر دوکانەکەو کەلوپەلەکانی نێو دوکانەکە پێتدەڵێن ئەمە
دوکانێکی فرۆشتنی کەلوپەلی کارەبایە، بەڵام ئەو وێنە جوان و سەرنجڕاکێش
و نایابانەی لە دوکانەکەی هەلواسراوون ، زیاتر لە گەلەرییەکی هونەری
دەچێت . کەلوپەلە جۆراوجۆرەکانی دوکانەکەو وێنە جوانەکان
هارمۆنیایەکیان دروستکردووە و چێژ لە بینینیان دەبینی . وێنەی
پێشمەرگەو پارتیزانەکانی دەڤەرەکە ، کە وەک هەلۆ لە سەر تاشە بەردەکانن
، کۆنترین وێَنەی شار کە تەمەنی لە سەدەیەک زیاترە، وێنەی پیاوە
قسەخۆشەکان و کەسایەتیە ناسراوەکان و وێنەی ئەو مرۆڤە خۆشەویستانەی ،
کە خەڵک ناویان لێناون شێت ! کەچی ئەو بە فریشتەی شار ناویان دەبات ،
لەم دوکانە بەرچاو دەکەون. کاتێ روو دەکەمە بازاڕ، دەبێ سەرێکی لەم
دوکانە بدەم ، وەک بڵێی خووم پێوەگرتووە ، ئەگەر کورسیە سوورەکەم
دەستنەکەوێت لە تەنیشتی دابنیشم ، ئەوا لە سەر تۆپە وایەرێکی سپی کە
شێوەی بازنەی وەرگرتووە ، جێگای خۆم دەکەمەوە. ئەویش بە ماوسەکەی
خەریکی جوانکردنی وێنەی خەڵکە ، هەندێک جاریش خەریکی کاری کۆڵاژە ،
چونکە وەک جاران ناتوانێ وێنە بکێشێت ، ئیدی بە کۆمپیوتەرەکەی، بە هۆی
رەنگ و هێڵ و بیرۆکە جوانەکانی خۆی ، کارێکی هونەری دێنێتە بەرهەم .
ئەو زۆر هۆگری وێنەیە ، هەر لە بەر ئەمەشە کامێرایەکی لە پشتەوەی
عارەبانەکەی داناوە ، بەڵام خۆی وێنە ناگرێت و هەر کاتێک دیمەنێک یان
شتێکی سەرەنجراکێش ببینێت ، ئەو هاوڕێیەی لای ئەوە، ئەو بەختەی بەر
دەکەوێت وێنەکەی بۆدەگرێت . بەم شێوەیە ، ئێستا خاوەن زۆرترین وێنەیە ،
کە خاوەن دەستەکان ناتوانن شان لە شانی بدەن. وێنەی پیرەمێرەکان و
پێشمەرگەکان و چالاکی هونەری و رۆشنبیری و وەرزیشی و مامۆستایان و
شەهیدەکان و وێنەی شار بە کۆن و نوێ کۆدەکاتەوە ، ئیدی نەک هی شارەکەی
، بەڵکو هەر لە سەر ئەم عارەبانەیە دەستی بۆ گوندەکانی دەوروبەریش
درێژکردووە ، ئەوانیشی لەلا دەست دەکەوێت. زۆر کەسیش کاتێ وێنەیەکی
دەگمەن دەدۆزنەوە ، خۆی دەکاتە دوکانەکەی و مزگێنی دەستکەوتنی وێنەکەی
پێدەڵێت ، کەچی ئەو بە زەردەخەنەوە ، رووی تێدەکات "لەمێژە ئەم وێنەیەم
هەیە و مۆرم لێداوە! " ئەگەر وێنەکەشی نەبینیبێ ، وەک بڵێی زێری
دۆزیبێتەوە ، بەزووترین کات دەیکاتە نێو کۆمپیوتەرەکەی . رۆژانە ئەگەر
هیچ کەل و پەلێک نەفرۆشێت ، بە دەیان و سەدان وێنەی دێنە بەر دەست و
ئەویش لە نێو کۆمپیوتەرەکەی هەڵدەگرێت و بۆ ئەویش کارێکی باشە. گەر
وێنەیەکی جوانیش لە رۆژنامەو گۆڤار بڵاوکرابێتەوە ، تایبەت بە شارەکە
بێت ، ئەرشیفی دەکات. ئێستا لە نێو کۆمپیوتەرەکەی ، بە سەدان فۆلدەر
هەیە ، هەریەک تایبەتە بە بوارێک ، دیسان ئەوانیش چەندین لق و پۆپی
لێدەبێتەوە . زۆر جاریش بۆ دۆزینەوەی وێنەیەک ، کاتێکی زۆری دەوێت ، تا
پەیدای دەکات و هەندێک جاریش هەر خۆی لێ ون دەبێت و بە ئارەقەی شین و
مۆر لە نێو فۆڵدەرەکان دێتە دەرەوە. ئێستا کۆمپیوتەرەکەی، وەک پایتەختی
لێهاتووە جەنجاڵ و ئاڵۆز ، بە ئاسانی ناگاتە ئەو شتەی دەیەوێت . ئەو
لەم شارە بویتە میری فۆتۆیان و شانازیش بە نازناوەکەی دەکات کە لە
رێگای وێنەکان خزمەتی شار دەکات.کاری رۆژانەی هەر خەریکی چاککردن و
جوانکردن و رێکخستنی وێنەکانە ، بویتە گۆگڵی ئەم شارەو ئەو کەسانەی لە
دەرەوەش دێنەوە ، روو دەکەنە دوکانەکەی میری فۆتۆیان و بە دەست بەتاڵی
ناگەرێنەوە ، ئەگەر وێنەی خۆشیان نەبێت ، چەند دانەیەکی هی
بنەماڵەکەیان دەستدەکەوێت، کە لە ئەلبومی خۆیان دانیە و بگرە هەر
بیریشان نیە کەی ئەم وێنەیان گرتووە. ئەو بە پەنجەیەک ، هەموو خەڵکی
هۆگری هونەرەکەی خۆی کردووە . ئەمە بێجگە لەو پێشانگایانەی ساڵانە لە
بۆنە نیشتمانی و نەتەوەیەکان دەکاتەوە. ئەو وەک مێروولەیەکی دڵسۆز ،
بەیانیان لە ماڵ دێتە دەر و بۆدوکانەکەی دێت و لەوێش لە سیلەی دوکانەکە
لە سەر ئەم عارەبانەیە ، کاردەکات و راناوەستێ . شەویش بە هەمان
هەناسەو حەزەوە لە سەر ئینتەرنیت دەبێت و کارێک بۆ هاوڕێیەکانی خۆی
دەکات ، یاخود وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە . ماوە بە ماوەش لە
ئینتەرنیت، چەند وێنەیەکی دەگمەن، تایبەت بە شارو دەڤەرەکەی خۆی
بڵاودەکاتەوە. ئەو لە سەر دروشمی لویس پاستۆری زانا (کار و کار و کار)ی
کردۆتە پیشە و بەردەوام لە سەر ئەم دروشمە دەروات..
ئەو کاتانەی دەچمە لای ئەو ، وزەو توانا وبەهرەی زۆرم پێدەبەخشێت.
ئاسوودە دەبم ، کە بچووکترین کاری بۆبکەم و یان ئەو کریاڕانەی شتێک
دەکرن ، ئاسانکاریان بۆ بکەم و کەلوپەلەکانیان بۆ بخەمە نێو عەلاگە و
پارەیان لێ وەربگرم و بەهێمنی بخەمە ژێر رانەکانی . ناوە ناوەش
بەشەرمەوە ، بانگت دەکات " وەرە ئەو باسکەم بڵند بکە!" دەبێ چەند جارێک
بە زانایی و هوشیاری باسکەکەی بۆ سەرەوە بڵند بکەیت ، نەبادا جێیەکی
بشکێت، ئەو بەو کارەیی ئاسوودە دەبێت و وەک فۆرماتکردن بۆ ئەو وایە.
ئیدی لە تەنیشت ئەو لە سەر کورسیە سوورەکە دادەنیشم. زۆر جاریش،
ژەنەڕاڵی هونەر بە زەردەخەنەوە دێتە ژوورەوە ، بە هاتنی ئەو ، کەش و
هەوای دوکانەکە زیاتر دەگۆرێت و هەست دەکەیت دوکانەکە دەبێتە
گەلەرییەکی گەورەی پڕ هونەر ، باس و خواستی هونەر دێتە گۆرێ و گفتوگۆ
گەرم دەبێت. جاری واش هەیە ، دەکەومە نێوەراستی هەردوو هونەرمەندەکە ،
کە یەکێکیان گەنج و ئەویتریان پیر ، تا ئێستاش هەردووکیان زگورتین و
هونەریان کردۆتە هاوسەری ژیانیان. کەس وەک ئەوان لە خۆشەویستی و
گەورەیی و پاکی هونەر و ژیان تێناگەن. هەردووکیان بە خوێن وگیان ،
ئاوێزانی هونەر بوینەو بۆ ساتێکیش ناتوانن بێ هونەر بژن . زۆر جاریش
گوێمان لە قسەکانی ئەوان دەبێت ، کە شەویش خەون بە هونەرەوە دەبینن!
لە نێو ئەم هەموو وێنە جوانانەی ، دوکانەکەی رازاندۆتەوە ، وێنەیەکی
سەرنجرکێشی (وەرداش)ە. هەرگیز لە تێڕوانینی ئەم وێنەیە تێرنابم .
وێنەیەکی گەورە ، بە شێوەیەکی ستوونی ، ئەو لە نێویدا بە وەستانێکی
جوان ، پێڵاوە ئەدیداسەکەی پێی چەپی خستۆتە سەرپڵاوەکەی پێی
راستی.گۆپاڵێکی کەوەتی ئەستوور ، بەدەستی راستی گرتووە و سەرەکەی تری
گۆپاڵەکەش ، بستێک سۆندەی پێوە هەڵکێشاوە.دەستی چەپیشی لە قەدە
دارێکەوە گرتووە ، کە لە سەر شەقامەکە روواوە. کلێتێکی چڵکنی لە سەرە ،
وەستانەکەی زۆر لە وەستانەکەی چارلی چاپلین دەچێت . دەمی لێککردۆتەوە
وەک بیەوێت فیکەیەکی لێ بدات ، تەنها ریشەکەی بە سپی دەردەکەوێت ، جل و
بەرگیشی لە پیسایی رەنگی قاوەیی گرتووە. ئەو لەو وێنەیە لە جیاتێ
پشتێنێک چواری پشتێنی بەستووە ، هەریەکی لە رەنگێکە و زۆر درێژن ،
ئەمەش بۆ زگی وەرداش ، بویتە تۆپە قوماشێکی گەورە . بە هۆی ئەم
پشتێنەوە لە وێنەی بەگ و ئاغا و دەسترۆیشتووەکانی کۆنی شار نزیک
دەبێتەوە ، کەجاران بەمەبەستی بەستنی دەمانچەو خەنجەر و فیشەکدان ،
پشتێنەکانیان چەند مەترێک درێژ بوون ، تا نزیک ملیان لە خۆیان دەپێچا.
منیش رۆژانە خووم داوە بەو وێنەیە ، دەزانم سەرگوشتەی پاڵەوانی ئەم
وێنەیە چۆنە ! چۆن عەشق و راستگۆیی ئەو بۆلای شێتی بردووە! بە تەنیایی
و بێکەسی لە شەقام و کوچەو کۆڵان و بازاڕی شار دەسورێتەوە، بەڵام ئەوەی
چیرۆکەکەی دەزانێت ، سەردەمێک ئەو مەم بووە و ئێستاش زینەکەی ئەو لە
گەڵ مەمێکی ترە. لەوانەیە لە لای ئەو زینە لە مێژە ئەم عیشقە مردبێت و
ئەگەر جار و باریش چاوی پێبکەوێت بە شێتێکی گەورەی لە قەڵەم بدات ،
کەچی وەرداش هەمیشە ئەو عیشقەی لە دڵدا دەژێت و رۆژ بە رۆژ گەورەتر و
جوانتر و پاکتر دەبێت و لە نێو خەڵکیش وەک عاشقێک خۆشەویستر دەبێت. لە
نێو چوارچێوەی ئەم وێنەیەدا ، مرۆڤێکی عاشق وەستاوە ، لە بەرامبەر خەم
و ناخۆشیەکانی رۆژگار، بێکەسیش ریشی کردووە بە بەفر.ئەو خاوەن دڵێکە
بێرق و قینە ، پڕ لە سۆزوبەزەیی و خۆشەویستی . منیش هەر بەو پاکیەی ئەو
مرۆڤە هەیەتی ، لە پاکی وێنەکە ڕادەمینێم و ئۆشۆیانە دەروانمە مرۆڤ و
فەلسەفەی ژیانی تیدا شیدەکەمەوە. وێنەکە، گەورەیی و خۆشەویستی مرۆڤم
پێدەبەخشێت و ئاسوودەم دەکات.زنجیرەیەک تێڕامانی قۆڵ بە هزرو خەیاڵم
دێت و ئاڵۆزم دەکات. ئیدی هەر ئەوە دەزانم پاڵەوانی نێو وێنەکە دەنگی
دێت ، بەڵام لە نێو چوارچێوەی وێنەکە نا ، بگرە وێنەکەش هەروەک خۆیەتی
، بەڵکو بەزیندووی دەبینم لە دوکانەکە بە ژووردەکەوێت و بە
زەردەخەنەیەکی مۆنالیزیانە، سەیری هەمووان دەکات و دوای بە بێدەنگی
دەچێتە دەرەوە. جیاوازی لە گەڵ وێنەکە ئەوەیە ، لەوێ وەستاوە و لێرەش
مرۆڤێکە سندوقێکی رەشی لە سەر خۆی ناوە . رۆژانە حەز بەوە دەکات کۆنە
تەپەدۆر و کارتۆن و سندوق و تۆپی دڕاو و شتی لە کار کەوتوو بکاتە
کڵاوەکەی خۆی .ئەمەش دیمەنێکی پێکەنینناوی پێدەبەخشێت و هەر بەم
شێوەیەش ،بە نێو بازاڕ دێت و دەچێت. بەزۆری لە نزیک کۆنە گەرماوە و
هەندێک جاریش بۆ لای (بەرباخچان) و (شیمردێر) و گۆرستانی شار، پیاسە
دەکات. ئەو کاتەی لە نێو بازاڕیشە ، هەرچی کارتۆن و کاغەزی پێش
دوکانەکان هەیە هەڵدەگرێتەوە و دەخاتە نێو ئەو سەبەتانە ، کە شارەوانی
لە رۆخی شەقامەکان دایناوون.کاتێ مرۆڤە ئاقڵەکانیش ، ئەوانەی خاوەنی
بڕوانامەشن ، شتێک فرێ دەدەن ، ئەو هەڵیدەگرێتەوە. زۆر جار تا درەنگانی
شەو خەریکی کۆکردنەوەی ئەو کەل و پەلانەیە و دەخاتە نێو سەبەتەکانی زبڵ
. بەیانییانیش بەدەم گۆرانی (ئامین تاقانەو مریەم بۆکانی) حەسەن زیرەک
دێتە دەر و هێدی هێدی کۆپلە گۆرانیەکانی ئەم هونەرمەندە دەڵێتەوە و
دەنگەکەی خۆی زیادو کەم دەکات وجاران چۆن گوێی لەو گۆرانیە بووە
بەهەمان شێوە دەیڵێتەوە ، جاری واش هەیە هەر منگەمنگی لێوە دێت و کەس
نازانێ باسی چی دەکات. دواتر لە بەردەم چایخانەکەی نێو بازاڕ دەوەستێت
و هەندێک جاریش وەک وتاربێژ ، وتار دەدات و قسەی سەیرو سەمەرە دەکات لە
ماوەی چەند خولەکێک ، کۆمەڵێک خەڵکی لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە، کە ئەمە
دەبینی وادەزانی کەل و پەڵێک ، هەراج کراوە ، کە نزیکی دەبیتەوە بە
دەنگەکەی و ئەو کەل و پەلە سەیرانەی لە سەر سەری خۆی داناوە ، دەزانی
بەزمەکەی وەرداشە. هەندێک جاریش، دەبێتە ژینگە پارێزێک هەر مەپرسە ، بە
دوبەیەکی ئاو ، نەمام و دارەکانی رۆخ شەقام ، ئاو دەدات و چەندجارێک
ئەمە دوبارەدەکاتەوە . ئەو بە سەرماو گەرما لە دەرەوەیە ، دڵسۆزانەو
خۆبەخشانە خەریکی پاککردنەوەی شارە ، وەک کرێکارە دڵسۆزەکانی شارەوانی
کاردەکات . بۆ مرۆڤ و عەشق و جوانی و خاوێنی مرۆڤەکانی تر دەژێت. ئەو
دەبێتە مرۆڤێکی ژیاندۆست و مرۆڤدۆست ، خۆشەویست لە نێو خەڵک . لە لای
منداڵ و کچ و کورەکانی شار ناسراوەو بویتە سومبولی مرۆڤە پاکەکانی شار.
ئەوەی لەم دوکانە ئەم وێنەیە دەبینێت، قسەی خۆی بۆ وێنەکە هەیە و
راڤەیەکی نوێ دەدۆزێتەوە . میری فۆتۆیانیش ، کە دەبینێت لە وێنەکە
ڕاماون .ئەویش چەندین مانای جیاوازو نوێ لەسەر وێنەکە دەردەبرێت و
ئیستاتیکای ئەم وێنەیە دەخاتە روو. زۆر جاریش بە زەردەخەنەوە باسی
وەرداش دەکات و کاتێ خۆی دێت و سەیری وێنەکەی خۆی دەکات.لە بەردەم
وێنەکە پێدەکەنێت ، کەسیش نازانێ پێکەنینی ئەو بۆ وێنەکە چیە! کە
دەزانێ وێنەیەکی شازی ئەوە.هەندێ جاریش ، گۆپاڵەکەی بە ئاڕاستەی وێنەکە
درێژ دەکات و دەڵێت"ماڵی قەحپە ! دەتناسم ، دەتناسم ، هجوومۆۆۆۆۆۆک !".
بە بێ ئەوی خۆی گیرۆ بکات و دەچێتە دەر.لەوانەیە ناوی هجووم بۆ وەرداش
زۆر خۆشەویست و گەورە بێت ، بگرەخۆشەویسترین هاوڕێی ئەو بێت .سەیریش
لەوەدایە ، لە هەمووکەس زیاتر جنێو بە ئەو دەدات، چونکە ئەو وەک
گەنجێکی دڵسۆز و خەمخۆر، هەموو مانگێک ،لە گەڵ چەند هاوڕێیەکی خۆی
وەرداش دەباتە گەرماو .لەوێ دەستەکانی کەلەمچە دەکەن و سەری دەشۆن و
ریشی دەتاشن و جووتە پێڵاوێکی باش و دەستە جلێکی کوردی نوێی لە بەر
دەکەن و گوڵاو پرژێنی دەکەن. هەر کاتێ وەرداش بە جل و بەرگی نوێوە لە
بازاڕ دەرکەوت ، گۆرانی گوت ، خەڵکی شار دەستخۆشی لە هجووم دەکەن و
دوعای خێری بۆدەکەن.چەندین ساڵە ، نەک هەر وەرداش ، خزمەتی هەموو
شێتەکانی شار دەکات و دەیانشوات ، کەنەخۆشیش دەبن دەیانباتە نەخۆشخانە
. ئەگەر لە بەر ئەو نەبێت لەوانەیە لەمێژ بوو وەرداش لە ژیاندا
نەمابوایە. کاتێ ناوی وەرداش دێتە گۆری ، ئیدی وەک خەمخۆرێک و
کارگوزارێکی شار باس دەکرێت ، ئەو نازناوەی پێبراوە لادەچێت و دەبێتە
مرۆڤێکی ئاقڵمەند، کە خزمەتی شار دەکات . زۆر جاریش ، ژەنەڕاڵی هونەر ،
کە زیاتر لە نیو سەدەیە ، تێکەڵ بە دونیای هونەر بووەوجێ پەنجەی گەورەی
لە هونەری ئەم شارە دا هەیە .دێتە سەر باسی وەرداش ، بەتایبەتی لەو
کاتەی کە گوێی لە وشەی خەمخۆری شارەوانی دەبێت . باسەکەی وەرداش بە
دەرفەت دەزانێ و تێکەڵ بە باسێکی هونەری گەورەت دەکات و دەگەرێتەوە
رابردووە. بە شێوەیەکی جوان و زیرەکانە ، شارەوانی و هونەرتێکەڵ دەکات
و تابلۆیەک لە مێشکت چەسپ دەکات ودیمەنی شانۆیەکی سەر شەقامت نیشان
دەدات و مۆسیقاژەنێکی بڵیمەتی شارت پێدەناسێنێت . لە نێو ئەو بە سەر
هاتەو گێڕانەوەی ژەنەڕاڵی هونەر ، ئەوەندە هونەرت لا شیرین و گەورە
دەبێت ، تا لە نێویدا عاشقی دەبیت . خۆت دەبیت بە یەک پارچە لە
هونەر.بەم شێوەیە کامیرایەکت دەداتە دەست و وەک خۆت وێنەکە بکێشیت وایە.
ئەوها باسی خەمخۆرەکەت بۆ دەکات"لەمێژە ، لەم شارە، حاجیلە هەبوو ،
دەروێشێکی گەورەی سافی هیرانی بوو ، دەستی شیعریشی هەبوو ، زۆر لە خەمی
پاک و خاوێنی شار دابوو ، نەیدەهێشت شار پیس بێت و چاودێری بە سەر
دوکاندارو فرۆشیارەکان دەکرد.کاتێ دەهاتە شار ، خەڵک نەدەوێرا لە
بەرامبەری کەمترین هەڵە بکات" ئەو بەم چەند وشەیە لێت ناگەرێت و دەبێت
تۆش گوێی بۆ شل بکەیت ، چونکە ئەو ژیان بە مۆسیقا دەزانێت و ئەگەر
مۆسیقا نەبێت ژیان لای ئەو مانای نامینێت .بۆیە بۆ لای مۆسیقات دەبات و
بەم شێوەیە درێژە بە حاجیلە دەدات" زۆر جار حاجیلە لە نێو بازار ، یان
لە بەردەم مزگەوتی تەکیە ، دەفی لێدەدا، دواتر دەفەکەی چەندی مەترێک
بڵند دەکرد بۆ ئاسمان و لەسەر پەنجەی خۆیی دەسوراند و خۆی نزم دەکردەوە
بۆ سەر زەوی و دواتر هەڵدەستایەوە ، تا هێزی هەبوو رەمبەی لە دەفەکەی
دەهێنا و دەفێکی ئەوەندە خۆش ، هەموو بازاری دێنایە جۆش و خرۆش . لە
ماوەیەکی کورت بە ئەستەم حاجیلە لە نێو خەڵک دیار دەبوو دەکەوتە نێو
بازنەیەکی گەمارۆدراو لە خەڵک . چەند جارێک ئەم نمایشە سەیرەی دەکرد و
دەروێشانە سەری بادەدا ، لە ناکاویش بە دەنگێکی گەورۆنە هاواری دەکرد :
محەمەد سەڵەوااااااااات!" . دواتر پەنجە بۆ وێنەکەی وەرداش درێژ دەکات
و تێر بە چاوەکانی لێ دەروانێ ، ئەو چاوانەی بە هەزارن وێنەو تابلۆی
جۆراوجۆری بینووە ، ئێستاش بەرەو لاواز دەچێت و ئەگەر لە بەر
چاویلکەکەی نەبێت ، نەک هەر وێنەکە بگرە رستەیەکی نوسراویش ناتوانێ
بخوێنێتەوە. سیفەتێکی جوانی ئەم وێنەیەی وەرداش دەخاتە روو ، گەوهەرێک
لە نێویدا دەدۆزێتەوە نەک لە نێو جل و بەرگە چڵکنەکەی، بەڵکو دیوی
ناوەوەی وەرداش ، کەخاوەنی دڵێکە لە چەشنی تاڤگە ، سپی و جوان ، دڵێک
کە خۆشەویستی زۆری بۆخەڵک بەرهەم هێناوە.ئەو دڵەی رق و کینەی تیدانیەو
خزمەت بە مرۆڤەکان دەکات . ئەوانەی لە نێو خەڵکدا دەژن و لە نێو خەڵکدا
بۆ هەتا هەتایە دەمینێنەوە، ئەوانەن . مرۆڤە مەزنەکانیش ، بەو
سەربەرزییە دەژن لە پێناو مرۆڤەکان ، نەک بۆ خۆیان ، ئەمەش راستییەکە
بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت .ئەمەش لە لای ژەنەڕاڵی هونەر دروشمێکەو
چەندین ساڵە هەڵیگرتووەو فەلسەفەی ژیانی خۆی لە سەر بنیات ناوە.هەمیشە
چێژ لە خزمەتکردنی خەڵک دەبینێت و ئێستاش بەو تەمەنە رێگا بۆ
منداڵەکانی شار رووناک دەکات و فێری وانەی هونەریان دەکات ، تا ژیانیان
لە لاجوانتر و خۆشەویستر بێت.
ئێستا لە دوکانەکەی میری فۆتۆیان ، بینەرەکانی وێنەی وەرداش
لەزیادبووندایە ، هەرکەسەکیش ، بۆیەکەم جار وێنەکە دەبینێ ، خۆی لێ
نزیک دەکاتەوە و هەڵسەنگاندنێکی خۆی بۆدەکات.ئیدی وێنەکە رۆژ بە رۆژ
مانای زیاتر و قۆڵتر بەرهەم دەهێنێ وجوانی زیاتر دەبەخشێت. وەرداشیش ،
لە نێو وێنەکە سەر بەرزانە بەرامبەر ژیان وەستاوە. لە دەرەوەی وێنەکەش
هێدی هێدی گەورە دەبێت و ململانێ لە گەڵ پیری و مردن دەکات ، تا ئەو
رۆژەی چاوە جوانەکانی لێک دەنێت ، لە لای خەڵک خۆشەویستە. لە دوای
مردنیش، وێنەکە و هەڵوێستە جوان و قسەخۆشەکانی وەرداش ، بۆ هەتا هەتایە
لەنێو دڵی خەڵکی شار زیندوو دەبێت و لە لاپەڕەکانی مێژووش، ناوی بە
جوانترین شێوە تۆمار دەکرێت.
ماڵپهڕی یاسین
برایم
|