په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٤\٢٠١٢

    وێنەی دەریا بە دەنووکی باران.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

(١)
چاوم بە لقی بارانە ھەڵواسراوە

ئەوەی روودەدات ھەرچی بێت
بەر خاک دەکەوێ وەکو ئاو
شین ھەڵدەگەڕێ وەک دەریا.


(٢)

دەریا شین شین
بە دنیا پێدەکەنی
بەر لەوەی مرۆڤ ببارێ.


(٣)

قژت تنۆک تنۆک دەکەوێتە سەر بێدەنگی چاوم
لەشکری باران ناز دەکا
بەردەبێتەوە نێو دەریا.


(٤)

دەریا جگە لە کۆکردنەوەی وێنەکانی باران
ھەمیشە لە سەفەردایە.


(٥)

لە نێوان باران و چیا
رۆڵی خۆمان لە بیابان دەستنیشان کرد.


(٦)

منداڵەکەم ھەمیشە دەمدەکاتەوە
لەبەر باران نا
لەبەر فیلمە کارتۆنییەکان.


(٧)

مرۆڤ لە باران رادەکا
بەڵام ئەوە ترسی ناوێ
ترس ئەوەیە
نەگەینە ئاو.


(٨)

گەڵاکان دەوەرن
وێنەی باران لە تاقیگە دەشۆنەوە
بەھار دەستپێدەکاتەوە.


(٩)

نیازی بینین لە دەریا بەتاڵ دەبێ
تێگەیشتن لە ئاو
ھەموو ئەوانە با دەیبا.


(١٠)

یەکەمجار
نموونەم بە باران ھێنا
ئێستا وەک دەریا جمەم دێ لە بێدەنگی.


(١١)

وێنە رووتەکانی باران لەسەر گەڵا ھەڵفڕیووەکان دەکێشم
بە مەرجی چوونە نێو دەریا.


(١٢)

باران واقیعێکە لە خەیاڵ
با دەینەخشێنێ
بە دوو چاوی کوێر.


(١٣)

گێڕانەوەکانی دەریا ھەمووی خوازەیە
دەشێ وەک بوون بەرەو شێتی
قومار لەسەر باران بکەین.


(١٤)

ئاو بە پێی باران دێ
پێچەوانەی با دەکەوێ.


(١٥)

ئەو خەڵکانە بە ھۆی ترس کۆبوونەوە
وەکو دەریا شەپۆل دەدەن.


(١٦)

حەقیقەت وزەی زمانە
پێش مێژووی نووسین دەکەوێ
حەقیقەت وزەی زمانە
دوای مێژووی نووسین دەکەوێ.


(١٧)

لە باخی تەڕی شەو دەخولێمەوە
دەست بە گەڵای کاڵی مانگدادێنم
لەبری قژت.


(١٨)

ئەگەر نیازم پیاسە بێ
دەبێ ئاوڕ لە تەپوتۆز نەدەمەوە
وەک کێشەی ژینگە
لە ئاو بڕوانم.


(١٩)

باران لە چیا ناز دەکا
لە شار سەرخۆشە
کەس ئاگای لە کەس نییە.


(٢٠)

دەمەوێ ئەمڕۆ زمانی شار بدورمەوە
بە دەنووکی با.


(٢١)

ھەموو بەیانییەک لە وەرزش دوا دەکەوم
وەک نوێژکەرێ خەو حیکایەتی بۆ بکا.


(٢٢)

دەم دەکەیتەوە
باران دەبارێ
لەو دەمەوە خۆشم دەوێیت
دەگاتە ترۆپک دەریا.


(٢٣)

کچەکەم ھەمیشە پرسیار دەکا
من پەرییەک لە خەو دەبینم
لەبری وەڵام
خۆم بە لافاو دەگرمەوە.


(٢٤)

ویستم بچمە لای پزیشک
گوتیان
ژیان مۆڵەتی وەرگرتووە
ھەفتەی پێنج رۆژ وەرزش دەکا.


(٢٥)

بەر لەوەی دەست بکەمەوە
وەک سەرخۆشێ بەلادادێم
بەر لەوەی دەم بکەینەوە
ئاو دەمانبا.


(٢٦)

وێنەی چۆلەکەیەک دەگرم
لە تەک گەڵا بەجریوەکانی مانگەشەو
دوای وێنەی ئاو
لە خۆکوشتن.


(٢٧)

بە گیرفانی ئاو
قەردەکانی سەری مانگ دەدەمەوە.


(٢٨)

شەڕی باران ھەرگیز لەگەڵ دەریا نییە
بەڵکو لەنێو درزەکانی سەرھاتی خۆی
بە با دەدا.


(٢٩)

خێزانەکەم وەڕسی خۆیان
بە من پڕ دەکەنەوە
منیش وەڕسی خۆم بە باران.


(٣٠)

خەو دەمباتەوە
باران وەک گۆزەی سەرەوخوار
رامدەژەنێ.


(٣١)

بەیانیان کە خەو دەستم دەکاتەوە
بەرەو ئاو نا
بەرەو ھیچ و پووچی دنیا
بەلادادێم.

شوباتی ٢٠١٢ - ھەولێر
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک