٢١\١٢\٢٠١٣
وێنەی
هونەریی لە رۆمانی ''تەمی سەرخەرەند''.

یاسین برایم
"ھونەر پێشاندانی
شتێکی جوان نییە، بەڵکو پێشاندانی جوانی شتێکە".
(ئیمانۆیل کانت).
ئەگەر
ئەم پەیڤە بخەینە دەروازەیەک بۆ چوونە نێو باسەکە ئەوە لە بەھای جوانی
دەگەیین کە مرۆڤ بە دوای دەگەرێت و دەیەوێت پێی بگات بۆیە ئەوەی ئەو
جوانیەمان نەک جوانتر ، بەڵکو بە جوانترینمان نیشانبدات ، زیاتر چێژ لە
جوانییەکان دەبینین ، لە نێو ھەر ژانرێکی ئەدەبیشدا ، ھەمیشە خوێنەر بە
دوای دەقی جوان و نایاب وسەرەنجڕاکێش دەگەرێت ، تا لە خەیاڵ و
رامانەکانیدا ، بە زیندووی بمینێتەوە ، دەقی جوان لە نەمری و جوانیدایە،
دەبێ شیعری (فاتمە!دووچاوە مەستت ، پڕ تەلیسمی جوانی یە ، پڕشەرابی
خۆشەویستی و عارەقی یەزدانی یە١) ئەحمەد
ھەردی چەند جوان بێت ، کە ھەموومان لە گەڵ بیستنی ، وێنەی پەریەکانی
بەھەشتمان لە خەیاڵ و ھزردا دەنەخشێنێت. کەواتە لە نێو دەقی ئەدەبیشدا
، وێنەی هونەریی جوان لە نێوپەیڤ و رستەکان خۆیان حەشارداوەونیگای
مرۆڤی خاوەن ھەست و جوانناسی دەوێت تا بیاندۆزێتەوە.
(سوھراب) بەدەر لەوەی شاعیر بوو نیگارکێشێکی ناسراو ولێھاتوو و دەست
رەنگین بوو. نیگارەکانی پارەیەکی باشیان دەکردو بەزوترین دەم لە
پێشانگایەکان دەفڕۆشران یان واژۆی ئەو بە سەر نیگارێکەوە بوایە ئەوا
لەگەورەیی ئەم کارەی ئەو دەگەیشتن ، بۆیە لە نێو خودی شیعرەکانیش ،
وشەی ناسک و جوان و وێنەی شیعری لە نێو کۆپلەکانی دەدۆزییەوە ،چونکە
ئەو بە چاوی ھونەرەوە دەیڕوانی ونیگاری لە وشەو دێرەکان دروستدەکرد.لە
کوردیشدا (خەسرەوجاف)شاعیرو نیگارکێش و پەیکەرتاش، نمونەیەکی دیارە لە
نێو شیعرو رۆمانەکانیدا وێنەی هونەریی جوانمان بەرچاودەکەون ،چونکە ئەو
شارەزایە و دەتوانێ چۆن ئیستاتیکا و بەھای
هونەریی خۆی لە نووسینەکانی دەستەبەر بکات . "فراولە ھەردوولەپی لەژێر
گەرماییی دوو مەمکیدا شاردبووەوەو ئارام بە زەویدا دەینواڕی زوڵفی بە
دوو لای گەردنیەوە وەک دوو تاڤگەی زێڕین بە سەر مەمکە تۆپەڵەکانیدا شۆر
بووبوونەوە٢". ناوھێنانی (سوھراب و
خەسرەو جاف) وەک نموونەیەک کە قەڵەمەکانیان وەک فڵچە و زوومی کامێرا
وێنەی دانسقەونەبینراومان دەخەنە بەردیدە.ئورھان پامووکیش رۆماننووسی
گەورەی تورک و ھەڵگری خەڵاتی نۆبل نیگارکێشێکی باشەولە نێو
رۆمانەکانیدا ئەم جۆرە وێنانە ڕەنگیداوەتەوە .کەسانی تریش زۆرن ،
ھونەرمەندن و شیعر دەنووسن و دەتوانن ئەم دووبوارە زۆر بە سەرکەوتوی
ئاوێزانی یەکتر بکەن.لەلایەکی تر زۆر لە شاعیران ھونەرمەند نین ، بەڵام
بە (کارو خەیاڵ) ، نووسینەکانیان بە سەلیقەیەکی هونەریی و پڕتام و
چێژدێنە بەرھەم . لە شاعیرە کلاسیکیەکان شیعری جوان لە نێو دێرەکانی (
نالی ومەحوی) دەبینین.
گۆرانی شاعیریش ، بە وشە جوانەکانی ، تابلۆی جوانی سروشتمان پێشکەش
دەکات و لە بەرزایی ئاسمان بۆمان دەنەخشێنێت:
پەلکە زێرینەی پاش بارانی زۆر،
چەماوەتەوە بەرامبەر بە خۆر٣.
(دڵزار)یش تاڤگەیەکمان بە تابلۆ بۆدەخاتە روو ، کە سپی و سەرەنجڕاکێشە:
چەن جوانە ، چ شیرینە ، چەند دڵگیرە
ئەو تاڤگە پاکەی کە دەڵی چۆڕەی شیرە٤.
(ئەنوەر مەسیفی)شاعیری نوێخوازیش، بەتاکە دێرێک یا رستەیەکی جوان ،
وێنەی جوانی پڕمانامان دەخاتە پێش چاو وادەکات مرۆڤ ڕابمینێ
وھزروخەیاڵی لە بەردەم وێنەکە دێتە جووڵەو ڕامانی قووڵ دروست دەکات:
"ماین بارانی ناو پێڵاوان دەخۆنەوە"٥.
" ژنەکەم لە نێو ئاگری دارجغاران"٦.
لە نێو رۆمان و چیرۆکیشدا ، ئەوا وێنەی جوانمان بەرچاو دەکەون
بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن باگراوەندێکی رۆشنبیری و
هونەریی و مەعریفی قووڵیان ھەیە، دەزانن چۆن کەرستەکانی زمان
بەکاردێنن وکاری باش لە خەیاڵی بینەر و وەرگڕ دروست بکەن.
لە رۆمانی کوردیش ، ئەم وێنە هونەرییانە بەدێدەکرێت ، ھونەرمەندی خاوەن
ئەزموون دەتوانێ لە نێو رۆمان وێنەی جوان بدۆزێتەوە بیکاتە تابلۆ، بگرە
بەشی ئەوش دەکات پیشانگایەکی پێ بکاتەوە.
لە رۆمانیش تەنھا نمونەیەک کە وێنەیەکی جوانی فۆڵکلۆری کوردەواری لە
نێو یەکێک لە رۆمانەکانی (عەتا نەھایی) بەرجەستە دکەین و بۆخوێنەری
دەخەینە روو ،کە چۆن وەسفی ئەم شوێنەمان بۆدەکات:
"دارتوویەک لە ناوەڕاستی حەوشەکەدابوو . جووتێ کەو لە قەفەسدا بە
پەلێکەوەو مەشکۆلە دۆیەک بە پەلێکی تریەوە . حەوزێک لە بنیداو بەردە
نوێژێک لەم لایەوە"٧.
شێرزاد حەسەن لە رۆمانی (تەمی سەرخەرەند٨)
بە خەیاڵە فراوانەکەی و وەسفە جوانەکانی کە وەک کامێرایەکی فۆتۆگرافی ،
شارەزاو لێزانانە چەند دیمەنێکمان بۆ دەستنیشان دەکات ، وێنەی هونەریی
لە ئامێزی پەیڤ و رستەکانی دەدۆزینەوە . تەنانەت ھەر بەھۆی وشەوە وێنەی
جوانی کچ و ئیرۆتیکمان بۆدەنەخشێنێ وەک لەم نمونەنانەی خوارەوە
دەردەکەوێت:
• " زۆرگ و گرد و دۆلەکان سینەو مەمکی
ڕووتی چەند ژنێکی ڕاکێشراون " ل٨.
• "کچان سینەو بەرۆک لەو کێلە ڕەقە
ھەڵدەسوون"ل٣٦.
• "بەرملی سپی و سافی وەک بەرمڵی کۆترە
باریکەیەک دەدرەوشایەوە"ل٦٢.
ھەر بەھۆی رستە هونەرییەکانی ، سەردەمی منداڵی بەرائەتی ئەو کوڕو کچەی
کە ھۆگری یەکن بۆمان دەگێرێتەوە، لە کاتی یاری و یارمەتیدان و سەرماو
سۆڵ چ وێنەیەکی جوانمان بۆدەنەخشێنی تەنانەت ھەندێک جار تەزوێکی سارد
بەلەشمان دادێ و دەستەکانمان وەکو ئەو منداڵە سڕدەبن:
• "ھەموومان بە یەکەوە قوش کاغەزەکانمان
بۆ حەوا ھەڵدەدا"ل١٢.
• "بەھەردوو دەست گۆلێک ئاوم بۆ
ڕادەگرت"ل٢٢.
• "ھەردووکمان لە ناو بەفر دەچەقین و
پێڵاوەکانمان پڕدەبوون لە ئاو"ل٦٢.
• "ھەردوو دەستە سڕبووەکانیم دەخستنە
ھەردوو بن ھەنگڵی خۆم"ل٦٢.
لە رێگای وێنەی هونەریی زەنگێگ بۆ مرۆڤایەتی لێدەدات پەیامێکی
ژیاندۆستی و ژینگەپارێزیمان پێرادەگەیەنێت لە کارەسات و مەرگمان
ئاگادار دەکاتەوە ، قڕکردنی ئاژەڵ و باڵندەونەمانی ژینگە چ زیانێک بە
ئێمە دەگەنێت.
• "دەیەھا ڕەوە ئەسپم دەبینی کە چۆن بە
یەکەوە چوار پەلیان دەشکێ و سەر سم دەدەن و لمووزیان لە خۆڵ و بەردەڵان
دەچەقی"ل١١.
• "ئەو ھەموو مەلە مردووانەی کە مێش و
مەگەز و مێروولە تێیان وڕوکابوون"ل١٥٥.
وێنەی جوڵاو دەبینین ھەست دەکەیت لە دیار گرتەیەکی ڤیدیۆیی وەستاویت ،
خودی وێنەکە بەردەوامە( کەوتنی دڵۆپەو سووتانی مۆم) چ جوانییەکی لە
رادەبەری تیدایە ،چ کەش و ھەوایەکی رۆمانسی دروستدەکات.مرۆڤ لەڕامانی
ئەم دیمەنە ھەست بزوێنەرە ، دەبێ چ تام و چێژێک وەربگرێت . لەوانەیە
مرۆڤ عاشق بێتەوە و خەیاڵی بفڕێت یاخود لە دیار ئەم دوو وێنەیە بە
بێدەنگی دابنیشێت و سەیری بکات تا دڵۆپەکە دەوەستێت و مۆمەکەش
دەکوژێتەوە!
• "لە تەکما لە سەر بەردێک دادەنیشت و لە
دڵۆپە تکاوەکانی زارکی ئەشکەوتەکە ڕادەما"ل٢٣.
• "سێ مۆم کز دەسووتان و تەنھا بنکیان
مابوون"ل٣٣.
وێنەی جوانتر ، لە ژیانی کوردەواری وژنە ماستفرۆشەکان و دەرگەی
نەخشەداروکەری بارکراو لە نێو دێرەکان دەبینین ، ئەمەش زیاتر لە
وێنەیەکی فۆتۆگرافی دەچێت کە وێنەیەکی راستەقیەنی ژیان و گوزەرانی
کوردەواری و سەختی ژیان وکارو پیشەی مرۆڤ دەخاتە روو،ھەم پیشەکە و ھەم
دەرخستنی وێنەکە کارێکی جوان وپڕو وردەکاری ھونەرییە.
• "ژنە ڕەوەندە ماست فرۆشانەی بەردەمی
چایخانە"ل١١٨.
• "کەری بارکراو بە چرووی بڕاوی
ناوشاخان"ل١١٨.
• "شاتووەکەی بەردەمی ماڵی شیرین
دەرگای نەخشەدار بە دوو تاوسی رەنگین"ل٢٤.
لەنێو رۆمانەکە وێنەی زیاتری تیدایە ،خوێنەری زیندوو وچاوکراوە ،ھەستی
پێدەکات و رۆماننووس لە گەمەیەکی هونەرییانەی وشەدا ، دەمانباتە گەلەری
ھونەر و بە دیار وێنەکان بووەستین ، تێرابمینێین و پرسیار بکەین
وناورۆکی وێنەکانیش شرۆڤە بکەین وئەوە ھەڵدەگرێت تەمی سەر وێنەکان
لابەرین و وێنەی تریفە و ئەستێرە لە ئاسمانی وێنە هونەرییەکان بە جوانی
ببینین.
______________________________
سەرچاوەکان:
١. ئەحمەد
ھەردی ، رازی تەنیایی ، فاتمە ، چاپی دووەم ، ١٩٨٤ ،ل٦٨.
٢. خەسرەو
جاف ، رۆمانی (راز) ،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس ،ھەولێر ، چاپی
دووەم ، ٢٠١١، ل١٣٨.
٣. محەمەدی
مەلا کەریم ، سەرجەم بەرھەمەکانی گۆران ، ئافرەت و جوانی ، بەرگی یەکەم
، ١٩٨٠،ل٩).
٤. (دیوانی
دڵزار، ھەولێر ، چاپی دووەم ، ل١٠٢.
٥. ئەنوەر
مەسیفی ، جلو بەرگ و جمکەکان ، بەغداد ، ١٩٩٠ ،ل١٠.
٦.
سەرچاوەی پێشوو ، ل ٢٩.
٧. عەتا
نەھایی ، سەرجەم رۆمانەکان ، رۆمانی (گۆڵی شۆڕان )،ھەولێر ، ٢٠٠٦. ل٨.
٨. شێرزاد
حەسەن ، رۆمانی (تەمی سەرخەرەند). ،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس ،ھەولێر،
چاپی یەکەم ، ٢٠٠٣.
ماڵپهڕی یاسین
برایم
|