١٩\٣\٢٠١٥
وێنەی سۆریالیزم
لە رۆمانی ''نەتەوەی زێرابەکان''.

یاسین برایم
دروستبوون و ھاتنە کایەی ھەر ڕێبازو قوتابخانە وکۆمەڵە و تەوژمی فکری و
سیاسی و فەلسەفی و ھونەری و زمانی و زانستی و فەرھەنگی و سەرجەم
کایەکانی تری ژیان.خوێندنەوەو شرۆڤەکردنێکی ژیرو قووڵی مێژوی
دەوێت.ھەریەک لەمانەش لە سەر دەستی کەسانی فەیلەسووف وداھێنەرو
رێچکەشکێن و کۆدەنگی و شارەزایی کەسانی رۆشنبیر ھاتۆتە ئاراوە.مێژووی
سەرھەڵدان و قۆناغ و فاکتەرەکانی گەشەکردن وئاستەنگەکان و سەرکەوتن و
بڵاوبوونەوەو ناسین و دانپێدانانیان بۆ ھەر ڕێباز
و قوتابخانەیەک ،کاتێکی زۆری بریووە تا کەوتۆتە سەر پێ.قسەکردن
لە سەر ھەر رێبازێک و ئاشنابوون و ڕەنگدانەوەی لە لای ھەر نەتەوە
وڵاتێکدا ،جارێکی تر مێژووی ئەم ڕێبازە خۆی دروستدەکاتەوە ،ئەوەندە
ھەڵدەگرێت بە ڕەگ و ریشەی ئەم رێبازە ئاشنا ببین. ئەمەش پێویستی بە
توێژینەوەو زانین و چۆنیەتی رەنگدانەوەی لە نێو بوارە جیاجیاکان
ھەیە.یەکێک لەم ڕێبازانەش(سۆریالیزم) ە. لەم نووسینەدا ، مەبەستی
ئێمەیەو ئاوڕێکی بچووک لە دونیای گەورەی ئەم ڕێبازە ھونەرییە بدەینەوە.
رێبازی سۆریالیزم ، جوڵانەویەکی ھونەر و وێژەیی بوو لە ساڵی ١٩٢٤
(ئەندری بریتۆن) بەیانامەی یەکەمی ئەم ڕێبازە بڵاو دەکاتەوە خۆیان لە
دادایزمەکان جیاکردەوەو گرنگیان بەم ڕێبازە داو کاری جدیان بۆ
سەرکەوتنی دەکرد.ئەمەش بووە ھۆی گەشەسەندنی ئەم ڕێبازەو ڕەنگدانەوەی لە
وێژەو ھونەر و گەشەسەنندنی لە وڵاتانی تری ئەوروپاو گەورەبوونی ئەم
بازنەیە لە شاعیران و ھونەرمەندان و رۆشنبیرانی ئەو سەردەمە، خۆیان لە
ژێر ئەم چەترە بینیوە ، کارە جوان و سەرەنجراکێشەکانی سیلفادۆر دالی
ناوبانگێکی گەورەی لە ھونەری سۆریالیزم پەیداکرد.
"رێبازی سوریالیزم لە سەرەتای سەدەی (٢٠)ەمدا لە پاریس سەری ھەڵداوە
واتە لە نێوان ھەردوو جەنگی جیھانی.... (١)" بەڵام ئەم گڕو تینە و
ناوبانگییە لە ساڵی ١٩٣٠ گەیشتۆتە بڵندی وناسین ،دواتر بە وردەکاری و
جموجۆڵ و چالاکی جیاوازتر و گۆڕان ورەنگ و رووخساری تر وڵاتانی تری
گرتەوەو بەرھەم و بڵاوکراوەو گۆڤاریان لەم بارەیەوە دەرکرد.
"سوریالیزم لە ناوبردن و یاخیبوون لە ژیانی واقیع و بەدوا داگەڕانی
واقیعێکی باڵاتر لە واقیعی ڕاستەقینە.... (٢)." لە نێوان دونیای
(واقیعەت و خەیاڵ) دا، دونیایەکی ترمان بۆ دەنەخشێنێن ، جیاوازتر لەوەی
ئێمە لە نێویدا دەژین.دەتوانیین بڵین" سوریالیزم سەردەمی بیروباوەری پڕ
نائومێدی مرۆڤی رۆژئاوایی وەدەردەخا ، لە دونیایەکی پڕ لە کێشەی
کۆمەڵایەتیدا ، وە لە ھەمان کاتدا فکر و زکری ئینسانی بەربڵاوتر کردوە
لە بیگرەو بەردەی دەروونیدا.... (٣)".
ئەگەر ئەم رێبازە لە سەدەی بیستەم خۆی ناساند بێت. ئەوە لە پێشتر لە
نێو وێژەو ھونەرو چیرۆک و داستان و ئەفسانەکان ھەمان کارو ھزرە بەدێ
دەکەین و مرۆڤایەتی پێی ئاشنا بووە.لە داستانی (گێل گامێش ) ی
سۆمەرییەکان نموونەیەکی زیندووەو سامانێگی گەورەی شارستانیەتی کۆنی
نێوان دوو ڕووبارمان پێدەناسێنێت .بە وێنەیەکی سەیری گێل گامێشمان
ئاشنا دەکات"گێل گامێش ، یەک سێ ھەمی مرۆڤەو دووبەشەکەی تری خوایە،
شارنشیان پەنجەگەزان چاو دەبڕنە پەیکەری . لە ھێزو جوانیدا جیھان بە
خۆیەوەی نەدیووە.... (٤)" لە کارە ھونەریەکان و پەیکەری خواوەند وپاشا
و دەسەڵاتداران وشارستانەکۆنەکان وەک یۆنان و چین و میسروئێران دەستێکی
باڵاو رەنگینیان لەم ھونەردا ھەبووەو پاشماوەو شوێنەوارەو پەیکەرەکان و
دیواری پەرستگاکان و کۆشک و تەلارەکان گەنجینەیەکی بەنرخی مرۆڤایەتین.
لە بوارەکانی وێژەشدا ، لە نێو چیرۆک و ئەفسانەو داستان و و شانۆ و
حیکایەتی میللی و لە ھونەریش لە تابلۆو نەخش و نیگارو پەیکەرودیوارو
قەڵایەکان و کاری بیناسازی ئەم جیھانەمان نیشان دەدەات.
لە نێوکوردانیش ، لە بەرھەمی زارەکی بە تایبەتی لە چیرۆکی میللی و
داستان و حیکایەتە فۆڵکلۆریەکان و دەیان پاڵەوان و باڵندەو ئاژەڵی
سەیرو سەمەرە ناویان ھاتووە.دوای سەرھەڵدانی ئەم رێبازەش کوردیش بە
درەنگەو لەلایەن نووسەرو شاعیرو ھونەرمەندانەوە ھزری ئەم ھونەرەیان
گواستەوە نێو رۆشنبیری و ھونەری کوردی. دواتر لە رێگای وەڕگێرانەوە کەم
تا زۆر خۆی خزاندە نێو شیعر و شانۆ و چیرۆک و ھونەر و کاریکاتێر. لەم
ساڵانەی دوایش لە نێو رۆمانیش نەشو نمای کرد ، بەڵام ھێشتا لە پەنجەی
دەست تێناپەرێت .لێرەدا رۆمانی نەتەوەی زێرابەکانی جەبار جەمال غەریب
ھەڵدەبژێرین کە لەم ھونەرە دەوڵەمەندە ، چەندین رستەو دەستەواژەو
ئاماژەی و کەسایەتی و گیانداری سەیرو و نامۆ ، کە لە کەل و پەلی کۆن و
خراپ و ئاسن و ئێسک و پروسکی مرۆڤ دروستکراون.لە رۆمانی (پێنجەمین
کتێب) ھەمان رۆمانووسدا ، وێنەی وا دەبینین بەڵام بەکەمی بە تایبەتی
لەوکاتەی کچە کوریەکە ون دەبێت. شیری ھوستاشی دەخواتەوە ،گۆرانکاری لە
کچەکە روودەدات"کچەکەش دەبێتە پارچە تەختەیەکی تەنک و لە شێوەی
گەڵایەکی سەوزی رەنگبردوو دەکەوێتە سەر ئاوەکە.تا ئێستا ھەر کورییەک لە
تەنیشت ئاوی دەریادا رەت بێ ، دەست بۆ ھەموو پەلکە گەڵایانە دەبات
کەوتوونە ئاوەکەوە بەو نیازەی ئەو کچە تەختە بووە بدۆزنەوە(٥)".ھەروەھا
بەختیار عەلیش لە رۆمانی (کەشتیی فریشتەکان) چەند کارەکتەرێکمان پێ
ئاشنا دەکات کە لە شێوەی فریشتە دوو باڵی گەورەیان پیوەیە ، وەکو
مەھدائیل و میرائیلی پرۆفسیۆر وماردینیا ودکتۆرمستەفای شوکاک وھۆشەنگی
بولبولیارو وەفا رەفعەت بەگ (جانگیر)و چەند کارەکتەریکی تر کە باڵیان
پێوەیە (٦).
لە رۆمانی نەتەوەی زێرابەکان(٧)، باس لە سەرگەردانبوونی منداڵێکی بێکەس
دەکات ، تووشی لادان و ژیانێکی سەخت و دژوارو واقیعێکی نەخوازراو دێت.
دواتر لە بەغدای پایتەخت دەگیرسێتەوە لەوێ لە شێوەیی تارمایی تێکەڵ بە
سوپای تارمایی دەبێت و روودەکاتە جیھانێکی پەنھان و ناواقیع و
نابەرجەستمانە بۆ وێنا دەکات . لە نێو ئەم جیھانەدا ، بونەوەرو
کەسایەتی و شتی پەڕجۆمان پێ ئاشنا دەکات. راکردنە لە جیھانێکی پڕ کێشەو
چەوساندنەوە و ژیانێکی پووچ و بێبەھا.کە سیستەم و ئایدۆلۆژیای بۆگەن و
مەرگدۆست و ترسھێنەری دیکتاتۆرەکان و دەسەڵاتە پاانخوازەکان ، بەرگێکی
ڕەش و خەماویی بە باڵای ژیاندا دەکەن.کاتێ جەنگ و ماڵوێرانی و کوشتن
بەرۆکی مرۆڤەکان دەگرێت.شتێک نامینێتەوە بە ناوی ئاشتیی ومرۆڤیش بەھای
نامینێت. ژیانیش لە بەھای جوانی و پاکی و ڕاستگۆیی و خۆشی و ڕێزو وەفاو
خۆشەویستی کاڵدەبێتەوە.نائومێدی و گۆشەگیری و نامۆیی یەخەی تاکەکان
دەگرێت و نەخۆش و دەردەکانیش دەبنە سەربار.مرۆڤ بە گومان دەکەوێت لە
ھاتنە ژیان و بوونی خۆی بۆیە ناچار دەبێت لە بوونی خۆی رابکات یاخود لە
بوونێکی تر خۆی ببینێتەوە ، بوون و جیھان و ھێزو چەترێکی تر بۆ
خۆنمایشکردن بدۆزێتەوە. ھەر لە نێو ھەناوی ئەم رۆمانەدا ، نمونەی ژیانی
مرۆڤ لە نێو سەکرابخانەو تونێل و زێراب و ئاوەڕۆی بۆگەن و چڵکنی پڕ لە
پاشماوەی مرۆڤ و ئاژەڵ ومەیت و بۆنی بارووت و گوللە.ژێر زەمینێک پڕ لە
جورج و زیندەوەری زیانبەخش و تاری و پڕ لە تارمایی .ھەمان دیمەنی ژیانی
سەر زەوی ھەیە لە بەرگێکی ناشیریندا ، بۆن و خاک و مرۆڤی نیشتمانی
لێدێت . بۆنی ھەمان ئەو نیشتمانە چڵکنەی لێدێت کە چەندین سەدە بە ئاگر
و ئاسن داغ بووە. خاکەکەی بە خوێن و فرمێسک پەڵە دەدات. لەشکری تارمایش
ھەمان خەسڵەت و ئایدیاو ھزری بۆگەن و ململانێیان ھەیە .لە نێوان جیھانی
واقیعی مرۆڤەکان و جیھانی خەیاڵی تارماییەکان ھەمان وێنەوسیمای شێواو و
نادادی ژیانمان نیشان دەدات.ژیانێکی بێمانا و پوچ و چەقبەستوو ، لەم
رۆمانە کارەکتەری سەیرو سەمەرەکان دەمانوەستێنێت و دیمەنی و رووخسار و
جوڵەو ئەندامەکانیان مایەی پێکەنینن.
ئەگەر سەرەتا باس لە گیانەوەرانی دڕندەوخشۆک و مێروولەومەڕوبزن
وکرمەکان وباڵندەکان وەکو ( چۆڵەکەو پاساری و کۆتر و پەرەسێلکە ) و
چەندان زیندەوەری وشکانی و ئاوی بکەین ، دەبینین وێنەی سەیری ئەمانە
دەبینین لە گەورەکردن و بچووکردنەوەی ئەندامەکانیان و یاخود بەتەنکردن
وکردنی جوڵەودەنگ و شێوازی کۆمیدیانەی رۆیشتن وگەورەکردنی ئەندامێکی
جەستەی گیاندارێکی بچووک بە گیاندارێکی زەبەڵاح و کردنی کارێکی ناوازەو
سەرنجڕاکێش کە لە ژیانی واقیعی ئەم گیاندارانە مەحالە.تەنھا ئەم وێنانە
لە فیلم کارتۆنەکان بەرچاومان دەکەون ، بەشی زۆری ئەم وێنانە وێنەیەکی
کاریکاتێریمان بۆ دەخەنەروو.لە خوارەوە تیشک دەخەینە چەند نمونەیەکی
ئەم گیاندارانە کە وێنەیەکی ئەم ھونەریان دروستکردووە.
* لە خەونمدا بونەوەری درێژو قەڵەو لە شێوەی
مارمێلکە دا لە سەر کلکە ئەستورەکانیان دەرۆیشتن و بە دەوری تەرمی
سووتاوی نانەواکەدا بازنەیان گرێدەدا و بە دەمەو پان و درێژو پاچ
ئاساکانیان تەرمەکەیان دەخوارد و جارجاریش پێدەکەنین.ل١٦.
* چەند تارماییە سەر مێکوتەکان ھەوڵیان دەدا کتێبێک ، یان گۆڤارێک
رزگار بکەن نەیاندەتوانی ، ئەوەندە ھەبوو بەشی زۆریان پەنجەکانیان لە
دەست دەدا، چونکە لە تەباشیرو باستیل دروستکرابوون.ل١١٥.
* وێنەی جرج و مشکە ئاڵا ھەڵگرەکان.ل١٢٣.
* ئەو تارماییەی لوولاقی لە پەڕەمووچێکی
ھەرە کۆن و درێژ بوو ، پشتی لە قەپیلکی کیسەڵ سەری لە بەردێکی کون کون
بوو ، دەستەکانی بە پێچەوانەی عەقڵیەوە لە ورتکە بەردو شووشە
بوون.ل١٣٦.
* گیاندارێکی دیکە لە نێوان بۆق و رەقەدا سەری تەنھا چاوێکی گەورە بوو
، مێشکی لە چاویدابوو.ل١٤٤.
* ئەو تارماییە ئاسنگەرانە کە لاقیان لە
مقاش و دەسکی مەدونە بوو ، دەستیان لە داس و شفرەو سەریان لە مەنجەڵی
سووری مس بوو.ل١٨٠.
* ئەو مارانەی سەریان لە شێوەی سەری شێرو کلکیان درێژو ئەستوور و
قەڵغاندار وەک ھی تیمساح و پێیەکانیان وەک پێی فیل بوو بەڵام
کورتتر.ل١٨١.
* مێروولەکان ، مێروولە پۆڵاکان پادشایان لە
نووکی پێیەکانیەوە ھاڕیوە ، ورد ورد وردیان کردەوە، جەنابی پاشا ببووە
چەنگە خۆڵێک و رژا بووە ژێر تەختی سەڵتەنەتەکەی .ل٢٠٦.
* ھەزاران مێروولە بە سەر دەست و ڕانمدا ھەڵدەگەڕان ودەھاتنەخوار ،
تەواو وەک پەیکەرێک لە مێروولە راکشاوم.ھەموو جەستەم مێروولە بوو ،
ھەتا ناو کونە لووتەکانم و کونە گوێیەکانم.ل٢١٠.
بونی تارماییەکان و مرۆڤە ناوازەکان و جەستە و ئەندام لەکەلوپەلە
لەکارکەوتوو کۆنەکان ، ئەمانە ھەمووی وێنەی سوریالی جوان و دگمەنن
.ئامرازە دارەکان، کەرستەکانی پایسکل و ئامێرە مۆسیقاکان وپاشماوەی
تەقەمەنی و چەکەکان وکەلو پەلی نانخواردن و کاغەزو فایل و نەشرەو سەلەی
زبل و بەکار ھاتوون . ھەریەکەی لەمانە لەئەندامێکی تارمایی و مرۆڤەکان
و گیاندارەکان رۆلی خۆیان دەگێرن .ھەروەھا دانانی ئەم کەلو پەلە سەیرو
لەکارکەوتوانە بۆ مرۆڤ و تارمایەکان ، کارەکتەری جیاواز وشازمان بۆ
دێنێتە بەرھەم .دەبینین بۆ ھەر ئەندامێک کۆمەڵێک کەرستەی تر بەکار
ھاتوون ھەندێکیان تایبەتن بە ژن ، وەک:
سەر: مەنجەڵی ساز ، سەلەی زبل ، مەنجەڵی گوللەی کڵاشینکۆف.
سنگ : سەنتور ، چوپ و تایەی باریک ، ساجی نان ، مەخزەنی بی کێ سی.
کەلەی سەر: مەنجەڵی کۆنی قۆپاوی کون کون ، سەلەی زبل ، مەنجەڵی سووری
مس.
لاق: قامیش ، زل ، مقاش ، سترێچ ، لوولەی تفەنگ ، گیتار ، کەمان.
دەست : لوولەی مقەبای تۆپە قوماش ، تیرۆک ، شمشاڵ ، باڵەبان ، بەرد ،
شووشە ، پەڕی چۆلەکە ، داس ، زنجیری شریتی گوللە.
لۆلاک : نەشرەو فایل ، بۆری بەدەنی ئاسن .
مەمکی ژنان : قاپی فافۆنی ئاوخواردنەوە ، ھەویری شل .
پشت : قەپیلکی کیسەل.
پەنجە ، تەباشیر ، باستیل ، گوو.
بسکی پرچ : گوریس ، مار.
قژ : لفکە و تەلی قاپان.قەوان.
پێ : پارچە پایدەر.
ئەمانەو دەیان کەلو پەل وشتی تر ، تەنانەت پاشماوەی پیس و پاشەڕۆی مرۆڤ
و گیاندارو خوێن و ئاوەرۆی چڵکن و بۆگەن کە مرۆڤ لە گەڵ ناوھێنانیان
ھێڵنجی دێتەوە ودەرشێتەوە. ھەندێک لەو نمونانە مایەی
گاڵتەونەفرەتلێکردن و رەتکردنەوەن.ھەندێکی تریش مرۆڤ توشی گومان و
تێرامان و بیرکردنەوەی قووڵ دەکات و جوان و چێژێکی تایبەت بە مرۆڤ
دەبەخشێت.
* چەند کەسێک بە دەستە مسەکانیان ژنێک ھەڵدەگرن و فڕێی دەدەنە ناو گری
ئاگرەکەوە. ل٥٩.
* ھەزاران لاقی باریک باریک وەک زەل و قامیشی بێ ئاو کە تارماییە بێ
سەنگەکانیان ھەڵگرتبوو دەورەیان دابووم.ل٨٠.
* تارماییەکی بچووک لە بەردەم دەرگا زێرابەکە ئامادەبوو ،کە تەواوی
جەستەی لە پەڕۆ کۆن بوو ، کەللە سەری مەنجەڵێکی کۆنی قوپاوی کون کون
بوو ....ئەو تارماییە یەکەمینەی بەر دەرگا دەستەکانی لەو
لوولەمقەبایانە بوو کە تۆپە قوماشی ژنانی لێ لوول دەدەن ، پشتێنەکەی لە
ریخەڵۆی ئەو بزن و بەرخانە بوو فڕییاندابوونە ناو زێرابەکانەوە
....ل٩٠.
* ئەو حەمباڵە پیرە فەیلییە وەک یەکەم
کارگوزاری تارمایی لە قووڵایی زێرابەکاندا بوو. ئەو تارماییە پیرە بە
پەنجەکانی کە تەواویان لە گوو، یان لەسوپلەی درێژ دروست بوو بوون. ل٩١.
* سنگی ھەریەکێکیان جۆرە پیت و نەخشەو
ھێڵکارییەکی لە سەر بوو ، ھەموو پیت و مەرەکەبەکەش ئاو تێکەڵ پێکەڵی
کردبوو.لولاکی ئەو تارماییە شاعیرە باریکانە لە نەشرەو فایلی ئەو
قوتابیانە بوو .... کەللە سەری ئەو تارماییە باریکانە لەو سەللەی
زبڵانە بوو لە ژێر مێزو سووچی ژوورەکان دادەنران و بەشی ھەرە زۆریان
پڕبوون لەلاپەڕەی ڕۆژەژمێرە بەسەرچووەکان.ل١١٣.
* ئەو ژنە قژ لفکە وتەلی قاپان جارجار دەھات و ھەندێک سەموون و ئێسقان
و لەتکە سێوھەناری لە پشت سەردادەنام.ل١١٦.
* لە زستان دا بسکی درێژی ژنان ، پرچی ھۆنراوەی گوریس ئاسای کچانی
بەغدا بەلافاو بە زێرابەکاندا دەھاتن.ل١١٩.
* بە ھەمان شێوە ھونەرمەندەکانیش، لە
تابلۆکانیاندا پرچی دوورو درێژی کچەکانیان وەک مارەکان لە تابلۆکاندا
بەکاردێنا.منیش لە مارڕیّژکردنی تاقەکەدا پرچی ئەو کچانەم
زۆربەکارھێنابوو.ل١٢٣.
* ئەو شاعیرەیان کە ھەر پەڕە سیغارێک بوو
گوتی ، ل١٢٩.
* تارمایی کارگوزار بە خۆیو درەوشە تەختیکی
تیژەوە، لە ناو لیتەوقوڕەوە بە دوای پەیامدا دەگەڕا...١٣٣.
* ئەو تارماییە شاعیرە باریکانە وەک کرمی باریک و درێژ کەتبونە ناو
کتێبە نیوە سووتاو و تەڕ و دڕاوەکانەوە .ل١٣٣.
* جگە لە وەش وامزانی دەبێ ئەو فەیلەسوفانە دەستەکانیان لە پەڕی چۆلەکە
بێت ، کەچی ئەو دەستەکانی تەواو لە بەرد و شووشە بوون.ل١٣٦.
* ئەو ژنە تارماییەکی کامڵ بوو ، واتا ژنێکی کامڵ بوو ، ورگ و ناوقەدی
لە جوبەوعەبا دروستکرابوو ، لاقەکانی لە سترێج و مینۆژۆپ و مەمکەکانی
لە قاپی فافۆنی ئاو خواردنەوە و سەرو قژی لە تەلی قاپ شووشتن
پێکھاتبوو.ل١٤٨-١٤٩.
* ئەو تارماییە ژنە کامڵە بۆیەکەم جار دەستی برد و چەند لوولاک و
ئێسقانی پەراسوو و حەوزی سمتی گۆڕستانەکەی بە ئەنداز جیا کردەوە و
کورسیەکی بچووکی لەو مردووانە دروستکرد.... ئەو داھێنانە سادەیە
(کورسییەک لە ئێسقان) سەرنجی ھەموانی راکێشا ، ھەریەکەو بە ئارەزووی
خۆی شتێکی دروستکرد.ئێسقانی قۆڵ و باسک دەکرانە گۆچان،
کەللە سەر بۆ ئاوتێکردن. ئەو ئەشکەوتە گەورەیە بە کورسی و مێزو
سیسەمی لە ئێسقان دروستکراو رازایەوە ....ل ١٤٩.
* چەند کەسێک لەوانەی لە تەمەنێکی زۆر زوودا
، ببوونە تارمایی ، ئەوان لاقیان لە گیتارو کەمان ، دەستیان لە شمشالڕ
و باڵەبان ، سنگیان لە سەنتووروسەریان لە مەنجەڵی ساز دروست کرابوو...
ل١٥٠.
* لە سەر تەختی پاشایەکە ھەرکەللە سەر
ولوولاکو بڕبڕە پشت و پەراسووی کەوان و وردە ئێسکی پەنجە ، پەیکەری
پاشایەکی تەواویان بە دارو دەستەوە دروستکردبوو ....دوو کەنیزە بە شەرم
و نەوازشەوە وەستا بوون . ھەر دوو کەنیزە دوو باوەشێنی گەورەیان بە
دەستەوە بوو کە تەواو تا تەختی سەڵتەنەتی درێژببوونەوە و پەڕی
باوەشینەکان لە پەراسووی خوارو و خێچ و باریک پێکھاتوون.ل١٥١.
* شارێکی گەورەو گران لە ئێسقان و کەللە سەرن ھەزاران کورسی و مێزو
تەختی خەوی گەورەو بچووک.ل١٥٢.
* ئەو ھەستەوەرانەی بە شاعیریش ناو دەبران ئەوان سەریان لەو سەللە زبڵە
تەلانە دروستکرابوو کە تەنھا کاغەزی بچووک و پەڕی بەسەرچووی
ڕۆژژمێرەکانیان فرێدەدایە ناوی.ئەو کاغەز پەروەرانە زۆر ناڕازی و
نیگەران بە مانای (نا، نا)دەستیان رادەوەشاند، دواترئەوەی ھەرە
نازداریان کە گوونەکانی لەو کیسە باخەڵە بچووکانە بوو جاران ژنان پارەی
وردەیان تێدا ھەڵدەگرت و بە زنجیرێکی بچووکتر دادەخران.ل١٥٩.
* ھەرە بچووکەکەیان کە لوولاکەکانی لە بۆڕی بەدەنی پاسکیل دروستکرابوون
، پێیەکانی لە پارچە پایدەرودەستەکانی لە زنجیرو سینگی لە چوپ و تایەی
باریک.ل١٦٠-١٦١.
* سێ تارماییە گەنجەکە ، منداڵە تارماییە گیتار لە ملەکە ، پیرە
پەیکەرسازەکە ، ژنە تارماییە کامڵە قژ لفکەکەی لای من . ئەو پیرێژنانەی
لوولاک و دەستیان لەتیرۆک و سینگیان لە ساجی نان ومەمکیان لە ھەویری
وشکەوە بوو و دڵیان لە ھەوێنی ماستی بۆگەن بوو ....ل١٦٢.
*تارماییەکان زۆرترین بوتڵیان کۆدەکردەوەو بەپێی قەبارەیان کەڵەکەیان
کردن.سەرەتا دیوارێکی دوورو درێژیان بوتڵ رێژ کرد.ئەو دیوارە یەکپارچە
سەوزێکی مات بوو، سەوزێک رەنگی لە رەشدا بێت .ھەر بە ھەمان رەنگ و لە
بوتڵە شووشەکان پەیکەری عبدولئەمیریان دروستکردبوو.ل١٧٧.
* ئەو کۆتر و پاساری و پەرەسێلکانەی لەو شووشە وردانەیان خوارد بۆ
ھەمیشە مەست بوون و بۆنی شەراب و وێسکی و ئەلکھولی خوێنیان رۆژە رێیەک
دەڕۆیشت.ل١٨٣.
* لە ناو قژی لفکە ھەرتەلی گڤی ژنەی تەنیشتم
دوو پەڕەسێلکە ھێلانەیان کردبوو. ل١٨٣.
* ھەر لەو ساڵەدا ، کە ھەندێک ناویان نابوو ساڵی ژنە بێ مەمکەکان ،
بەلافاو تەرمی ژنان و کچان دەھاتن خوار، بەشی ھەرە زۆریان مەمکیان
بڕابوو ، یەکەم ژنی سەر بڕاوی ئەو وەرزە ژنێکی باڵا بەرزو تۆزێک کامڵََ
بوو ، ئەو ژنە ئاڵایەکی وڵاتیان بە زۆر خستبۆوە ناو ئەندامی زاوزێیەوە.
ئاڵایەکە ئەستێرەکانی ھەر پێوە مابوو تەنھا رەنگی بۆرو رەش ببوو ، بێ
گومان بە خوێن.ل١٨٧.
* ئەو تارماییە وەک بەشێکی زۆر لە ھاوەڵەکانی لاق و باسکەکانی لە
لوولەی تفەنگ و سینگی لە مەخزەنی دوورو درێژی بی کەی سی و سەری لە
مەنجەڵی گوللە کڵاشینکۆف و مووی سەری لە قەوان بوو .ل١٩٠.
* پاشا ئەوە نازانێ ، دەمانچەکەی بەر پشتێنی
ئێسقانی نوشتانەوەی جومگەیە ئەو دەیتەقێنێ ، پاسەوانەکان کوا دەزانن
ئەو تفەنگانە لە لوولاکن .ل٢٠١.
* ھەموو ئەو تارماییانەی لەشیان لە لوولەی تفەنگ و قەوانە تۆپ بوو ،
دەستیان لە شریتی گوللەو ھەموو لەشیان ئاسن بوو خۆیان یەک لا کردبۆوە
کە دەگەرێنەوە بۆ سەر زەوی .ل٢١٧.
ھەندێک جار لە نێو ئەم وێنە سەیرو سەمەرانە ، ھەستدەکەیت رستەکان خۆیان
وەک وێنەی جوڵاو و نمایشکراو دەبینەوەو زیاتر لە گرتەیەکی ڤیدیۆی دەچن.
* ژنە کامڵە سەر گروازە و ھونەرمەندەکە بە دوامدا ھات ، کە گەیشین
تاڤگەکان پێشوازیان لێ کردین ، زێرابەکان سەمایان بۆکردین و نەخشەو
نیگاری مارەکانی سەردیوارەکان جووڵەیان تێکەوت. تاڤگەکان ماسی گەورە
گەورەیان فڕێ دەدایە بەردەممان . بۆقە رەش و گەورەکان بە ریزو لە سەر
یەک ریتم خۆیان ھەڵدەدایە ناو زێرابەکان و لە جێگای نقوم بوونی ئەوان
مشکە بچووکەکان بە ریز کلکیان دەردێناو دەیانلەقاندن.ل١٦٨-١٦٩.
* کچەکان بە باوەشینی گەورەوە وەستابوون.
باوەشێنەکان زۆر ھونەرمەندانە دروستکرابوون. پەراسووی باریک و درێژی
مرۆڤیان تیدا بەکار ھاتبوو . ئێسقانی باریکی پێ و مەچەکیان وەک ریشالڕ
پێدا شۆڕکردبوونەوە .ل٢٠٥.
* مێروولە پۆڵاکان پادشایان لە نووکی
پێیەکانیەوە ھاڕیوە ، ورد ورد وردیان کردەوە، جەنابی پاشا ببوە چەنگە
خۆڵێک رژا بووە ژێر تەختی سەڵتەنەتەکەی .ل٢٠٦.
* ھەزاران مێروولە بە سەر دەست و ڕانمدا ھەڵدەگەڕان ودەھاتنەخوار ،
ل٢١٠.
زۆر دەستەواژەو گرێ و رستەی تر ھەیە ،خۆی لە خۆیدا تابلۆیەکی ھونەری
سۆریالی گەورەیە ، ئەگەر بە شێوەیەکی ھونەریانە لەم روانگەیەوە سەیر
بکەین، مرۆڤ لە بەردەمیدا دونیایەکی تری ئیستاتیکا وجوانی لە ھزرو
خەیاڵماندا دەنەخشێنێت . دەبێ پاشماوەی ئێسک و پرۆسکی مرۆڤ چیمان
پێبڵێت ، لە شەڕو ماڵویڕانی و کوشتنی جوانیەکان وبێبەھاکردنی مرۆڤ و
ژیان ، دیرۆکێک لە بێڕیزیکردن وئایدۆلۆژیە قیزوەنەکان و دەسەڵاتە
نەزۆکەکانمان بۆ دەگێرێتەوە. نمونە وەک لە رستەی (کورسیەک لە ئێسقان ،
شارێکی گەورە لە ئێسقان و کەللەی سەر ، کێوێک لە ئێسقان ،لافاوی تەرمی
ژنان وکچان ، رووباری مەیت و کوشتار، ژنە بێ مەمکەکان، تاڤگەی گواوی،
مارە سەر خەنجەرەکان ، منداڵە کلکدارەکان.....ھتد)لە نێو گرێ و رستەو
پەرەگراڤەکان چەندین وێنەی تری تیدایە، بەدەر لەو وێنانەی کە ھەندێکیان
چەند جارێک دووبارەکروانەتەوە. ئەدەب و ھونەر ئاوێزانی یەکتر بوینەو
خوێنەر تووشی ڕامان و پرسیارکردن دەکات و کۆد ووێنەکان ، لە نێو خودی
رستەکان خۆیان حەشارداوەو وەستان وتێفکرینیان دەوێت، ھەست دەکەیت لە
پێشانگایەکی ھونەریدایت .دەکرێت ھونەرمەندێکی بە سەلیقەو بە ئەزموون لە
نێو وێنەکانی ئەم رۆمانە خۆی بدۆزێتەوە، ھەمان وێنەکان جارێکیتر لە
رێگەی رەنگەوە نیشانی (خوێنەر + بینەر )بدات.لە ھەمانکاتیشدا کارێکی
نوێیەوگرنگیدانیش بە کارو بەرھەم و خەیاڵ و ھزرە نوێیەکانیش ، لە
داھێنان و بەرھەمی نوێترمان نزیک دەکاتەوە، ئەمەش چێژ و سوود بە مرۆڤ
دەبەخشێت ئەم رۆمانەش ئەوەندە دێنێ بایەخی پێبدرێت.
___________________________
سەرچاوەکان:
١. د. ھیمداد حوسێن، رێبازە ئەدەبییەکان، دەزگای توێژینەوەو
بڵاوکردنەوەی موکریانی ،چاپی یەکەم، ھەولێر، ٢٠٠٧، ل ٢٢٣.
٢. سەرچاوەی پێشوو، ل٢٢٣.
٣.خەسرەو جاف، دائیرەتولمەعاریف، بەرگی حەوتەم، بەشی سێیەم، ٢٠٠٩.
٤. جەلیل ئازادیخواز، وەرگێڕانی لە فارسیەوە (گێل گامێش)، دەزگای چاپ و
پەخشی سەردەم، سلێمانی، ٢٠٠٥، ل١١.
٥. جەبار جەمال غەریب، رۆمانی (پێنجەمین کتێب)، دەزگای توێژینەوەو
بڵاوکردنەوەی موکریانی،چاپی یەکەم، چاپخانەی خانی، دھۆک، ٢٠٠٩، ل٩٧.
٦. بەختیار عەلی، رۆمانی (کەشتیی فریشتەکان)، بەرگی یەکەم، بەرگی
دووەم، ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ٢٠١٣.
٧. جەبار جەمال غەریب، رۆمانی (نەتەوەی زێرابەکان)، ناوەندی رۆشنبیریی
وھونەریی ئەندێشە، چاپخانەی ڕۆژھەڵات، چاپی یەکەم، ھەولێر ،٢٠١٣.
رواندز
ماڵپهڕی یاسین
برایم
|