په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

      وەرە ئەى خواوەندى لەززەت و ڕەنگ و ڕۆشنایى !!

 

 


زیاد نادر عاڵڵایى

ئەمشەو بادەى عەشقت هەناسەى پڕتاوى ئاگر و
خەراباتى سەری لێوڕێژى مەستى و شێتى و
کوانووى رۆحیشى تەژى ئاورینگى بێ ئۆقرەیى و بێ ئاسودەگى کردووم ..
ئەمشەو گڕى سوتێنەرى بیرکردنەوە لەچاوى تۆ،
لەهەناوما سەماى سووتانێکى سەرمەدى دەکا و
چڵ و چێوى هەداى ناخى هەڵقرچاوم زێتر دەسوتێنێ !!
ئەمشەو لە سەرابستانى دوورى و بێ تۆیى وا دەخنکێم و
دوا زایەڵەى هەنسکى گریانى سەرمەستیشم،
بە جریوەى ئەستێرە دەسپێرم، کە هاتە هەوارى تۆوە
هەواڵى هەناسە هەڵوەریوەکانى ڕوحى شاعیرێکت بە گوێچکەدا بچرپێنێ.
ئەمشەو.. لێوڕێژى خەیاڵى دوورى و بێ تۆیى و بێ ئاشناییم و
تریفەى مانگ و، شنەى شیعرو، نەواى نیوەشەوانیش دڵنەواییم نادەنەوە!!
ئەى هاوڕێ ى ڕازگر و دوورە هەوارو نزیکە خوێن و ڕۆح،
دەمەوێ تەمى بیرکردنەوەت لەسەر پەنجەرەى خەیاڵم بسڕمەوە،
نا.. ناتوانم، چونکە هێند بە قووڵى بە ئۆقیانووسى ڕوحم ڕۆچووى!
ئەمشەو.. مەستى خەمە شیرینەکانى تۆم و یادو یادگاریەکانت دەمکوژێ و،
سووتانى عیشقت لە شۆڕەبى ڕوحم ئاڵاوە و تا نێرڤانا نەبم لێم نابێتەوە..
سروەکەى خۆم.. ئەگەر ئەمشەو میوانى ماڵى تەنیایى من دەبووى،
وەکو عاشقێکى تامەزرۆ تووند تووند بە باوەشى ئاگرینم دەگرتى و
خەمى دووریم لە نێو سەوزەڵانى بەرو باوەشت دەتواندەوە..

چلچرا و مۆم ..ئەگەر ئەمشەو میوانى ماڵى تەنیایى من دەبووى ،
وشەى سیحراویەکانى شیعرم وەکو قردیلەیەک لە پرچى تۆدا دەداو
شەکەتى و ماندوویەتى بیست و حەوت ساڵەى تەمەنى تەنیاییم لەباوەشتا لەبیر دەبردەوە !
ئەى ژن.. ئەمشەو وەرە وا منى سیامەند بەدواى تۆى ( خەج ) دا وێڵم و
حەزم لێیە هەناسەجوانەکانى عیشق و ئەوینت بخۆمەوە..
ئەمشەو وەرە وا منى شێتى شاعیر بەدواى تۆى نەواو نەریدا خومار و پڕ تاسە و تامەزرۆم، حەزم لێیە لە نسێگەى لێوەکانت ماچى ئۆخژنى و سانەوە بکەم.
ئەى ژن.. ئەى چارەنووس و پەناى شاعیر..
ئەمشەو وەرە لە ڕۆشنایى چاوەکانتەوە هەموو ژیان بەدى بکەم و
ناسکى تۆ و لەززەتى وجود بچێژم ..
وەرە.. سەرم پڕکە لە ڕۆمانیسەت و چاوم تەژى کە لە ڕەنگ و لەپى دەستم پڕ ئاونگ و زێ ى شیعریشم پڕ شیرینى و شەهد ..
وەرە.. لە چەمى باوەشى تۆدا شیلە و شەرابى عشق بخۆمەوە و
تف لە کابووسى مەرگ و دوورى بکەم ..
وەرە ئەى ژن .. وەرە ئەى خواوەندى لەززەت و ڕەنگ و ڕۆشنایى !!
ئەى نسارى سانەوەى بیست و حەوت ساڵەى تەمەنى بێ تۆیى و تەنیایى!!

 


شەوى 20-21 /6 /2007
zyadnadr@yahoo.com