٥\٤\٢٠٢٠
وەرەوە
ناو ژیان.

شوان
حهسهن
تۆ وەرە ناو ژیانەوە
قاچەکانت لە سێبەری وشە بڕوێنە با
تیشکی خۆر نەتسوتێنێ
کراسە رەشەکەت، لە دڵی ئەو ئێوارە غەمگینە بکەوە و
بە کراسە کەسکەکەت یاخود بە وەنەوشەییەكەیان
دەرگای ئێوارەم بۆ بکەوە
مەترسە تۆ لە ناو ژیاندا بیت ئەمن مەرگ لە ئامێز دەگرم و درزێک
دەبینمەوە
لێیەوە سەیری تۆ بکەم
قاچاغچیەک دەبینمەوە تا لە سنووری مەحاڵ بمپەڕێنێتەوە
تۆ وەرە ناو ژیانەوە لێرە خۆر، بە بێ باکیی ھەڵدێ و
بە بێ نازییش، ئێواران تیشکەکانی خۆی کۆدەکاتەوە
لێرە زەمەن "زۆپا"یەکی دووکەڵگرتووە و
بە بۆن و ژانەسەرەرەکەی "سەردەم" دەتۆرێنێ
تۆ لێرە دوورکەوە ئێرە گۆڕستانێکی گەورەیە
گوڵەکانی مات و مەلوولن
درەختەکانی بەرێکی تاڵگرتوون
زۆنی غەم جێناھێڵم تا لە هاتنەوەی تۆ
بۆ ناو ژیان دڵنیانەبمەوە
دیسان سووراوەکەت لێوی بەیانی تەڕکردۆتەوە و
دەنگت تامی خواردنی گۆڕیوە
ئارام دەبم و بێ ترس لەگەڵ مەرگدا دەسوڕێمەوە
دەزانی بزە و پێکەنینە کورتەکانت چەند لۆچیان خستە سەر
روخسارم؟
تۆ وەرە ناو ژیانەوە بەڵێنت پێدەدەم لێوی ئازارەکانم دەکرۆژم و
نایەڵم قاقات بقرتێنن
نایەڵم بێ نیشتمانییم پێوە دیاربێت،
نایەڵم بێ جێگایی بڕستم لێ ببڕێت،
نایەڵم...
تۆ وەرەوە ناو ژیانەوە
ئەوسا لەگەڵ تۆدا دەبوژێمەوە.
ماڵپهڕی
شوان حهسهن
|