په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

وەرگرتنی دکتۆرایەک لەگەندەڵیدا.


عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی


نێچیروان بارزانی چەند رۆژێک پێش ئێستا بڕوانامەى دکتۆرای لەیەکێک لەزانکۆکانی ئەمریکا پێی بەخشرا، ئەم بڕوانامە فەخریەش بووە هۆی شۆکبوونمان و کۆمەڵێک نووسەر، لەرۆژنامەو سایتەکاندا سەرنجی خۆیان دابوو سەبارەت بەم بابەتە. بۆیە بەدەرککردن بەوەی کە ئەم کردەوەى ئەمریکا سەبارەت بەبەخشینی ئەم بڕوانامەیە کارەساتاویە و ئەمەش قسەی زۆرتر هەڵدەگرێ، چونکە نێچیرێک کە تا ئێستا هزری میللیگەرای سەرەتای تێدا حاکم بێت و لەگەندەڵیدا نەغرۆبێت و ئاستی رۆشنبیری لاوازبێت ، کەچی زانکۆیەک کە لەدونیادا کاتێ باس لەزانکۆ معترەفەکان دەکرێ زانکۆکانی ئەمریکایە بەمعترەف دەزانرێ ، کەچی بڕوانامەى رێزلێنانی بەکەسایەتییەکى ناشایستە بەخشی.


بێگومان مەسەلەى داینی بڕوانامەیەکى وەها، بۆ چەند لایەنێک دەگڕێتەوە یەک لەو لایەنانە ئەوەیە کە بەحوکمى ئەوەى هەرێمی باشووری کوردستان کەوتۆتە ناو ئەو سیستەمە قەیراناوییەى سەرمایەداری و ئەم سیستەمەش ئاشکرایە لەدونیادا ئەمریکا سەرکێشی دەکات و بۆ پێکهێنانی سیاسەتەکانی لەجیهاندا هەموو رێگاکان دەگرێتەبەر و وردە وردە ئامانجەکانی دەپێکێ و هاوکات باشووری کوردستانیش کە کەوتۆتە بن کاریگەری ئەو سیستەمە. ئەمریکاش لەبەر گرنگی گۆڕەپانەکە تەقەلاکانی خستۆتە گەڕ و ئەمجارەش هیچی وای بەدەستەوە نەماوە و لەیەکێک لەزانکۆکانی ئەمریکا بڕوانامەى دکتۆرای بەخشی بەنێچیروان بارزانی بۆ ئەوەی کە بتوانێت زیاتر جێگای خۆی بکاتەوە لەمەنتیقەکەدا.


ئاشکرایە سیستەمى کاپیتالیزم ئەو سیستەمەیە کە بێ ئەخلاقیەکى تەواوى لەدونیادا هێناوەتە گۆڕی و لەوەش زیاتر ژیانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێر دەبات، چونکە یەکێک لەتایبەتمەندییەکانی بەرژەوەندییە واتا ئامادەیە کۆمەڵگایەک تەفرو تونا بکات، تەنها لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆی ئەوەش لەدونیادا دەبینین کە هەنووکە ئەم سیستەمە هەر لەبەر بەرژەوەندییەکانی تەکنیکی پێشخستووە، ئەوانەش دەبنە هۆی ئەوەی کە ئیکۆلۆژی زیاتر قرێژ بکەن و بۆ دەمێکی درێژی دیکە ئەگەری ئەوە هەیە زیندەوەرانی سەر ئەرز ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە ، هەنووکەش هێماکانی دەرکەوتووە و دەبینین رۆژانە نەخۆشی جۆراو جۆر بڵاودەبێتەوە و ئەمە لەکاتێکدایە کە تا سەرەتاکانی سەدەى رابردوو نەخۆشی زۆر کەمبووە ، بەڵام لەکۆتایەکانی سەدەی رابردوو تا هەنووکە رۆژ بەرۆژ نەخۆشی جۆراو جۆر پەیدا دەبێت، ئەمەش بەزانابوون پێشی دەخەن تەنها لەبەر ئەوەى کە دەرمان دروست بکەن و بەخەڵکی بفرۆشن و لایەنى بازرگانی سود ببینن و هاوکات هەر ئەم سیستەمە رێگە خۆشکەرە بۆ بەکاڵاکردنی ژن ، لەبن ناوى ئازادی ژن دەبینی ژنیان کردووە بەکاڵا و وەکو ئامرازێک بەکاریان دەهێنن بۆ بەریکلامکردنی شتو مەکەکانیان . لەگەڵ ئەمانەشدا بەبیانوی ئەوەى گوایە دونیا پێشکەوتووە ئیدی دەبینی پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانیش لاواز بوونە لەوڵاتانی رۆژئاوا و کاریگەری ئەو سیستەمە وایکردووە کە لەرۆژهەڵاتیشدا هێدی هێدی خەریکە ئەو پەیوەندییانە کاڵادەبێتەوە . بەبڵاوبوونەوە و بەژیانکردنی ئەم رژێمە ژیانمان بەرە خراپی دەڕوات، ئەمانە ئاماژەیەکى کورتن بە کارە نەرینییەکانی ئەو سیستەمە ، کە ئێستاش لەسەرەمەرگدایە و بۆ درێژەپێدان بەتەمەنى سیستەمی پۆستمۆدڕنیزمیان پێشخستووە، بەڵام سەرئەنجام ئەم سیستەمەش رێگرانی دەتوانن پوچەڵی بکەنەوە.


بەڵێ کاک نێچیروان و حکومەت و دارودەستەکەى کاریگەرن بەو سیستەمەى کە ئێستا هەرێمی کوردستانیشی تەنیوەتەوە، هەربۆیە نێچیر گەر تەماشای بکەى لەزۆربەى چاوپێکەوتنەکانیدا باسی ئابووری دەکات، چونکە کابرایەکى سەرمایەدارە، گەلەکەشمان لەم کردەوانەیدا شایەتحاڵە کە لەدەرەوە پارەیەکى زۆری خەواندووە و لەناوەوەش خاوەنى چەندین کۆمپانیای بازرگانە. باشە کەسێکی بازرگانی وەکو نێچیر دەکرێ وەکو سەرۆکی حکومەت قبوڵ بکرێ و بەماڵی گەل و خوێنی شەهیدان بگاتە ئەو ئاستە، ئایا ئەمە گەندەڵی و دەرەوەى پێوانەکانی ئەخلاقی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نییە؟ ئەوەش کە دڵی پێی خۆش بێت و بەسەرۆکی خۆی ببینێت لەو کەمتر نییە؟


هاوکات لەگەڵ ئەمانەدا داینی ئەو بڕوانامەیە لەلایەن ئەمریکاوە خواستی ئەمریکاش بوو، چونکە هەمانکات ئەمریکا گشت هەوڵدانێک دەدا کە پەیوەندییەکانی بنەماڵەى بارزانی و دەوڵەتى تورکیا خۆش بکات. چونکە ئێستا بەرژەوەندی ئەمریکا لەوەدایە کە پەیوەندییەکانیان خۆش بن بۆ ئەوەى بتوانێت زیاتر سیاسەتی خۆی بەڕێوەببات لەگۆڕەپانەکەدا، بەدیار کەوت کە هەندێ لەهەوڵدانەکانی بەدی هاتن و زۆر نییە کە شاندی تورکیا هاتن و نێچیر لەبەغدا پێشوازى لێکردن و دوابەدواى ئەو کۆبوونەوەیە، هێرشی هەوای کرایە سەر گەریلاکانی پەژاک و لەئەنجامدا چەندین شەهیدیدا. هاوکات ماوەى دوو مانگ زیاتر رژێمی بۆگەنی ئێران هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بۆمباران دەکات و ئەمریکا لەبەرامبەر ئەو بۆمبارانە بێ دەنگە، لەگەڵ ئەمانەشدا ئەو رێکەوتنامەیەی نێوان تورکیا و ئێران دژ بە بزووتنەەوەى ئازادیخوازی گەلی کوردستان بەڕابەرایەتی پەکەکە کە داوایان لە هەرێمی کوردستانیش کردووە کە هاوکاربن لەپاکتاوکردنی پەکەکەدا بۆ ئەم کردەوەیەش ئەمریکا سەرکێشی ئەم پیلانگێڕیانە دەکات. ئەوەبوو لەماوەى رابروو و تا ئێستاش کە ئۆپەراسیۆنەکانی لەنێوان گەریلا و دەوڵەتى و تورک و ئێران بەدەوامە کەچی حکومەتە کارتۆنیەکەى نێچیر هەروەک چۆن لەرابردوودا بێ هەڵوێست بوو و ئێستاش بەردەوامە لەبێ هەڵوێستی. بەڵام خۆشبەختانە سەرەڕای ئەو هەموو پیلانگێڕیانە گەریلای کورد توانی سەربکەوێت و دواهەمین سەرکەوتنی گەریلاش چالاکییە قارەمانییەکەى بێزەڵێ بوو کە لەیەک چالاکیدا بیست و نۆ عەسکەری تورکیان کوشت، بەوش گورزێکی گەورە لەجەندرمەى تورک دراو و چاویان شکا.


ئەمریکا لەسیاسەتە گڵاوەکانی بەردەوامە و بە هەموو خراپەکارییەکانییەوە ناوەستێ و ئەمجارەش دەست دەکا بەبەخشینی برٍوانامەى رێزلێنان. ئەمەش یەکێکە لەسیاسەتە چەپەڵەکانی دیکەى کە ئەگەری ئەوە هەیە بەزۆر نا موستەحقی وەکو نێچیر ئەو بڕوانامەیە بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتى ببەخشی بەکەسی ناشایستە، چونکە داینی بڕوانامە بەکەسێکی گەندەڵ و بازرگانێکی گەورەى وەکو نێچیر تاوانە. و بەهەر حاڵ لەئێستا بەدواوە ئیدی ئەگەری ئەوە هەیە کە زانکۆیەکی تایبەت بە بەخشینی بڕوانامە و رێزلێنان ئاوابکرێ بۆ کەسی گەندەڵ و ناشایستە.

 


abdulagermiki@yahoo.com