وەرن با پێکەوە
داواى هەڵوەشانەوە بکەین نەک هەموارکردن .

نیا کامیل
وەڵامێک بۆ بەڕێز '' عهلی
کهریم '' :
پاش سڵاوم ، ئازیزم بەڕێز عهلی کهریم ،
سەرەتا دەمەوێت ئەوەت وەبیر بهێنمەوە کە ئێمە لە ژێرناوى (دەستەى
بەرگرى لە ئازادى ڕادەربڕین ) ، لە پاش یەکەم دانیشتنى پەڕلەمانى
کوردستان (11/11/07) لەسەر پڕۆژەیاساى کارى ڕۆژنامەنوسى لە کوردستان لە
بەروارى (13/11/07) خۆمان ڕاگەیاند و لە (15/11/07) یەکەم بەیاننامەمان
لە ژێرناوى (پڕۆژەیاساى کارى ڕۆژنامەنوسى بەردەم پەڕلەمانى کوردستان
دەبێت هەڵبەوەشێتەوە ) ڕاگەیاند .
لەم پێناوەشدا بەئەندازەى پێویست کار و چالاکى جدیمان کردوە ، بە
پشتیوانى ئازادیخوازانى کوردستان ، ئەمەش بەبڕواى تەواومان بە کارى
جەماوەرى یەک دەست و بە پشتبەستن بەوەى کە ئازادى دەبێت لە کۆمەڵگادا
بێ قەید و شەرتبێت ، لە بڕوامان بە جاڕنامەى جیهانى مافەکانى مرۆڤەوە
سەرچاوەى گرتوە . وە پێمان وایە کە کارى یاسا لێسەندنەوەى ئازادى نیە
بەڵکە فەراهەم کردن و پاراستنى ئازادى تاکەکانى کۆمەڵگایە ، بە
پێچەوانەى ئەوەى کە پەڕلەمانى کوردستان خوازیاریەتى و بڕواى پێیەتى و
دەیەوێت بیسەپێنێت ، هەمیشە ئەم کارە لەنێوان دەسەڵاتە داپڵۆسێنەرەکانى
ڕۆژهەڵات و خەڵکدا لە کێشمەکێشمدا بوە واتا مەوداى فراوان بون و
بەرتەسک بونەوەى ، خۆئەگەر خەڵک لێگەڕێت ئەوا دەسەڵات نەفەسێک ئازادى
ناهێڵێتەوە لە دەرەوەى دەسەڵات و خواستى خۆیەوە .
لەپاڵ ئەم خواستەى ئێمەدا ژمارەیەک کەس و ڕێخراو و لایەن و
ڕۆژنامەنوسیش دەنگى ناڕەزایەتیان هەڵبڕى ، بەڵام نەیانتوانى تاسەر لە
مەیدانەکەدا ململانەبکەن ئەویش لەبەر ئەوەى ئەو داواو خواستەى
بەدەستیانەوە گرتبوو لەگەلڕ بڕینى ئەو قۆناغانەى ئەم پڕۆژەیاسایەى پێدا
تێپەڕى کەوتن ، واتا خواستێکى کاتى و ناڕیشەیى بوون . نەبوونە خواستێک
کەبتوانێت ئاڵگۆڕبە قازانجى ئازادى لە کۆمەڵگادا پێکبهێنێت . لە دواین
ساتى ڕەوانە کردنى ئەو پڕۆژە یاسایەدا و کاتێک دەستى پەڕلەمانتاران
لەگەردنى پڕۆژەکە بوەوە تاساندبووى و خستیانە بەردەمى سەرۆکى هەرێم تا
ئەویش چەقۆێک بەملیدا بهێنێت ، لە (14/12/07) یەک کاتدا لە هەردوو شارى
سلێمانى و هەولێر ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس و خەڵکى ئازادیخواز کۆبونەوە تا
داوا لە سەرۆکى هەرێم بکەن ئەو پڕۆژەیاسایەى کەپەڕلەمان دەنگى پێداوە
جەنابیان ئیمزا و پەسەندى نەکەن ، ئەوکات ئێمە لە پارکى ئازادى لە شارى
سلێمانى وتمان ئەم خواستە واقعى نیە و وەرن با داواى هەڵوەشاندنەوەى
بکەین کە تاکە بۆچونى دژ بوو لەناو هەموو ئامادەبواندا ، وتمان ئەگەر
سەرۆکى هەرێم ئیمزاى نەکر دەچێتەوە بەردەم هەمان ئەو پەڕلەمانتارانەى
کە پێشتر دەنگیان پێداوە ، ئەندامانى پەڕلەمان ناتوانن دەنگ بە پڕۆژەى
ئازادیخوازانە بدەن بۆیە بەمە خۆش خەیاڵ مەبن ، وتمان بەپێى یاساى
سەرۆکایەتى هەرێم سەرۆک یەک جار دەتوانێت ئەو پڕۆژەیە ئیمزانەکات دووەم
جار ئیجباریە و دەبێت ئیمزاى بکات ، لەم حاڵەتەشدا ئەگەرى ئەوەهەیە کە
پڕۆژەکە کەمێک تەعدیل بکرێت کە هیچ لە ناوەرۆکەکەى نەگۆڕێت یان هەرنا
وەک خۆى لەلایەن ئەندامانى پەڕلەمانەوە ڕەوانەى سەرۆکى هەرێم دەکرێتەوە
، ئەم جارە ئیمزاى دەکات ، ئێمە هەموو ئەمانەمان پێشتر لە دوو
بەیاننامەی جیاوازدا لە (11 و 12/12/07) بۆ ڕاى گشتى ڕاگەیاندبوو ، کە
بەداخەوە ئێستا دروستى ئەم بۆچونە ڕۆشنە . بەڵام بەداخەوە لەڕێگەى
نامەیەکەوە کە ئاڕاستەى سەرۆکایەتى هەرێمیان کردبوو ئەمەیان کردە داواى
کۆبونەوەکەیان .
وەک دەبینین سەرۆکى هەرێم بەرلەوەى ئەو پڕۆژە یاسایە ببینێت ڕەتى
کردەوە ، وە ناڕەزایەتى و خواستى ئامادەبوان چەند سەعاتێک زیاترى
نەخایاند و ئێستا هەموویان خەریکى کارى ڕۆتینى و ڕۆژانەى خۆیانن ، وە
پڕۆژەکەش لەبەردەمى ئەندامانى پەڕلەماندایە . یەکێک لە ئەندامانى
پەڕلەمان ڕایگەیاند بەهۆى درێژى پشووى زستانەى پەڕلەمانەوە لەبەر
نەبوونى کاتى پێویست بۆ تاوتوێکردنى ڕەنگە پڕۆژەکە وەک خۆى ڕەوانەى
سەرۆکى هەرێم بکرێتەوە ، سەرۆکى هەرێمیش لە نامەیەکیدا بۆ پەڕلەمان لە
بەروارى (3/1/08) ناردبووى ، کە تیایدا پڕۆژەکەى ڕەتکردۆتەوە ، کەنیشى
بینیوە . وە هیچ لە ناوەرۆکەکەى بەئاگانیە ، دەڵێت " لەبەر ئەو
ناڕەزایی و ناکۆکیەى لە نێو هەندآ پەڕلەمانتار و ڕۆژنامەنوسانى
کوردستاندا دەربارەى اساى کارى ڕۆژنامەگەرى لە کوردستاندا سەرى هەڵدا
بۆ ڕێگەگرتن لە کاردانەوەى سلبى ئەم ڕوداوە لە نێو ڕیزەکانى کۆمەڵگاى
کوردستاندا" " بڕیارماندا ڕەوانەى ئەنجومەنى نیشتیمانى کوردستانى
بکەینەوە " .
لێرەوە ئەوە بەدیاردەکەوێت کە سەرۆک نەک لەبەر ئەوەى ئەو پڕۆژەیە دژى
ئازادیە ، نەک لەبەر ئەوەى سەرچاوەى بیر و ئیلهامى کۆنەپەرستى و
تایەفەگریە نەک لەبەر ئەوەى دەبێتە چقلڕ لەبەردەم دیموکراتیزە کردنى
کۆمەڵگادا ، نەلەبەر ئەوەى دژى بنەماکانى جاڕنامەى جیهانى مافەکانى
مرۆڤە و پێچەوانەى بنەماکانى کارى ڕۆژنامەکەریە لە دنیادا ، نەک لەبەر
ئەوەى پێى وایە کارى سەدیکا بەئیجبارکردن ناچێتە پێشەوە و کارى
سەندیکاى و ڕێخراوەیى دەبێت بە خواست و ئارەزومەندانە بێت و ئەندام
بوون تیایدا ئازادانە بێت نەک ئیجبارى ، نە لەبەر ئەوەى پێى وایە موچەو
موکافەئەى ڕۆژنامەنوسان چەندە تا ئەو بڕە غەرامەیەى بۆیان دانراوە
لەبەرامبەر ئازادى بیروڕاو نوسیندا لێیان دەسەندرێت زۆر زۆرە بە دەیان
و سەدان جار . بە هەرحال پێى وایە ناکۆى و بۆڵە بۆڵى لەسەر دروست بووە
لە نێوان چەند ئەندام پەڕلەمانێک و چەند ڕۆژنامەنوسێکدا ، بێئاگا لەوەى
هەموو کۆمەڵگاى شەق کردوە بۆ دوو بەرە ، لەوە دەترسێت کاردانەوەى سلبى
دروست بکات ، بەڵام لەوە ناترسێت هەربەم یاسایە زمانى ڕۆژنامەنوسان
دەبڕرێت .
وە لەم میانەیەشدا سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان پاش ئەوەى کەوتە
بەر نەفرەت و ناڕەزایەتى ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنوسان ویستى بەدەنگێکى
لیخن بڵێت منیش دیفاع لە ئازادى دەکەم ، وە خواستى هەموارکردنى ئەو
یاسایەى کە خۆى پێشکەشى کردبوو وە لەلایەن پەڕلەمانەوە دەستکارى کرابوو
بەبێ ئاگادارى ئەو ، بەدەستەوە گرت ، بەڵام هەرزوو ئێمە وتمان سەندیکاى
ڕۆژنامەنوسانى کوردستان خۆى نەخشەسازى خنکاندنى ئازادیە ، وە ئەگەر ئەو
زیادکراوانەى کەبۆ پڕۆژەکەشیان زیادکراوە لاببرێت ئێشتا پڕۆژەیەکى تا
ئەوپەڕى کۆنەپەرستانە و دواکەوتوانەیە ، ئێستاش فەرهاد عەونى نەقیبى
سەندیکا دەڵێت هیچ پڕۆژەیەک جێگاى ئەو پڕۆژەیەى سەندیکا ناگرێتەوە ،
بەڵکە موزایەدەدەکات ، ئەوکاتیش وتى ئێمە سآ هەزار ئەنداممان هەیە
دەنگیان بەو پڕۆژەیەداوە ئەکرێت چەند کەسێکیش لەدژى بن .
بەهەرحالڕ من نامەوێت سەرنجت بۆ هەموو ئەو ململانێ و قسانە ڕابکێشم کە
ئێمە ڕوبەڕى بوینەتەوە یان کۆى کارەکانمان عەرزبکەم ، یان موزایەدەى
ئەوە بکەم کە هەموو ئەو قسانەى ئێمە کردومانە ڕاست دەرچوون ، ئێمە
ئێستاش و ئەوکاتیش خوازیارى ئەوە بووین قسەکانى ئێمە وانەبوایە بەڵکە
لە جێگەیدا یاسایەکى مەدەنى و ئازادیخوازانە لەبەردەم پەڕلەمان و
سەرۆکایەتى هەرێمەوە بهاتایە دەرەوە ، بەڵام واقع ئەوەى نیشاندا کە
پێچەوانەى ئەوە ڕاستە .
دەمەوێت لەبەر ڕۆشناى ئەوەى خستمەڕو سەرنجت بۆ ئەوە ڕابکێشم کە خواستى
جەنابیشتان وەک ئەوەى چەند خاڵێکتان دیاریکردوە و خوازیارى
هەموارکردنین ، پێم وایە ئەم خواستە دەمێکە کەوتوە وە ناتوانێت ئەو
قوفڵە ژەنگاویەى دراوە لە دەرگاى زیندانى داخراو لەسەر ئازادى
بیروڕادەربڕین بکاتەوە ، نەک ڕەهاکردنى ئازادى لەو زیندانە . من خواست
و ڕەئى ئێوە ڕێز لێدەگرم ، بەڵام ئەوەى لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە ڕویداوە
مشتومڕنیە ، وە جەنابتان دەڵێن ، بەڵکە ئەوە جەنگێکى واقعیە کەتیایدا
کۆمەڵگا بەتەواوى بۆتە دوو بەرەى دژبەیەک ، بەرەیەک کەدەیەوێت ئەوەى کە
خەڵکى کوردستان بە خەبات و کۆشش بەدەستیان هێناوە لە ماف و ئازادى
بیپێچنەوە و کۆمەڵگا ببەنەوە بۆ سەدەکانى ناوەڕاست و تەسلیمى عەقڵى
خێڵەکى و تاریکى و موقەدەسات و سەرەک خێڵ و شتى لەم بابەتەى بکەن ،لەبەرامبەریشدا
بەرەیەک دەجەنگێت کە هەزاران جەنگى لەم پێناوەدا بەڕێخستوە لەبەرامبەر
ئەو بەرەیەدا بەدرێژایى مێژوو ، ئەم بەرەیە خوازیارى ئازادى بێقەید و
شەرتە ، نەک وەک بەرەیەى یەکەم کەلە ئازادى دەترسێت ، بۆیە واقعەن ئەمە
جەنگێکى ڕاستەقینەیە نەک مشتومڕ.
ئێستا بەلەبەر چاوگرتنى ناوەرۆک پێکهاتەى سەندیکا و پەڕلەمان و
سەرۆکایەتى هەرێم و لەبەر ڕۆشنایى ئەو کارانەى پێشوویان ، وە ئەو
قۆناغانەى تا ئێستا ئەم پڕۆسەیە لەم جەنگەدا بەخۆیەوە بینیویەتى ئەوە
ئاشکرایەکە خواستەکەى ئێوە هیوابەخش نیە ، بەڵکە ناتوانێت فەراهەمى
سەردێڕى داواکەتان بکات ، وە ئەم خواستە بۆخۆى واتا یارمەتیدانى
پەڕلەمان و قبوڵکردنى ئەو پڕۆژەیاسایە و تەقوێى هەڵوێستى پەڕلەمان
دەکات ، بە تەجروبەى پێشویش خواستى تەعدیلکردنى ئەو پڕۆژەیە ئەمەى
ئێستاى لێکەوتەوە وهیچ گۆڕانکاریەکى بە قازانجى ئازادیخوازى لێبەرهەم
نەهات . لە باشترین حاڵەتدا ڕەنگە پەڕلەمان وەک ئەو ژمارە
ڕۆژنامەنوسەتان لێبکەن ئەگەر بشتوان ببنە خاوەنى هێزێکى قەویش کە
بانگێشتیان کردن بۆ پەڕلەمان لەژێر ناوى وەرگرتنى تێبینیەکانیان و
جێگیرکردنیان لە یاساکەدا کە 22 پێشنیاریان دابە پەڕلەمان ، بەڵام
بێئەوەى ئەوە لەبەرچاو بگرن کە خۆیان بانگێشتیان کردبوون هیچ
ئیعتبارێکیان بۆ دانەنان بەداخەوە ، ڕۆژێک بەر لەوەى ئەو بەڕێزانە بچن
بۆ پەڕلەمان ئێمە بەجیا لەگەلڕ ئەو بەڕێزانە دانیشتین و پێمانوتن کە
نەچن بۆ پەڕلەمان باشترە چونکە تەعدیل کردنى ئەو پڕۆژەیە ئاسۆیەکى نیە
، ئەگەریش چوون داواى هەڵوەشانەوەى ئەو پڕۆژەیە بکەن ، کە دیسان
بەداخەوە ئاکامەکەیمان بینى ، بەهاتنەوەى ئەمان و دانیشتنى پەڕلەمان
سزاکانیان کردە چەند بەرابەر و کاتێکیش وتمان هاوڕێیان بۆ پەڕلەمان
وایکرد ئەوان سەریان سوڕما بەلام ئێمەوتمان پێمان وتن ئەم کارەنەکەن
باشترە .
دەستەکەى ئێمە لە سەردێڕى یەکەم بەیاننامەى خۆیەوە تائێستا خوازیارى
هەڵوەشانەوەى ئەو پڕۆژەیەین ، ئەمەش نەک هەردژى بین بەس وەک
بزوتنەوەیەکى ئانارشستى بەڵکە بەشوێن ئاڵوگۆڕى ڕیشەیى و
ئازادیخوازانەوەین و لەم پێناوەشدا پڕۆژەى بەدیلمان پێیە و هەرلە
سەرەتاوەبەم پڕۆژەیەوە هاتوینەتە مەیدان . بۆیە من بانگهێشتى ئێوە
دەکەم وەرن لەجیاتى هێز لەدەورى هەموارکردن کۆبکەینەوە و تەسلیمى
پەڕلەمانى بکەین ، باپێکەوە خواستى هەڵوەشانەوەى ئەو یاسایە قەوى و
بەهێزبکەین ، وە پڕۆژەیەکى مەدەنى و ئازادیخوازانە بەسەر پەڕلەماندا
بسەپێنین کە ڕەنگدانەوەى خواستى ڕۆژنامەنوسان بێت .ئێمە و ئێوە (
هەڵمەتى هەموارکردنى یاساى ڕۆژنامەگەرى لە هەرێمە کوردستان ) بەرەیەکى
جەماوەرى فراوانتر لەم پێناوەدا بەرپابکەین ، نەک ئەوەى جەنابتان
بەشێکى کەمى ئیشکالیەتى ناو یاساکەتان بەدەستەوە گرتوە و خوازیارى
هەموارکردنین ، ئەگەر ئەم بەرەیە قەوى بکەین دەتوانین بە پەڕلەمان و
سەرۆکایەتى هەرێم بسەلمێنین کە خەڵکى ئازادیخوازى کوردستان تینوى کام
جۆرە لە یاساو ڕێساى پێشکەوتون .
چونکە ئەوە ئەوانن پێیانوایە کە کۆمەڵگاى کوردستان دواکەوتوە بۆیە
دەبێت یاسى دواکەوتوانەى بۆدابنێن ، ئەوە ئەوانن بە تاوانباران دەڵێن
لەدەرگاى دواوە بۆى دەرچۆ و یەک شەق لە یاسا هەڵبدە و بڕۆ سوڵحى
عەشایەرى بکە ، ئەوە ئەوانن لە ئازادى دەترسن و جەنگاوەرى جەهل و
تاریکین نەک بەرەى ئازادیخوازى کۆمەڵگا ، دەسەڵاتى حەڤدە ساڵەیان
شاهیدە لەسەریان ، ئێستا پاش حەڤدە ساڵ دەیانەوێت یاسایەک بەسەر
کۆمەڵگادا فەرزبکەن کە هیچ بۆنێکى مەدەنى و پێشکەوتنى لێنایەت ، دەبێت
ئەوەش باش بزانن فەرزکردنى یاساى دواکەوتوانە بەسەرخەڵکى پێشکەوتوخوازى
کوردستاندا کارێکى ئاسان نیە ، دەیانەوێت بەیاساى دواکەوتوانە پاشەکشە
بەئازادیخوازى بکەن . بۆیە بەدواى ئەم یاسایەدا پێشنیارى یاساى
خۆپیشاندان و مانگرتن دەکەن دەڵێن ئەگەر تۆ ویستت لەدژى سەرکوت و
نابەرابەرى وگەندەڵى ئێمە مانبگرت یان خۆپیشاندان بکەیت وەرە داواى
مۆڵت بکە ، ئەمەجگە لەوەى مەخسەرەیە چونکە دەسەڵاتێک بەندێکى واى لە
یاساى خۆیدا دانابێت هەرگیز ڕێگە نادات بەم کارە لەدنیاى پێشکەوتودا
شتێک نیە ناوى ئیجازەى مانگرتن و خۆپیشاندابێت . بەمەش خەریکە قەبرى
مەرگى خۆیان تەواودەکەن .
جارێکى تر بانگەوازى جەنابتان و هەموو
ئەو کەسانە دەکەم کە لە خەمى ئازادى کۆمەڵگادان دڵیان بۆ
مەدەنیەت و پێشکەوتن لێدەدات وەرن با
لەدەورى خواستى هەڵوەشانەوەى پەوپڕۆژەیاسایە کۆببینەوە
.
سەرکەوتوبێت خواستى
هەڵوەشانەوەى پڕۆژەیاساى کارى ڕۆژنامەنوسى لە کوردستان .
بژى ئازادى و سەرکەتوبێت بەرەى ئازادیخوازى . ئێوەش هەر بژین .
nyakamil@hotmail.com
|