په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٦\٢٠١٠

گۆشه‌ی '' رۆژه‌ک نا رۆژه‌ک ''. (٢)

وەرن وا لەو سنوورانەدا زێڕ هەیە..!!


شێرزاد عومەر مەحمود


دەگێڕنەوە لە دێرزەمانەوە شاخێکى بەرز و سەخت هەبوو لە نێوان دوو شاردا، ئەم شاخە بەرزە واى کردبوو هاتووچۆى ئەم دووشارە زۆر ناخۆش بێت، شارى یەکەم کەوتبووە لاى(باکور)ەوە و شارێکى هەژار بوون و شارى دووەمیش کەوتبووە لاى(باشوور)ەوە و شارێکى تا بڵێى دەوڵەمەند و پڕ ئیش بوو، خەڵکى شارەکەى باکور تا دەهاتنە شارەکەى باشوور زۆر ناخۆشیان دەهاتە رێگا لە بەسەرکەوتن و دابەزینیان بەسەر ئەو شاخە بەرزە، یان دوادەکەوتن یانیش دووچارى کێشەى تر دەبوونەوە، بۆیە پادشاى شارى لاى باکوور کۆبوونەوەیەکى گەورەى بە خەڵکى شارەکەى کرد و پێیانى گووت(ئەوەى بتوانێ چارەیەک بدۆزێتەوە تاوەکو بتوانین بە ئاسانى بچین بۆ شارەکەى تر بۆ کارکردن و هێنانى شتومەک و..تد ئەوا گەورەترین خەڵاتى دەکەین، ئەگەریش هەرکەسێک بەڵێنى پێمان دا و نەیتوانى بیگەیەنێتە جێ ئەوا سەرى دەپەڕێنین)، ئیتر کەس نەبوو دەست بەرز بکاتەوە و چارەى ئەو کێشەیەى لابێت و ئەو خەڵاتە گەورەیەش بباتەوە، پاش چەند رۆژێک پیاوێکى پیر چووە لاى پادشا و پێى گووت(پادشام من دەتوانم رێگا چارە بۆ ئەم کێشەیە بدۆزمەوە، بەمەرجێک هەرشتێک داوابکەم دەبێت بۆم ئامادە بکەیت و مۆڵەتى سێ مانگیشم پێ بدەیت.

 

ئەوەبوو پادشا مەرجەکە و پێداویستیەکانى بۆ مامەى پیر ئامادە و جێبەجێکرد. مامەى پیر بۆ بەیانیەکەى چووە سەر ئەو رێگایەى کە زۆربەى خەڵک پیایدا تێدەپەڕن، مامەى پیر دەستى دایە پاچێک و کەوتە کارکردن و هەڵکۆڵینى شاخەکە، هەرکەسێک بەوێدا تێدەپەڕى بە مامەى پیرى دەگووت(خاڵە ئەوە خێرە ئەو شاخە رەقە هەڵدەکۆڵى..؟)پیاوە پیرەکەش پێیانى دەگووت(ئەوە نهێنیە و پەیوەندى بەخۆمەوە هەیە و ناتوانم پێتان بڵێم) پاش هەفتەیەک کارکردن و پرسیارى ئەم خەڵکە کوڕەکانى پیاوە پیرەکە لە باوکیان پرسى دەبێت ئەو نهێنیەمان پێ بڵێیت، چونکە خەڵکى دەڵێن ئەو کارەى باوکت نهێنیەکى تێدایە و ئێمەش کوڕى تۆین دەبێت بزانین ئەو نهێنیە چیە، باوکیشیان پێیان دەڵێت: کوڕەکانم بەمەرجێک ئەو نهێنیەتان پێ دەڵێم کە لاى کەس نەیدرکێنن. ئەوانیش بە مەرجى باوکیان رازى دەبن و باوکیان پێیان دەڵێت: لەسەردەمانێکى زوو باپیرەم بڕێکى زۆر زێڕ و پارەى لە ناوەڕاستى لووتکەى ئەم شاخە شاردبۆوە و ئەوەبوو باوکى من واتا باپیرەى ئێوە نەیزانى بەتەواوى پارە و زێڕەکە لەکوێیە و نەیدۆزیەوە، ئێستاش بارى دارایى ئێمە باش نیە بۆیە ئەگەر ئەو پارە و زێڕە بدۆزمەوە ئەوا دەبین بە گەورەترین دەوڵەمەندى هەردوو شارەکە و ئەوسا دەتوانم ژن بۆ هەمووتان بهێنم و هەتا هەتایەش ئێوە بەختەوەر بکەم. بۆیە ئێستا پێویستم بە یارمەتى و هاوکارى ئێوەیە لە دۆزینەوە ئەم خەزێنەیە.

 

کوڕەکان بە قسەى باوکیان دەکەن و لەگەڵ باوکیان کاردەکەن و بەکەسیش ناڵێن، بەڵام برا بچووکەکەیان لاى برادەرێکى ئەو نهێنیە ئاشکرا دەکات و ئیتر ئەو نهێنیە لە هەردوو شار بڵاودەبێتەوە و بەو بۆنەیەش خەڵک دەکەونە خۆ بۆ هەڵکۆڵینى شاخەکە تا واى لێدێت خەڵکى شارە دەوڵەمەندەکە خەڵکى شارە هەژارەکە بەکرێ وەکو کرێکار دەگرن تاوەکو خەزێنەکە بدۆزنەوە. دوو مانگ و نیوى پێدەچێت سێ بەشى شاخەکە دەکەن بە دوو لەتەوە و پاش چەند رۆژى تریش شاخەکە لەناوەندەوە دەکەن بە دوو لەت و ئەوسا خەڵکى هەردوو شار بە ئاسانى هاتووچۆیان دەکرد و کە هەر دووشار هیچیان چنگ نەکەوت لە هەڵکۆڵینى ئەم شاخە بەرزە ئیتر کەوتنە سکاڵا و گلەیى کردن لە مامەى پیر و داوایان لەپادشا کرد کە مامەى پیر دادگایى بکرێت. لە رۆژى دادگایى مامەى پیر پادشا لە مامەى پیرۆ پرسى: بۆچى ئەم درۆ گەورەت کرد: مامەى پیریش گووتى: جەنابى پادشا رەنگە لەبیرت نەمابێت کە من و تۆ لەسەر چارەسەرکردنى کێشەى ئەم شاخە رێک کەوتین، منیش زانیم هەردوو شار حەز بەپارە دەکەن بۆیە ئەم پیلانەم دانا تاوەکو بە تواناى هەردوو شار ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین. کە پادشا گوێى لەم قسانەبوو یەکسەر رێک کەوتنەکەى لەگەڵ مامەى پیر بیرکەوتەوە و مامەى پیرى خەڵات کرد و هەردوو شاریش لەو سنوورە رەق و سەختە رزگاریان بوو کە ساڵەهاى ساڵ بوو پێیەوە دەیان ناڵاند..!


سنوورە دەستکردەکانى نێوان باکور و باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاواى کوردستانیش ئەو شاخە بەرز و سەختەن، بەڵام بەداخەوە هیچ تاکتیکێکى مەنتقی و زانستى نەبووە بۆ ئەوەى ئەو شاخە بەرزانە بکرێن بە دوولەتەوە، هەمیشە ستراتیژمان لە خزمەتى تاکتیکدا بووە، رۆژ بەرۆژیش داگیرکەرانى کوردستان و دوژمنانى کورد ئەم شاخانەیان بەرزتر و سەختتر کردوە لە بیر و هزر و دەروون و گیانى ئێمە، سەیری بونیادنانى دەوڵەتى جوولەکە بکەن(هرتەزل)هەروەکو مامەى پیر گرەوەکەى بردەوە، ئێمەى کوردیش دوێنێ و ئەمڕۆ بە سەدان مامەى پیرەمان هەبووە کە تا ئەمڕۆیان هێناوە، ئەمڕۆش پێویستە درێژەى بە هەڵکۆڵینى ئەم شاخە سەخت و بەرزە بدەین نەک ئەوەى مامە پیرەکانمان هەڵیان کۆڵیوە ئێمە پڕی بکەینەوە و کەند و کۆسپ و تاشە بەردى گەورەى تێکەین، دەکرێت بە یەکگرتووییمان، بە یەکڕیزى نێوانمان، بە شەڕکردنمان دژى گەندەڵی لەپێناو یەکسانى و تەبایی و پتەوکردنى برایەتى کورد و کورد ئەو گرەوە لە مێژوو ببەینەوە، دەکرێ بەیەکخستنى هەوڵ و کۆششەکانمان، بە هاوخەباتیمان بۆ یەک ستراتیژ و بە تەکتیکى گونجاوى سەردەمیانە بگەین بە خەونە دێرینەکانمان کە 2700 ساڵە خەونى پێوە دەبینین، با لە گرەوى مامەپیرەکانى میللەتان بڕوانین، ئەوان دەریا و زەریا و بیابان و بەستەڵەکیان بڕى، ئەوان چەند سەد کەسێک بوون و ئێمە 50 ملیۆنین ئینجا نەمانتوانیوە بە درێژایی مێژوو ئەو گرەوە ببەینەوە و ئەو سنوورە دەستکردانە لابەرین.

 

هەموو میللەتان ئاینیان خستە خزمەتى ستراتیژیەتى نەتەوەییان و بوون بە دەوڵەت، شۆڕشی چینایەتى، شۆڕشی پیشەسازى، شۆڕشی ئایینى، دەیان شۆڕشی تر بە ناو و ناونیشان و تاکتیکى جۆراوجۆریان هەڵگیرساند لە پێناو سەرفرازى نەتەوەکەیان، ئەوە تەنها ئێمەیەن نەمانتوانیووە تاکتیکەکانى شۆڕش و راپەڕینەکانمان بخەینە خزمەت ستراتیژیەتى دۆزى رەواى نەتەوەکەمان، پێچەوانەى هەموو میللەتان نەتەوەکەمان خستە خزمەت ئایینەکانەوە و ئایینەکانیش تا سەر ئێسقان بوونە هۆکارى لێکترازانى ناو ماڵی کورد و کوشتنى هەستى نەتەوەیی تاکى کورد و لاوازکردنى ئینتیماى نیشتمانى لاى کۆمەڵگاى کوردیەوە، پێچەوانەى هەموو میللەتان مارکسیەکانى ئێمە پێش هەموو شتێ نکۆڵی لە کوردبوونى خۆیان دەکەن و رەتى ئەوە دەکەنەوە نەتەوەیی بن، بەڵام مارکسیەکى تورک یان فارس یانیش عەرەب پێش هەموو شتێ نەتەوەکەى خۆی بەلاوە گرنگترە، بۆ ئیسلامیەکانیش هەمان شت، حەسەن نەسروڵا و شێخ ئەحمەد یاسین و حارس زارى و ئیسماعیل هەنیە پێش ئەوەى حزبی ئیسلامى عەرەبی بن و بەرگرى لە ئیسلام بکەن خۆیان بەعەرەب دەزانن و بەرگرى لە ئومەى عەرەبی دەکەن، مەلاى عەرەب پێش ئەوەى ئیسلام بێت عەرەبە، بەڵام مەلاى کورد و سەرکردە و ئەندامى حزبی ئیسلامى کوردى پێش ئەوەى هەست بەوە بکات کە کوردە و لەنێوان چوار وڵاتى ئیسلامى بەش کراوە و ئیسلام و عەرەب و تورک و فارسی هاوئایینى زوڵمى مێژوویی لێکردووە دێت خۆی بە خزمەتکارى عەرەب و ئیسلام و وڵاتە عەرەبیەکان دەزانێت، حزبە ناسیۆنالیستەکانى کوردیش بە هەمان شێوە لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندیە باڵاکانى حیزب و خانەوادە و بنەماڵە و عەشیرەت و ناوچەکەیان سازش لەسەر هەموو شتێ دەکەن، دە کەواتە کەى و چۆن دەتوانین ئەو شاخە بەرز و سەختە بکەین بە دوو لەتەوە بۆ ئەوەى ئازادبین..؟!
 

 

کەرکوک
s4632628@gmail.com