١٩\٩\٢٠١١
وەرنەوە، ئێوە
نوێنەر نین!

فەرەیدون بێوار
هەر وەک چۆن سەردەمانی زوو مرۆڤەکان لە دار
و بەرد و قۆڕ "بت"یان دروست دەکرد و دەیانکردە خواوەند و کڕنوشیان بۆ
دەبرد و لە بەری دەپارانەوە، بەهەمانشێوە لە دوای ساڵی 2003 لە جیاتی
ئەوەی کورد خەریکی رێکخستنی ناوماڵی خۆی و پتەوکردنی پایەکانی حکومڕانی
خۆی بێت، کەچی سەرکردەکانی کورد لەسەر حیسابی ماف و لاشەی کورد، عێراقی
خۆڵەمێشی بونیاد نایەوە و حکومەتۆکەیەکی ناوەندی دروست کرد، کە ئێستا
لێمان بۆتە سۆپەرمان و وەک بتەکە لەبەری دەپاڕێینەوە و داوای لێدەکەین
عانەیەکمان بداتێ و بمانپارێزێت لە دوژمنان، کەخۆی دوژمنترین دوژمنە.
وابڕیارە بەم نزیکانە شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات بۆ قسە
کردن لەسەر تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێم و کێشە
هەڵواسراوەکان. هەر چەندە ماوەی پێنج ساڵە تورکیا و ئێران لە وەرزی
هاویندا ناوچە سنوورییەکانی هەرێم تۆپباران دەکەن، بێ ئەوەی حکومەتی
هەرێم هەڵوێستی کردارەکی هەبێت، داوا لە حکومەتی ناوەندی دەکات کە
هەڵوێستی کردارەکی هەبێت. سەیرە سەرکردایەتی کورد داوای هەڵوێست لە
حکومەتی عێراقی دەکات! دەبا بپرسین حکومەتی عێراقی کێیە؟ ئەو حکومەتەی
سەرۆک کۆمارەکەی، جێگری سەرۆک وەزیرانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی
نوێنەرانی، وەزیری دەرەوە، سوپاسالارەکەی، کە لە دەسەڵات و پۆستی
باڵادان هەموویان کوردن، ئەمە وێرای ئەوەی نزیک بە 60 پەرلەمانتار و 7
وەزیر و دەیان بریکاری وەزیر و مودیر عام و سەرۆکی دەستەکان، کوردن و
بە حیساب نوێنەری کورد و هەرێمی کوردستانن! ئەرێ پێم ناڵێن ئەمانە ئیش
و کار و ئەرکیان چییە؟ ئەی ئەمانە بەشێک نین لە دەسەڵات و حکومەتی
عێراقی؟ ئەی سەرکردایەتی کورد نابێژێ ئێمە هاوبەشی عێراقین؟
باشە کە ئەمانە نوێنەری ئێمەن، ئەی بۆ دەیان بڕیار و یاسایان بەسەردا
تێپەڕیوە کە بە دژی کوردە؟ ئەی بۆچی ساڵانە دوو سێ جار شاندی
سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان خۆ بە بەغدایا دەکەن
بۆ تاوتوێکردنی جونینەوەی پرسەکان کە چارەسەر نەبوونە و چارەسەریش نابن!
ئەگەر خۆمان نەخەڵەتێنین و واقیعانە بیر بکەینەوە، ئەوا لە مێژە
حکومەتی عێراقی هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە، ئەویش هەموو ساڵێک لە گەڵ
هێرشەکانی تورکیا و ئێران، لە ناوچە دابڕێنراوەکان (ساڵانی پێشوو لە
کەرکوک و خانەقین)ە و ئەمساڵیش لە (سەعدییە و جەلەولا)ەوە هێرش دێنێت و
فشار دەخاتە سەر ناوچە کوردنشینەکان، ئەمە جگە لە هاوهەڵوێستی بۆ
تورکیا و ئێران شتێکی تر ناگەیەنێت!.
لە راستیدا ئەوەی هەڵوێستی نەنواندووە، نوێنەرانی کوردە لە حکومەتی
عێراقی، ئەوە کوردە لە بەغدا خۆی گەڕ کردووە، جگە لە جێگرتن شتێکی بە
شت نەکردووە! ئەوانه بەناوی نوێنەرایەتی
لەسەر حیسابی کورد دەژین.
ئەگەر بۆ هەر بابەت و پرس و مەسەلەیەک لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، ناچارانە
شاندێک لە هەرێمەوە بچێتە بەغدا، ئەدی کوا هاوبەشییەکەی ئێمە لە
حکومەتی عێراقی؟ ئەدی ئەو هەمووە بەرپرسە کوردە چی دەکەن لە ناوچەی
سەوز؟
مادام وایە وەرنەوە، ئێوە نوێنەر نین
هەولێر
F_bewar@yahoo.com
|