وهرزی گۆڕان.

ئاسۆ عوسمان
گەر چەند
ساڵێک بگەڕێینەوە بۆ دواوەو ئاوڕێک لەهەڵبژاردنەکانى ساڵى دوو هەزارو
پێنج بدەینەوەو لاپەڕە رەشکراوەکانى یەکێـتى وپارتى لەودەمەدا
بخوێنینەوە دەبینین پڕیەتى لەبەڵێنى جێبەجێ نەکراو، لەبیرمانە بەڵێنى
ئەوەتان پێداین گەر سەرکەوتن بەدەستبهێنن گوندەکان ئاوەدان دەکەنەوە
سلێمانى وهەولێر دەکەن بەدوبەى، دهۆکیش دەگەیەننە هاوشانى ئەنقەرە،
هەلى کار بۆ خەڵک دەڕەخسێنن، ناوچە دابڕاوەکان دەگێڕنەوە بۆ سەر هەرێمى
کوردستان، ئازادیى بیروڕا دابیندەکەن، یاسا دەکەنە سەروەر، زانکۆکان
پێشدەخەن، هەڵەبجە دەکەنە شارى نموونەیى، ئاوڕ لەکەسوکارى شەهیدەکان
دەدەنەوە، کەرتى تەندرووستى پێشدەخەن. بەکورتى وکرمانجى کوردستانتان
دەکرد بەنیشتیمانى خەونەکان.
ئەوە چوارساڵ بەسەرحکومڕانى ئێوەدا تێپەڕدەبێت، ئێستاش دواڕۆژەکانى
حکومڕانیتان لەکۆتایى نزیک بۆتەوە. دەمەوێـت ئەو پرسیارەتان لێبکەم
وپێتان بڵیم ئەرێ براینە کام لەم بەڵێنانەتان جێبەجێ کردووە؟ ئەرێ
لەخۆتان پرسیوە لەسایەى چوارى ساڵى حکومڕانى ئێوەدا بۆ گوندەکانمان
چۆڵبوون؟ بیرتان چووە پێتان دەوتین شارەکان دەکەین بەدوبەى، توو
شەرەفتان دوبەى لەشەو و رۆژێکدا چەند سەعات کارەباى دەبڕێت؟ لەکوچەو
کۆلانەکانى ئەو شارەدا چەند تاسەى تێدایە؟، خەڵکى دوبەى وەک گەڕەکەکانى
سلێمانى ئاوى پیس دەخۆنەوە؟ بڕواش ناکەم کەس هەبێت لەم کوردستانەدا
بەنموونەى ئێوە سەردانى دوبەى کردبێت، دەفەرموون یەکێکتان غیرەت
بتانگرێت وجیاوازییەکانى سلێمانى ودوبەی باسبکەن.
ئەرێ ئێوە پیاوانى بەڵێندەر چیتان بۆ گەنجانى ئەم وڵاتە کردووە؟ کوا
هەلى کار بۆ "لاوان "لەسایەى دەسەڵاتى ئێوەدا رۆژانە بەدەیان گەنج سەرى
خۆیان هەڵدەگرن گەر بەکورتى لەتەک ئێوەدا دوو قسە بکەین ولێتان بپرسین
کام لەئێوە ئەو بەڵینانەتان لەبیر ماوەو کێتان دەست بەرزدەکەنەوە؟ گەر
ئێستا بتانخەینە ژێر تاقیکردنەوەو پێتانبڵین ئەوە بەڵێنانەى
کەبەخەڵکتانداو من لەم پەرەگرافانەدا باسم نەکردوون چیبوون؟ دڵنیام
لەنمرەى سەد سفر وەردەگرن. خۆشتان وتەنى ئەو بەڵێنانە بۆ جێبەجێ کردن
نەبوون، تەنیا پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن بوو.
کەواتە دەبێت ئەوهەقەمان پێبدەن ئیتر ئێمەش دەنگتان پێنەدەین و ئەم
جارەیان سزاتان بدەین و ئێوەش بۆیەک جار بەڵێ تەنیا یەکجار چاکەیەک
لەگەڵ ئێمە بکەن وڕێگە بدەن با خەڵکى بەئازادانە دەنگبدات هەڕەشەى نان
بڕین مەکەن، خەزێنەى حکومەت مەخەنە خزمەت سەرکەوتنى لیستەکەتان، لەباتى
دەمانچەکڕین بیر لەوەبکەنەوە خزمەتى کەسوکارى ئەنفالکراوەکان بکەن
کەلەکاتى هێنانەوەى رۆفاتى کەسوکارەکانیاندا راویاننان، لەبرى ئەو
دۆلارانەى دەیبەخشنەوە بەسەر سەرۆک عەشیرەتەکاندا گوندگان ئاوەدان
بکەنەوە، خوێندنگەو فەرمانگەکانى حکومەت مەخەنە خزمەت لیستەکانتانەوە،
خوێندکاران وفەرمانبەران، بەوە ناچارمەکەن گەر دەنگتان پێنەدەن سزایان
بدەن! براینە هیچ کەسێک لەمێژوودا بەقەدەر ئێوە دەمى لەدیموکراسى
وکۆمەڵگاى مەدەنى نەکوتاوە، بۆ یەکجاریش بێت رێز لەقسەو بەڵێنەکانتان
بگرن.
لەبەرئەوەى ئێستا خەڵک وشیارەو داواى گۆڕان دەکات، ئێوە بتانەوێت یان
نەتانەوێت گۆڕان هەر دەبێت، خۆ ئەگەر پێتانوابێـت دەبێت دەسەڵات هەر
بەدەست ئێوەوە بێت و کوڕەکانیشتان دواى خۆتان سەرۆک بن، هەڵەیەکى گەورە
دەکەن، چارەنووسى خۆتان وگەلەکەتان دەخەنە بەردەم مەترسییەوە، بۆیە گەر
دەتانەوێـت لەوە زیاتر ئازارى ویژدانى کۆمەڵگا نەدەن، گەر وبەڕاستانە
وئێوە بەرژەوەندیى میللەتتان بەلاوە گرنگە لەباتى هەڕەشکردن، ئازادیى
بۆ دەنگدەر دابینبکەن، لەباتى هێرش بۆ سەر لیستەکان رێگەیان پێبدەن
ئەوانیش وەک ئێوە بانگەشەى خۆیان بکەن، لەباتى دەنگ کڕین وبەهەدەردانى
پارەى میللەت بیر لەچاکسازیى بکەنەوە.
ئێوە لەبەردەم دوو رێگادان" یان دەبێت جاڕى دیکتاتۆربوونى خۆتان بدەن
یان دەبێـت هەڵبژاردنێکى شەفافانەو بێ ساختەکاریى ئەنجام بدەن ".وەک
خۆشتان دەڵێن ئێوە خەرمانێکتان لەخزمەت لەم چوار ساڵەدا جێبەجێ کردووە،
دەفەرموون بێ هەڕەشە وساختەکاریى بێنە مەیدانەکەوە، ئەنجامەکانى
هەڵبژاردنیش قبووڵبکەن.
Lawa_0@hotmail.com
|