٢٥\٢\٢٠١٤
''وەرزی
کەرکەدەن''ی بەھمەن قوبادی
لە
ئەنستیتۆی فیلمی کۆپێن ھاگن لە دانیمارک نمایشکرا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی
لە سێیەمین خولی ڕۆژی فیلمی کوردی سینەماتێکی کۆپێن ھاگن لە ئەنستیتۆی
فیلمی کۆپێن ھاگن لە وڵاتی دانیمارک نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" دوایین بەرھەمی بڵندی سینەماکاری
بەئەزموونی کورد بەھمەن قوبادی و بە ڕۆڵ بینینی ئەکتەری ناوداری
سینەمای جیھان مۆنیکا بلووچی، کاتژمێر ١٥/٧ی ئێوارێی ڕۆژی ھەینی ٢١ی
شوباتی ٢٠١٤ و ھەروەھا فیلمی سینەمایی "سەبارەت بە ١١١ کچ" لە
دەرھێنانی ھاوبەشی سینەماکارانی کورد ناھید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا
کاتژمێر ٣٠/٩ی شەوی شەممە ٢١ی شوباتی ٢٠١٤ لە میانەی سێیەمین خولی ڕۆژی
فیلمی کوردی سینەماتێکی کۆپێن ھاگن لە ھۆڵی سینەماتێکی ئەنستیتۆی فیلمی
کۆپێن ھاگن لە ناوەندی ئاستا نوار لە شاری کۆپێن ھاگن لە وڵاتی
دانیمارک نمایشکران.
سێیەمین خولی ڕۆژی فیلمی کوردی سینەماتێکی کۆپێن ھاگن بە نمایشی کردنی
فیلمی کوردی، کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردی و میوانداری بە چێشتی
کوردەواری لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٣ی شوباتی ٢٠١٤ لە ھۆڵی سینەماتێکی
ئەنستیتۆی فیلمی کۆپێن ھاگن لە ناوەندی ئاستا نوار لە شاری کۆپێن ھاگن
بەڕێوەچوو.
ڕێکخراوەی فیلمی دانیمارک و ئاژانسی نەتەوەیی دانیمارک لە ژێر چاودێری
وەزارەتی کەلتوور و بە پێی ئاسای فیلم لە ساڵی ١٩٩٧ بۆ پەرەپێدان بە
فیلم و سینەما و فەرھەنگ دامەزراوە و ئەرکی گەشەپێدان و پەرەپێدانی
فیلم و پشتیوانی و ئەرشیڤ کردنی فیلمەکان لە ئەرشیڤی نەتەوەیی ئەم
وڵاتەی لە ئەستۆدایە.
"وەرزی کەرکەدەن" کە لە لایەن کۆمپانیای "مژ فیلم" بڵاودەکرێتەوە تا
ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵی گرینگ لە ئاستی جیھاندا نمایشکراوە و
چەندین خەڵاتیشی بەدەستھێناوە لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا
ڕۆژی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ لە میانەی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی
کوردی لەندەن لە سینەماکانی "ھاکنی پیکچێرھاوس" و "ویستبۆرن ستۆدیۆز"
لە شاری لەندەن لە بەریتانیا نمایشکرا.
ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لە لەندەن و چوارەمین خولی
پێشبڕکێی "یەڵماز گۆنەی بۆ کورتە فیلم" بە بەشداری کۆمەڵێک فیلمی
سینەمایی، فیلمی دۆکیۆمێنتەری، ئەنیمەیشێن و کورتە فیلم بە ناوەرۆکی
چیرۆکی و دۆکیۆمێنتەری لە سینەماکارانی کورد و بیانی لە رۆژانی ١٥ تا
٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ لە دوو سینەمای بەناوبانگی لەندەن "ھاکنی
پیکچێرھاوس" و "ویستبۆرن ستۆدیۆز" لە شاری لەندەنی پێتەختی وڵاتی
بەریتانیا بەڕێوەچوو.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|