په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٤\٢٠١٣

''وەرزی کەرکەدەن''ی بەھمەن قوبادی خەڵاتەکانی ساڵانەی سینەمای ئاسیای بەدەستهێنا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" لە دەرھێنانی بەھمەن قوبادی سێ خەڵاتی سەرەکی حەوتەمین خولی خەڵاتەکانی ساڵانەی سینەمای ئاسیای لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ بەدەستھێنا.


فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" Rhino Season لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد بەھمەن قوبادی، دوای بەدەستھێنانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی بەشی سەرەکی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی شەشەمین خولی ڕێو ڕەسمی خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" (APSA) ناسراو بە "ئوسکاری ئاسیایی" لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا و ھەروەھا خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەما بە ناونیشانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "پلووس کامێرائیمەیج" لە وڵاتی پۆڵەندا، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی "ڕوانینی جیھانی" لە میانەی ٣٧مین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ھۆنگ کۆنگ نمایشکرا و توانی سێ خەڵاتی سەرەکی حەوتەمین خولی خەڵاتەکانی ساڵانەی سینەمای کیشوەری ئاسیا بەدەستبێنێت.


لە ڕێوڕەسمی کۆتایی حەوتەمین خولی خەڵاتەکانی ساڵانەی سینەمای ئاسیا لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ، فیلمی سینەمایی "وەرزی کەرکەدەن" توانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بۆ وێنەگری لاوی کورد توورەج ئەسڵانی، خەڵاتی باشترین دیزاینی بەرھەمی ھونەری بە شێوەی ھاوبەش بۆ بەھمەن قوبادی و داریووش پەیرەو و ھەروەھا خەڵاتی دیمەنە دەستکردەکان بۆ فەرید خۆش تینەت بەدەستبێنێت.


لە خەڵاتەکانی ساڵانەی سینەمای ئاسیادا لێژنەیەکی دادوەری پێکھاتوو لە ١٢ کەس بە ھاوڕێیەتیی لەگەڵ لێژنەیەکی دەنگدان، پێکھاتوو لە ٢٣ کەس، ھونەرمەندە سەرکەوتووەکان دەستنیشاندەکەن.


ئەندامانی ئەم لێژنەی دادوەرییە ھەر کامیان بە کەسێک و بە فیلمێکی دەستنیشانکراوی خۆیان لە ١٤ لقدا، لەوانە: باشترین دەرھێنەر، باشترین ئەکتەری پیاو و ئافرەت، باشترین وێنەگر، باشترین دەنگدانەر، باشترین دەنگھەڵگر، باشترین دیزاینی بەرھەمی ھونەری، باشترین دیمەنە دەستکردەکان، باشترین موزیک، باشترین مونتاژ و چەندین بەشی دیکە، دەنگ دەدەن و ئەندامانی لێژنەی دەنگدان تەنیا لە لقی باشترین فیلم و لقی پسپۆڕانەی خۆیاندا بۆیان ھەیە کە دەنگبدەن.


٣٧مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی ھۆنگ کۆنگ بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری کیشوەری ئاسیا لە رۆژانی ١٧ی ئازار / مارس تا ٢ی نیسان / ئەپرێلی ٢٠١٣ لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ بەڕێوەچوو.


فیستیڤاڵی فیلمی ھۆنگ کۆنگ یەکێک لە گرینگترین ڕووداوەکانی سینەمایی کیشوەری ئاسیا دێتەئەژمار و سەرکەوتووانی حەوتەمین خەڵاتەکانی ساڵانەی سینەمای ئاسیا لە تەنیشت ئەم فیستیڤاڵە دەستنیشانکران.
_________________________________________
بۆ زانیاریی پتر:
http://www.asianfilmawards.asia/press-room/film-professionals-and-celebrities-gather-at-the-8th-asian-film-awards-as-mystery-wins-best-film
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک