په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٩\٢٠١٥

    وەرزی شەوەزەنگ!

دارا خونچە

هەر (شەو)ە

گەڵا و گوڵی باخچەکەم و

       بەژن و باڵای

       دار سنەوبەرەکانم لێ دەشێرتەوە!

هەر (شەو)یشە

  ناچارمان دەکا چرا و ئاور داگیرسێنین

      تا بێ ئەژمار

         پەڕوباڵی پەپوولەکان

            پەڕندە١ چووک چووکەلەکان

                         هەڵکڕووزێن!

هەر (شەو)یش بوو

(ژۆری سازان٢) و (ژۆرە تاریکەکان٣)ی

           لە رەشاییەکانی خۆی سازکرد

   تا؛ ژیان و ڤیان لە خم٤ بگرن

   تا؛ هزر و بیر لە خوا٥ بگرن

           تا؛ ژن لە رەشکاو٦ هەڵکێشن

           تا؛ نان قاتیی٧ بکەن و

                  پەیڤەکان٨ سەرببڕن

           تا؛ (ئاڵان٩)و ئاڵانەکان

                        بن ئاو بخەن!!!

ئەز زۆر جاران وە١٠ زەویم گوت:

''تکایە چیدی خول مەخۆ

رووی خامۆشت لە رووی گەشت جوداکەوە

    شەوپەرستان وە دیوی شەو بسپێرەوە

               رۆشندۆستان وە خۆرەتاو''!

ئەز زۆر جاران

راشکاوانە وە زەویم گوت:

''چارەنووس و سەرەنجامت

وە خوونی ئاڵی ئاڵان و ئاڵانەکان

               زۆر زۆر شڕ و سەرەولێژە''!

ئەز زۆر جاران وە زەویم گوت

            لێ هەرگیز هیچی نەژنەوت١١!!!

______________________________

پەراوێز و فەرهەنگۆک:

١- پەڕندە: واتای هەموو جۆرە باڵدارەک دەدا.. لێرە مەبەست لەو زیندەوەرە باڵدارە زۆر گچکانەیە کە لە رۆشنایی چرا و ئاور خڕدەبنەوە، وەک (پەروانە و پێشکە و... هتد).

٢- ژۆری سازان: ئەو ژۆرەیە کە سیاسەتبازەکان لە پاش دروستکردنی قەیران و بارگرژییەکان تێیدا گرددەبنەوە و زۆر بێ شەرمانە لە رێی پووچکردنەوەی هەڵبژاردنەکانی دیموکراسیەتە پەڕپووتەکەی خۆیان گاڵتە وە دەنگەکانی جەماوەرەکەیان دەکەن و سازش لەسەر دابەشکردنەوەی کورسییەکانی دەسەڵاتە ستەمگەرییەکەیان و لەسەر رۆڵ ئاستی هەر حیزبەک لە سەرکوتکردن و لەخشتەبردنی خەڵک دەکەن و دەسازێن!

٣- ژۆرە تاریکەکان: ئەو ژۆرانەن کە سیاسەتبازەکان تێیاندا کۆدەبنەوە و بێ لەبەرچاوگرتنی را و خواستی خەڵک تەنێ لە نێوان خۆیاندا و وە پێی بەرژەوەندییە دڕندەییەکانی خۆیان ژێربەژێر رێکدەکەون و  بڕیار لەسەر تێکڕای بوارەکانی ژیانی مرۆڤەکان و تەنانەت ژیانی گیانلەبەران و ژینگەش دەدەن!

٤- خم: ئاوێتەیەکە لە رەنگی شین و مۆر.

٥- خوا: ئەو ئەفسانە نەرێنییەی کە مرۆڤ خۆی پێ گەڕاندەوە دوایێ.

٦- رەشکاو: ئەو ئاوە رەشە گیراوەیە کە رەنگی ریس و خوریی پێ رەش دەکەن یان لە سەردەمانەکی زوو ژنان لە کاتی پرسەدا جلکوبەرگە رەنگاوڕەنگەکانیان پێ رەش دەکردن.

٧- قاتیی: قاتوقڕیی، نەبوونیی.

٨- پەیڤ: وشە، وتە، (پەیڤین: ئاخافتن، دوان).

٩- ئاڵان: ئەو زارۆکە بوو کە وەک هەزاران پەراگەندەبووی دیکەی رێی ''هات و نەهات''ی ئاوارەیی زۆر تراژیدییانە گیانی پەپوولە ئاسای خۆی لە دەست دا و تێکڕای دەسەڵاتداران و تاریکپەرستانی جیهانی سووک و ریسوا و شەرمەزار کرد!

١٠- وە: بە.

١١- نەژنەوت: نەبیست.

 

٩\٩\٢٠١٥ - لەندەن

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک