په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٦\٢٠١٠

     وەرزى خەیاڵ.

هیوا رەش

ئەوشۆ
(خاوەن شکۆ)
هاتە حزورت و
دەستە و ئەژنۆ
کڕنوشى برد
بۆ میحرابى چاوەکانى تۆ
ئەوشۆ
دوا چۆڕى مەیم ووشک کرد
دوا پێکم هەڵدا
لە سوچى ژوورەکەى خۆم
بادەم بە بۆشى تووڕ دا
کەچى مەست نەبووم
تا نیگام نەنیشتەوە
لە سەر پەڕەى لێوەکانت
بەدمەست نەبووم!
 *  *  *  *  *
ئەوشۆ
گڵۆپى سوورى تەنهاییم ،
لەگەڵ دڵڕەقى تۆ ،
تێکەڵ بە بۆنى بۆسۆ
تابلۆیەکیان نەخشاند
ئەستێرە نوستووەکانیان
لە خەو هەستاند
من بوومە پاشماوە
بوومە چەقە دووکەڵى
دواى سوتانى خۆم و
بزەى لێک جیابوونەوەش
بارییە سەر لێوەکانى تۆ.
 *  *  *  *  *
ئەوشۆ
بە قەولى تۆ
منى (خاوەن شکۆ)!
بەڵێنت دابوومێ
ئەبوایە
لێوەکانت ڕێژنەى ماچى
بە سەر لێوما بباراندایە
پەنجەکانم
دوگمەى سینەتى
وورد وورد بترازاندایە
هێلانەم لە نێو پەنجەما
بۆ کۆترە دیلەکانى سنگت
خۆش بکردایە
هەتا بەربانگ
خۆم و خۆت و مانگ
ئێشک بگرین
شەوێکى عاشقانە
لە ئامێز بگرین.
 *  *  *  *  *
ئەوشۆ
بە دنیایەک خەیاڵ و
وەعد و
بەڵێن و
پەیمانى تۆ
منى (خاوەن شکۆ)
لە جێى پێکى شەراب !
پێکى چاوەڕوانیت مەستى کردم
لە جیاتى
بۆنى ژێر کراس و
مەمک گوشین
وەنەوز بەرەو
کەنارى خەوێکى ناخۆشى بردم.
 *  *  *  *  *
ئەوشۆ
منى خاوەن شکۆ
لە پەنجەکانى تۆ
بووبوومە ئەموستیلەیەک
جارجار دەرت دەهێنام و
جارجاریش
لە پەنجەت دەکردمەوە
باش بوو . لە دواییدا
بە
- ئانە و پانە -
من بردمەوە
کە لەو خەونە ڕاچڵەکیم
وەکو سەرمابردەڵە
هەڵدەلەرزیم
زانیم کە تۆ عەیارى و
من زۆر لاوازم
لە بەرامبەر عەشقى تۆدا
دەست و پێ سپى و
لانەوازم.
 *  *  *  *  *
ئەگەر سەد هێندە
بمکەى بە
- خاوەن شکۆ -
با بزانیت ، ئەى شابانۆ
من سوتماک ئەبم
بە گڕى عەشقى تۆ
خۆشەویستیت وەکو ڕەشەبا
بۆ هەوارى نادیارم ئەبا.
 *  *  *  *  *
ئیتر بەس بێت
من ، من بم و
تۆش ، تۆ
دەبا هەردووکمان
لە جەستەیەکدا ببین کۆ.

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش