١١\٤\٢٠١٣ وەى کە منداڵانى بەرپرسانى وڵاتەکەم گوناحن.
ئاى کە منداڵانى بەرپرسانى وڵاتەکەم بە بە بەرپرسانى ئۆپۆزسیونیشەوە بەدبەختن، ئەى ئەوە منداڵانى بەرپرسانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیونەکان نەبوون لە خۆپیشاندانەکانا خەڵتانى خوێن دەکران و بە باوەشى خەڵکەوە دەخرانە تروببێلەکانی فریاکەوتنەوە، ئەى ئەوە منداڵانى دەسەڵات و ئۆپۆزسیون نەبوون لە خۆپیشاندانەکاندا سەرى یەکتریان دەشکان، ئەى خۆ شەهیدەکان هیچیان جەرگى مرۆڤى هەژار نەبوون، ئەى ئەوە شەهید فلان و فلان... نەبوون، کوڕانى فلانە دەوڵەمەند و فلانە سەرکردە نەبوون!! هەر ئەو هەڵوێستە جوامێرانەیانە بۆتە هۆکارێک کە منداڵانى بەرپرسانى وڵاتەکەم ژیر و رۆشنبیر و کاراتر بن لە منداڵانى ئێمە، ئەوەتا زۆربەى رۆژنامەنووسەکان منداڵانى بەرپرسەکانن، ماشەڵایان لێ بێ دەرفەتیان بۆ کەس نەهێشتۆتەوە.. یا شاعیرن یا رۆماننووس ئەگەر هەر نەبێ پەیامنێری راگەیاندنەکانن یا کامیرەمانن، ئاخر ویژدانتان بێ، ناهەقم مەگرن کە دەڵێم منداڵانى بەرپرسى وڵاتەکەم بەدبەختن.. ئەوەتا چەند باخێکیان هەیە لە سیتەک و میرگەپان و رێگەی پیرمام و شەقلاوە و... هتد.
بەڵام منداڵانى هەژارى وڵاتەکەم چاویان بە هیچ تێر نابێ هەموو باخە گشتییەکان باخى ئەوانن کەچى هەر تێر نابن، ئەى تێبینیی ئەوەتان نەکردوە جگە لە منداڵانى هەژار منداڵێکى بەرپرسم دەوێ لە باخێکى گشتییدا ببیندرێ. وەى بە میوانى ئەو یژدانەتان بم منداڵانى بەپرسانى وڵاتەکەم، هەر ئێوەى بەویژدانن دابینکردنى شوێنى خوێندن بە ئەرکى حکومەت نازانن و ئەرک ناخەنە سەر خوێندگە و زانکۆ میرییەکان تەنیا و تەنیا لە خویندگە و زانکۆ بیانییەکان دەخوێنن بە پارەى خۆشیان، هەر ئەم هۆکارەشە واى کردوە زۆربەى منداڵانى بەرپرسى وڵاتەکەم بوونەتە دکتۆر و پڕۆفیسۆر، ئەى نابینن زۆربەى مناڵانى بەرپرسەکانە لە زانکۆکان مامۆستان و وانە دەڵێنەوە، خۆ ئێوە باش دەیانبینن هەر ئەوان نین زۆربەیان پزیشکن و لە خەستەخانەکانى ئەم وڵاتە ئێشک دەگرن و شەونخونیی دەکەن بە دیار نەخوشەکانمانەوە، خۆ قابیلە لە کونفەیەکونێکدا ببنە ئەندامى سەرکردایەتى یا کار لە کۆمپانیا نەوتیەکاندا بکەن.
لە کۆتاییدا دەڵێم دەبێ کێ بێ بتوانێ ئەم دوو شێوازە پەروەردە تەریبییە تێکەڵ بکا و ژیانى هەموو منداڵانى وڵات وەک یەک دابین بکا و چى دى ستەم لە منداڵانى بەرپرسان نەکرێ!!! خۆزگە بەرپرسێک دەبووە ماندێلا و یەکێکی دی بە گاندى، ئەو کات چیدی ئەو جیاوازییەمان نەدەدی. ___________________________ * خاوەنى بەرهەمەکانى زەیتوونى ئاوا.
|