په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٢\٢٠١٩

وەزارەتی رۆشنبیریی و

(بەڕێوەبەرایەتی و بەش)ی رۆشنبیریی و ھونەر لە رانیە و قەڵادزێ.


ئەرسەلان مەحمود  

- ١ -


وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بۆچی لەڕێگەی یا بەنووسراوی ژمارە (٧٠) لە(٢٦ / ٧ / ٢٠١٨) داوا لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران" جێگری سەرۆک وەزیران " دەکات (بەشی رۆشنبیری مندڵانی راپەرین) لەبەشەوە بکرێتەوە بە بەرێوەبەرایەتی و لەسەر میلاکی بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەری سلێمانی"ـیش لابدرێ و ڕاستەوخۆ ببەسترێتەوە بەدیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەڵام دوای بەدەستھێنانی ڕەزامەندییەکەو لەجێگەیدا "بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین" دەکات بەجێگرەوە؟!

گریمان وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، دواجار بەرێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری راپەڕین بۆ رانیەو ڕاپەڕین بەگرینگتر دەزانێت لەبەرێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری منداڵانی راپەرین، ئەی کەوابێ ھۆکار چییە لەبری بەرێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری رانیە یا راپەرین، داوای کردنەوەی بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری منداڵانی ڕاپەرین دەکات، واتا بۆ ھەر لەسەرەتاوە لەبری بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری منداڵانی ڕاپەڕین، داوای کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕینی نەدەکرد؟!!

یارییەکە ڕونە:


بیرمە ماوەیەک بەر لەدەستپێکردنی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پاڕلمانی کوردستان، لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی مەڵبەندی رێکخستنی ٢٤ی ڕاپەرین تایبەتکراو بەسەردانی ھەڤاڵ "قوباد تاڵەبانی" کەئەو ڕۆژە دەبوایە لەدەوامی دائیرە بووام و بەھۆی ئەم کۆبوونەوەیەوە نەرۆیشتبووم و لەبەرامبەردا غائیب درابووم لەدائیرە" بەشی رۆشنبیری و ھونەر لەرانیە" داوام لەھەڤاڵ "قوباد تاڵەبانی" کرد: بەھۆی گرینکی بزوتنەوەی رۆشنبیری لەرانیەدا، بەشی رۆشنبیری و ھونەر لەرانیە بکرێتەوە بە بەرێوەبەرایەتی. ھاوکات ھەڤاڵ "وەستا ڕەسوڵ" وتی: لەگەڵ بە بەرێوەبەرایەتی کردنەوەی بەشی رۆشنبیری و ھونەر، کازیوەکانیش ھەن، ئەمانیش گرینگن بکرێنەوە بە بەرێوەبەرایەتی، مەبەستی ھەڤاڵ" وەستا ڕەسوڵ" لەکازیوەکان"بەشی رۆشنبیری منداڵانی راپەرین" بوو.

ھەڤاڵ" قوباد تاڵەبانی " سەرۆکی ئیدارەی ڕاپەرینی بۆ ئەم مەبەستە ڕاسپارد کە لەتەکیا دانیشتبوو، دوای ماوەیەک ئەم باس و بابەتەم خستەوە بەردەم سەرۆکی ئیدارە، وتی: لەرێگەی بەشەکەتانەوە بەفەرمی داواکارییەک بەرز بکەنەوەو ئەو ھۆکارانەیش تیایدا رونبکەنەوە کەدەبنە دەوافعی کردنەوەی بەبەرێوەبەرایەتی بەشەکەتان، دواتر ئەمەم لەگەڵ بەرێوەبەری بەشەکەمان باسکرد، بریار بوو لەنزیکترین دەرفەتدا کاری لەسەر بکەین بەڵام بەھۆی تازە دەسبەکاربوونیەوە ھەوڵەکە دواکەوت. لەبەرامبەردا، بەشی رۆشنبیری منداڵانی ڕاپەڕین کەوتە خۆی.

کەواتا لایەنی داواکار لەم نووسراوەی وەزارەت وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکردوە، منداڵانی ڕاپەرینە، واتا ناتوانێ ڕاستەوخۆ لەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکەی خۆی، داوای کردنەوەو لەجێدانانی بەرێوەبەرایەتییەکی تر بکات، بەمەیش ناتوانێ لەبەرێوەبەرایەتی منداڵان ڕزگاری ببێت و بگاتە ئەو مەرامەی لەپشت ئەم ھەوڵەوە دەیەوێ پێیبگات. ھەر بۆیە دێ کەڵک لەبێ ئاگایی ئیدارەی ڕاپەڕین و خودی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانـ ـیش وەردەگرێ، ھەر لەڕێگەی بێموبالاتی ئەمانیشەوە دەکارێ یاری بەبڕیارەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران" جێگری سەرۆک وەزیران " بکات، ئەمە چۆن؟ با وردتر ڕونیبکەینەوە:

دوای بەدەستھێنانی ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کردنەوەی بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری منداڵانی ڕاپەڕین، سەرەڕای ئەوەی یەکە ژمێریاری و پەیکەری بەرێوەبەرایەتییەکەیش ھەر بەناوی" بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری منداڵانی ڕاپەرین " ھاتووە، لەخاڵی دووەمی دوا فەرمانە وەزارییەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دا ((تەنھا بەخاتری ئەوەی دەرچەیەک بدۆزێتەوە تا لەرێگەیەوە بەرێوەبەرایەتییە بڕیار لێدراوەکە" بەرێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری منداڵانی ڕاپەرین " تەبەخور پێبکاو لەجێگەیدا"بەرێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین" بکات بەجێگرەوەو بەمەیش بگاتە مەرام و ئامانجەکەی)) بەبێ پاڵپشت لەھەنگاوی یەکەمدا " بەشی ڕۆشنبیری و ھونەر لەرانیە " کێش دەکاتە ناو فەرمانە وەزارییەکە، لەلایەک لایدەبات لەسەر بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەری سلێمانی، لەلاکەی ترەیشەوە دەیخاتە سەر بەرێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری منداڵانی ڕاپەڕین، دواتر ھەر لەھەمان فەرمانی وەزاریداو لەخاڵی سێدا، بەرێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری منداڵانی ڕاپەرین بەبێ ھۆکارێکی دیارو ئاماژە پێکراو، تەبەخور پێدەکاو لەجێگەیدا بەرێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری ڕاپەرین دەکات بەجێگرەوەو لەپاڵیشدا بەرێوەبەریش دەستنیشان دەکات!!

ھەوڵەکەی بەشی رۆشنبیری منداڵانی ڕاپەڕین، ھەروەھا داواکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ ھەمان مەبەست لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کردنەوەی بەشەکە بە بەرێوەبەرایەتی و گواستنەوەی بۆ سەر دیوانی وەزارەت، ھاوکات فەرمانەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئەنجومەنی وەزیران ـیش جێگەی دەستخۆشانەو ستایشن، بەڵام دوای ئەوە، مڕاوەغەکردن بەبڕیارەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن وەزارەت و ھەر کەس و لایەکەوە کرابێت، جێگەی ئەوپەڕی تیرەو تانەو شەرمەزارییە حەتتا ئەگەر بەدۆزینەوەی حیللەی یاسایش کرابێت.

چونکە جگە لەوەی بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری منداڵانی راپەرین بەکردنەوەی بەرێوەبەرایەتییەکی تر لەجێگەیدا تەبەخور پێدەکات، تەنفیزەکەش شەرمنانەو ترسنۆکانەو ھەلپەرستانەیەو دەچێتە خانەی غەڵات بەکارھێنان و خراپ بەکاربردنی دەسەڵاتەکانەوە، باشترین چارەسەریش تەنھا لەوەک خۆی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیراندایە، گەر ئیدارەی راپەرین و، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ـیش ھێندە لەخەم خزمەتی رانیەو راپەریندان بەگشتی، با بفەرموون ھەر دوو بەڕێوەبەرایەتییەکە بدەنەوە، کێ بەرێوەبەرو لیدەر دەبێت، باوەر ناکەم ھیچ کەس کێشەیەکی ھەبێت.

 


- ٢ -


ئەوەی کراوەتەوە، بەرێوەبەرایەتییەک نیە لەرانیەو بۆ رانیە، یاریکردنە بەبریارێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران" جێگری سەرۆک وەزیران " و، حەلکردن و تەسفییەکردنی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری منداڵانی راپەرین و بەشی ڕۆشنبیری و ھونەر لەرانیەو شتی تریش.

• بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران:

لەنووسراوی ژمارە ( ٦٢٠٢ لە ٢٥ / ١١ / ٢٠١٨ )ی ئەنجومەنی وەزیران(جێگری سەرۆک وەزیران) بەدەق ئاواھی فەرمان کراوە: بڕیارماندا بەجیا کردنەوەی بەشی ڕۆشنبیری منداڵانی ڕاپەڕین لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و ھونەری سلێمانی و بکرێتە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری منداڵانی ڕاپەڕین و بەستنەوەی ڕاستەوخۆی بەدیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان. وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم فەرمانە جێبەجێ دەکەن لەڕۆژی دەرچوونیەوە.

بێگومان ئەم فەرمانە، زۆر پۆزەتیڤەو جێگەی ئەو پەڕی دەستخۆشییە، چونکە: بەشی ڕۆشنبیری منداڵانی ڕاپەڕین، تیایدا لەبەشەوە کراوەتەوە بەڕێوەبەرایەتی. ھەروەھا لەسەر بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و ھونەری سلێمانی لادراوەو، راستەوخۆ خراوەتە سەر دیوانی وەزارەت لەوەزارەتی رۆشنبیری، ئەمەیش پێرۆکردنی حوکمی لا مەرکەزییەو جۆرێکە لەھاوتا کردنی ئیدارەی راپەرین بەپارێزگاکان، ھەر وەک چۆن یەکەی ژمێریاری تایبەت بەخۆیشی بۆ گەڕێندراوەتەوە.

• ئەی لەفەرمانە وەزارییەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دا چ ھاتووە:

بەدەق ھاتووە: ئاماژە بەڕەزامەندی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران/ سەرۆکایەتی دیوان ژمارە(٦٢٠٢) لە٢٥ / ١١ / ٢٠١٨ بڕیار درا:

١. بەکردنەوەی بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری منداڵانی ڕاپەڕین، وە گواستنەوەی لەسەر میلاکی بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەری سلێمانی بۆ سەر میلاکی دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان.
٢. گواستنەوەی بەشی رۆشنبیری و ھونەری ڕاپەڕین، لەسەر میلاکی بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری سلێمانی بۆ سەر میلاکی دیوانی وەزارەت و بکرێتە ھۆبەیەک سەر بە بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری منداڵانی ڕاپەڕین.
٣. ناوی ئەم بەرێوەبەرایەتییە دەکرێتە ( بەرێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەری راپەڕین......

سەیرکەن خاڵی دووەم، جگە لەوەی ھیچ ڕەبتێکی بەفرمانەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە" جێگری سەرۆک وەزیران "وە نیە، ناوی بەشەکەش ھەڵە لەبری رانیە بەراپەرین ھاتووە، لەمەیش بەولاوە تر ئەو بەشەی جاران وەک بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری رانیە بوو، تەنانەت کارو چالاکییە رۆشنبیری و ھونەرییەکانی لەسنوری قەزای پشدەریشدا جێبەجێدەکرد، دوای ئەوەی لەماوەی رابردودا بچوککرایەوەو کرایە بەش، لەبەشیشەوە بچوکتر دەکاتەوەو دەیکاتە ھۆبەیەک سەر بە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری منداڵانی ڕاپەڕین!! بەویژدانتان لەدنیادا ھەیە رۆشنبیران و ھونەرمەندان سەر بەیەکەو بەش و بەرێوەبەرایەتی منداڵان بێت؟!!

ھەروەھا لەخاڵی سێیەمدا، بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری منداڵانی راپەرین، بەبێ ھیچ رونکردنەوەو وەرگرتنی پاڵپشتێک لەبریارەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەسڵەن رێک بەپێچەوانەی ئەمەوە، بەڕێوەبەرایەتی منداڵانی راپەرین بەیەکجاری تەبەخوری پێدەکرێت و لەجێیدا بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری ڕاپەرین، دەکرێت بەجێگرەوە، ھەروەک چۆن لەم بەرێوەبەرایەتییەشدا ناوی رانیە تەبەخوری پێدەکرێ و لەجێگەیدا پاشناوی راپەرین دەبێت بەجێگرەوە، لەکاتێکدا ئەم بەرێوەبەرایەتییە، بەرێوەبەرایەتییەک نیە گشتی بێت. ھەروەھا وەزارەت بەم بریارە، بەرێوەبەرایەتی منداڵانی راپەرین یەکجاری لەرانیەو راپەرین ئاوت پێدەکات، بەشی رۆشنبیری و ھونەر لەرانیە ش، لەژێری ھەمان ناو، واتا ناوەکەی خۆی، دەکات بەھۆبەیەک!!

• لەفەرمانی وەزارەتی دارایی و ئابوریدا چ ھاتووە:

دەی باشە ئەگەر ئەمە کراوە، ئەی ئەمە چییە بەدەق لەفرمانی وەزارەتی دارای و ئابوریدا ھاتووە: بۆ/ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان/پ. گشتی دیوان/ ب کارگێری و خۆیەتی. بابەت/ پەسەندکردنی پەیکەری رێکخستن. نووسراوتان ژمارە(٥٥٥٢) لە١٨ / ١٢ / ٢٠١٨ کاری پێویست ئەنجامدرا سەبارەت بە پەسەند کردنی پەیکەری رێکخستنی ب. رۆشنبیری و ھونەری منداڵانی ڕاپەرین...

ئەی باشە ئەمە چییە لەپەیکەری رێکخستنەکەیشدا ھەر لەژێر ناوی بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری منداڵانی راپەرین دا، ناوی بەرێوەبەرو سێزدە بەش ھاتووە بەبێ ئەوەی لەیەک بەش و ھۆبەدا ناوی بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری راپەرین ھاتبێت.

• ئەدی لەفەرمانە وەزارییەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاواندا چ ھاتووە:


بەدەق: فەرمانی وەزاری. ئاماژە بەرەزامەندی وەزارەتی دارایی و ئابوری/ بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ خەرجییەکان ژمارە(١٣٧٨٧) لە١٧ / ١٢ / ٢٠١٨ بریار درا بەکردنەوەی یەکەی ژمێریاری بۆ بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری منداڵانی راپەرێن.

لەمەشدا بەھیچ شێوەیەک ناوی چجۆرە بەرێوەبەرایەتییەک بەناوی بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری راپەرین نەھاتووە.

• پوختەی باس:

بەپێی یاسایی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، ھەر قەزایەک دەبێت بەرێوەبەرایەتییەکی تایبەت بەخۆی لەبوارە جیاکانی کە دەکەونە چوارچێوەی وەزارەتەکەوە ھەبێت، ئایا ئەمەیە ناوچەگەر چییەتی گەر بڵێین ئەم بەرێوەبەرایەتیانە بۆ دەبێ لەناو کۆی شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا تەنھا لەرانیەو قەڵادزێ بوونیان نەبێت و لەبەرێوەبەرایەتییەکدا ئاسایی بچوک بکرێنەوەو بکرێن بەھۆبە؟ ئایا ڕەوایە ئێستا بەھۆی ئەم بریارەوە، دو بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری منداڵان و بەرێوەبەرایەتییەکی تر بەناوی رۆشنبیری منداڵانی راپەڕین و، دوو بەرێوەبەرایەتی بەناوی رۆشنبیری ھونەر لەرانیەو لەقەڵادزێ، تایبەت رۆشنبیران و ھونەرمەندان و، بەرێوەبەرایەتییەکی راگەیاندن لەدەست بدرێت بەخاتری کردنەوەی بەرێوەبەرایەتییەک بەناوی رۆشنبیری و ھونەری راپەرین کە بەرێوەبەرایەتییەکی گشتی نیەو یەکە ژمێریارییەکەیشی بەناوی خۆیەوە نیەو ھەر لەسەر کەوڵی منداڵانە. ھێنانە سەر زمانی ئەم باسە، ھەر بەجیددی وەک ئەوەی ھەن ئیددیعای دەکەن، شەخسییە؟! ئایا چجۆرە سەرو بۆرێکی بەدژو دوژمنایەتی ھیچ کەسێکەوە ھەیە؟! ئایا ئەمەیە ناوچەگەرچێتییە؟!! ئایاو دەیەھا ئایەی تر بۆ ویژدانی ئێوەو مۆڕاڵی ئێوە جێدەھێڵم. ئەوەیش لای وایە کردنەوەو ھەڵوەشاندنەوەی ئەم فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتیانە، جگە لەمووچە لەدەستدانی مووچەکەم دەبڕێ یا دەچێتە باخەڵی منەوە، ھەڵەن، گوناحن.

• چارەسەر چییە:


فەرمانەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران" جێگری سەرۆک وەزیران " وەک خۆی جێبەجێبکرێت و، ئەم جۆرە موماتەڵەو مراوەغەیەی پێنەکرێ، ئەمە ھەم فەرمانە یاساییەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وایەو، ھەم منداڵانی ڕاپەرینیش بەرێوەبەرایەتییەکەی خۆیان لەدەست ناچێت. چونکە ھیچ ڕەوایەتییەک لەمەدا نیە بەکردنەوەی بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری راپەرین، بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری منداڵانی راپەرین لەدەست بچیت و تەبەخوری پێبکرێ و بکرێتە قۆچی قوربانی مەجازو میزاجگەرایی. ھەروەھا گەر کارەکەیش لەپێناو ئیدارەی راپەرین و رانیەدایە ئەوە ئەم بەرێوەبەرایەتییەش کەبەناوی بەرێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری راپەرین کراوەتەوە، بخرێتە جێگەی بەشی ڕۆشنبیری و ھونەر لەرانیە، یا گەر ئەمەش ناکرێت، بەشی رۆشنبیری و ھونەر لەرانیە وەک خۆی بمێنێتەوە، خۆ ئەگەر راستەخۆش ببەسترێتەوە بەدیوانی وەزارەت وەک ئەوەی لەبەشی یەکەمی برگەی دووی گشتاندنە وەزارییەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دا ھاتووە، ئەوە ھەزار جار باشتر. لەبەر ئەوە بەئەرکی ھەموو دڵسۆزان و خەمخۆران و ئیدارەی ناوچەکەی دەزانم بەیەکەوە لەپێناو بەرژەوەندی رانیەو ناوچەکە بەگشتی، داوا لەبەرێز جێگری سەرۆک وەزیران و، وەزارەتی رۆشنبیری و ئیدارەی راپەرین بکەین، پێداچوونەوەی خێراو جیددی بەم بریارەدا بکرێ و، وەھا چارەسەرێکی پێشنیار کراوەو بھێندرێتە ئاراوە.

تێبینی: سەرجەم ئەم فرمان و نووسراوانەی لەم نووسینەدا ھاتوون، لەبەردەستدان.

 


- ٣ -


لەوە گەڕێ ڕۆشنبیران و ھونەرمەندانی قەزای پشدەر چاوەڕوانی ئەوە بوون حکومەت لەڕێگەی وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە چەند ساڵێکە بڕیار بوو بەڕێوەبەرایەتی"ڕۆشنبیری و ھونەر لەقەڵادزی" بکاتەوە، کەچی "بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەر لەرانیە"شی لەبەڕیوەبەرایەتییەوە کرد بە بەش و لەبەشیشەوە ھەڵوەشاندوەتەوە!!

ئەمە لەکاتێکدایە ئەم جۆرە کەمکردنەوەیەو بەحساب چاکسازییە نە لەیەک وەزارەتدا ئەنجامدراوەو نە لەخودی وەزارەتی ڕۆشنبیریشدا وەھا تەخفیزات و کەمکردنەوەیەک لەھەولێرو دھۆک و سنوری ئەم دوو پارێزگایەدا کراوەو ئەنجامدراوە!!

نامەوێ قسە بھێنمە سەر چەندو چۆنایەتی بزاوتی ڕۆشنبیری و ھونەر لەرانیەو قەڵادزێ و دەڤەری ڕاپەڕین بەگشتی و بەراوردکاری لەگەڵ ئێرو ئەوێیەکدا، ئەمە ڕۆشنەو ئەوەی بیەوێ نادیدەی بگرێ بێ ویژدانییە، بەڵام عەیبەب و عار و شەرمێکە گەورەو قێزەون وەزیرو وەزارەتی ڕۆشنبیری بەناو چاکسازییەوە ھونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی ئەم دەڤەرە مەحروم دەکات لەپێگەو بنکەو بەڕێوەبەرایەتییە ڕۆشنبیری و ھونەرییەکان، خەمێکە قوڵ، بێدەنگییەکە شەرمھێنەر بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی سەر بەوەزارەتی ڕۆشنبیری لەلایەک و لەلاکەی ترەوە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و قائیمقامیەتەکانی رانیەو قەڵادزێ، لەبەرامبەر وەھا غەدرو خراپەیەک بێدەنگ و دەستەو نەزەر وەستاون.

گەر بڕیارەکە بڕیاری چاکسازی سەرتاسەرییە دەبێ تێکڕای وەزارەتەکان لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان بگرێتەوە، گەر قودرەتی وەھا قەرارو قیمەتی وەھا بڕیارێک نییە بەکەوڵی کێ ڕەوایە ئەم غەدرە لەھونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی رانیەو قەڵادزێ و دەڤەری ڕاپەڕین بەگشتی بکەن؟!

حەقی خۆیەتی تەواوی ھونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی ئەم سنورە ” ڕاپەڕین ” ھەرچی زووە بێنە سەر ھەست و ھەڵوێست نواندن بەجۆرێ نەک ھەر ئەمە قبوڵ نەکەن وەزیر ناچار بەداوای لێبوردن و کردنەوەی ھەردو بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و ھونەر لەقەڵادزێ و ڕانیە بکەن.

پێویستە جەنابی وەزیر لەوە تێبگات، نە یەکێتییەتایەتی ئاوایەو نە وەزیرایەتیش ئەمەیە ھەندێک قڕ بکەی و ھەندێک زات نەکەی بەلایاندا بچیت، مرۆ گەر نەیتوانی ئیزافە دروست بکات، شەرمە لەوەی ھەیەو بەدەست ھاتووە کەم و کورت بکاتەوە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک