په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

وەزیرى(کاروبارى شەهیدان وئەنفالکراوەکان) بزربووە!


گۆران دوکانى  


زۆرن ئەوبەرپرسانەى کەتاکوئەمڕۆ ڕوبەڕوى هەزاران ڕەخنەى کەسوکارى شەهیدان بونەتەوە ،یەکێک لەو بەرپرسانەش"چنارسعد عبداللە"ى، وەزیرى"کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانە".

ئەوەى ناوەڕۆکى بابەتەکەی منە،جگە لەوەى وەزیرى کاروبارى شەهیدو ئەنفالکراوەکان بەشێکی زۆر لەبەرپرسیاریەتى کەسوکارى شەهیدوئەنفالکراوەکانى دەکەوێتەئەستۆ،هاوکات گەرەکمە لەم نووسینەدا بزربوون و بێدەنگى و بێهەڵوێستى ئەم خانمەبخەمەڕوو لەبەرامبەر ئەو هەموو ناعەدالەتیەى کە دەسەڵات بەرامبەر بەکەسوکارى شەهیدانى ئەم هەرێمە دەینوێنێت بەداخەوە ئەویش بەهەمان شێوەى زۆرێک لەبەرپرسان بەردەوام هەوڵیداوە خۆیبەدوربگرێت لەکێشەکان،کەهیوادارین بەمەبەست نەبێت.

ڕۆژى(12/4) ڕوفاتى (187) ئەنفالکراوى دەڤەرى گەرمیان گەیشتەوە هەرێمى کوردستان بەبێ حزورى وەزیرى کاروبارى شەهیدان وئەنفالکراوەکان،ئەم حاڵەتەش توڕەیەکى زۆرى لاى کەسوکارى ئەنفالکراوەکان دروستکرد بەهۆى ئەوەى جەنابیان لەوکاتە ناسکەدا لەگەشتێکداچونەتە دەرەوەى ووڵات،لێرەدا باسى ئەوەناکەین بۆچى وەزیر سەفەرى دەرەوەى هەرێمى کردوە ،بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە هێنانەوەى ئەو ڕوفاتانە ماوەیەکى زۆرە بۆتە باسوخواسى میدیاکان ،ئایا ئەم سەردانەى وەزیر ئەوەندەگرنگ بوو نەدەکرا دوابخرایە بۆکاتێکى دیکە؟یاخود جەنابى وەزیر پێی نەنگیە سەردانى ئەومۆنۆمێنتە بکات کە کەسوکارى ئەنفالکراوەکان لەسەر بودجەى خۆیان دروستیان کردوە و چاوەڕێى منەت و بەڵێنە سواوەکانى ئەم دەسەڵاتەیان نەکرد؟.

بەدەرلەهەمووئەم شتانە،لێرەدا من نمونەیەکى زۆر سەیرى ئەم خاتونە باس دەکەم،لەکاتى دانانى بەردى بناغەى مۆنۆمێنتى دوکاندا وەک ڕۆژنامەنووسێک پرسیارى ئەوەم لێکرد"ژمارەیەکى زۆر لەو تاوانبارانەى کەدەستیان لەپرۆسەى ئەنفالدا هەبوە و وەک دەبینین ئەمڕۆ زۆرینەیان لەلایەن چەندڕێکخراوێکەوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە کەچى لەلایەن دووحیزبە سەرەکیەکەى هەرێمى کوردستانەوە جگەلەوەى کە داڵدە دراون هەندێکیان پۆستى باڵاى حکومى وحیزبى وسەربازیان پێدراوە و ئەمەش نیگەرانیەکى زۆرى لاى کەسوکارى ئەنفالکراوەکان دروستکردوە وچەندینجار داواى بەسزاگەیاندنیانکراوە،ئێوە چیتانکردوە بۆ ئەم داواکاریەى کەسوکارى ئەنفالکراوەکان؟،لەوەڵامدا خاتوچنارووتى))ئێمە شتیوامان نەبیستوە،هەرکەسێکیش ئەگەر زانیارى لەبارەی ئەوکەسانەوە هەیە دەتوتنێت ئاگادارمانبکاتەوە وناوى ئەوکەسانەمان پێبڵێت))!،بێگومان ئەم وەڵامەى خاتوچنار دوومانا دەگەیەنێت ،یان ڕاکردنە لەواقیع،یاخود ئەوپەڕى بێئاگاییە لەدۆزى ئەنفال!،کەبەبڕواى من خاڵى یەکەمیانە چونکەهەرهەمان ڕۆژ لەوەڵامى پرسیارێکى پەیامنێرى ڕۆژنامەى ئاوێنەدا بەتوڕەیەوە گوتى:((ئەرێ کاکە تۆ بۆ کۆنگرەى ڕۆژنامەوانى هاتوى یان بۆشەڕ؟)).بێگومان ئەم هەڵوێستەى جەنابى وەزیر جارێکیتر ئەو بێدەنگی و بێهەڵوێستیەى خۆیمان بیردەخاتەوە کەلەبەرامبەر ئەو هەمووتاوانبارانەدا نواندى کە بە بڕیارى بەرپرسەکان هەندێکیا بۆبەرژەوەندى سیاسى فرۆشران وهەندێکیشیان تائەمڕۆلەژێر سێبەرى هەیمەنەى یەکێتى وپارتیدا ژیانیان پارێزراوە.

ئەوەتا ئەوهەموو گەورە تاوانبارانەى کە دەستیان لەپرۆسەى ئەنفال و کیمیابارانکردنى هەڵەبجەداهەبووە و تاکوئەمڕۆش کەس نازانێت چۆن وبۆچى مەبەستێک بەدەستى سەرکردەکانمانەوە تەبەخور دەکەن وبزردەکرێن، وەزیرى شەهیدان جگەلەهەموئەمانە بەوپێیەى کچى شەهیدە دەبوایە گەورەترین هەڵوێستى نیشان بدایەو گەر هیچیشى پێنەکرایە،خۆدەیتوانى کورسیەکەى بەجێبێڵێت! کەچى بەپێچەوانەوە بێئاگاى خۆى بەرامبەر ئەوهەمووکۆنەبەعسی ومستەشارانە نیشان دەدات ودەڵێت:(ئێمە شتیوامان نەبیستوە)!،لەهیچ کونجێکى ئەم جیهانەدا نەبوە کەوەزیرێک کچى شەهیدبێت و هاوکات شەهیدانى ووڵاتەکەى بەوپەڕى شێوە دەسەڵات ئازارى ناخیان بدات و ناعەدالەتیان بەرامبەر بکات،کەچى وەزیر بێدەنگى هەڵبژێرێت.

دەبێت وەزیرى شەهیدان باش لەو ڕاستیەدڵنیابێت هەموو پاشقولگرتنێکى دەسەڵات لەکەسوکاری شەهیدان وبەتایبەتیش کیژۆڵەبێنازەکانى شەهیدانى ئەم هەرێمە خێرلەخۆنەدیوە،پاشقولگرتنە لەخودى خۆشى، چونکە بەوپێیەى جەنابیشیان کچى شەهیدن!،کەچى وەک دەبینین بەپێچەوانەوە لەکاتى هاتنەوەى ڕوفاتى (187) شەهیدى گەورەترین کارەساتى ئەم هەرێمە ،وەزیرى کاروبارى شەهیدان وئەنفالکراوەکانیش وەک زۆربەى بەرپرسەکان خۆى لەکێشەکان بەدوور دەگرێت و کەس نازانێت لەکوێیەو بۆچى مەبەستێک خۆى بزرکردوە؟!.
 


Goran.dukani@yahoo.com