په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان پەیمانی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدا.

 

بەدواداچوون: بەکر تەیفور

* براى پێنچ پێشمەرگەی شەهید: داواکارین جیاکارى لە نێوان شەهیداندا نەکرێ.
* ئەندامێکى کەمپینى داکۆکیکردن لە خانەوادەى شەهیدانى حیزبى شیوعى: تاکو ژیان و گوزەران و تەواوى مافى خانەوادەى شەهیدان چارەسەر نەکرێ و فەراهەم نەبێ کەمپینەکەمان درێژەى دەبێ.

 

کەمپینى داکۆکیکردن لە مافى خانەوادەى شەهیدانى حیزبى شیوعى، وێڕاى دەرکردن و بڵاوکردنەوەى یادداشتنامەیەک، ئاراستەى سەرۆکایەتى هەرێم و پەرلەمان حکومەت کراوە تیایدا ئاماژە بەبێ مافى و جیاکارى زەق کراوە لە هەمانکاتدا ناهەقى و ستەم بەو خانەوادانە کراوە بە بەراورد لەگەڵ خانەوادەى شەهیدانى (پارتى و یەکێتى) لەو سۆنگەیەوە رایانگەیاند چیتر بێ دەنگ نابن تا شەهیدەکانى ئەوانیش وەک ئەوان سەیر نەکرێن، بەدواى ئەوەدا وەزیرى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان د.مەجید حەمەد ئەمین داواى لێکردن هەڵسوڕاوانى کەمپینەکە سەردانى بکەن لە نزیکەوە گفتوگۆ لەسەر ئەو مەسەلەیە بکرێت.

 

لاوە عەبدوڵڵا کەسێکى کاراى کەمپینەکەیە و بۆ داکۆکیکردن لە نایەکسانى و بێ مافى خانەوادەى شەهیدانى حیزبى شیوعى گەرچى ئەو نیشتەجێى وڵاتى نەرویجە، بەڵام ئێستا هاتۆتەوە کوردستان و پێشمەرگەیەکى دێرینى حیزبى شیوعییە و لە ساڵانى 1984ەوە سێ جار برینداربووە سەبارەت بە دامەزراندن و ئامانج و بیرۆکەى کەمپینەکە وتى: ئەم کەمپینە دوو هەفتە دەبێ دەستمانداوەتێ گەرچى بیرۆکەى دروستبوونى لەمێژە هەیە بۆ داکۆکیکردن لە بێ مافى خانەوادەى شەهیدانى حیزبى شیوعى، ئەو دەستپێشخەرییەش دەگەڕێنمەوە بۆ خودى خانەوادەى شەهیدان، بەتایبەت بنەماڵەى شەهیدان، کۆچەر و سەفەر و دکتۆر عادل... شەهیدانى دیکە منیش بە حوکمى ئەوەى پێشمەرگەیەکى دێرین و هاوڕێى دێرینى ئەو شەهیدانەم پێشووتریش ئاگادارى ئەو بیرۆکەیە بووم ئەمەش لە ئەنجامى نایەکسانى و بێبەشى خانەوادەى شەهیدانى حیزبى شیوعییەوە سەریهەڵدا.


هەروەها رزگار کۆچەریش کە باوکى ساڵى 1985 لە نێو شارى هەولێر لە رووبەڕبووبوونەوەیەکى بێ وێنەدا شەهید بوو لەگەڵ ئەوەشدا دوو کوڕە مامى و دوو پورزاو کوڕە ئامۆزایەکى شەهیدى حیزبى شیوعین، کەسێکى کاراو بەرچاوى کەمپینەکەیە وتى: ئەم بیرۆکەیە من و سامان شەهید سەفەر و شڤان و کوڕى شەهید د.عادل سەلیم و هاوڕێ لاوە قەرەچوغییەوە کە پێشمەرگەیەکى دێرینى حیزبى شیوعییە سەریهەڵداوە، ئەو بیرۆکەیە هیچ پەیوەندییەکى بە حیزبى شیوعییەوە نییە، ئێمە وەکو خانەوادەى شەهیدان هەرسێکمان کوڕى سێ کەسایەتى ناسراو و تێکۆشەرى شەهیدى شیوعیین بەتایبەت لە شارى هەولێر کار وچالاکییان زۆربوو کاتى خۆى و ئێستاش هەستمان کرد جیاوازییەکى زۆر زەق لە بنەماڵەى شەهیدانى حیزبى شیوعى هەیە، چەندین بنەماڵەى شەهیدى شیوعیمان بینى کە لەوپەڕى خراپییدا دەژیان، لەولاشەوە شەهیدانى هەردوو پارتى سەر بە دەسەڵات ژیانێکى باشیان بۆ فەراهەم کراوە، هەر لە مەسەلەى خوێندنەوە بگرە تا دەگاتە مەسەلەى دابینکردنى خانوو شوققە و زەوى و مووچەى باش و کۆمەڵێک ئیمتیازاتى تر.

 

پاشان سەبارەت بە داواکارى کەمپینەکەیان هاوڕێ لاوە وتى: داواى ئەم کەمپینە ئەوەیە چیتر شەهیدانى حیزبى شیوعى پلە دوو نەبن وەکو شەهیدانى هەردوو پارتى دەسەڵاتدار مامەڵەیان لەگەڵدا بکر و چى بۆ خانەوادە و شەهیدەکانى خۆیان کراوە بە هەمان شێوە بۆ شەهیدانى حیزبى شیوعى و لایەنەکانى دیکە بکرێ ئەویش وەکو (مووچەى باش، زەماڵەى خوێندن بۆ منداڵەکانیان، شوققەو خانوویان بۆ دابین بکرێت، دامەزراندنى کەس و کارەکانیان لە دەزگا فەرمییەکان، وەرگرتنى منداڵەکانیان لە قوتابخانە نموونەییەکان... تد) وەنابێ بێ بەشبن لەو مەسەلانە چونکە پێمان وایە شەهیدانى حیزبى شیوعى وەکو شەهیدانى پارتى و یەکێتى لە سەنگەرى بەرەنگاربوونەوە گیانى خۆیان بەختکردووە و هیچ جیاوازییەکیان نییە.

 

هەروەها رزگار کۆچەریش پێى وایە لەو بارەیەوە کەمپینەکەیان داوا دەکات شەهیدانى حیزبى شیوعى چیتر پلە دوو نەبن وتى: پێمان باشە شەهیدانى کوردستان ئەوانەى خوێنى خۆیان بەخشیوە بە ئازادى کوردستان بەتایبەت شەهیدەکان بەیەک چاو سەیر بکرێن لە ماف و ئیمتیازات و بەبێ جیاوازى، دواتر لەبارەى ئەوەى هەفتەى رابردوو سەردانى وەزیرى شەهیدانتان کرد هەڵوێستیان چی بوو لەو بارەیەوە چى پێ راگەیاندن کە مایەى دڵخۆشى بێ؟

 

لاوە لەو بارەیەوە وتى: دەستخۆشى لێکردین و لە هەمانکاتدا نیگەرانى و ئامادەیى نیشاندا لەو بارەیەوە بەڵێنى پێداین بە جددى بەدواداچوون لەو مەسەلەیە بکات، جەختى لەوەش کردەوە نابێ جیاکارى لەنێوان شەهیدانى هیچ حیزب و لایەنێک بکرێ.

 

هەروەها لەو بارەیەوە رزگاری شەهید کۆچەریش بە گەرم و گوڕییەوە وتى: دەمەوێ زۆر سوپاسى د.مەجید وەزیرى شەهیدان بکەم کە بەڕاستى لەو بڕوایەدا نەبووم بەو شێوەیە پێشوازیمان لێ بکا چونکە خۆى ئاماژەى بۆ ئەو یاداشتنامەیە کرد کە لەو 35 ناوەى شەهیدانى تێدابوو وتى: گوناهە هەندێکیان شەهیدى ئاسایى بن و هەروەها وەزیرى وتى: هەقە لەم شارە قوتابخانە و شەقام و شوێنى گشتى شیاویان بەناو بکرێ و پاشان وتى: بەداخەوە ئەو چەند چەند ساڵە بەو شێوەیە سەیرى ئەم خانەوادانە کراوە هەر بۆیە وتى: هەوڵدەدەم و دڵنیاتان دەکەم لە ئایندەیەکى نزیکدا چارەسەرى ئەو کێشانە دەکەم و داکۆکى لە داواکاریەکانتان دەکەن و خۆمیش پێش هەموو کەس ئەڵێم با جیاوازى لە نێوان شەهیدان نەکرێ.

 

دواتر لە بارەى ئەوەى ئایا کەمپینەکەتان سەردانى لیژنەى شەهیدانى پەرلەمان ناکەن؟ هاوڕٍێ لاوە لەو بارەیەوە وتى: کەمپینەکەمان بەرەوپێش دەچێ دەبێ ئەو پەیامە بگەیەنینە هەموو شوێنێک تاکو ئەو مەسەلەیە بە زووترین کات چارەسەر بکرێ بەنیازین لە نزیکترین کاتدا سەردانى پەرلەمانیش دەکەین، هەوڵدەدەین یاداشتنامەکە بگەیەنینە جێگاى خۆى چونکە بەرنامەى دیکەمان هەبوو، بەڵام بەهۆى ئەوەى وەزیر دڵخۆشى کردین و بەڵێنى چارەسەرى پێداین بەو هۆیەوە هەندێ لە بەرنامەى کارەکانمان راگرتووە، بەڵام کەمپین بەردەوامە لە کارى خۆى تا دەگاتە ئەو ئاستەى هەموو مافەکانى شەهیدانى حیزبى شیوعى بەدەست دێت.

 

هەر لەو بارەیەوە رزگار کۆچەر وتى: کەمپینەکەمان کۆتایى پێ نەهاتووە لەو رۆژەوەى رامانگەیاندووە لیستەکە بەناوى 35 شەهید بووە کەچى پاش بڵاوکردنەوەمان لە سایتە ئالکیترۆنییەکان، رۆژ دواى رۆژ لە زیادبووندایە و ره‌نگبێ لە ئایندەیەکى نزیکدا سەردانى پەرلەمان و سەرۆکى پەرلەمانیش دەکەین.

 

دواتر لە بارەى ئەوەى ئایا هیچ حیزب و گروپ و ناوەند و لایەنێک بە حیزبى شیوعیشەوە بەشدارى و پشتیوانى ئێوەیان کردووە، هاوڕێ لاوە قەرەچوغى وتى: وەک حیزب، حیزب بەشدارى تیانەکردووە، بەڵام حیزبى شیوعى کوردستان پشتیوانیمان لێدەکات، هەروەک ئاماژەم بۆ کرد ئەم بیرۆکەیە هى کەس و کارى شەهیدان بووە و منیش وەکو ئەندامێکى حیزب بەشدارم ئەویش لەسەر داواى حیزب نەبووە، خۆم بەشداریم کردووە هەروەها لەبارەى ئەوەى ئایا بەنیازنین لە ئایندەدا ئەم کەمپینە ببێتە ناوەندێک بۆ داکۆکیکردن لە بێ مافى بۆ زیندانیانى سیاسى و کۆمەڵە پێشمەرگە دێرینەکان؟ لاوە وتى: دەمانەوێت بەو ئاراستەیە بیبەین و گەشە بکات و ببێتە کەمپینى پێشمەرگە دێرینەکانى حیزبى شیوعى وەهى لایەنەکانى دیکەش کە مافیان زەوتکراوە هەروەها بەنیازین وا گەشە بکات تەنانەت لەنێو دام و دەزگا حکومییەکانیش دیاردەى تەزکییەى حیزبى نەمێنێ کە هیچ جۆرە جیاکارییەک نەمێنێ دەرهەق بەو خەڵکە خەباتگێڕانەى حیزب و لایەنە سیاسییەکان.

 

پاشان رزگار کۆچەریش وتى: رەنگبێ لە ئایندەدا ناوى کەمپینەکە بگۆڕدر و ببێتە ناوەندێک بۆ داکۆکیکردن لە زیندانیانى سیاسى و پێشمەرگە دێرینەکان کە ئەوانیش جیاوازیان دەرهەق کراوە.

 

لە کۆتاییدا لەبارەى ئەوەى ئایا پێت وایە مەسەلەکە لاى حیزبى شیوعییەوە بێ یاخود دەسەڵات لەو مەسەلەیە بەرپرسە؟ لاوە وتى: پێم وانییە ئەو جیاکارییە لەو لیستەى حیزب پێشکەش کردووە لاى حیزبەوە بێ، بەڵکو ئەوەى ئێمە باسى لێوە دەکەین شەهیدانى حیزبى شیوعى بەشێوەیەکى گشتى جیاوازییان پێکراوە لەگەلڕ شەهیدانى پارتى و یەکێتى.

 

هەروەها رزگار کۆچەریش پێى وابوو حیزب لە پاش راپەڕینەوە دەیتوانى پێش ئەوەى بەشدارى لەهەر دەسەڵاتێکى حوکمدارێتى کوردستاندا کرد، پێشینە داواى باشترکردنى بارودۆخى خانەوادەى شەهیدان و ژیانى پێشمەرگەی دێرین و زیندانییە سیاسییەکانى بکردایە، دواتر رزگار زۆر بە حەماسەتەوە جەختى کردەوە وتى: ئەم کەمپینە بەردەوام دەبێ بۆ داکۆکیکردن لە تەواوى بە یەکسانیکردنى مافى خەڵکانى زیندانیانى سیاسى و پێشمەرگە دێرینەکانى تەواوى حیزب و لایەنە سیاسییەکان کە لە مافدا نایەکسانیان دەرهەقکراوە.


هەروەها لەلایەکى دیکەوە کوڕە شەهیدى حیزبى شیوعى کوردستان (سەنگەر عەبدولرەحمان حاجى) کە خاوەنى چوار شەهیدە لەوانە باوکى و مامى کە بە مەلا نەفتە ناسراون بەو بۆنەیەوە پشتیوانى لەو کەمپینە دەربڕى وتى: داواکارم جیاکارى لە بەشە مافى شەهیدانەیان نەکرێ بەتایبەت شەهیدانى شیوعى چونکە لەسەردەمێکدا لە بەرەنگاربوونەوەى سیستەمى بەعسدا گیانى خۆیان بەختکردووە، سەنگەر بەشێوەیەکى وا باسى لە تەنگەژەو موعاناتى ژیانى ئەو خانەوادانە کرد کە ئێستا بە مووچەیەکى زۆر کەم خانەنشین کراون هیچ ئیمتیازێکیان پێ نەدراوە، داواکار بوو چیتر شەهیدانى حیزبى شیوعى و لایەنە سیاسییەکانى دیکە بە پلە دوو و سێ ئەژمار نەکرێن و لە تەواوى ماف و ئیمتیازات بێبەش نەکرێن.

 

هەروەها دواتر هاوڕێ محەمەد رەحمان کە ئەویش خاوەنى چوار براو بڕازایەک و ئامۆزایەکە کە سەرجەمیان شەهیدى ئەو رێبازەن و لە داستانە مەزن و بێ وێنەکاندا گیانیان بەخت کردووە وتى: وەکو بنەماڵەیەکى کە زیاتر لە 70 ساڵە لە شارى هەولێرین لە ساڵى 1988 برایەکم شەهید بوو دواتر چوار براو ئامۆزایەکم شەهید کران و ئێستا شەهیدانى ئێمە وەکو شەهیدانى پارتى و یەکێتى نییە لە ماف و بژێوى ماڵ و منداڵیان، هەروەها بە هەنسک و فرمێسک رشتنەوە هاوڕێ محەمەد وتى: کە برا گەورەکەم شەهید بوو خاوەنى دە سەر خێزان بوو، بە سواڵکردن منداڵەکانیانمان گەورەکرد، تا ئێستا سەر و پارچە زەوییان پێ بەخشراوە لەبەر بێ تواناییان پێیان نەکراوە بە خانوو دوو بنەماڵەمان لە کرێچییەتیدا دەژین و بەشبەحاڵى خۆم براى پێنج شەهیدم بە پلەى پۆلیس دامەزراوم ئەمە کەى رەوایە؟ هەر لە شۆڕشى ئەیلولەوە تاکو ئێستا بێ پچڕان پەنجا ساڵه‌ خەبات دەکەین کەچى جیاکارى بە مافى شەهیدەکانمان کراوە باشە بۆ؟ لە کۆتاییدا وتى: داواکارین بە هیچ جۆرێک جیاکارى لە نێوان شەهیدانى رێگاى ئازادى کوردستاندا نەکرێت لە ماف و ئیمتیازدا چونکە شەهید بوون دوا ترۆپکەى قوربانیدانە.
 

 

r_prees@yahoo.com