وەزیری وەرزش و لاوان یان وەزیری ریکلام؟!
نیگار محەمەد کە چوومە ماڵەوە باوکم گووتی کچم وەرە وەزیرەکەت لە رۆژی خۆتان خیتابی هەیە بۆتان!!! (کە دواتر لە مەبەستی باوکم گەیشتم. ئەو مەبەستی (تەها بەرواری) بوو و مەبەستی لە رۆژی خۆتان، 12/8، رۆژی جیهانی لاوان بوو! کە خوا دەیزانێ تا ئەو چرکەیە نەمدەزانی ئەم رۆژە هەر هەشە!!!) بەهەرحاڵ ئەم قسەیەی باوکم جێگای شۆک و سەرسوڕمان بوو بۆم و زۆر لام سەیر بوو!، هەر لە دوورەوە کەوتمە پرسیار کردن لە باوکم و پرسیم: "وەزیری من؟!!! ئاخر من وەزیرێک ناناسم کە هی من بێت و خیتاب بۆ من بدات!، یان ئەمڕۆ بۆ رۆژی منە؟!. بەهەرحاڵ باوکم گووتی دە تۆ وەرە سەیری بکە ئینجا دەزانی مەبەستم چییە؟، منیش بە پەلەپڕوزە خۆم گەیاندە لای تەلەڤزیۆنەکە تا بزانم ئەو زاتە موبارەکە کێیە کە گوایە وەزیری منە؟! و ئەو خیتابەی کە باوکم وتەنی بۆ منی دەدات چییە و ئەو رۆژەش کە دەڵێت هی تۆیە بۆ رۆژی منە؟! بەڵام کە سەیری شاشەکەم کرد چیم بینی؟! پیرە پیاوێکی، سەر تەپیوی داڕزیو، عەینەکێکی زەڕەبینی لەچاو، فسەزمان و قسە نەزان و گەمژە و عەبووس و کەترەی ملپان، خۆی بەملاولادا لار دەکردەوە و راست و چەپ کەوتووەتە ناو مەدح و سەناکردنی کار و بەرنامە و چالاکییەکانی خۆی، کە لە وەزارەتەکەی چی کردووە بۆ گەنجە قوڕبەسەرەکانی ئەم وڵاتە!!!. ئەم کابرایە ئەوەندە درێژدادڕی کرد لەداخا پتت لێدابام دەتەقیم، خەریک بوو لە پێستی خۆم بێمە دەرێ، بەڵام هەر تەحەمولم کرد و دانم بە خۆمدا گرت، چونکە زۆر حەزم دەکرد و مەبەستم بوو بزانم دوای ئەو زۆربڵێ و چەنەبازە چ دەموچاوێکی تر دێت و ئەویش بە چەند قسەیەکی قۆڕ چەند دەقەیەک لە کاتمان دەگرێت و لاوانی ئەم وڵاتە دەخافڵێنێت بە قسە و وتارە بێ بنەما و ماناکانیان!!! و سەرئەنجام ئەم بەزمە چی بەسەردێت؟!. ئاخر گوناهی من و چەندان گەنجی دیکەی بەدبەختی ئەم مەملەکەتە داڕزیوەی دەستی پیری چییە کابرایەکی ئاوا شەیتانۆکێ بکەنە وەزیر و کە من دڵنیام بەر لە 10 دەقیقە لە دەسپێکردنی مەراسیمەکە نەیزانیوە کە 12/8 رۆژی جیهانی لاوانە!، ئای چ بەدبەختییەکە وەزیری لاوان بەم چەشنە دەبینم. بۆیە ناهەقم مەگرن ئەگەر بڵێم من وەکو گەنجێک و تەواوی گەنجانی وڵاتە خێرنەدیوەکەم رۆژی 12/8مان بە رەشترین رۆژ بینی!. خۆزیا 12/8 لە رۆژژمێریش رەش دەکرایەوە بۆ ئەوەی چیدیکە وەزیری بەناو گەنجان نەیەت و بە دوو قسەی قۆڕ ئەم رۆژە بەڕێ بکات و گیرفانی پێ گەرم بکات!!. حاشا نە تۆ وەزیری منیت وەکو گەنجێک و نە منیش دان بە وەزیر بوونی تۆدا دەنێم!!!.
negar_muhamad@yahoo.com
|