١\١٠\٢٠٢٥
وڵاتێک لەسەر هێڵی شکان.
- عێراق لە نێوان ئومێد و پووکانەوەدا -

ئەرسەلان مەحمود
سەربازێکی عیراقی کە بەڕێکەوت یەکترمان بینی و لەسەر دۆخی وڵاتەکە
کەوتینە گفتووگۆ، باسیکرد کە کاتێک هاوڕێ نوێیەکانم هاتن، زۆر زوو
زانیم هەڵەیەک هەیە. ئەوان وەک ئێمە نەدەجووڵان، وەک ئێمە چەکیان
هەڵنەدەگرت، دواتر بینیم کە چۆن شەوانە چەکە ئەمریکییەکان دەگۆڕنەوە و
دەیاننێرن بۆ شوێنێک کە من نەمدەزانی کوێیە. ئەوەی دەزانی تەنها ئەوە
بوو کە دەبوو بێدەنگ بم، چونکە ئەگەر قسەیەکم بکردایە، ڕەنگە ڕۆژی
دواتر جەستەیەکی تری بێ گیان لە شەقامێکی بەغدا بدۆزرابوایەوە.
سەربازەکە یەکێک لەو ٧٥٠ کەسەیە کە بە شێوەیەکی یاسایی ساڵی ٢٠٢٤ لە
یەکەیەکی سەربازی وەرگیران کە ئەمریکا زیاتر لە ٤٥٠ میلیۆن دۆلاری تێدا
خەرج کردووە. بەڵام ٢٢٥٠ کەسی تر کە هاوڕێی ئەو سەربازەن، لە ڕاستیدا
لەلایەن میلیشیاکانەوە نێردراون - عەسائیبی ئەهلی حەق، کەتائیبی
حزبوڵڵا، کەتائیبی سەید شوهەدا. ئەمە تەنها دەستپێکی حیکایەتێکە کە باس
لەوە دەکات چۆن عیراق کەوتووەتە ناو ژیانێکەوە پڕا و پڕ لە پارادۆکس.
کاتێک لەناو سەرچاوە فەرمییەکانی هەواڵ و ناوەندە شیکارییەکاندا
دەگەڕام بە دوای زانیاری نوێ و دوا داتاکانی پەیوەست بە دۆخی ئێستای
عیراق شۆک بووم، لە عیراقی ئەمڕۆدا، ڕاستییەک هەیە کە دەبێت پێنج جار
بیخوێنیتەوە تا باوەڕی پێبکەیت، ٥٢٪ی هاوڵاتیان پێیان وایە وڵات بە
ئاڕاستەی دروست دەڕوات، ئاخر لە ٢٠٠٤ەوە ئەمە یەکەمجارە ئەم ژمارەیە لە
نیوە تێدەپەڕێت. ٨٢٪ متمانەیان بە سوپا و پۆلیس هەیە – ئەمە بەرزترین
ئاستی مێژوویییە. هەمان ئەو خەڵکە، ٧٦٪یان دەڵێن هەڵبژاردنەکان ساختە و
بەتاڵن.
باشە چۆن دەکرێت خەڵک متمانەیان بە سوپایەک هەبێت کە دەزانن لە هەناودا
بەرەو پووکانەوە دەڕوا؟ چۆن دەکرێت باوەڕیان وابێت وڵاتەکە بەرەو باشی
دەڕوات کاتێک کە شارە گەورەکان - بەسرە بە تەنهایی ٦٢٪ - غەرقی
میتامفیتامین بوون؟ ئەمە جگە لە سەرهەڵدانەوەی دیاردەی ترسناکتری کەمەر
شکێنی کۆمەڵایەتی و کەلتووری.
وڵامەکە لە تێگەیشتنی سروشتی عیراق خۆیدایەتی. وڵاتەکە ئێستا پتر لە
خانوویەکی کارتەیی دەچێت، کە ها بڕووخێت و نە ڕووخێ، هەڵبەتە هەر
کێشەکە ئەوە نییە بڕووخێ. ئەوەیە هەموو لایەک فێربوون چۆن لەناو ئەم
وێرانەیەدا بژین، چۆن لە ڕووخاندا سوود ببینن و چۆن ناسەقامگیری بکەنە
سەرچاوەی خۆ بژێووی و قازانج.
کاتێک موقتەدا سەدر لە تەمموزی ئەمساڵدا بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کرد،
زۆر کەس وتیان ئەمە کشانەوەی سیاسییە. بەڵام ئایا هەر بە ڕاستی سەدر
دەیەوێ بکشێتەوە یان دەسەڵات بگرێتەدەست؟!
باشە، کەسێک بتوانێ میلیۆنێک دەنگدەر لە هەڵبژاردن دوور بخاتەوە، کەسێک
بکارێ بە تەلەفۆنێک خەڵکی بخاتەوە سەر شەقام یان بیانگەڕێنێتەوە
ماڵەکانیان، کەسێک کە ناوەکەی بووبێتە هێمای بەرگری لە دژی نفووزی
ئێران – جا بە جیدی بێت یان بە مەرام، ئایا ئەو کەسە بە ڕاستی پێویستی
بە کورسی فەرمی هەیە؟
نەخێر، سەدر لە دەرەوەی سیستەم بەهێزترە. کاتێک لە ناو سیستەمە، دەبێت
وڵامدەرەوەی شکستەکان بێت، نەبوونی کارەبا، ئاوی پاک، خزمەتگوزاری.
بەڵام کاتێک لە دەرەوەیە، دەتوانێت هەمیشە بڵێت ئەی من نەمگوت؟
سەدر لێرەوە دەتوانێت ڕۆڵی موخەلیسی نەتەوەیی بگێڕێت بێئەوەی دەستی بە
گەندەڵی پیس بێت. ئەمە ستراتیژییەکی ژیرانەیە. ئەو دەزانێ کە لە
عیراقدا، ئەو کەسەی لە سێبەردا دەمێنێتەوە دەسەڵاتی لەو کەسە زیاترە کە
لە ڕووناکیدا خۆ نمایش دەکات. چونکە لە ڕووناکیدا، هەموو کەموکوڕییەکان
دیارن. لە سێبەردا، تۆ دەتوانیت هەموو شتێک بیت بۆ هەموو کەسێک.
لێرەدا گەمەکە دەگۆڕێت. میلیشیاکان تێگەیشتوون کە پێویست ناکات دەوڵەت
بڕووخێنن - دەتوانن لە ناوەوە وەک مێروولە چۆن دار دەخوات ئاوا ئەمانیش
نەرم ببنە خۆرکەی دەوڵەتەکە، کاتێک کەتائیبی حزبوڵڵا ٥٠٠ کەس دەنێرێتە
ناو خزمەتی دژە تیرۆر، ئەوان جەنگاوەر نانێرن. ئەوان ئەندامانی
داهاتووی ڕێکخراوێک دەنێرن کە دواتر دەبنە فەرماندە، دەبنە بەرپرسی
لۆجستیک، دەبنە ئەو کەسانەی یارمەتی و چەکی ئەمریکی لە بەرژەوەندی و بە
قازانجی میلیشیاکان دەگۆڕنەوە.
بیربکەوە ئەمریکا پارە دەدات، ڕاهێنان دەکات، چەک دابین دەکات.
میلیشیاکان کە ئەمریکا بە دوژمن دەزانن، هەموو ئەمانە وەردەگرن لە
ڕێگەی ئەندامە نێردراوەکانیانەوە. دواتر هەمان ئەو چەکانە دەبنە بەشێک
لە هێرشەکان لەسەر بنکە ئەمریکییەکان و دەوڵەتی دامەزراوەیی و دیموکراس
- ئەدی ١٨٠ هێرش تەنها لە ماوەی ساڵێکدا بەرهەمی چییە.
ئەمە گاڵتەجاڕییەکی تاڵە کە تەنها لە عیراقدا ڕوو دەدات، ئەمریکا خۆی
دوژمنەکانی خۆی چەکدار دەکات، ڕاستەوخۆ، بە ویستی خۆی، بە پارەی خۆی.
بەسرە، کە ڕۆژێک دەرگەی عیراق بوو بەڕووی جیهاندا، ئێستا ٦٢.١٪ی
بەکارهێنانی میتامفیتامینی وڵات پێکدەهێنێت. کریستاڵ میت - کە لە ئێران
و ئەفغانستانەوە دێت - بووەتە قوتی خواردنی ڕۆژانەی گەنجان. حکومەت چی
دەکات؟ هیچ، چونکە هەندێک لە تۆڕەکانی قاچاغ بە میلیشیاکانەوە
بەستراونەتەوە، هەمان ئەوانەی گوایە پارێزەری وڵاتن. لە نەجەف و
کەربەلا، شارە پیرۆزەکان، مادە هۆشبەرەکان لە وەرزەکانی زیارەتی
ئایینیدا بە قاچاغ دەهێندرێن و دەبرێن و دەفرۆشرێن. لە ژێر پەردەی
پیرۆزیدا، ژەهر بڵاودەکرێتەوە. ئەمە میتافۆرێکە بۆ هەموو عیراق، شتێک
کە لە سەرەوە پیرۆز دیارە، بەڵام لە ژێرەوە دەپووکێنێتەوە.
لەم کاتەدا، سەرەڕای خەرجکردنی ٨٠ میلیار دۆلار لەسەر کارەبا،
هاوڵاتیان هێشتا پشت بە مۆلیدە دەبەستن. ئاو کەم دەبێتەوە چونکە تورکیا
و ئێران بەنداو دروست دەکەن. عیراق، کە ڕۆژگارێک ناوەندی شارستانیەت
بوو، ئێستا پێنجەمین وڵاتی لاوازی جیهانە بەرامبەر بە گۆڕانی کەشوهەوا.
کاتێک ڕژێمی ئەسەد ڕووخا، ئێران بڕیاریدا عیراق بکاتە قەڵای نوێی خۆی.
بەڵام عیراق نابێتەوە قەڵا - باتڵاقێکە کە هەموو لایەک تێیدا نوقم دەبن.
سوننەکان دەیانەوێ ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە، کورد خەریکی پەرتپەرتێنە و
پەتپەتێنەی خۆیەتی، شیعەکان لە نێوان سەدر و میلیشیاکاندا دابەش بوون.
هەڵبژاردنی تشرینی دووەم دێت. بەڵام ئایا گرنگە کێ دەیباتەوە؟ کاتێک
براوەی ڕاستەقینە ئەوانەن کە لە سێبەردا دەمێننەوە؟ کاتێک سەربازێک
ناتوانێ هاوکارە نوێیەکانی ڕابگرێ و ڕاپۆرت بکات؟ بۆچی چونکە دەزانێ
دەکوژرێت؟ کاتێک خەڵک متمانەیان بە سوپایەک هەیە کە دەزانن لە ناوەوە
داگیرکراوە؟ لەوانەیە وڵامەکە لەم پارادۆکسە نوێیەدا بێت عیراقییەکان
فێربوون لە جیهانێکی پارادۆکسدا بژین.
عیراقییەکان دەزانن کە حکومەت و حکومڕانەکان گەندەڵن، کەچی متمانەیان
پێدەکەن، چونکە دەیانەوێ مامەڵە لەگەڵ شتێکدا بکەن کە هەیە. دەزانن
هەڵبژاردنەکان ناگؤڕن بەڵام دێن دەنگ دەدەن، چونکە ئەمە تاکە
دەرفەتیانە بۆ دەربڕین. دەزانن میلیشیاکان دەوڵەت دەخۆن بەڵام
پشتیوانییان دەکەن، چونکە بە حساب لانیکەم دوژمنی دەرەکی ڕادەگرن.
دوا پرسیار ئەمەیە، کاتێک خانووە کارتییەکە دەڕووخێت - ئایا شتێک لە
ژێر وێرانەییەکەدا دەمێنێتەوە بۆ بنیاتنانەوە؟ یان عیراق بۆ هەمیشە
دەبێتە نموونەی وڵاتێک کە فێری مردن بوو بەڵام ناشتوانێ بمرێت، فێری
ژیان بوو بەڵام ناشتوانێ بژیەت؟
شایەتحاڵەکەم کە دواجار ناوی خۆی پێگوتم، بەڵام ڕەنگە بۆی باش نەبێ
ناوی بهێنم، لە کۆتایی گێڕانەوەکەیدا وتی: ڕۆژانە بیر لەوە دەکەمەوە
لێرە لەم وڵاتە بڕۆم. بەڵام دەزانم لە هەر شوێنێک بم، عیراق لەگەڵمدا
دێت. نەک وەک خاک، بەڵکوو وەک برینێک کە ناسارێتەوە.
لەوانەیە ئەمە تراژیدیای ڕاستەقینەی عیراق بێت، نەک ئەوەی دەڕووخێت،
بەڵکوو ئەوەی نە دەتوانێ بژی و نە دەتوانێ بمرێ. نەوەیەک گیریخواردوە
لە نێوان ئومێد و نائومێدیدا، لە وڵاتێکدا کە خۆی لە نێوان واقیع و
خەیاڵدا ون بووە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|