په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٠\٢٠١٠

وڵاتی (کتکە)کان...


شەماڵ عادل سەلیم


بەڵێ .... ئەم دەڤەرەی لەمەڕ ئێمە وڵاتی (کتکە) کانە ، ئا رێک ئە و(کتکە) سمێل بابڕانەی جەلاد ئاسا قۆڵیان لێهەڵماڵیبوو و کەوتبوونە گیان خەلکی سڤیل وبێ دیفاعی کوردستان وخەریکی خامۆش کردنی چرای ئومێدیان بوون ....


هاوڕێم زیرەک منیش وەک تۆ لەناخە وە بریندارو کزو داماوم و نازانم باسی کام کتکە کۆری مەتبەقی سەددامتان بۆ بکەم !


دەزانن لەسەردانی ئەم جارەمدا بۆ کوردستانی (ئازاد ).....کێم لە شەقامی (باتا )بینیەوە ؟!! ئا ، ئەو ئەفسەرە کوردە بەعسییەی کە لە قەسابخانەی ئەمنی هەولێر لەساڵانی ١٩٨٢ ١٩٨٣ کەوتبووە گیانی قوتابییە گیراوەکانی شاری هەوڵێری (جەمال حەیدەری و عادل سەلیم و نافع مەلایونس و کۆچەرو سالار و سەلاح جەوهەر ) ، لە ملازم تەمرو و ملازم غەسانی گۆڕبەگۆڕ زیاتر ئەشکەنجەی دەداین و هەموو گیانمانی بەجگەرە سووتاندو داوای پاکانەی لێ دەکردین !....


بەڵێ هاوڕێم زیرەک ..... بینینی ئەم (کتکە چاوزەقە)لەناخەوە ڕایچڵەکاندم و دووبارە ڕاپێچی ژوورە تاریکەکانی زیندانی بەعسی کردم و دووچاری ڕامان و تاسانی بێ ئەندازەی کردم .....


ئاخ چ تاسانێک !! .........هەزاران پرسیاری لەمێشک دروستکردم ، بەتایبەتی لەوکاتەی کە زانیم ئەم (کتکە )کۆرە بەتەسکیەی حزبێکی کوردستان وەک سەدان (کتکە) کۆری دەم بەخوێنی قەسابخانەکانی بەعس خاوەن دەسەڵاتە و مافیشی لەئێمەی زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین و منال و خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکان زیاترە......... !!


بەڵێ هاوڕێم زیرەک .....پێناسەی ئێمە بۆ قوربانی دان و پێشمەرگەو خانەوادەی شەهید و شەهیدە زیندوەکان رێک پێچەوانەی پێناسەی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانە ، ئا ئەوحزبانەی کە ئەمڕۆ داڵدەی (کتکە) بکوژەکانی سەددامیان داوەو وەک قامچیش دژی مرۆڤە ئازادەکان بەکاریان دەهێنن .......


بەڵێ هاوڕێم زیرەک ....وا کوردستان ئازادەو ڕیژێمی بەعسیش نەماوە ...بەڵام کتکە بکوژە چاوزەقەکانی ماون و بەڕەنگ و ناسنامەی جیا جیا بەدیارمانەوەن و هەڕەشەی نەمانمان لێ دەکەن .

 

ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم