په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٧\٢٠١٠

وڵاتى یەک ملیۆن بێوەژن.


حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ


ئەگەر جەزائیر بە وڵاتى یەک ملیۆن شەهید و مۆریتانیا بە وڵاتى یەک ملیۆن شاعیر ناسراو بن ئەوا لەم رۆژانەدا رۆژنامەى ئەلحەیاتى لەندەنى باسى لەوە کردووە کە یەک ملیۆن بیوەژن و چوار ملیۆن منداڵى بێ باوک لە عێراقدا هەیە، کە کۆى ئەو بێسەرپەرشتانە دەکاتە یەک لەسەر شەشى کۆى دانیشتوانى عێراق.

هەرچەندە جەنگ لە پێناسەکەیدا هەڵگرى پەیامى خاپور کردن و وێرانکردن و خوێنڕشتنە بەڵام عێراق بۆ خۆى لە جەنگ و رووداو و کارەساتە مەینەتبارەکاندا پشکى شێرى بەرکەوتووە زەمەنێکە لە شەڕوشۆڕ و کوشتار نەبووەتەوە ، ئەم بەرۆک پێ گرتنەى شەڕە پێشینەیەکى کۆنى هەیە لە سەردەمى سۆمەرییەکانەوە تاکو رۆژگارى ئەمڕۆ خاکى میزۆپۆتامیا گۆڕەپانى رمبازێ و شەڕ و قڕکردن بووە ، ئەوەى جەنگ لە چەند کاتژمێرێکدا کاولى دەکات عەیامێکى دەوێت تاکو دووبارە وەکو خۆى بنیات بنرێتەوە ، ئەو قەدەرانەى جەنگ دەیقەومێنێ سارێژکردنى کارێکى سانا نییە ، ئەگەرچى جەنگ سەرى ئەو کەسانەى نەخواردبێ بەڵام کاریگەریەکى ئەوتۆى لەسەر دروستکردوون تاکو سەر ئێسک و پروسک رۆچووە پێیەوە دەناڵێنن ، جەنگ رەنگدانەوەى لەسەر بارودۆخى کۆمەڵایەتى و ئابورى و رۆشنبیرى و کەلتوورى و فەرهەنگى کۆمەڵگە هەیە ، دواى جەنگ لایەنە نێگەتیڤ و نەرێکانى زیاتر دەردەکەوێ و کاریگەری لەناو هەناوى کۆمەڵگەدا هەیە .

هەرچەندە بارودۆخ و هەلومەرج بە گشت مەغزا و رەهەندەکانییەوە کاردانەوەى جدى و راستەوخۆى لەسەر ئەو بێ شومارییەى ژمارەکانى بێوەژن بوون هەیە کە رێژەى تەڵاقدان بەرز بووتەوە و ساڵ لە دواى ساڵ کێرڤەکەى روو لە بەرز بوونەوەیە، وەلێ کۆڵگە و بڕبڕە پشتى زیاد بوونى ژمارەکە دەگەڕێتەوە بۆ زۆروزەبەندى ئەو جەنگ و شەڕە ناوخۆى و دەرکییانەى کە دەستەویەخەى خەڵکى عێراق بووەتەوە .

جگە لەو هەموو کۆلەمەرگى و بێدەرتانى و دەردەسەرى و بێوەژن کۆشیانەى کە بەرۆکى ملیۆنێک ئینسانى ئەم وڵاتەى گرتووە ، تێڕوانینى بەشى هەرە زۆرینەى باقى کۆمەڵگە بە چاوێک کەمتر و ئاستێکى نزمتر لە بوونى خۆیان تەماشاى بێوەژن دەکات کە لە رووى دەروونى و سایکۆلۆژییەوە جەنگێکى دەروونى لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەى دانیشتوانى کۆمەڵگە بەرپا دەکات ، پێویستە بزانین کەم نیین ئەوانەى ئەو هەموو هەناسە ساردانەى بۆ قەدەرەکانى ژیان هەڵدەکێشن و زۆرن ئەوانەى چەپۆکى رۆژگار قەڵاخى رەشپۆشیانى کردووە و بزە و خەندە لە سیما و رووخساریاندا تۆراوە و بارى کردووە ، کەم نین ئەوانەى دەست و لاقیان لە جەنگدا پەڕیوە یان ئەندامێکى جەستەیان لە دەست داوە زۆرن ئەوانەى جەنگ کردوویانیەتییە خەڵکێکى چاو لەدەست و هەژار.

هەق وایە پیاوانى ئاینى و دامودەزگا فەرمى و نافەرمییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵ بدەن بۆ هەتوان کردنى ئەو بریننانەى کە ملیۆنیک مرۆڤى ئەم وڵاتە دووچارى بوونە هاوتەریب باشتر کردنى بژێوى چوار ملیۆنەکەى دیکە .

ئاوڕدانەوە لەو بەش مەینەت و سیاچارانە بۆ چاککردنى بارى گوزەرانیان و زامنکردنى ئایندەیان ئەرکێکى مرۆڤدۆستانە و ئەخلاقیانەى حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستانە ، چونکە سەربارى ئەوەى راژەیەکى سەر شانى خۆى جێبەجێ دەکات بنبڕى زۆر لە دیاردە نەشیاو و ناپەسەند و نابەجێیەکانى کۆمەڵگاى عێراقى دەکات.
 

husin2008@yahoo.com