١٨\١\٢٠١٦
وڵاتنامە.

سەڵاح
حەمەئەمین
لە لاى ئێمە ...
لەم وڵاتە پڕ لە دزە
کارەبا
لە وەرزى زستاندا دەمەیێ ...
دەیبەستێت و
منداڵەکان لە شەقامەکاندا
شەڕە بەفری پێئەکەن
لەم وڵاتى
ئاشى نەزانەدا
کارەبا
لە وەرزى هاویندا چلوورەیە و
دەتوێتەوە
تنۆک تنۆک
دائەچۆڕى،
لە لاى ئێمە
لەو وەرزەدا
منداڵەکان لە کووچە و کۆڵانەکاندا
گەمەى ماڵەباجینە و
گوریس گوریسێنی پێئەکەن،
لەم وڵاتە پڕ لە جەردەیە
ئەم جارەیان
شیرەکانى سەر چیاى دوێنى
دون کیشۆتەکانى ئەمڕۆ
خەونى چەندین ساڵەى ئێمە و خؤیان
لە گۆڕ ئەنین،
لەم وڵاتە پڕ لە درۆیە
چارەکە سەدەیەکە
حکومەتە خۆماڵییەکەمان
ماستەکەى هێشتا
هەر شیرە و پەینە بەسەرچووەکەى
تێنەکراوە ...
چارەکە سەدەیەکە
حکومەتە خۆماڵییەکەمان
هێشتا هەر بێچووە خەونە و
گەورە نەبووە!
چارەکە سەدەیەکە و
تا ئەم دەمە
حکومەتە خۆماڵییەکەمان
فەریکە گوێزە!
فەریکە نۆکە!
کاڵە!
پێنەگەییوە ...!
salah1325681@gmail.com
|