په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٥\٢٠١٥

وردبوونەوە لە پەرتووکی

''چوارینەکانی باباتاھیری ھەمەدانی، گۆڕینی بۆ سۆرانی: رەحیم لوقمانی''.

کامەران هەڵوەدا   


کاک رەحیم لوقمانی، وەک بۆخۆی باس دەکا سەرەتای ساڵی ٢٠١١ دەستی کردووە بە راگوازتنی چوارینەکانی باباتایر بۆ سەر زاراوەی سۆرانی و کۆتایی ھەمان ساڵ لێ بۆتەوە. ساڵی ١٣٩٢ ئەم پەرتووکە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.


باباتایری ھەمەدانی نیازی بە ناساندن و لێدوان نییە و مێشکی خوێنەرەوەی پێ ماندوو ناکەم. کاک رەحیمی لوقمانیش کە شاعیرێکی باشە و قسەم لەسەر کەسایەتی و شاعیرێتیی نییە و رێزم ھەیە بۆ قەڵەم و ھەستی شاعیرانەی. تەنانەت ناشچمە ناو بەراوردی چوارینەکان لەگەڵ دەقی سەرەکی، چونکە ئەو بابەتە ئاتاجی لێکۆڵینەوەیەکی زۆر قووڵترە لەسەر شیعر و بەدوایدا کەسایەتی و سەردەم و باری ژیان و...ی بابا تایر، کە منیش جارێ مەبەستی وەھا کارێکم نییە، ھەرچەند پێویستە بکرێ و ھیوادارم نووسەران و شاعیران و لێکۆلەرانی کورد لێی کەمتەرخەم نەبن. ئەوەی لێرەدا لەسەری دەنووسرێ ئەو زمانەیە کە کاک رەحیم لوقمانی کەڵکی لێ وەرگرتووە بۆ وەرگێڕانی چوارینەکانی باباتایر.


بەر لەوەی بچمە ناو عەسڵی بابەتەکەوە پێویستە ئەوە بڵێم کە ئەگەر کاک رەحیم تۆزێک بە حەوسەلەتر بایە و پەلەی نەکردبا حەتمەن ئەم بەرھەمە زۆر سەرکەوتووانەتر دەردەھات؛ دەڵێم سەرکەوتووانەتر چونکە لە حەق لا نەدەین چوارچێوەی چوارینەکانی زۆر باش دامەزراندۆتەوە و بەشێکیشیان تەواو رێکوپێک دەرھاتوون:


لە دەستی چاو و دڵ بانگم بەتینە
بە چاو چم دی دڵیش بۆی پڕ ئەوینە
لە پۆڵا خەنجەرێ رۆ کەم لە چاوان
رەھا کەم دڵ لە دەست ئەم گەرمەشینە

         *  *  *
بەھار ھاتە دەر و دەشتی گوڵاڵان
جەوانیش وەک بەھاران چوو بەتاڵان
لەسەر گڵکۆی جەوانان گوڵ دەخەمڵێ
کە رادەبرن بەسەریا چاوکەژاڵان

         *  *  *

 

نموونەی جوانیتری لەم چەشنەی تێدایە. بەڵام ئەم سەرکەوتووییە بەشێکی-تری چوارینەکان ناگرێتەوە، کە بە بۆچوونی من پەلەکردن و پێدانەچوونەوە زەڕەی لەو کارە داوە.


چوارینە زەرفێکی بچووکە و پێویستە ئەو بابەتەی کە دەڕژێنرێتە ناوی ھێندە خەست و خۆڵ و لێک و لووس کرابێ کە ھەنگوینئاسا بە چێژتنی سەرەئەنگوستێک مانای خۆی وەدەر خات. کاک رەحیم لە زۆر جێگا بۆ ئەوەی لە ناو ئەم زەرفەدا جێگەی بابەتان و وشەکان بکاتەوە، یان بۆ ئەوەی ئەمانەتی شاعیر تەواو راگوێزێ، ناچار بەر لە تەواو لێک و لووس کردنیان بە پاڵەپەستۆ تێی ترینجاندوون و ئەگەر کلک و گوێیەکیشیان بەدەرەوە بووە قرتاندوونی، بەڵام زۆر چەلان لەم قرتاندنانەدا رۆحی رستەکەی کێشاوە و ماناکەی چڕژاندووە.


لە رووی دەستوور و گرامەرەوە بەشێک لە وشەکان، بەتایبەت لێکدراوەکان، مانایان تەواو نییە. لەوانەیە کەسێک کە چوارینەکان دەخوێنێتەوە لەبەر ئەو مانایەی بە بیستنی ریشەی وشەکە دێتە زەینییەوە مانای بەیت و میسرەعەکەشی بێتە زەینەوە و لە مەبەستی شاعیر بگا، ئەو مەبەستەی کە کاک رەحیمیش قەسدی گەیاندنی بووە بە زاراوەی سۆرانی، بەڵام بە وردبوونەوە لە باری دەستووریی ئەم نموونانە، تەواونەبوونی ماناکەیان دەردەکەوێ. دیارە شیعر وەک پەخشان نییە و پێویستیش ناکا ھەموو مەبەستی شاعیر بە ھێنان و نووسرانی وشە رابگوێزرێ، بەڵکوو رستەکان ھەتا کورت و پوخت و ئاماژەیی بن پەسندتر و جوانتر خۆ دەنوێنن. ھیچ پێویستیش ناکا ھەموو بەشە دەستوورییەکانی یەک رستە (بکەر و کار و...) ھاوکات بوونیان ھەبێ، بەڵام بە پێچەوانەشەوە دەبێ لە ھەڵبژاردنی ئەو بەشانەدا کە وەلا دەنرێن و دەکەونە پشت پەردەی چاو و گوێچکە و دەکەونە بەر دیدەی خەیاڵی خوێنەرەوە ئەوپەڕی سرنج بدرێ و ناشێ بە بێ ورد بوونەوە لە چوارچێوەی رستەکە و پێوەندیی نێوان وشەکانی سازێنەری، ھەر وا سەروگوێی وشە بقرتێ یان سووکەڵە وشەی لێ زیاد کرێ.


سرنجم لەسەر چوارینەکان بە دانانی ژمارەی چوارینەکان دەنووسم (بۆ کورت بڕینەوە ھەر ئەو بەیت یان نیوەبەیتەم داناوە کە قسەم لەسەریەتی):


١- لەشم بارە لە ژێر خەمدا خودایا. خودایا کراوەتە رەدیف. سۆرانی ناڵێن خودایا، دەڵێن خودایە. دیارە خودایەش ھاتبا ھیچ زەڕی نەبوو و دروستتریش بوو. ھەر وەک دەڵێن: دایە، بابە و... وەک چۆن لە چوارینەی ژمارە ١٧٥دا ئەم خودایایە لەبەر ئەوەی نیاز بووە کراوەتە خودایە کە لەگەڵ کامە لایە و بارەگایە ببێتە قافیە.


٥- ئەگەر دڵ دڵبەرە دڵبەر نەزانم. نەزانم بە پێی نوسخە جۆراوجۆرەکان بەجێی ندانم، نزانم، کدامی دانراوە! کە لەوێدا باباتایر مەبەستی لەوەیە کە دڵبەر کێھەیە؟ بەڵام ئاخۆ دڵبەر نەزانم لە رووی دەستوورییەوە دروستە ھەتا ئەو مانایە بگەیەنێ؟


٦- عەجەب نەشکا کە جام بەربوو لەسەر دەست. بەربوو بە جێی بەربۆوە دانراوە! بەربوو بۆ شتێک دەگوترێ کە بە شێوەی ئاسۆیی بڕوا؛ ئاو بەربوو، مانگاکە بەربوو. ئەگەر مەبەست داکەوتن و کەوتنەخوارێ بێ ـ کە لێرەدا وایە ـ دەبێ لە بەربۆوە کەڵک وەرگیرێ.


١٤- لە مەزرا جووتیارێک دەم بە ناڵان. ناڵان بۆخۆی بە مانای دەم بە ناڵەیە، کە وایە دەم بە ناڵان دەبێتە: دەم بە دەم بە ناڵە!


٢١- بەوان خۆزگەم شەوانەت ھاونشینن/ لەگەڵ تۆ ھاودەم و باس و جڤینن. نیوەبەیتی دووھەم ئاوای لێدێ: لەگەڵ تۆ ھاودەم و ھاوباس و ھاوجڤینن. جڤین یانی کۆبوونەوە. کەوایە ھاوجڤین دەبێتە: ھاوکۆبوونەوە!، دیارە مەبەست ھاونشین بووە بەڵام یەک ناگرنەوە.


٢٨- بەوان خۆزگەم تەڕوبڕ لێک نەزانن/ لە نووسین و لە خوێندن چۆڵەوانن. خوشا آنان کە ھر از بر ندانند/ نە حرفی وا نویسند و نە خوانند. دیارە لێک نەزانن بە جێی لێک ناکەنەوە دانراوە!


٤٥- کەچی ھەر وا بە ناڵانم شەو و رۆژ. ناڵانم یانی دەناڵم، بە ناڵانم دەبێتە: بە دەناڵم!، ئەگەر بە ناڵەم دانرابا دروست دەبوو.


٥٠- شەوە، گورگ و مەڕە، تاریکە جارێ. لە سۆرانیدا ناڵێین گورگ و مەڕە، بەڵکوو دەگوترێ گورگەمێشە، بوومەلێڵە، تاریکوروونە. بێگومان گورگ و مەڕ خەستکراوەی ئەو گورگەمێشەیە بەو روانگەیەوە کە نەکا مێش لە فارسی بکا! لە کاتێکدا ھەر بەو گورگەمێشەش نیوەبەیتەکە شەق و دروست و جوان دەردەھات: گورگەمێشە، شەوە، تاریکە جارێ.


٥٠- بڵێ بۆ رێی خودا دامە ھەژارێ. سۆرانی دەڵێ: لە رێی خودا، نەک بۆ رێی خودا. واتە خێراتەکە بە رێگای خودا نادرێ و لە رێگەی خودادا بە کەسێکی دیکە دەبەخشرێ؛ کە وایە بۆ رێی خودا ماناکەی دروست ناگەیەنێ.


٦٠- لە دەستم بێ ئەگەر خوێنت بڕێژم/ بزانم تا چ رەنگی ئەی دڵی من. باباتایر دەفەرموێ: اگر دستم رسد خونت بریزم/ ببینم تا چە رنگی ای دل ای دل. یان وەک لە ھەندێک نوسخەدا ھاتووە: بریجم. دیارە لە سۆرانیدا دەبێتە: دەڕێژم، نەک بڕێژم.


٦٢- خودا ھاوار لەبەر دڵ، داد لەبەر دڵ، کە ئەوپەڕی ئەمانەتدارییە: خدایا داد از این دل، داد از این دل. سۆرانی کە دەیھەوێ زرینگی یان فێڵبازیی کەسێک بەڕوویدا بدا دەڵێ ھاوار لەبەر تۆ، بەڵام کە بیھەوێ گلە و گازندە لە زوڵم و زاڵێک بکا، کە لێرەدا مەبەستە، دەڵێ: ھاوار لە دەست تۆ.


٦٦- کە تۆ نیتە سەری یاری لەگەڵ من. تو کە با ما سر یاری نداری. کە بە جێی سەری یاری، دەکرا مەیلی دڵداری، ھەوای دڵداری و... دانرابا. (دیارە پێویست بوو لەو حالەتەدا باری وەزنەکەشی لەبەرچاو بگیرێ).


٧٦- وەرە یەک شەو بە رووناکی وەتاقم. بیا یک شو منور کن اتاقم. سۆرانی دەڵێ: وەتاغ! بەڵام لازم بووە قافیەی پێ ساغ کرێتەوە: وەتاقم، فیراقم و تاقم.


٩١- شکابێ پەل بە باڵم چۆن نەناڵم. شکستە پر و بالم چون ننالم. پەل بە باڵم شکابێ واتە باڵم پەلمی شکاندبێ!


٩٢- کە سۆزی نامەوان نامەم ببینن، نامەوان بە جێی نامەخوان دانراوە. لە کاتێکدا نامەخوێن بەرامبەرە دروستەکەیەتی. وان لە کوردیدا پاشگرێکە کە زیاتر بۆ گەیاندنی مانای خاوەندارێتی و ئاگادارێتی بەکار دەبردرێ؛ دەرکەوان، گەمیەوان، مەلێوان، پاسەوان و...


١٠٠- بە شەو رامانی رووی مانگی جوانم. بەجێی رامان دەبوو راماو بێت، دەنا ماناکەی لەنگ و نادروستە. رامان چاوگە، بە مانای لێ خوردبوونەوە، چاوتێبڕین، مات بوون و بیرکردنەوە. رامانی مانگم دەبێتە: بیرکردنەوەی مانگم! بەڵام راماوی مانگم دەبێتە: لە مانگ خوردبوومەتەوە، بیر لە مانگ دەکەمەوە.


١٠٥- چ نەمزانی لە ماڵم یا سەفەر بووم. سۆرانی ناڵێ سەفەر بووم، دەڵێ: لە سەفەر بووم. سەفەر بووم ھەمان سفر بودمـی فارسییە.


١٠٦- عەزیزانم ھەموو گیرۆدە دەردین. لێرەدا پێناسەکە دەگەڕێتەوە بۆ وشەی دووھەم کە دەردە. گیرۆدە دەردین یانی دەردمان گیرۆدەیە! ھەرچەند وەرگێڕ بەنیاز بووە بڵێ ئێمە گیرۆدەی دەردین، بەڵام ئەو مانایە نابەخشێ، چونکە گیرۆدە سفەت نییە بۆ دەرد. دیارە پەیڕەوی لەو نموونانە کراوە: خوێنین دڵ، تەنیا باڵ، یەکەڵە گوان و... کە لە ھەموویاندا وشەی یەکەم (خوێنین، تەنیا، یەکەڵە و...) پێناسەیەکە بۆ وشەی دووھەم (دڵ، باڵ، گوان و...) و لە مەرتەبەی دواتردا بۆ خاوەنی وشەی دووھەم، یانی خاوەنی دڵ و باڵ و گوانەکە. بەڵام لە تەرکیبی گیرۆدە دەرددا، گیرۆدە ئەو تەفسیرە ھەڵناگرێ.


١٠٦- لەو چوارینەیەدا دەردین و فەردین و مردین کراونەتە قافیە، بەڵام مردین لەگەڵ دوانەکەیتر نایخوێنێتەوە و دەبوو مەردین با ھەتا لە رووی دەستوورییەوە دروست دەرھاتبایە. چونکە لێرەدا فەرد و دەرد و مرد بناغەی قافیەکەن.


١٠٨- لە چاو بۆرانی فرمێسکم دەنێرم. ز دیدە اشک چون باران ببارم. بۆران بە بەفرێک دەگوترێ کە بە باوە دەبارێ؛ کڕێوە و بادەوە. ئەم وێنەیە ھیچ نزیکییەکی لەگەڵ ئەسرین ھەڵوەراندن نییە!


١١٠- ھەزاران موددەعی سووتان لە تاوە. دیارە دەبوو تاوا بایە، بەڵام بۆ ئەوەی لەگەڵ دراوە و ھەڵکراوەی نیوەبەیتی یەکەم و دووھەم ببێتە قافیە کراوەتە تاوە!


١١١- بە کافر بم لە چێنکاری ھەڵاڵە. بە کافر بم لە کوردیدا ناگوترێ، دەڵێین کافر بم، دەبا کافر بم... مەگەر ئەوەی راناوێکی لکاوی بەدوادا بێ، وەک بەحەیرانت بم، بە جیرانت بم، بە لۆلت بم، کە راناوی لکاوی تێیان بەدوادا ھاتووە و مانای پێ داون.


١١٢- مەگەر من لۆکی مەستی سەرقەتارم. وشەی سەرقەتار بەجێی سەرقافڵە، سەرجەلە و... دانراوە! زیمنەن لۆکی مەست ھەرگیز سەرقەتار نابێ، بەڵکوو لۆکی مەست لە قەتارە وشتر لادەدا و بەرھەڵدا و نیوەیاغی دەبێ.


١١٣- گوڵم بێتۆ کز و زارم لە دەردا. دیارە لەدەردا مەبەست لەدەرددایە. چونکە لەدەردا یانی لە دەرەوەدا. لە دەردا، لە جگەردا و بە سەردا کراونەتە قافیە. بناغەی قافیە وشەکانی دەرد و و جگەر و سەرن، کە بەو پێیە دەرد ھاوقافیەی جگەر و سەر نابێ!


١٢٦- بە بێ خەم دادەنیشن دەستەدامان. نشینن ھر دو پا پیچن بە دامان. دەستەدامان بە کەسێک دەگوترێ کە گیرخواردوو و بێ دەرەتان بێ، یانی ئاتاج و نیازمەند، دیارە مرۆی نیازمەندیش بێخەم نییە! ئەوەی باباتایریش مەبەستیەتی ئەژنۆ لە باوەش گرتنە، نەک دەستەدامان.


١٣٧- لە دەستم رادەکێشی چمکی دامان. ز دست مو کشیدی باز دامان. دیارە یەکێک لە ماناکانی راکێشان بەرەو لای خۆ بردنە، بەڵام لێرەدا کە مەبەست لە دەست دەرھێنانە، دەبوو لە دەستم دەردەکێشی دانرێ. ئەو جۆرەی کە نووسراوە ماناکەی دەبێتە: بە سووچی داوێنت لە دەستم دەدەی! چونکە لێ راکێشان بە مانای بە توندی لێدانە. سەرەڕای ئەوەی کە مەبەستی باباتایر خۆکۆکردنەوە و خۆلێدوورخستنەوەیە.


١٤٤- دەدەم پەندی کەچی نابێ بە کاری. دیارە مەبەست بە کاری نایەیە، ھەر دەشبوو کەچی نایە بە کاری دانرێ چونکە نابێ بە کاری مانای تەواو نییە.


١٤٨- ئەوینت کەی خەمی بۆ ھەر سەران دێ/ چ دەم شاباز بە ھەر خاک و دەران دێ؟. بەر لە ھەموو شت خەم بۆ دڵ دێ نەک بۆ سەر! ھەر سەران ھەڵەیە و یان دەبوو تەنیا سەران بێ یان ھەموو سەرێ/ گشت سەرێک. بە ھەر خاک و دەران ھاتن لە باری دەستوورییەوە نادروستە و بە ماناکەی تێک دەدا. دەبوو بەجێی بە، بۆ دانرابا. دیارە لێرەشدا حوکمی دەران ھەر وەک سەران وایە.


١٨٦- عەزیزان رێزی یەک باشتر بزانن/ ئەجەل بەردە و مرۆڤ شووشەی شکاوە. عزیزون قدر یکدیگر بدانید/ اجل سنگ است و آدم مپل شیشە. لە سۆرانیەکەدا مرۆڤ کراوەتە شووشەی شکاو، دیارە شووشەی شکاو تازە شکاوە و ترسێکی لە بەردی ئەجەل نییە چونکە ئەو شتەی بەرد بەسەری دێنێ، کاک رەحیم بەسەری ھێناوە!


١٩٧- دەبێ داری لە رەگدا ھەڵبکێشن.لە رەگدا ھەڵکێشان یانی لە نێو ریشەکەدا شتێک ھەڵبکێشرێتە سەرتر! مانای زەمانیش دەدا؛ یانی لە سەردەمێکدا کە باوی خۆش بووە و رەگی داکوتاوە، وەک چۆن دەگوترێ: لە بەردا و لە غەڵفدا. دەبوو بەجێی لە رەگدا، لە رەگەوە دانرابا، یانی لە بنەوە دەرکێشان و بنەبڕ کردن.


١٩٩- دڵە رێگەت سەرانسەر دڕکەزارە. دڕکزار دروستە نەک دڕکەزار، وەک چۆن ناڵێین سووکەبار و دەگوترێ سووکبار. ھەر وەھا: گوڵزار، دڵزار. لە چوارینەی ٢٠٠یشدا دووپات بۆتەوە.


٢٠٢- دەکەی بسکی رەشی عەمبەر لەسەر شان؟. چی دەکەی؟ تەنیا فیعلی کردن مانای ئەم نیوەبەیتە ناگەیەنێ. دیارە مەبەست پەخشان کردنە، بەڵام نەیئەنگاوتووە. تەنانەت ئەگەر خستن دانرابا تا رادەیەک ماناکەی دەگەیاند، زولف خستنە سەر شان ھیچ وشەیەکی دیکەی لازم نەدەبوو.


٢٠٣- خەمم رووی بۆ کەمی نایە چ دەبوا. دەبوو وشەی لە بەجێی بۆ دانرێ تا ماناکەی دروست بێت. چ دەبواش لە سۆرانیدا نییە و ھەر چ دەبوو دەگوترێ.


٢٠٤- ھەموو پەیمان دەدەی ئەمڕۆ و بەیانی. ھمی وعدە کری امروز و فردا. ھەموو بەجێی ھەمیشە (ھمی) دانراوە!


٢١٨- لە ھاوارم جگەر خوێناو دەناڵێ. دیارە جگەر، خوێناو ناناڵێ و دەیدەڵێنێ!


٢٢٠- لە شەوزستان شەوم تاریترێکە. تاریترێکە، کاریترێکە و زاریترێکە کراونەتە قافیە. تاری و کاری و زاری بناغەی قافیەی ئەم چوارینەیەن. بەڵام ئەگەر تاری وەرگرین شەوم تاریترە نادروست دەبێ و ئەگەر تار وەرگرین بۆ ئەوەی شەوم تارترە دروست دەربێ، لەم حالەتەدا قافیەکە تێک دەچێ!


٢٣٠- لەوێم ھەر مەنزڵێ سەد ئاشنایە. ئەگەر ھەر مەنزڵەو سەد ئاشنایە دانرابا دروست دەبوو.


٢٣١- گوتم ئەی دڵ ھەڤاڵی تاکوو مەنزڵ/ چ نەمزانی ھەڤاڵی نیوە رێیە. بە دل گفتم رفیقی تا بە منزل/ نزونستم رفیق نیمە راھی. ئەگەر بەجێی ھەڤاڵیی دووھەم ھەڤاڵیت دانرابا دروست دەبوو و ماناکەی دەگەیاند، بەڵام لاڕێ بووە. ئەوەش بڵێم کە وشەی ھەڤاڵ سۆرانی نییە و کرمانجییە، وەک ئەم وشانەش کە کەڵکیان لێ وەرگیراوە و سۆرانی نین، ھەرچەند بە عەیبیان دانانێم و بگرە جوانیشن: ھوون، چەمان، جڤین.


٢٤٧- دڵی شەیدام پتر شێت و کەسەر بێ. دل دیوانەام دیوانەتر شی. شێت ھەم ناوە و ھەم ئاوەڵناو، بەڵام کەسەر تەنیا ناوە، ئاوەڵناو نییە. کە وایە دڵی شێت دروستە و دڵی کەسەر نادروست. شێت بوون دروستە و کەسەر بوون بێمانایە.


٢٦٤- شەوێ نایە چەمم ئەسرین نەماڵێ/ رۆژێ نایە لە جەرگم خوێن نەداڵێ. نەمزانی چەم بۆ ئەسرین دەماڵێ؟ تەنانەت ئەگەر تەشبیھەکەش وادانرێ دەبوو فیعلەکەی ماڵین نەبێ، چونکە شتی ویشک و خاو دەماڵرێ، بەڵام شتی وەک فرمێسک ئاوەکی و رەوان رادەدرێ. خوێن داڵین نەمزانی بە چ مانایەک ھێنراوە، ئەگەر مانای خوێن دەڵاندن بدا دیارە دروستە.


٢٧٠- بە ناو دەریا گەڕام گەوھەر دەرێنم. دیارە مەبەست لە ناو دەریادا/ بە ناو دەریادا گەڕامە و قرتاندنی ئەو دایە ھەودای دەستووریی رستەکەی شل و شەوێق کردووە.


٢٨٠- دەم و چاوت لە خۆر گڕتاوترێکە/ لە من تیری ئەوین پڕتاوترێکە.ئەگەر گڕتاو مانای بەتین بدا و پڕتاو مانای خێرا بدا (کە نایدا!) ئەوە بەیتەکە جوانە، دەنا دروست نیە. پڕتاو بە مانای فرێدان دێ. ھەمان پرتاب. بە پڕتاو مانای توند و خێرا دەدا.


٢٨٢- کە سۆزی نامەوان نامەت ببینن/ گوتاری نامەکەت زۆر شەرم ئەبێ پێت. نامەوان و گوتاری نامە بەجێی خۆیان. دەبوو بە جێی زۆر وشەی جێی دانرێ ھەتا باری دەستووریی رستەکە لەبەر یەک نەچێ. یانی ببێتە: گوتاری نامەکەت جێی شەرم ئەبێ پێت.


٢٩١- گەلی دووپشک و مێروو لێت دەکەن کۆڕ. ئەوەندی من ئاگادار بم ھەر بەڕێزانی باشوور کۆڕ دەکەن! و نەمبیستووە دووپشک و مێرووش کۆڕ بکەن، ئەویش لە رۆژھەڵات! کۆڕ کردن دروست نییە و کۆڕ ساز کردن دروستە. ھەڵبەت بۆ ئەم نموونەیە شتێکی ئاوا ھاتبا باشتر بوو: لێت دەبن کۆ.


٢٩٨-بە ژانم بێ کە بێتۆ دابنیشم/ لە پێی گوڵدا لەگەڵ بادە و پیاڵە. ئەگەر لە سای گوڵدا دانرابا ھەم جوانتر دەبوو ھەمیش دروستتر.


٣٠٧- ھەمیشە خاترەم پڕیە لە ناشاد. وەک چۆن ناڵێین پڕم لە شاد، ناشکرێ بڵێین پڕم لە ناشاد!


٣٢٠- لەم چوارینەدا فەراوان، زامان و ھەزاران کراونەتە قافیە. بناغەی قافیەکان ئەم وشانەن: فەراوان، زام و ھەزار. انی فەراوان بەشێکە لە وشەکە، بەڵام ھی ئەو دووەیتر ھێمای کۆیە. بەو پێیە قافیەی ئەم چوارینە دروست نییە.


٣٢١- لە دڵما تۆی، کە سۆزت پڕ خەمینە. خەمین یانی خەمبار، کە وایە پڕ خەمین دەبێتە پڕ خەمبار! تەنیا لە حالەتێکدا دەکرێ بڵێین قەیناکە؛ ئەویش ئەگەر بە زاراوەی کرمانجیی ژوورووی دانێین. وەک پڕ کەیفخۆش، کە لەم حالەتەدا پڕ مانای زۆر لەخۆ دەگرێ.

 

ماڵپەڕی کامەران هه‌ڵوه‌دا‌

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک