په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

وردەکارییەکانى ژیانى خێزانیی تۆلستۆى و دۆستۆیێڤسکى.


و : کەژاڵ عەلا


ئاشکرایە تۆاستۆى و دۆستۆیێڤسکى دوو کەسایەتى ناسراوى گەورەن، ڕەنگە بتوانین بڵێین تەنانەت ئەو ئەدەبدۆستانەش کە زەحمەتى خوێندنەوەى بەرهەمە بەناوبانگەکانی ئەم دوو نوسەرەیان بەخۆنەداوە، تاڕادەیەک ئاشنایەتیان هەبێت بە ڕەفتارى مرۆڤ دۆستانەى ئەم دووبلیمەتە ، چونکە ئەوان جێدەستیان ئێجگار دیارە لەجیهانى ئەدەبیاتدا. بەڵام ئاخۆ دۆستۆیێڤسکى  و تۆلستۆى لە چوارچێوەى خێزاندا ڕەفتاریان چۆن بووە لەگەڵ ئەندامانى خێزانەکەیاندا و هەروەها لەگەڵ دۆست و ئاشنایانیاندا چۆن هەڵسوکەوتیان کردووە؟ ئیگۆرڤۆلگین کە لێکۆڵەرەوەیەکى ئەدەبیە و ئێستا لە مۆسکۆ دەژى لەوتارێکدا هەندێک لە وردەکاریەکانى ژیانى ئەم دوو بلیمەتەمان لەچوارچێوەى خێزاندا بۆ دەخاتەروو.

دۆستۆیێڤسکى لەتەمەنى 47 ساڵیدا بووە بە باوک. یەکەم منداڵی لە ئاناى هاوسەرى کە تەمەنى(21 ) ساڵ بوو لەساڵى" 1868" دا لەشارى جنێف هاتۆتە دنیاوە. ئانا نوسیویەتى:" فیۆدور میهرەبانترین باوک بووە کەمن دیبێتم، ئەمکارەش منى زۆر دڵخۆشکرد". ئەو هەمیشە یارمەتى دەدام بۆئەوەى کچە بچکۆلانەکەمان ببەینە گەرماو تابیشۆین، پاشان خۆى لەپەتۆکەیەوە دەپێچ و جلەکانى لەبەر دەکرد و لەباوەشى دەگرت و ڕایدەژند تاخەوى لێدەکەوت... ئەگەر بچووکترین جوڵە یا کۆکەیەکى بکردایە هەرکارێکى هەبوایە وازى لێدەهێن و خێرا دەچووبەدەمیەوە..ئەو چەندین سەعات بەلاى لانکەکەیەوە دادەنیشت وگۆرانى بۆدەوت و قسەى بۆ دەکرد. سۆنیا لەتەمەنى سێ مانگیدا تووشى نەخۆشى هەوکردنى سیەکان بوو، بەوهۆیەوە گیانى لەدەستدا.." فیۆدور لەڕادەبەدەر پەرێشان و نائومێد بوو. لەبەرامبەر لاشەی سارد و سرى جگەرگۆشەکەیدا ڕاوەست و وەکو ژنێک بەدەنگى بەرز دەگری و فرمێسکى بۆ دەڕشت...من تائەو دەمە هەرگیز بەوجۆرە نائومێدى جەرگبڕى هیچ کەسێکم بەچاوەکانم نەدیتبوو."

ئەوان پاش ئەوکارەساتە جنێفیان بەجێهێشت. دۆستۆیێڤسکى زۆربەى کات گلەیى لە چارەڕەشیى خۆى دەکرد و بەدەم خەم و خەفەتەوە دەتلایەوە. بۆیەکەمین جاربوو لەلاى ئاناى هاوسەرى باسى لەو خەم و خەفەتانەدەکرد کەلەناخیدا کەڵەکە ببوون." هەرگیز تائەو کاتە باسى لە مەرگى جەرگبڕى ئازیزانى نزیکى خۆى نەکردبوو کە بەناچارى دەیویست لەبیرى خۆى بباتەوە... بەڵام دەتووت بەهۆى مەرگى کۆرپەلە تاقانەکەیەوە برینى کۆنى هاتبێتەوە سو و ئەو دەروازەیەشى بۆ واڵابووبێت کە باس لە مەرگى جەرگبڕى براکەى و هاوسەرى یەکەمی بۆ بگێڕێتەوە. تەنانەت ئەو بەرنامە ڕێک و پێکە هەمیشەییەشى کە تەرخانى کردبوو بۆ نووسینەکانى نەیدەتوانى کاریگەرى هەبێت لەسەر ژیانى و خەم و خەفەتەکانى لەبیر بباتەوە...دەیوت:" ئەگەر دووبارە منداڵێکى تریشم ببێت، نازانم چۆنى بتوانم خۆشم بوێت، ئیتر بەکام عیشق و کام موحیبەت؟!"

ساڵ و نیوێک پاش مەرگى سۆنیا، کچى دووەمیان بەناوى "لیووبا" لەشارى "درێسدن" لەدایک بوو. لە ساڵى "1871" دۆستۆیێڤسکى پاش چوار ساڵ ئاوارەیى گەڕایەوە بۆ روسیا. لەشارى سانپیترەسبۆرگ ئانا منداڵى سێیەمى کە کوڕبوو بەناوى( فیۆدور )بەدنیا هێنا.

دۆستۆیێڤسکى باوکێکى گەلەک باشبوو بۆمنداڵەکانى. ئەو هەرلەسەرەتادا گرنگى زۆرى دەدا بە پەروەردەکردنى منداڵەکانى و فێرى خوڕەوشتى جوان و ژیرى دەکردن. لەکاتێکدا لەو تەمەنەدا زۆربەى باوکەکان منداڵەکانیان دەخستە دایەنگاوە.. ئەڵبەتە جگە لەدەورى مامۆستایى، ئەودەیتوانى ئەگەر پێویستیەک ڕووى بدایە و دەبوو بە پەرستییارى منداڵەکانى  و ئەو بەم کارەى لەڕادەبەدەر خۆشحاڵ دەبوو. کچەکەى دەربارەى باوکى دەڵێت: "کاتێک وردە وردە گەوردەبووین ئەو تاڕادەیەک سەختگیر بوو لەگەڵماندا، بەڵام کە منداڵبووین ئێجگار میهرەبان بوو.. من بەمنداَلى زۆر توڕەبووم  و زۆربەى کات دەگریام، باوکم بۆئەوەى سەرگەرمم بکات زۆرجار ناچارى دەکردم کە لەگەڵیدا سەمابکەم. مێزو قەنەفەکانمان دەنوساند بەدیوارەکەوە بۆ ئەوەى ژورەکە گەورەتربێت.. پاشان براکەم و دایکیشم دەهاتن و هەموو پێکەوە سەمامان دەکرد".

بەڕاستى زۆرئەستەمە وێنەى دۆستۆیێڤسکى بێنیتە بەرچاوى خۆت لەکاتى سەماکردنا، بەڵام لەکاتى وتارخوێندندا بەو جۆرە نیە ، چونکە وێنەى دۆستۆیێڤسکى لە مێشکى خەڵکدا وێنەى پیاوێکە بەدەموچاوێکى دوور لەپێکەنیین وەک پێغەمبەرێک. کەئەمەش بەزەحمەت لەگەڵ دیمەنى خێزانێکى پڕلە سەفاو خۆشیدا دەگونجێت. ئانا زۆر جار گلەیى ئەوەى دەکرد ئەو کەسانەى دواتر دەربارەى دۆستۆیێڤسکى قسەیان دەکرد کە وەک کەسێکى عەبوس و غەمبار ناویان دەهێنا. بەڵام بەلاى ئاناوە ئەو مرۆڤێکى زۆر لەوە جیاواز بوو.

دۆستۆیێڤسکى لەنامەیەکیدا کە بۆ هاوڕێیەکى نوسیبوو دەڵێت:"سەیرە کەچۆن تائێستا ژنت نەهێناوە و بۆچى منداڵت نەبووە؟...بەوخوایە، سێ چوارەمى بەختەوەریە ڕاستیەکانى دنیا لەناو خێزانەکەتدایە و شتەکانى تر تەنها چواریەکى بەختەوەریت پێدەبەخشێت.". هەروەها لەنامەیەکى تریدا دەڵێت:" منداڵ مایەى ئەشکەنجە و ئازارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بوونى پێویستە..ئەگەر منداڵت نەبێت ژیان بێ ئامانج دەبەیتە سەر. کەسانێکى زۆر باش دەناسم کە خێزاندارن بەڵام منداڵیان نیە، کەچى لەگەڵ ئەو هەموو چاکى و تواناى عەقڵیەیاندا کەم وکوڕیان هەیە.."خوا ئاگادارە من حەقیقەت دەڵێم" کاتێک دەگەنە سەر بابەتە گرنگەکانى ژیان لەوەدەچێت هیچ وەڵامێکیان پێنەبێت".

منداڵ لەبەرهەمەکانى دۆستۆیێڤسکیدا هەمیشە پیێوەرى هەڵسەنگاندنى مرۆڤ  و دادپەروەرى خوداییە. "گوێبگرە: ئەگەر بەدیهاتنى پێکەوەگونجانى هەمیشەى مرۆڤەکان پێویستى بەئازارچەشتنى هەموان بێت ئیتر مناڵان گوناحیان چیە توشى ئەشکەنجە دەبن؟ وەڵام بدەرەوە.. تکات لێدەکەم".

هەروەک چۆن هێنانەبەرچاوى وێنەى دۆستۆیێڤسکى لە ئامێزى گەرمى خێزانەکەیدا دشوارە، لەهەمانکاتیشدا ناتوانرێت وێنەی تۆلستۆى لەدەرەوەى ئەوەدا بێنیتە بەرچاو. چونکە ئەو سەرۆکى خێزانەکەى بوو، خۆى بەگەورەو خانەدان دەزانى، ئامانج و جوڵەى تەواوى خێزانەکەى بەوەوە بەسترابوونەوە و ئەو دایدەڕێژا. هەرچەندە ئاشکرایە نێوانى تۆلستۆى و خێزانەکەى هەمیشە مەودایەکى بەرچاو هەبوو تاڕادەیەک لەیەکەوە دووربوون.
سۆفیاى هاوسەرى تۆلستۆى نوسیوویەتى:"پاش لەدایک بوونى یەکەمین منداڵم، هەرچى توانایەکم هەبووبۆ پەروەردەکردن و گەشەکردنى ئەو خستمەگەڕ ، هەمووشتەکانى تر بەلامەوە لاوەکیبوو.. بەڵام لەلاى لێڤ هونەرەکەى لەپێش هەمووشتێکەوەبوو، دواى ئەوە هەموو شتەکانى تر بەلایەوە لاوەکى بوو".

سۆفیا دەربارەى زستانى (1880)دا لە یاسنایاپۆڵیانا نوسیویەتى:" کەبەڕاستى ژیان دوور لە مێردەکەى هیچ خۆشیەکى بۆ ئەو تیانەماوە. ئەو مێردەى کەهێشتا خۆشى دەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر کەیفى بە میواندارى  وهەڵسوکەوتى لەگەڵ خەڵکی تردا دێت..".. لێڤ ئەمەندە خۆى لەمن دوورخستۆتەوە کەحەزدەکەم جارێکى تر خۆم تەسلیمى ژیانێکى گۆشەگیرى بکەم!".

ئەڵبەتە شتێکى ڕاست نیە لەسەر ئەوەى کە تۆلستۆى نەیتوانیووە شانبەشانى ئاستى ئەندێشەى هاوسەرەکەى بەڕێبکەوێت، هەرچەندە ئاناش لەجیهانى ئەندێشەدا هاوشانى دۆستۆیێڤسکى نەبوو، بەڵام ژیانى داهێنەرانەو بیرمەندانەى دۆستۆیێڤسکى بەهیچ جۆرێک نەبووە درووستبوونى کێشەیەک لەپەیوەندى نزیک و پڕخۆشەویستى ئەو لەگەڵ هاوسەرەکەیدا. هەروەها چالاکى عەقڵى قوڵى ئەو نەبووە ڕێگر لەوەدا کە ئەو لەپەیوەندى خێزانیدا پیاوێکى بێفڕوفێڵ و خوێنگەرم و میهرەبانبێت .

هاوسەرى تۆلستۆى بەیادى ڕابووردووەوە دەنووسێت:" ڕەفتارى لێڤ لەگەڵ خێزانەکەیدا، بەدرێژایى ژیانى دەبووە هۆى توڕەبوونى من . بۆنموونە جارێک نووسیبووى: "واهەست دەکات کاتێک لەگەڵ ئێمەدا دەژی، زیاتر لەئێمەوە دوورە تائەو کاتەى کە بەڕاستى لاى ئێمەنیە". بەڵام دۆیستۆیێڤیسکى، دوورى خۆى لەخێزانەکەى کەبەناچارى تووشى دەهات وەکو حاڵەتێکى نائاسایى ڕەفتارى لەگەڵ دەکرد. هەرکاتێکیش کە تەنها بوایە، زۆر ئارەزووى لەکارکردن نەبوو." باوەڕناکەى کەتا چ ڕادەیەک غەمباردەبم، بەتایبەتى دەمەوئێواران، بەدرێژایى ئەو کاتانەى کە بیر لە منداڵەکان و تۆ دەکەمەوە! هەتازیاتریش دووربکەومەوە زیاتر هەست بە پەژارە دەکەم".

دۆستۆیێڤسکى لەکاروبارى خێزانەکەیدا خۆى نوقم دەکرد. بەڵام تۆلستۆى کە سەرۆکى خێزان بوو، خۆى لە خێزانەکەى بەدوور دەگرت. بەلاى ئەوەوە هەندێک جار پەیوەندیان هەبوو لەبەڕێوەبردنى موڵکەکانیانەوە و هەندێک جاریش پەیوەندیان هەبوو تەنیا بەکاروبارى ماڵدارییەوە." ئەو زۆرجار تواناى ئەوەى هەبوو کە خۆى تەرخان بکات بۆ کاروبارى پەروەردەکردن . بەڵام ئەم مەسەلانە لە بنچینەدا دوور لەسنوورى خێزان بوو". سۆفیا زۆرجار دەیوت:"ئایا باشتر وانیە لەجیاتَى پێڵاو دوورین، یاهەویر شێلان، یا ئاودەرهێنان لەبیر ودار وردکردن، لە ئەنجامدانى کاروبارى ناوماڵدا بیتە لاى هاوسەرەکەى و دەرفەتێکى بداتآ بۆئەوەى تام لە دایکایەتی ببینآ؟".

لەساڵى (1877)دا بەدرێژایى جەنگى نێوان ڕووسی و تورک، دۆستۆیێڤسکى  و خێزانەکەى لە سان پیترەسبۆرگەوە دەچوون بۆ ناوچەى کورسک. شەمەندەفەرەکەیان، لەبەر ئەوەى شەمەندەفەرى سەربازى بەوناوەدا تێدەپەڕین ماوەیەکى زۆر دواکەوت . ئانا لەم ڕوەوە نووسیویەتى:" کاتێک کەبیر لەو سەفەرە دوورودرێژەمان دەکەمەوە زۆر سەرسام دەبم! لەگەڵ ئەوەى چۆن فیۆدۆر لە ڕووبەڕووبوونەوەى کاروبارى ڕۆژانەدا چەند زوو تووڕەدەبوو، بەڵام بەدرێژایى ئەو سەفەرە لەڕادەبەدەر سەبووربوو!. ئەو بە هەمووشتێک ڕازى دەبوو ...تاکۆتایى یارمەتى من وکارەکەرەکەى دەدا لەچاودێرى کردنى منداڵەکاندا...تواناى ئەو لەئارامکردنى منداڵەکاندا بەڕاستى منى سەرسام دەکرد. بەشێوەیەکى تایبەتى لەگەڵیاندا دەدو و دەربارەى ئارەزووەکانیان لەئایندەدا پرسیارى لێدەکردن و باوەڕبەخۆبوونى زیاد دەکردن و بەشێوەیەکى سەرسو وڕهێنەر سەرنجى منداڵەکانى بۆلاى خۆى ڕاکێشابوو. هەرکاتێک کە ئانا ناچاردەبوو بۆماوەیەک منداڵەکانى بەجێ بێڵێت، دۆستۆیێڤسکى چاودێرى لێدەکردن. ڕەفتارێکى زۆر باشى هەبوو لەگەڵیاندا. تەنانەت دەتوانین بڵێن وەک و هاوسەرێکى شارەزا دەورى دەبینى. بەجۆرێک ڕێنوومایى ئاناى دەکرد لە کاروبارى منداڵەکاندا، کەبەشێوەیەکى ئاسایى ژن بەپیاوى دەدا. " فیۆدۆر پێویستى بە کڵاوە چۆنە کڵاوێکى بۆ پەیدابکەم. لەکۆستینیا فۆرد لەتەنیشت کەنیسەیەکى بچووک دووکانێک هەبە کە شتى منداڵانە دەفرۆشێت کڵاویش دەفرۆشێت..".

هەموو ئەم دێڕانە لە ئابى (1880)دا نووسراوە واتا کاتێک دۆستۆیێڤسکى خەریکى نووسینى ڕۆمانى ( برایانى کارامازۆف )بوو. ئایا لێڤ تۆلستۆى کاتێک خەریکى نووسینى ڕۆمانى( سۆناتەی کرۆیتزەر) بووئایا تاقەتى هەبوو خۆى بەکاروبارى خێزانییەوە مەشغوڵبکات؟ سۆفیا نووسیویەتى"لێڤ بیتاقەت بوو، نەیدەویست کات وهێز و تواناى خۆى بۆ خێزانەکەى بەفیڕۆبدات و ئەم کارەى نەدەکرد..بەڵام ئەو لەپلەى نووسەر و بیرمەندێکدا مافى ئەوەى هەبوو." بەهۆى ئەم تێبینیەى دواییەوە خەڵکى ڕقیان لێى هەستا بوو، ڕقێک کەبەهۆى ئەم گلەیى و سەرزەنشتانەى سۆفیاوە ڕووى دابوو".

" لێڤ حەقى بەسەر منداڵەکانەوە نەبوو بەتایبەتى دواى سێیهەم منداڵی تەنانەت بۆ بچوکترین منداڵیشى کارێکى ئەوتۆى ئەنجام نەدا" . لەبیرەوەریەکانى سۆفیادا زۆر شتى نەوتراو ماوە بەتایبەتى کاتێک ئەم بیرەوەریانە بەراورددەکرێن لەسەراحەتى ئەو نامانەدا کە ئەو نوسیویەتى. لەبەروارى (5 شوباتى 1884)دا سۆفیا بۆ خوشکەکەى نووسیوە:" کۆمەڵێک منداڵى گەورەو بچووکى بۆ بەجێهێشتووم . جگە لەوەش ئەو نە لەزەت لەخێزانەکەى وەردەگرێت و نەیەک زەڕەش هەست بەبەرپرسیارێتى ئەکا بەرامبەریان .. من رۆژ بەڕۆژ لەبەرامبەر ئەودا زیاتر هەست بەساردى دەکەم. بیجگە لەهەستکردن بە بێتاقەتى هیچ هەستێکى ترنیە..ئێمە هیچ کاتێک پێکەوە گفتوگۆناکەین، من هەرگیز ئیحساسى دڵم بەو ناڵێم..لەبەر ئەوەى ئەنجامدانى ئەوکارەى پەیوەندى بەمنداڵە گەورەکانەوە هەیە زۆر زەحمەتە بەلامەوە.. بەهۆى ئەو خێزانەگەورەیەوە و بەهۆى ئەوەشەوە کە سکم هەیە.. زۆر خۆش حاڵ ئەبم کە نەخۆشبکەوم، یاتووشى کارەساتێک بم. یانى هەرشتێک من ئارامبکاتەوە و ئەودەرفەتەم بداتآ کەلەم ژیانە قوتارببم.

ناتوانین بڵێن کە لیڤ تۆلستۆى خۆى بەدووردەگرت لەبەشداریکردن لەپەروەردەکردنى مناڵەکانیدا.. ئەو لە بیرەوەریەکانیدا نوسیویەتى: "کێ مناڵەکان گەورە ئەکات! ژنێک، کەبەبێ ئەوەى هیچ بیروباوەڕێکى جێگیرى هەبێت؟ میهرەبان، بەڵام لاوازو ناجێگیر. کەبەهۆى نیگەرانى بیهۆوە خۆى بێتاقەت دەکات ئەو ئازار دەچێژێت و منیش بەچاوى خۆم دەبینم مناڵەکان خەریکن دەفەوتێن . ئەم کارە بەهیچ جۆرآ ئەنجامێکى باشى نابێت ئەوانە بەبێ هۆ دەردەسەرى بۆخۆیان درووست دەکەن". هەروەها دەڵێت:" ئایا کارێکى ڕاستە ئەگەر ڕێگەبدەم ئەم وەزعە بەردەوام بێت وەهیچ کارێک بەرامبەرى نەکەم؟ من دوعا دەکەم کە ئەم وەزع و حالە لەئێستا باشتربێت.. بەڵام من خۆم دەزانم کەمن هیچ کارێکم لەدەست نایەت". سۆفیا درێژەى پێدەدات و دەڵێت:"ئەو خۆى تەسلیمى ئەم جۆرە بۆچوونانەدەکرد و ئینجا دەڕۆشت بۆ دوورینەوەى گیا".

ئەم بۆچوونانەى سۆفیا جێگەى قسەن.. چونکە دەبێت بڵێین کە بەلاى منالەکانى لێڤ تۆلستۆى خۆیانەوە، ئەو پیاوێک بووە کە کاریگەریەکى قوڵى لەسەر گەشە و پێگەیشتنى ئەخلاقى ئەوان بەجێهێشتوە". بەپێچەوانەى تۆلستۆیەوە کە کەوتبووە ژێر کاریگەرى کارووبارى خێزانەوە کەلەوەئەچووکۆتایى نەبێت، دۆستۆیێڤسکى بە شەوان ئیشى دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا بەجۆرێک کارەکانى خۆى ڕێکخستبوو کە کارى نەدەکردە سەر کاروبارى ژیانى خێزانەکەى. لە ئاپارتمانێکى ئاسایى یا لەخانوویەکى بچکۆلانەدا لە شارى ئاستارایاروسا ژیانى بەسەردەبرد، کەلەم شوێنانەدا کاتى ئەوەى هەبوو کەخەریکى ئیشى خۆى بێت. ئەو ناچار نەبوو کە دژى سامانێکى جێگیر بجەنگآ. بەدرێژاى ڕۆژ خواستى ئەو لەدەرەوەى سنوورى خێزاندا نەبوو. تایبەتمەندیەکانى ژیانى خێزانى ئەو، بەهیچ جۆرێ نەبووە هۆى لاوازبوونى عادەتەکانى تاکێک.

کچەکەى دۆستۆیێڤسکى دەڵێت:" من هەرگیز باوکى خۆم بە بیجامە و نەعلى ناوماڵەوە نەدیوە!. هەر لەبەیانیەوە جل وبەرگى ڕێک وپێکى دەپۆشى، پۆتینى لەپێدەکرد، کراسى سپى و یەقەدارى لەبەر دەکرد، بۆینباخى دەبەست. ئەو دەیتوانى جل وبەرگى کۆنەش لەبەربکات، بەڵام هەمیشە حەزى دەکرد جلەکانى لاى خەیاتێکى شارەزابدوورێت.. خۆشى جلەکانى خۆى دەشۆرد. عادەتەن درەنگ ڕۆژەکەى دەستى پێدەکرد  و درەنگ دەنووست، شەوانە پێش ئەوەى بچێتە ناو جێ نووستنەکەیەوە چایەک یا قاوەیەکى خەستى دەخواردەوە و خۆشى ئامادەى دەکرد. بەتەنهایى خواردن و خواردنەوەکەى دەخوارد. بەڵام کاتى بەرچایى حەزى لێبوو لەگەڵ منداڵەکانیدا دانیشێت و باسى پەیوەندى و کێشەکانى ڕۆژانەیان لەگەڵدا بکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە شێوى لەگەڵ خێزانەکەیدا دەخوارد کەزۆر درەنگ ئامادە دەکرا، ئەو بابەتانەى لەکاتى شێودا باسدەکرا ئاسایى ترین بابەتەکان بوون و ئەو شتانەبوون کە ئەندامە وردەکەکانى خێزانیش لێیان تێدەگەیشت... بەڵام بەنیسبەت تۆلستۆیەوە لە یاسنایاپۆلینا لەگەڵ هەموو ئەندامانى خێزان پێکەوە دادەنیشتن لەسەر مێزى نانخواردنەکەیاندا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جارجار تۆلستۆی لەوآ دووردەکەوتەوە لەبەردەستا نەبوو.. ئەو کە هەوڵدەدات خۆى لە خێزانەکەى بەدووربگرێ زۆر بەدەگمەن باسى لەکارووبارى ڕۆژانەى خێزانەکەى دەکرد، بەردەوام لە تەنهایى و خەڵوەتدا بوو. بەردەوام دووربوو لە خەڵکى تر. کاتێک کە لەگەڵ خێزانەکەشیدا دادەنیشتن بۆ نان خواردن بەڵام وەک ئەوەوابوو خۆى بەتەنیا لەسەر مێزێک دانیشتبێت.. جارجار لەوەئەچوو تۆلستۆی زیاتر دڵى بەشوێنى ژیانەکە خۆشتربێت تاکو ئەوکەسانەى لەو شوێنەدائەژین!.. دۆستۆیێڤسکى گۆشەیەکى لەوجۆرە و دوورەپەرَیزى نەبوو تایبەت بەخۆى بێت کەبۆى مابێتەوە.. ماڵەکەى لە ئاستایارا روسا لەودوایەدا کڕى. دەشکرآ بوترآ ئەو هەمیشە "بێگانە" بوو. لە سانت پیترەسبۆرگ تا کۆتایى ژیانى هەرلە ئاڵوگۆرکردنى ئاپارتمانا بوو. بەکۆى هەمووى نزیکەى لە "21" ئاپارتماندا ژیانى بەسەربردوە!. ئارەزوویەکى گەورەى ئەو ئەوە بوو کە پارچە زەوییەک بکڕێت و ببێت بە ئەسیرى خاک و کشتوکاڵ.. بەڵام ئەم ئارەزووەى هەرگیز نەهاتەدى. ئەوخۆى کردبوە ئەسیرى خەڵک و ئەسیرى ئەو کەسانەبوو کەلەهەمووکەس زیاتر بەو نزیکبوون. ڕەگ و ڕیشەى لەخاکى خێزانەکەیدا قوڵتربوو لە هەر شوێنکى تر.

ژیانى خێزانى تۆلستۆى وەکو ئەفسانەیەک وابوو. لەساڵەکانى یەکەمدا لوتف و خۆشیى شاعیرانەى خێزان لەهەموو شت بەهێزتربووکە ئەوى سەرسام کردبوو. بەڵام تۆلستۆى لەخودى خۆیا بەتەبیعەت کەسێکى تەنیا بوو، ئەو هەرچەندە خۆى لایەنگرى نوێنەرى پەیوەندى خێزانیى بوو، دووچارى ڕووبەڕووبەنەوەیەکى کوشندە بوو لەگەڵ غەریزەى کوێرانەى خێڵەکەیدا. پاشان یاسنایاپۆلیناى بەجێهێشت تا خۆى لەخەڵوەتى دنیاى خاکیدا ببینێتەوە... تۆلستۆی کاتێک کەمرد بەشێک نەبوو لەخێزانەکەى خۆى..


ئەو ژیانە پڕ هەورازوو نشێوەى کە دۆستۆیێڤسکى لە ڕۆمانەکانیدا باسى دەکات ژیانى ئەو مرۆڤە بیلانانەیە کەتووشى گورزى ڕووخێنەربوون  و خۆیان و خێزانەکانیشیان بەردەوام لەمەترسیدان. ڕۆمانەکانى دۆستۆیێڤسکى هەرگیز بە هاوسەرگیریەکى خۆش کۆتاییان نایەت. بەڵکو زۆربەى کات بەلەیەکترازانى خێزان کۆتایى دآ." دۆستۆیێڤسکى هەرچەندە لە نووسینەکانیدا بەنووسەرى پەیوەندى درۆوستکدرنی )خۆوشانسى( دەمێنێتەوە.. بەڵام ئەو لەژیانى واقعى خۆیدا گیان و جەستەى خۆى دەکردە فوربانى تا خێزانەکەى سەلامەت و بەختەوەربن.


سەرچاوە:
گۆڤارى (ئه‌ده‌بستان) ژمارە_ 24_ ساڵى 1370 .


لەندەن