![]()
|
١٣\٨\٢٠٢ وڕێنە.
ئەرسەلان مەحمود ١ لە تەنهاییدا، نە شێخ دیارە و نە دەروێش. ٢ کۆڵبەرەکان، لە ئاوێنەی کانییەکدا، خەندەی ژنەکانیان دەبینن. ٣ لەم زەمەندا، داهۆڵەکان لە مرۆڤ زیاترن. ٤ تەمەنم تێپەڕی و لە بەرامبەر داربەڕووە پیرەکەدا شەرم دامدەگرێ.
٥ منداڵەکە بەسەر سەری سێبەری لووتکەکانەوە، دەگرییەت، ئەو سینییە زیوەم بدەنێ. ٦ شەوانی پاییزیی، با لە کونێکی لاپاڵەوە شمشاڵ بۆ بێدەنگی دەژەنێت. ٧ لە کوخێکی تەرادا، مێشوولەیەک و شوانێکی ماندوو. ٨ تەنانەت جەردەکانیش، مانگەشەویان لە پەنجەرەی ماڵە هەژارەکاندا جێهێشت. ٩ زریان، بەردێکی بچووکیش ناداتە زەنگۆڵەی بەرانەکە. ١٠ لخی دارگوێزەکە، سووارچاکە لەخۆبایییەکەی لە ئەسپەکە خستە خوارێ. ١١ هەنارێک دەکەوێتە خوارێ، بۆقەکانی ناو جۆگەلەکە لەپڕێکدا بێدەنگ دەبن. ١٢
ئای چەند جوان بوون، ئەو هێشووە ترێیانەی دەستمان پێیان نەگەیشت. ١٣ لە هەر شوێنێک مرۆڤ هەبێت، مێشوولەیەک و نزایەک و بەرازێک هەیە. ١٤ کانییەکەی باپیرەم، ئێستاش سەتڵێک پڕ دەکات لە تیشکی ئەستێرە. ١٥ هۆی بووکەبەفرینەکە، پێتنەوتم بنەچەی ڕۆحی تۆ لە کام لوتکەوە هاتووە؟ ١٦ هەرگیز لە ئاست گەورەترینەکانیشدا، کڵاوە لبادییەکەی لا نادات داهۆڵ! ١٧ تەنوورەکە گەرم بکە هاوڕێ، دیارییەکی زۆر جوانم هەیە بۆت، تۆپەڵێک بەفری کوێستان. ١٨ گەر بمزانیایە پیری دێت و لە دەرگە دەدات، دەرگەی حەوشەم پێوە دەدا و دەمگوت، نەخێر، خاوەنماڵ لێرە نییە. ١٩ وەرە با بچین بنووین، ئاگرکردنەوەی نەورۆز خەمی بەیانییە. ٢٠ هیچ شتێک بۆ بینین نییە، نە شاخەکان دیارن و نە دۆڵەکان، تەنها بەفر و بەفر. ٢١ زۆر ساردە ئەم مەئوایە، تەنانەت پەپوولەپاییزییەکیش نافڕێت بە دەوری فانۆسەکەدا. ٢٢ کەسیان لە حەوشەکەدا دیار نییە، لەژێر سێبەری دار هەنجیرەکەدا، چرایەک بە تەنها دەسوتێت.
|