په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٨\٢٠١٢

    وڕینەکردنێکی عەسرانە.

بەڕێز تاسان

١

ئارەزوومە
زەوی ببێتە تۆپێکی بچووک
شەقەی تێھەڵدەم و
بچیتە تەنیشت پلۆتۆ
تا ببێتە بەستەڵەک.

٢

نایەمە دەرەوە
لە ژوورەکەم خەریکی
دروست کردنی مەسعەدێکم
بۆ سەر مەریخ
دەمەوێت ڕابکەم.

٣

زۆر دەخەوم
بەلکو فریشتەی رۆح کێشان
لە خەو ببینم
لێی بپرسم،
ئەو نامانەی من بۆچی ناخونێتەوە.

٤

ئەگەر ببمە جادوگەر
ھەولێر وون دەکەم و
دەیبمە تەنیشت کابول
ئاخر ، ھەموو یاسایەکانی وەک ئەوێن.

٥

بە نیازم ژن بھێنم
بۆ ئەوەی کوڕَێک بھێنمە دونیا
فێرە دەکەم چۆن خەلک فریوو بدات
تا تۆڵەی باوکی بکاتەوە.
٦
مەیخانەکانی
شارخۆشترین شوێنن
گیرفانت دەبڕن و دووباڵت پێدەدەن
دەفڕیت، بەبێ تەزکیەی حزبی.

٧

نازدار حەیرانی من
ھێندەی گەنجە
بێکارەکانی ھەولێر
بیرت دەکەم


(بە بێ تۆ).


فەیسبوکەکەم بلۆک دەکەم
لە پێش مزگەوتان دامە لەگەڵ حاجیان دەکەم
پرچم سۆر دەکەم ڕیشم درێژ
لەگەڵ شەھلای جیرانمان،
دەکەوینە زەمی خەڵک.


دەبمە شەلاتییەکی شار
بەڕۆژ چاو لەخەڵک سۆر دەکەمەوە
بە شەویش ڕێگا لەخەڵک دەگرم
لە ترافیکەکان بەرد دەگرمە سەیاران
سەر لە پۆلیسی ھاتوچۆ تێک دەدەم.


خۆم سەرخۆش دەکەم
لە دەرگای مالی دراوسێ یەکان دەدەم
پێیان دەڵێم: ماڵی
(بەڕێز تاسان) لە کوێیە.


عارەبانەیەکی سێ تایە دەکڕم
شامدەری دەفرۆشم،
قازانجەکەی تەنھا بە شەڕاب دەدەم
ھیچ شتێ ناخوێنمەوە
لەگەڵ عەلۆی برام دۆمینە دەکەم.


یەعقوب ئاسا
کوخێک لەسەر رێگاکەت دروست دەکەم
ژنانی گەرەک تیایدا کۆدەکەمەوە
پارەیەیان پێدەدەم
تا بۆ دووریت شیوەن بکەن.


مام ھەمزە، وەلی بڕنۆ و
تۆفیقە شەل و، حاجی بەکر
بە شلەساواری
داوەت دەکەم نوکتە دەگێڕینەوە و
پێ دەکەنین
ھاھاھاھاھاھاھاھاھا.


کتێبەکانم دەفرۆشم
بۆیاغی شینی پێدەکڕم
لە گشت دیوارەکانی شار دەنووسم
(سوێند دەخۆم دەگەرێیتەوە)


(تەنھا من، سەرخۆش نیم).


مەستیت باش
پێکە غەمبارەکەم، بمبەخشە
دوێنی، سەرخۆشم کردی
ئەی نەمووت،
ئەوەندە من مەخۆرەوە


ئاوێنەکەم
ساڵی چەند
گەنجیم دەگەرێتەوە
تۆش، درۆت کرد، لەگەڵم.


ژوورەکەم
زیندانێکی ئەبەدی منی
ھەرگیز لە بیرت ناکەم
تۆش لەبیرم مەکە.


شەو باش
دار سنەوبەرەکە
منم، نامناسیووە
ئاخر، فرمێسکەکانی من نەبا
دەمێک بوو وشکت کردبوو.


کتێبە تۆز لەسەر نیشتیوەکان
ھیچ شتێک لە ئێوە فێرنەبووم
تەنھا ئەو ڕستەیە نەبێ
(دنیا بەھەشتی گەمژەکانە).


ئەو کاتەت باش
پەنجەرە ھەردەم واڵاکەم
تۆشم تووشی چاوەڕوانی کرد
ئەو ڕەشەبایە ھەر دەرنەکەوت.


ژیان
دوژمنە سەر سەختەکەم
پەشیمانم کە تۆم کوشت
ئاخر دەبوایە
تۆ من بکوژی.


(بەڕێز تاسان)
غەریبت دەکەم، تۆ لەکوێی
ئەم سەفەرت زۆری پێچوو، زۆر.


خامە دڵشکاوەکەم
تەنھا تۆ جێم مەھێڵە
ئەوانی تر (بە جەھەنەم).


(من نا، ئەوان وا دەڵێن) (١).


١

خەلیل سەعاتچی
بە موشتەریەکەی دەگۆت:
ھەموو سەعاتێکم چاک کردۆتەوەو فرۆشتووە
سەرم لە ھەموویان دەردەچێ
بە من چی، کە نەتوانم
سەعاتێک لاوێتیم بگەڕێنمەوە.
٢
کەریم کەناس
بە دەم ڕیش تاشینەوە بەرامبەر ئاوێنەکەی
بە خۆی دەووت:
(ورگ ئەستورە ناولینگ برسیەکان)
شار پـیس دەکەن
داخەکەم، ئێمە پـاکی دەکەینەوە.
٣
بەسێ بسک سۆر
لە پـرسەی تەھا کورەی دانیشتبوو
بە ژنەکەی تەنیشتی دەگۆت:
لەو ڕۆژەی مێردەکەم مردووە
گشت ئاوینەکانی ماڵەوەم
شکاندووە.
٤
دەروێش تەھا
بە کوڕە بچووکەکەی دەگووت:
ھەردەم خەریکی موناجاتم لەگەڵ خوا
ھەست دەکەم خوا گوێی لە منە
کەچی تا ئیستا، ڕۆڵەکانم
بۆ ساتێک گوێیان لە من نەگرتووە.
٥
سادقە رەش
بە ھاوڕێ پیرەمێردەکانی
دەگۆت:پێشتر لە گوند
دەستم لە مەمکی زۆربەی کچان دابوو
تا ئیستا نەوێرامە دەست بدەمە
مەمکی ژنەکەم.
٦
حاجی حەمە سەعید
لەگەڵ سایەق تاکسیەکە مشت و مڕیان بوو
دەیووت:دونیا خەریکە کاول دەبێ
ئەو نەوتە خوێڕیە ھەموو دونیایی
تێک بەرداوە.
٧
ڕەمەزان درێژ
دەمێک بوو نەھاتبوو بۆ شار
کە گەیشتە بازاڕ ، سەرێکی باداو و
ووتی: ئەم خەلکە چەند جوان یەکتری دەخۆن.
٨
نەجمەی حەلاق
بەیانی پێش ئەوەی بچێتە کار
بە ژنی دووەمی گۆت:
بە من چی ئەگەر قژی گشت دنیا بتاشم
کە نەتوانم قژی ژنەکانم
بە دلی خۆم بتاشم.


(پێشکەشە بە حاجی نەخشینی داپیرم ، وەک جەنگاوەر بەرەنگاری ژیان دەبۆوە)..

(خۆشم نازانم چیم نووسیە!)
١
رۆژێک
دادێ گەنج دەبمەوە
ھەموو ئەو شتانە لە سێدارە دەدەم
کە پیریان کردووم.
٢
ئیلاھی
تۆ کە گیرفانت پێ نەبەخشیم
رۆحیشم بۆخۆت بەرەوە
با چیتر خەو بە گیرفانی
پڕەوە نەبینم.
٣
ھێندە بێدەنگ کراوم
پێویستم بە یەک سەدە
زۆر بڵێی ھەیە.
٤
باوکم دەیگوت:
خۆزیا کفن گیرفانی ھەبواییە
داخەکەم پارەکەم بۆ تۆیە!
٥
داسەکان
لە سەردەستی تەموز
تۆبەیان کردووە
گولە گەنمەکان
ناچارن خۆیان لە سێ دارە بدەن.
٦
سەرم
بە کۆشی پیری کردووە
خەریکی ژماردنی تاڵە سپیەکانی قژمە.
٧
مردن:
ئەو مەعشوقەی نامەکانی منی
بەدەست ناگات

17 JuneBarez TaSan


(لە دەستم دێ)
کاتژمێری ژوورەکەم بفرۆشم، بتلێک وێسکی پێبکڕم.

خۆم ناکوژم
دینارەک لە مالەوە نییە، بەچی پرسە دابنێین.

لەقولپەی گریان دابووم
لە ناکاو، شێتێک ھاتە تەنیشتمەوە، تێر تێر بەیەکتری پێکەنین.

ناوێرم سلاو بکەم
ئەترسم ئەو کاتەی سلاو ئەدەیتەوە، بکەویتە چالێک.

خۆم سەرخۆش دەکەم
تالێم تێک بچێ، لە جیاتی مالی خۆمان ،لەدەرگای ماڵی یار بدەم.


١

من و کەروێشکەکە
دلی یەکترمان دەدایەوە
لە ناکاو پشیلە چاو سوورەکە دەرکەوت،
نەیھێشت فرمێسەکانی یەکتر بسڕین.
٢
مەڕەکە دەیگوت:
تا جەژنی قوربان مابێ،
ھیچ وانەیەک فێری
بەرخۆڵەکانم ناکەم.
٣
بیرمە کۆمەڵێک
بزن رویان لەم دۆڵە کرد،
سەوزاییان تێدا نەھێشت،
چوون بۆ قەدپاڵی چیا.
٤
حوشتر،
خەڵکی ئەم ھەوارە بوایە
لە داخان، بە سەرخۆشی دەسورایەوە.
٥
سەگەکان پێشتر
لەگەڵ شواندا نانەکەیان لەت دەکرد
ئەمێیستا لە کۆڵانە تاریکەکان
سواڵی نان دەکەن.
٦
چۆلەکە دڵشکاوەکان،
بەدوای سۆراخی خۆیاندان
،کوندە پەپو پێکەنینی پێیان دێت.
٧
ئەگەر
مرۆف ھێندەی بەتریق عاشق بوایە
زەوی گشتی دەبوو بە بەستەڵەک.
٨
خۆزیا نیشتمانم زەلکاو دەبوو
وەک بۆقەکان ئازادانە، گۆرانیم
بۆ مەعشوقەکەم دەخوێند.
 

barez.tasan@facebook.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک