٤\١٢\٢٠٢٢
وتەی دەشتی
جەمال لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی بەریتانیا.
بۆ پاڵپشتیی لە خۆپیشاندان و
ناڕەزایەتییەکانی ژنان و لاوان و خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران.
بەرواری ٢٨\١١\٢٠٢٢
ئازادیخوازان، ئامادەبووانی بەڕێز.
بە ناوی
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنتان دەکەم
بۆ ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئێران، هەروەها
زۆر سوپاسی جۆن مەکدۆناڵد دەکەم بۆ بەڕێخستنی ئەم کۆبوونەوەیە، پێم
خۆشە ئەوەش بڵێم جۆن یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی وەك هەمیشە لە ڕیزی
پێشەوەی بەرگری لە بزووتنەوەی کرێکاری و مافەکانی پەنابەران و ژنان و
بەرگری لە ئازادی ڕاوەستاوە. هاوکات زۆر سوپاسی وتاربێژانی ئەم شەو
بکەم کە بە پیل بانگهێشتی ئێمەوە هاتن و بەشدارن لەگەڵمان. من نامەوێت
باس لەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕە رادیکاڵانە بکەم کە زیاتر لە دوو مانگە لە
سەرتاسەری شار و شارۆچکەکانی ئێران بەڕێکەوتووە و دروشمی ئازادی و
یەکسانی بەرجەستە کردوە و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی نیشانە گرتووە و نا بەو
ڕژێمە دەڵێت و داوای ڕووخانی دەکات، وە تەنانەت لە پشتیوانییەکی جیهانی
لەئاستی دەرەوەیشدا بەرەو ڕووە، هەروەها نامەوێت باس لە چوار دەهەی ئەو
ستەم و مرۆڤکوژی و ئیعدام و بێمافی و سەرکوت و جیاکارییە مرۆییە و
ئاپارتایدییە رەگەزییە بکەم کە ژنان و خەڵکی ئێرانی لەگەڵدا بەرەوڕوون
و بەم ڕۆژەی ئێستایان گەیشتوون، هاوکات ناشمەوێت باسی
تایبەتمەندییەکانی ئەم جووڵانەوە ناڕەزایەتییە بکەم کە هەموو خەڵکی بە
درۆ لە ناسنامەی قەومی مەزهەبی و زمان، یەكدەست خۆیان ڕێکخستوە و
هاوکاری و هاوئاهەنگی یەکتر دەکەن وە نایان بۆ کۆماری ئیسلامی
بەرزکردۆتەوە، هەروەها باس لە خاڵە لاواز و بەهێزەکان و ئەو
مەترسییانەی کە حیزبە راستەکان تەنانەت بەشێکیش لە چەپ دەیخەنە بەردەم
ئەم ناڕەزایەتییانە، هەروەها دەستێوەردان و مەترسییەکانی دەوڵەتانی
رۆژئاوا بکەم هەر وەك ئەوەی دەستیان لە سوریا و لیبیا و زۆر شوێنی تری
جیهان وەردا و ڕێرەوی ناڕەزایەتییەکانیان گۆڕی و ئەو کۆمەڵگایانەیان
وێران کرد.
ئامانجی ئێمە لەم کۆبوونەوەیە جگە لەوەی مەبەستمانە پشتیوانی بۆ
خۆپیشاندان و ئەو ناڕەزایەتییەی ژنان و لاوان و خەڵکی کرێکار و
زەحمەتکێشی ئێران کە خەریکن لە سەنگەری ئیسلامی سیاسیدا شەڕی هەموو
ئێمە دەکەن ڕاکێشین. هاوکات دەمانەوێت وەك بەرئەنجامێك لەم پانێڵە و
کۆبوونەوەمان لە پەرلەمانی بەریتانیا نامەیەك کە چەند داخوازی تێدایە
بە واژۆی ئامادەبووان بدەین بە پەرلەمان و حکومەتی بەریتانیا..
بەدڵنیاییەوە سەرکەوتنی ئەوان سەرکەوتنێك نیە تەنها بۆ خەڵکی ئێران،
بەڵکو سەرکەوتنێکە بۆ ئازادیخوازان و خەڵکی ناوچەکە بە ئێمەشەوە لە
عێراق و کوردستاندا.
داواکارین لە ئاستی پەرلەمانی بەریتانیا داوا لەحکومەتی بەریتانیا
بکرێت هانی هاوپەیمانەکانیش بدرێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەئاستی
نێودەوڵەتیدا کەنار بخرێت و تەریك بکرێتەوە و دیبلۆماتکارەکانیان
دەربکرێت و لێکوڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت سەبارەت بەو کوشتوکوشتارەی
بەرامبەر بە خۆپیشاندەران پەیڕەوی دەکەن وە کۆتایی بهێنن بە
میلیتاریزەکردنی شار و شارۆچکەکانی ئێران، وە هەروەها ئەو بڕیارەی
پەرلەمانتارانی ئێران داویانە بە لەسێدارەدانی بەشداربووانی
خۆپیشاندانەکان.
داواکارم لە وتاربێژان و بەشداربووان کۆبوونەوەکە بە ئاڕاستەی قسەوباس
لەسەر ئەو هاوکاری و کۆمەکانەی لە دەرەوە لە لایەن پەرلەمان و حیزب و
یەکێتییە کرێکارییەکان دەکرێت بچێتە پێشەوە. لە کۆتاییدا یاداشتێکمان
هەیە بەو داواکارییانەی لەسەرەوە باسمانکرد دەتوانن هەمووان بە ناوی
بەشداربووانەوە واژۆی بکەین و ئاڕاستەی پەرلەمانی بەریتانیا و حکومەتی
بەریتانیا و یەکێتیی کرێکاران و رێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤی بکەین.
زۆر سوپاستان دەکەم.
ماڵپهڕی دهشتی جهمال
|