په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٣\٢٠١٢

 وتەیەک لە بارەی ٨ی مارسی ئەمساڵەوە.

حوسێن ساڵح     


لە کوردستان ساڵەھایە خەبات دەکرێ لە دژی نایه‌‌کسانیی ژنان و کوشتوبڕیان. ھاوکات وەستانەوە دژ بەداب و نەرێت و فەرھەنگی ھەڵاواردن و ‌کارکردن بۆ گۆڕینی یاسای دژبە ژنان، کە بۆتە ھۆی بەکەم گرتن وسوک تەماشاکردنیان، لایەنە ‌سەرەکیەکانی ئەم خەباتە بووە. لەمەش زیاتر ‌لەمەیداندا بوونی ڕێکخراو و ھەڵسوراوانی ژنان و پەرەگرتنی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، کێشەی ژنانی کردۆتە کێشە وپرسی کۆمەڵگا. سەرەڕای مانەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان و چەوساندنەوەیان، بەڵام تاڕادەیەک کۆمەڵگا، لەم کێشەیە بێدەنگ نەبووە،‌ بە تایبەتی کەباسکردن لە مۆدێرنیزم وپێشکەوتنی کۆمەڵایەتی، بە بێ باسکردن لە پرسی ژنان و خەبات بۆ بەدیھاتنی ئەو خواستانەی کە یەکسانی نێوان ژن و پیاو دەستەبەردەکەت، مومکین نییه‌, ھەربۆیە باسی ژنان ئاوێتەی پێشکەتن و مۆدێرنیزم بووە.


تا ئێستا بەشێکی زۆر لەحزبەکان باسی ژنیان کردوە و ‌لە بەرنامە و کۆنگرە وبەڵێنی سەردەمانی ھەڵبژاردنەکانیاندا، گرنگیان،‌ بەمەسەلەی ژنان وڕۆڵیان لەنێو ئۆرگانەکانی حزب وحکومەتدا داوە, ھەروەھا ‌ لەپەرلەمان وکابینەکانی حکومەتدا، لەبارەی پرسی ژنانەوە قسە کراوە و‌سەرەنجام، بەیاسای "کۆتا"، ژنان بەشداریان پێکراوە، بەتایبەتیش کەخودی یاسای کۆتا مەسەلەی تەواوی رێکخراوەکانی ژنان بووە. تەنانەت مەسەلەی ژن لەنێو میدیای کوردی وبوارەکانی وەک ئەدەبیات و ھونەر و شانۆدا، ڕەنگدانەوەی زۆری ھەبووەو ھیچ کام لەم بوارانە بەبێ باسکردن لەژنان تێنەپەریون , بەڵام ئەوەی ئاشکرایە،‌ بەشێک لەوەی کەباس کرا، بەناچاری بۆ ڕوپۆشی وجوانکردنی ماھیەتی دژە ژنان بووە. بەتیبەتی حزبەکانی دەسەڵات وئەو دامودەزگایانەی کەناو ونیشانی دیموکراسی ومەدەنییه‌تیان لەخۆیان ناوە، ئەم جۆرە لەسیاسەتیان لەئاست ژنانی کوردستاندا پەیڕەوی لێکردووە ونەک ھەر ھیچ کارێکیان نەکردوە بەئاڕآستەی باشبوونی دۆخی ژنان، بگرە خۆیان ڕیگربووەن لەوەی کەخەبات بۆبەدیھێنانی یەکسان ومافەکانی ژنان لەیاساو لەئاستی کۆمەڵایەتیدا بچەسپێ، باشترین نمونەش دەنگدانی زۆرینەی لیستی حزبەکانی دەسەلاتە لەپەرلەماندا، بەیاسای فرەژنی، کەچەند یاسایەکی دواکەوتوانە ودژ بەژنانە. بەم جۆرەش دەکرێ بڵێین کە خۆدی پەرلەمان، یەکێک لەو دەزگایانەیە کەئەم ڕیگریەی لەبەردەم ‌بەرەو پێشچوونی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی لەکوردستاندا پێک ‌ھێناوە وکۆسپێک بووە لەسەر ڕیگای ئەو خەبات وھەوڵانەدا کەڕووی لە ڕیشەکێش کردنی ستەمی سەر ژنانی کوردستانە.

 

بەڵام باسەکەی من لێرەدا واقعی بوونی ئەم پرسەیە, کەھەموو ڕۆژێک، یەخەی دەسەڵات دەگرێ وڕوبەری ڕۆژنامەکان وسایتەکان ومیدیاکان دادەگرێ ودەسەڵاتدارانیش ناچار دەکات ئەنجومەن و بنکەکانی دژی توندو تیژی بکاتەوەو ھەر شەش مانگ جارێک کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی بگرن وئامارو زانیاری بدەن لەسەر ئاستی ئەو توندوتیژیەی کەلەژنان کراوە. بێگومان ئەمانە ئاکامی خەبات وتێکۆشانی ھەموو ژنان وپیاوانی یەکسانیخوازە, کەتائەمرۆ تێکۆشاون وتێدەکۆشن وپەرچەمی یەکسانیخوازیان بەرز ڕاگرتوە, بەڵام ئەوەی جێگەی خاڵیە لەم بزووتنەوەیەدا، ڕۆڵی کارامەی رابەری ئەم بزوتنەوەیەیە. ڕابەرێک کەلە ژنان وپیاوانی چینی کرێکارەوە ھاتوون وڕدیکاڵانە لەبەرژەوەندیەکانی ئەم چینەوە بۆمەسەلەی ژنان دەروانن.‌ چونکە مەسەلەی ژنان مەسەلەی چینی کرێکارە. ئەگەرچی لەساڵانی نەوەتەکاندا, چەندین رێکخراوی کرێکاری ورابەرانی ژنی کرێکار لەنێو کارگەی ئەلبیسەی سلێمانی رۆڵیان ھەبووە لەمەسەلەی کرێ وھەلی کار بۆکرێکاران وھەروەھا لەکارگە ئەھلی‌یەکان کەھەڵسوڕاوانی ژنانی کرێکار لەگەڵ پیاوان کرێکاردا.

 

لە ھەشتی مارسەکان ویەکی ئایارەکان و بەرێخستنی نارەزایەتیەکاندا دەوری بەرچاویان ھەبووە, بەڵام لەدوای ساڵی دوو ھەزارەوە, ئەم بارودۆخە گۆڕاوە وبەھەر ھۆیەکەوە بوبێت. ئەوە ئێستا لەغیابی بزووتنەوەیەکی کرێکاری بەھێزدا، ھەم مەسەلەی کرێکاری وھەم مەسەلەی ژنان بۆتە کێسەیەکی لاوەکی و گرنگی پێ نادرێ, دەنا ٨ ھەشتی مارس ڕۆژی جیھانی ژن وەک مەسەلەی چینی کرێکاری کوردستان، کەلە بنەڕەتدا ڕۆژێکی بۆ باسکردن وناڕەزایەتی دەربڕین لەدژی چەوساندنەوەی ژنان لەنیزامی چەوسێنەرانەی سەرمایەداریەدا، پانتاییەکی زیاتری دادەگرت و لەبارەی ھۆکارە ئابوری وسیاسیو یاسایی وفەرھەنگیەکانی مانەوەی ستەمی سەر ژنان مشتومڕی فراوانی بەخۆوەدەگرت. واتە ئەوەی کە ژنان بەدەرەجە دوو وزەعیفە بەحیساب دێن و لەیاساکاندا لەگەڵ پیاوان یەکسانی نین, ئەبووە ترۆپکی باس وشێوازەکانی خەبات بۆ نەھێشتنی لەڕۆژی ٨ مارسدا.

 

دیارە ستەم و ھەڵاواردنێک کەئەمڕۆ لەسەر ژنان ھەیە، ‌ریشەیەکی لەمێژینەی ھەیە, بەڵام سیستەم ونیزامێک کەلە ئارادایەو ژیانی کۆمەڵگی لەقاڵب داوە، ئەم بەڵایەی سەر ژنانی لەمڕۆدا بەمیرات بردووە. یانی ئەم چەوەساندەنەوەیەی لەشێوازێکی نوێدا، سازداوەتەوە ولەیاساو رێساو کلتوری کۆمەڵگاشدا جێکەوتەی کردووە. کەلەئەنجامدا, ‌دەستی چینی سەرمایەداری کوردستان وخاوەن کۆمپنیاکانی ئاوەڵا کردوە،‌ تالەپرۆسەی کارو بەرھەمھێناندا جێگەورێگەی ژنان بەئاڕاستەی کەڵەکەی قازانج وسودپەرستیدا ڕابگرن ولێرەشەوە گشت ئاستی بژێوی چینی کرێکاری کوردستان لەخوارەوە سازبدەنەوە و لەھەلومەرجێکی سەختردا رایبگرن. ژنانی ماڵدار کە نە کاری ناوماڵیان بە حساب دەھێنرێ و وەوەک بێکار سەیر دەکرین خۆی بۆ بەرھەم ھێنانەوەی دوبارەی ھیزی کاری ھەرزانی پیاوانە. ئەو ژنانەشی کارێک دەکەن لەکارگە ودامەزراوەکاندا، کرێ کەمتر لەچاو پیاواندا وەردەگرن و مافەکانی تریان دەستەبەر ناکرێ. بەم بێ مافیانەوە،‌ ئینسانی ژن لەنێو کاردا, بۆ سەرمایەداران سەرچاوەیەکی لەبارە بۆ بەدەست ھێنانی قازانجی زیاتر. واتە ژنی کرێکار دووجار دەچەوسێتەوە, ھەم وەکو رەگەز ھەم وەکو کرێکار, یانی ھێزی کارەکەی دووبەرابەری پیاوی کرێکار دەبرێ, وەختێک ژنان لەماڵن وکارێکیان نییه‌ ئەوا بەبێکار بەحسان نییه‌ن وکاری نێوماڵیشیان بەخۆڕاییە ولایەنی بەپرس لێیان ھاوسەرەکانیانن. ئەمە لەرووی بژێویەوە ژیانی کرێکارانی سەخت کردووە. لەلایەکی ترەوەوە کێشەی کۆمەڵایەتی دروست کردوە, چونکە لەم پەیوەندەدا، ژنان دەکاتە پاشکۆی پیاوان وپیاوانیش وەک منەتێک بەسەر ھاوسەرەکانیانەوە بەدەستیەوە دەیگرن و‌ھەقی ژیانکردنی ژنان دەیدەنەوە بەڕووی ژناندا. وەختێ سەرمایە پێویستی بەھێزی کاری ژنانە ئەوا سود لەکەمی کرێیان وەردەگیرێت وخواستەکانی تریش پشتگوێ دەخات, تەنانەت وەختێک سەمایەداری گیرۆدەی قەیرانی ئابوری دەبێ وئاستی قازانج دێتە خوارەوە، بۆ پێی لەیەکەمین ھەنگاودا رێگەی بێکارکردنی ژنان ھەڵدەبژێرێ ورەوانەی ماڵەوەیان دەکاتەوە.


ئەمە واقیعیەتی کۆمەڵگای کوردستانیشە وەک ھەر کۆمەڵ‌گایەکی تری سەرمایەداری وچینییه‌تی،‌ بگرە بەھۆی چەند ھۆکاری ترەوە ھەلومەرجی ژنان بەرەو خرابتر وخراپترەوە پاڵپێوە ‌دەنرێ. یەکێ لەوانە سەناعی نەبونی ئابوری کوردستان،‌ کەژمارەیەکی کەمی کارگە ھەن و ‌بەشێکیش لەو کارگانە، لەکار خراون وژمارەیەکی کەمیش ژنان کاری تیادا دەکەن. ئەوەی بەرچاو بێ کارگەی جل وبەرگ ورستن وچنین و کارگەی جگەرە و پوختەکردن و چەند کارگەیەکی بچوک, ھاوکات کارگوزاری وکاری کافیتیریاکان..ئەوەی باسی ئاماری ١ یەک ملیۆن بێکاری ھەیە ژنان بەشی شێریان بەرکەوتوە, لەو بیمەی بێکاریەی دەدرێ بەخویندکارانی دەرچویی زانکۆکانیش ژنان بەگشتی ناگرێتەوە, خاڵێکی تر نەبونی ئازادی رێکخراوبونە, و‌یاسایەک نییه‌ ئازادی رێکخراوبون بۆ کرێکاران بەرەسمی بناسێ. ھەرلەمبارەوە خاڵێکی تر ئەوەیە کەئاستی ھۆشیاری کرێکاران وئاشنا نەبونیان بەرژەوەندی چینییه‌تی خۆیان.. ھەموو ئەمانە وایانکردوە سەرەنجام ھەل ومەرجی کارو ژیانی ژنانی کوردستان لەئاستێکی خراپدا، بێت ومەیدانی کار بۆئەوان بۆتە شوێنی بێ مافی وکۆیلەکردنیان وڕاگرتنیان لەژێر سایەی کرێ‌ی کەم ودابینەکردنی دایەنگا بۆمناڵان، لەشوێنی کاردا، بەخۆرایی وھەقی دایکایەتی بۆدایک وباوک بەکرێ ی تەواوە.‌ سەرەرای ھەموو ئەوانە دیاردەی قێزەوەنی تەحەروش پێکردنی جنسی، بەبێ ئەوەی شوێنێک ھەبێ سزای ئەم کەسانە بدات, تەنانەت لەژێر ‌سایەی دەسەڵات وقانونێکدا کەدژی ژنە،‌ ئەوا ئاشکراکردنی شکات لەم بارەوە دەبێتە مایەی بێکاربوون ولەسەر کاردەرکردنی ژنان. بەم جۆرە ئەوە ژنانن کەزیاتر لەپێوان دەبنە قوربانی..


٨ ی ھەشتی مارسی ئەمساڵ دەبێ سەرەتای ھاتنە مەیدانی کرێکارانی ژن وپیاو بێ لەپێناو باشکردنی ھەل ومەرجی کارو ژیان. دەبێ لەمەیدانەکانی کاردا، ئەم بۆنەیە بکرێتە ڕۆژێک بۆسازدانی کۆبونەوەی گشتی کرێکاران بەژن وپیاوەوە ولەوێدا نوێنەرانی خۆیان ھەلبژێرن ورێکخراوەکانی خۆیان دروست بکەن. ٨‌ مارسی ئەمساڵ دەبێ ببێتە ڕۆژێک بۆ ھێنانە مەیدانی خواست وداواکاریەکان وبەخەباتی ئەم ڕۆەوە بناسرێتەوە ووەک سوننەتێک ساڵانە لەڕەوتی پێشرەوی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی کۆمەڵگادا جێگیر بکرێ و دروشمی " پێوەری ئازادی ھەر کۆمەڵگایەک بەندە بەئازادی ژنانەوە" بکاتە ئاڵای خۆی لەم یادەدا.


٨ی مارسی ئەمساڵ دەکرێ ئەم خواستانە لەخۆ بگرێ و وەک داوا وخواستەکانی ژنان، بەڕووی دەسەڵاتدا، بەرجەستە بکرێنەوە:


١- گۆرینی ھەموو ئەو قانون و رێسایانەی دژی ژنەو جێگرتنەوەیان بە یاسای یەکسانی ژن وپیاو.
٢- ئازادی رێکخراوبون بۆ کرێکارانی کوردستان.
٣- کرێ ی یەکسان بۆ کاری یەکسان.
٤- دانی بیمەی بێکاری بەھەموو ھاوڵاتیەکی ١٦ ساڵ بەژن وپیاوەوە.
٥- یاسای خانەنشینی بۆ کرێکارانی ژن.
٦- دابینکردنی دایەنگا بەخۆرایی لەشوێنی کار.
٧- دابینکردنی مۆڵەتی دایکایەتی وباوکایەتی بەکرێ ی تەواوەوە.


ھەموو ئەم خواستانە ئەمرۆ ئیمکانی جێبەجێ بوونیان ھەیە, بەڵام دەسەلاتداران وخاوەنکاران ھەروا بەئاسانی ملی پێنادەن ودەبێ ئێمە ژن وپیاو لەیەک سەنگەردا خەبات بکەین بۆ بەدەست ھێنانانی. ئەویش تەنیا رێکخراوی سەربەخۆی کرێکارانە.
بژی ٨ ی مارس رۆژی جیھانی ژن.

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک