په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٢\٢٠٢٠

وتەیەک لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە ١٥\١٢\٢٠٢٠ لە سیدنی.


عامر سابیر       

ئامادەبووانی بەڕێز.
ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستانی نێو رەوەندی کوردی لە سیدنی.


سەرەتا بە ناوی کۆمیتەی بەرگری لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لە سیدنی ئوسترالیا، بەخێرھاتنی گەرمتان ئەکەین بۆ بەشداریتان لەم ناڕەزایەتییەی ئەمڕۆ لێرە لە بەردەم نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێکخراوە.


ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ دوو مەبەست:


یەکەم: بۆ دەربڕینی ھاوپشتییە لە گەڵ خەڵکی کوردستاندا. بۆ پشتیوانیکردنە لە چینی کرێکاری کوردستان.بۆ پشتیوانیکردنە لە داوا بەرحەقەکانی خەڵکی کوردستان، کە نەمانی ئەم دەسەڵاتەیە بە خۆیان و کۆمپانیاکانیان و ئەو سیستەمە ئابوورییەی کە سەپاندوویانە بەسەر خەڵکی کوردستاندا.
ئێمە لێرەین بۆ پشتیوانی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی کوردستان.بۆ پشتیوانی لە خانە نشینان و بەساڵاچوانی کوردستان. لێرەین بۆ پشتیوانی لە ژنان و مناڵانی کوردستان. لێرەین بۆ ھاوپشتی لە گەڵ ئەو گەنجە دڵ پڕ لە ھیوایانەی کە لە سایەی ئەم تاوانبارانەدا گیرفان بەتاڵ کراون.
لێرەین تا بە خەڵکی کوردستان بڵێین کە خواست و داواکارییەکانی ئێوە بەرحەقە.کە خۆپیشاندانی ئێوە بەرحەقە.
کە ناڕەزایەتییەکانی ئێوە بەرحەقە.کە نەفرەتی ئێوە لەمانە و ھەموو پیرۆزییەکانیان بەرحەقە،کە خواستی ئێوە بۆ ڕوخان و نەمانی ئەمانە بەرحەقە.
ئێمە لە ئوسترالیا لە ھەوڵداین کە دەنگی ناڕەزایەتی ئێوە و دڕندەیی دەسەڵاتداران بگەیەنین بە ناوەندەکانی بڕیار لە ئوسترالیا، بگەیەنین بە ئەندامانی پەرلەمانی ئوسترالیا، بگەیەنین بە حیزبە جیاجیاکانی ئوسترالیا، بگەیەنین بە سەندیکایە کرێکارییەکانی ئوسترالیا.

مەبەستی دووەم کە لێرە کۆبووینەتەوە، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییە لە دژی دەسەڵاتی ئەم گەندەڵکار و تاوانبارانەی کوردایەتی کە کەوتوونەتە کوشتنی خۆپیشاندەرانی کوردستان. لێرەین بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی دەسەڵاتی بۆرژوا ناسیۆنالیزمی کورد کە نوێنەرایەتی سەرمایەدارانی کوردستان ئەکەن.
ئەمانە لە ڕێگەی سەپاندنی سیاسەتەکانی نیۆلیبرالیزم و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی بانکی جیھانی و ئای ئێم ئێف، کوردستانیان واڵا کردووە بۆ کۆمپانیا گەورەکانی جیھان و کۆمپانیاکانی خۆیان کە ساڵانە بە دەیان بلیۆن دۆلار لە موقەدەراتی ئەو کۆمەڵگایە ھەڵدەلوشن و سەرمایە کەڵەکە ئەکەن. لە کاتێکدا موچەی خەڵک نادەن و ھیچ خزمەتگوزارییەک بۆ خەڵک نییە.

ئەمانە بە سەپاندنی دەیان جۆر باجی جۆراوجۆر بە سەر خەڵکی کوردستاندا، کەوتوونەتە بێئیرادەکردنی خەڵک. لە کاتێدا یەک دۆلار باج لەو ھەموو کۆمپانیا زەبەلاحانە ناسەنن.ئەمانە، نەخۆشخانە گشتییەکانیان کردۆتە کەلاوە و لە بەرامبەردا نەخۆشخانەی ئەھلییان قوتکردۆتەوە،تا لەسەر نەخۆشی و تەندروستی نالەباری دانیشتوان سەرمایە کەڵەکە بکەن.ئەمانە قوتابخانە و زانکۆ گشتییەکانیان کردۆتە وێرانە و لە بەرانبەردا قوتابخانەی ئەھلی و زانکۆی ئەھلییان دامەزراندووە، بۆ ڕووتانەوەی زیاتری خەڵکی کوردستان.خەڵک داوای نەمانی ئێوە و سیستەمە ھەژارھێنەر و برسیکەرەکەتان ئەکات. خەڵک داوای نەمانی ئێوە و سەرمایە و کۆمپانیاکانتان ئەکات. خەڵک ھاتۆتە مەیدان تا ئیرادەی خۆی پیادە بکات.


دەسەڵاتی ئێوە کەمینە و نا شەرعییە. خەڵک باوەڕی بە گاڵتەجاڕی ھەڵبژاردنی پڕ تەزویرتان نەماوە. ئێوە ناکۆکن بە کۆمەڵگای کوردستان. ئێوە تەنھا نوێنەری خۆتان و سەرمایەدارانی کوردستانن. سەرتاپای بوون و کارکردی ئێوە ناکۆکە لە گەڵ بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستاندا.خەڵک بە ڕێکخراوبوونی تۆکمە و بەھێزی لە شوێنی کار و لە شوێنی ژیانی ئەتوانێت دەسەڵاتدارێتی جەماوەری خۆی دابمەزرێنێ و سێبەری ئێوە لە سەر ژیانی بۆ ھەمیشە وەلابنێ.

لەوەتەی کوردایەتی ھەیە ھەرگیز بەرپرسیارێتی لە بەرانبەر خەڵکی کوردستاندا لە خۆیان پیشان نەداوە.تەنانەت لەم کاتەشدا کە دەیان بلیۆن دۆلاری داھاتی خەڵکی کوردستاننیان لە ژێر دەستدایە و ھەڵیانلوشیوە، لە بەرانبەر ژیان و پێداویستییەکانی خەڵکی کوردستاندا خۆیان بە بەرپرس و لێپرسراو نازانن. لەوەتی کوردایەتی ھەیە، تەنھا یەکجار، بەڵێ تەنھا یەکجار سەرکردەیەکیان مەسئولییەتی لە خۆی پیشاندا، ئەویش مەسعود بارزانی بوو کە وتی بەرپرسیاریی ڕیفراندۆم من لە ئەستۆی ئەگرم. بەڵام لەو جارەشدا پەشیمان بۆوە و درۆی کرد. تەنھا یەک ھەفتە دوای ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧ وتی ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی نەبووە، وە وتی ئێمە یەکپارچەیی خاکی عێراق مەبەستمانە و بە ھەموو شێوەیەک ئەیپارێزین.


بزانن، ئەوە دوو ھەفتەیە خەڵکی کوردستان بۆ جارێکی تر ڕاپەڕیوە و خۆپیشاندان ئەکەن و تا ئێستا ١٢ گەنچ بە گوللەی میلیشیاکانی پارتی و یەکێتی کوژراون و بە سەدان کەس لە ھەردوو دەڤەری سەوز و زەرد زیندانی کراوە و بە دەیان کەس زۆر دڕندانە ئەشکەنجەدراوە.


بەڵام تا ئێستا ئەوەی بە خۆی ئەڵێ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان فزەی لەدەم نەھاتۆتە دەرەوە و ھیچ بەرپرسیارێتییەکی پیشاد نەداوە. مەسرور بارزانی کە بە خۆی ئەڵی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمیش ھەفتەیەک دوای ڕاپەڕینی جەماوەر جا ھاتە گۆ و ئەویش لە جیاتی ئەوەی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێ، دوو جار شەکری شکاند و لە یەکەمیاندا وتی: ئەمانە دەستی دەرەکیان لە پشتە و خەڵکی (سوریا)ن خۆپیشاندان ئەکەن. ئەم قسە پووچە، زۆر ساویلکانە و منداڵانەیە و خەڵکی کوردستان بە فلسێکی قەڵب لێی وەرناگرێ. چونکە لە لای خەڵکی کوردستان ئەوە ڕۆشنە کە بزووتنەوەی کوردایەتی لەوەتەی ھەیە، وە مەسرور و باوکی و باپیری لەوەتەی ھەن ئەڵقە لە گوێی و بەکرێگیراوی دەزگای موخابەراتی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و زلھێزەکانی دنیا بوونە و لە دژی خەڵکی کوردستان کاریان کردووە و پیلانەکانی ئەوانیان جێبەجێکردووە. لەم کاتەدا کە قسە ئەکەین لە زۆنی زەرددا ئاڵای تورکیا لە سەر ٣٧ بنکەی سەربازی و مۆڵگەی میتی تورکیا ئەشەکێتەوە لە کوردستاندا.


لە جاری دووەمدا مەسرور بارزانی وتی، ئێمە پێش ھەموو کەس لەبەرەی گەڵین. وتی ئێمە ھەموو خەڵکی یەک وڵاتین و خوشک و برای یەکترین و قەدەرمان پێکەوە بەستراوە! نا تۆ ھەرگیز برای ئێمە نیت. تۆ دوژمنی چینی کرێکاری کوردستانی.تۆ کە مانگانە بە ملیۆنان بەرمیل نەوت و بە سەدان ملیۆن دۆلار ئەدزی، چۆن ئەبیتە برای ئەو برسیانەی کە خۆپیشاندان ئەکەن و سنگیان بە گولە ھەڵئەدڕی؟
تۆ کە بۆ دروستکردنی عەینەکێکی بەرھەتاو ئەڕۆیتە بەریتانیا. تۆ کە بۆ نەشتەرگەرییەکی مایەسیری ئەڕۆی بۆ ئەمریکا.
تۆ کە بۆ دانپاککردنەوەیەک ئەڕۆی بۆ نەمسا. چۆن ئەبیت بە برای ئەوانەی کە لە ساڵێکدا تەنھا چوار نیوە موچەت داونەتێ؟
تۆ و ھاوشێوەکانت لە حیزبەکانی تر، تۆ و لاھور و پاڤێڵ، تۆ و سەرمایەدارانی کوردستان، دوژمنی چینایەتی برسییەکانی کوردستانن.


١٥\١٢\٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک