په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٢\٢٠١٠

«وتووێژکردن» وەک تاکتیک لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.


عەلی موکریانی


زۆر کەمن ئەو دەوڵەتانەی وەک کۆماری ئیسلامی خوازیاری «وتووێژکردن» بن لەگەڵ لایەنەکانی بەرانبەردا. وتووێژکردن نانەوەی «داو»ێکە بە چەند ئامانجی دیاریکراو لە لایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە کە ئامانجی هەرەگرینگ، کڕینی «کات» بۆ پێًشخستنی ئامانجەکان و لە هەمانکاتدا شەکەتکردنی لایەنەکانی بەرانبەرە.

«وتووێژکردن» یان دیالۆگ، شێواز یان ئامرازێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی نێوان دوو یان چەند لایەن کە پێشتر ددانیان بە هەبوونی یەکتردا نابێت. واتا وتووێژکردن دەستەواژەیەکی شارستانیانەی کۆمەڵێکی دیموکراتیە. لەمڕووەوە لە کۆمەڵێکی دیموکراتیدا، وتووێژکردنی نێوان دوو یا چەند لایەنی نەیاری یەکتر، هەنگاوێکی رەوا و سالمە و رەنگە باشترین شێوازیش بێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانی نێوانیان.

بەڵام گەر یەکێک لە لایەنەکانی وتووێژکردن، هەبوونی لایەنی بەرانبەر بە فەرمی نەناسێت، ئەم وتووێژکردنە ناڕەوایە و لایەنی دۆڕاو تیایدا، لایەنی بەرانبەریەتی. لەبەر ئەوە کە وتووێژکردن بەرەو تاکڕەوی دەچێت و لە ئەنجامدا دیکتاتۆری سەر هەڵدەدات. چاوخشانێک بە سەر کارنامەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم بوارەدا، ئەم راستیە زیاتر دەردەخات.

لە ساڵی 1980 و دوای رووخانی حکومەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی، بە هاتنە سەر کاری مەلاکان بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا خومەینی، ئێران بەرەوڕووی سێ پرسی هەتەر بووەوە:

لە ئاستی ناوخۆییدا و دەربارەی ئازادی و لایەنە شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازەکاندا، لەبەر ئەوە کە ئایەتوڵڵا خومەینی و رژێمەکەی، هیچ باوەڕیان بە ئازادی و دیموکراسی نەبوو، نەیدەتوانی هیچ لایەنێکی نەیار و بە تایبەتی ئازادیخوازان بە فەرمی بناسێت. لەمڕووەوە هەموو وتوووێژکردن و چالاکیە سیاسیەکانی تووشی شکست کرد و شەڕێکی ناڕەوای بەسەریاندا سەپاند.

دەربارەی کەمایەتیە ئایینی و نەتەوەییەکانی ئێرانیش، دەتوانین ئاماژە بدەین بە: وتووێژکردنی شاندی نوێنەرایەتی گەلی کوردستان لەگەڵ رژێم، وتووێژکردنی شاندی نوێنەرایەتی پێڕەوانی ئەهلی سوننەی بەلووچ و کورد لەگەڵ رژێم و هەروەها شاندی نوێنەرایەتی خەڵکی تورکمان لە سەرەتای دەیەی 80 کە هەر هەموویان تووشی شکست هاتن لەبەر ئەوەی ئەم رژێمە هیچ باوەڕی بە مافەکانی کەمایەتیەکان نەبوو.

ئەم رژێمە لە ئاستی ناوخۆییدا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە بە درووشمی «وتووێژکردن» لایەنی بەرانبەر بکاتە بە تەڵەوە و بە داخەوە لە زۆر نموونەشدا سەرکەتوو بووە. لە هەندێک نموونەدا لاوازی کردوون، لە هەندێک نموونەدا تیرۆری کردوون و لە هەندێکی دیکەشدا، لە ناوی بردوون.

لە ئاستی دەرەوەدا، وتووێژکردنی وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەسەر چەکی ناوەکی، هەنووکە دوای تێپەڕبوونی 8 ساڵ، نائۆمێد لەم دانوستانەکانیاندا، ئەم وڵاتانە خۆیان گەیشتوون بەم دەرەنجامە کە وتووێژکردن لەگەڵ ئەم رژێمە بێ سوود بووە و دەسەڵاتدارانی تاران ئامانجیان لە دیالۆگکردن، «کات»کوژی بووە بە مەبەستی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی!

رەنگە رێکەوتننامەی ئاگربڕی 598ی نێوان ئێران و عێراق لە نموونە هەرە دیارەکانی ئەمجۆرە تێڕوانینەی دەسەڵاتدارانی تاران بێت. لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر ئۆپۆزیسیۆنی خۆیدا لە ساڵی 1988 بەرەوڕووی رووخان بووەوە و بە ناچار بۆ رزگاربوون رژێمەکەی، خومەینی خۆی رێککەوتننامەی 598ی واژۆ کرد لەگەڵ دەوڵەتی ئەوکاتی عێراق و ئەم کارەی وەک هەڵقوڕاندنی ژەهریش وەسف کرد بو خۆی، بەڵام هەرگیز ئامادە نەبوو رێککەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق واژۆ بکات. تەنانەت دوای رووخانی دەوڵەتی پێشووی عێراقیش ئامادە نەبوو رێککەوتننامەیەکی لەمجۆرە واژۆ بکات.

لە ئاستی ناوچەییدا، ئەوا بۆ چوار ساڵە ناوچەکانی سەرسنووری هەرێمی کوردستان بە توندی تۆپباران دەکرێت لە لایەن تۆپخانەکانی ئێرانەوە بە پاساوگەلێکی بێ‌بنەما. هاتوچۆکردن و وتووێژکردنی نێوان کاربەدەستانی هەرێم و کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا بێ ئاکام بووە بەڵکو کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەر دێت و بێشەرمانەتر باس لە وتووێژکردن دەکەن. چەند نموونەیەکی تازەی ئەم تەوەرە:

”عەلی رەزا ئۆمێًدی کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی لە سەردانێکیدا بۆ هەڵەبجە، گوتی: تۆپبارانەکانی ئێران وڵامدانەوەی هەڕەشە و کردەوە تیرۆریستیەکانە بۆ سەر ئێران کە لە لایەن گروپە دژەکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن کە لەو ناوچانەدا بوونیان هەیە” (رۆژنامەی ئاسۆ، ژمارە 1156 بەرواری 10ی شوباتی 2010).


”نزیکەی چوار ساڵە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو ناوچانە توپباران دەکات .... لە ساڵانی رابردوو چەند جارێک رێکەوتووە، لە کاتێکدا جەلال تاڵەبانی سەرکۆماری عێراق، نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی پێشووی حکومەتی هەرێم و د.بەرهەم ساڵح وەکو سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان، بۆ وتووێژ لە تاران بوون، لەو کاتەدا تۆپخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆپبارانی ئەو ناوچانەیان کردووە” (رۆژنامەی رۆژنامە ژمارە 567 بەرواری 2ی شوباتی 2010).


”نازم عومەر، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بە رۆژنامەی راگەیاند: هێزە چەکدارە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندنین بە رێکەووتننامە و مەرجەکانی نێوان ئێران و هەرێم و پەرۆشی خەڵکی ناوچەکەش نین، چونکە هەر چالاکییەک لە ئێراندا ئەنجامبدەن لە راگەیاندنەکانیانەوە بڵاویدەکەنەوە و خۆیان دەکەن بە خاوەنی، ئێرانیش چەندینجار ئاگاداری ئێمەی کردووەتەوە، کە هەتا چالاکیی ئەو هێزانە بەردەوام بێت رەنگە توپبارانەکان نەوەستێًنن” (رۆژنامەی رۆژنامە ژمارە 567 بەرواری 2ی شوباتی 2010).


بەسەرنجدان بەو خاڵانەی سەرەوە، لەبەر ئەوەی ئەم رژێمە بە پێی پێناسە، کەس بەفەرمی ناناسێت و ددان بە هەبوونی هیچ لایەنێًکدا نانێت و بنەمای وتووێژکردنەکانی لەسەر شکستی لایەنی بەرانبەرە، هیچ وتوووێژکردنێک لەگەڵیدا بە ئاکام ناگات و بەردەوام لایەنی بەرانبەری دۆڕاوە. ئەمە ئەزموونێکی حاشاهەڵنەگرە و بەردەوام سەلمێندراوە.

ئەوەی هەتاکو ئێًستا دەرکەوتووە، تایبەتمەندییەکی جیاوازە لە «وتووێژکردن»ەکانی کۆماری ئیسلامیدا. ئەم رژێمە لە وتووێژکردنەکانیدا لەگەڵ رۆژئاوا بەردەوام داوای لێکردوون ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ لە ناو ببەن. لە وتووێژکردنەکانیدا لەگەڵ عێراق داوای لە دەوڵەتی عێراق کردووە ئەو بەشە لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و بە تایبەتی دانیشتووانی ئەشڕەف تەسلیم بە ئێران بکاتەوە یان لانیکەم ئەوان لە عێراق دەربکات. لە وتووێژکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم، داوای لە کاربەدەستانی هەرێم کردووە کە لایەنە سیاسیە کوردەکانی رۆژهەڵات نەک تەنها ئابڵۆقە بدات بەڵکو رێگر بێت لە بەرانبەر چالاکییەکانیاندا لە ناو خاکی ئێران و هەروەها بۆی نیە کە یارمەتیی مرۆییان پێشکەش بکات. هەروەک دەوڵەتی عێراقیشی وەزیفەدار کرد کە کەمپی ئەشڕەف ئابڵۆقە بدات و کوشتاریان بکات.

لەوە گەڕێین کە تەنانەت گەر هەموو داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت، دیسانیش رژێم واز ناهێنێت لە تەماحکردنەکانی خۆی. لەبەر ئەوە کە کۆماری ئیسلامی تێربوون هەڵناگرێت و ئەمەش تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم رژێمەیە.

پێشخستنی «وتووێژکردن»ەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر بنەمای چەند تاکتیکێکی جیاوازە کە لە جۆری خۆیدا بێ هاوتایە. کاتێ وتووێژکردنەکان بەرەو ئەوە دەچێت کە رژێمی ئێران دەبێ شتێک قبووڵ بکات یان بڕێک پاشەکشە بکات لە داوکارییەکانیدا، وتووێژکردنەکان بەرەو شتی لاوەکی، یان شتی ناپەیوەندیدار پەلکێش دەکات هەتا وتووێژکردنەکان بە ئاکام نەگات و هەناسەیەکی بێتەوە بە خۆی و لایەنی بەرانبەر لە هەناسە بخات!

ئەم رژێمە گەر باوەڕی بە وتووێژکردن بووایا، بەر لە هەمووان، دەبووا وتووێژی لەگەڵ گەلەکەی خۆی و لایەنە سیاسیەکاندا بکردبا لە ناو خاکی ئێران لە یەکەم ساڵەکانی هاتنە سەرکاری و بەر لەوەی شەڕیان بەسەردا بسەپێنێت. لە ماوەی 31 ساڵی رابردوودا، یەک نموونە نەبووە کێشەیەک بە وتووێژکردن لەگەڵ ئەم رژێمە چارەسەر کرابێت.

هەر بۆیە وتووێژکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و کۆبوونەوە لە پشت مێزێکدا، لە دانی باج بە دەسەڵاتدارانی ئێران بەدەر ئاکامێک نەبووە و نیە. وتووێژکردن لەگەڵ ئەم رژێمە، لە هەر جۆر و کات و شوێنێکدا بێت ناڕەوایە. لەبەر ئەوە کە لایەنی بەرانبەر، ئەوەی هەشت بێ لێت دەسەنێت و خۆیشت هەڵئەلووشێت! واتا بە دانیشتن لەگەڵ مەلا زگزلە دەسەڵاتدارەکانی ئێران هیچ شتێک چارەسەر ناکرێت و وەک پێشینیان گوتویانە: «تۆبەی گورگ مەرگە». هەرگیز باوەڕ مەکە کۆماری ئیسلامی باوەڕی بە دیالۆگ هەبێت! تێز و تیۆری خۆمەینی خۆی ئەمە بوو «همە با من»، واتا هەمووان دەبێ لە دەوری من کۆ ببنەوە.

لەمڕووەوە تەنها رێگە و تەنها سیاستی شیاو و گونجاو، رەتکردنەوەی هەموو جۆرەکانی دیالۆگە لەگەڵ ئەم رژێًمە و داخستنی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە بەغدا و داخستنی هەموو کونسوڵخانەکانی رژێمی ئێرانە لە پارێزگاکانی عێراق و دەرکردنی پاسدارانی هێزی تیرۆریستی قودسە لە عێراق کە هەنووکە بە جل و بەرگی باڵیۆز و دیپلومات و کونسوڵەوە لە عێراق دەرکەوتوون!

دواچارەش بۆ گەلی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە بە رووخانی کۆماری ئیسلامی!!!

 

 

alimukryani@gmail.com