٣٠\٦\٢٠١٧
وتووێژ
لەگەڵ مامۆستا ئەمیری حەسەن پوور
سەبارەت بە جینۆساید.

سازدانی: عەلی مەحمود محەمەد
گەڕان بە دوای حەقیقەتە مێژووییەکان و نەترسان لە وتنی ڕاستییەکان
ئەرکی ڕۆشنبیرانە ،بۆخوێندنەوەیەکی گشتگیر لەسەر پرسی جینۆسایدی کورد
چاوپێکەوتنێکی تێرو تەسەلمان لە گەڵ مامۆستا ئەمیری حەسەن پوور
ئەنجامداوە.
(ئەمیر حەسەنپوور لە ١٩٤٣ لە مەھاباد ھاتە دنیا و لەوێ خوێندنی
سەرەتایی وناوەندیی تەواو کرد و لە زانکۆی تاران درێژەی بە خوێندنی دا.
لە پێشدا، زمان و ئەدەبی ئینگلیسی و دوایە زمانناسی خوێند. لە ١٩٧٢ بۆ
درێژەدان بە خویندنی چوو بۆ ئەمریکا و لە ١٩٨٩ دوکتورای راگەیاندنی
تەواو کرد و لە ساڵی ١٩٨٧ تا ئێستە لە کانادا لە زانکۆکانی ویندسۆر و
کنکۆردیا و تورانتو خەریکی دەرس کوتن و لێکۆڵینەوە بووە. یەکێک لە
نووسراوەکانی، کتێبی "ناسیۆنالیسم و زمان لە کوردستان، ١٩١٨-١٩٨٥" ە کە
بە ئینگلیسی بڵاوبۆتەوە و وەرگێڕدراوەتە سەرتورکی).
پرسیار ١:
بەڕێز مامۆستا سەرەتا چەند ساڵێکە بە تایبەت لە دوای
دامەزراندنی چاودیری کوردۆساید لە رواری ٦-١-٢٠٠٢ەوە، کارکردن لەسەر
دۆسیەی تاوانە گەورەکان "جینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، تاوانی
جەنگ" گرنگی پەیدا کردووە، ئێوە ئەم گرنگی پێدانە لە ئاستی بەرفراوان
بۆ ناساندنی دۆزی جینۆساید چۆن ھەڵدەسەنگێنن؟
وەڵام: مێژوونووسێکی جینۆساید، مارک ڵێڤین، دەڵێ ناوچەی "عەنەدۆڵی
رۆژھەڵات" کە ھەرمەنستانی کۆن و کوردستان دەگرێتەوە دەبێ وەک "مەڵبەندی
جینۆساید" بناسین. لەو مەڵبەندەدا، لە ئاخر ساڵانی سەدەی نۆزدەوە تا
ئێستا دەوڵەتی عوسمانی و کۆماری تورکییە و دەوڵەتی عێراق ئەو سێ چەشنە
جینایەتەیان لە دژی گەلانی ھەرمەنی و ئاشۆری و کورد کردووە -- "جینۆساید"،
"جینایەتی شەڕیی" و "جینایەتی دژی مرۆڤایەتی". لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتانی
ناوچە کۆنوانسیۆن و پرۆتۆکۆڵە ناونەتەوەییەکانیان لە دژی دەستتێوەدانی
ئەو جینایەتانە پەسند و ئیمزاکردووە، ھەر کاتێک ویستییان ئەو پەیمان و
بەڵێنیانە فەرامۆش دەکەن و دەستدەکەن بەو جینایەتانە. مارک لێڤین دەڵێ
لەو مەڵبەندەدا، جێنۆساید قاعیدەیە نەک ئیستیسنا. ئەزموونی مێژووی
ناوچە لە ئاخری سەدەی نۆزدەوە تا ئێستە دوروست بوونی ئەو لێکدانەوەی
دەرخستووە.
بە داخەوە، وشیاری، زانیاری، زانست، و لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو
جینایەتانە لە فەرھەنگی سیاسی کوردستان و ناوچەدا زۆر کەم بووە. رەنگە
کەم کەس ئەوە بزانێ کە ھێشتا پێشنووسی کۆنوانسیۆنی دژی جێنۆساید لە "نەتەوە
یەکگرتووەکان"دا وتووێژی لێدەکرا و پەسند نەکرابوو کە دەستەی نوێنەری
کورد لەو داخوازییانە کە لە ٢٩ی نوامبری ١٩٤٨ پێشکەشی سێکرێتێری گشتی
نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد، وشەی جێنۆسایدی دەکارھێنا و سەرنجی ئەو
رێکخراوەی راکێشا بۆ جێنۆسایدی گەلی کورد. پازدە ساڵ دوایە، ھەواڵێکی
ھەرە گرینگی رۆژنامە و رادیۆکانی دنیا لە ھاوینی ١٩٦٣دا ئەوە بوو کە
کۆماری مەغوولستان* و یەکێتی سۆڤێت دەوڵەتی عێراقیان تاوانبارکرد کە
خەریکی جێنۆسایدی گەلی کوردە. مەبەستم لە ئاماژەکردن بەو دوو رووداوانە
ئەوەیە کە بڵێم سەرباقی ئەوەی باسی جێنۆسایدی گەلی کورد لە مێژە
ھاتووەتە گۆڕێ، ئاگاھی سەبارەت بەو جێنایەتە زۆر کەم بووە.
پڕۆژەی ئەنفالی ریژیمی بەعس دەکرا لە سەرەتاوە وەک جێنۆساید بناسرێ
بەڵام حیزبەکان ئەو زانیارییە و وشیارییەیان نەبوو کە ئەو ریژیمە
تاوانبار بە جێنۆساید بکەن. لەو دەولەتانەی کە دەستیان لە کاروباری
ناوچەدا بوو، لە دەزگای حکوومەت سەرۆک کۆمار رەیگان لە ئەمریکا ئەنفال
و ھەڵەبجە وەک پڕۆژەی جێنۆساید باسی لێکرا بەڵام لە بەر بەرژەوەندیی
سیاسی و عەسکەری و ئابووری گوێی خۆیان لێ ئاخنی (لە چەند ساڵی
رابردوودا "سامانتا پاور" و چەند لێکۆڵەرەوەی دی ئەو باسەیان
تۆمارکردووە).
لەگەڵ ئەوەشدا ئێستە زۆرتر لە جاران بایەخ دەدرێ بە باسی ئەو سێ
جینایەتانە و ھێندێک دەسکەوتی باش ھەیە، من پێموایە ھێشتا ھەنگاوە
سەرەتایێکانیش بۆ بڵاوکردنەوەی وشیاری و رێڵێگرتنی ئەو جینایەتانە
ھەڵنەگیراوە.
پرسیار ٢: دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقی تاوانی ئەنفالی وەک تاوانی
جینۆساید ناسی، کەچی تاوانی ھەڵبجەی سە رە تا وەک تاوانی دژ بە
مرۆڤایەتی ناساند، ئەگەر بۆشاییەک لە پرۆسە ی دادگا ھەبێت کامانەن؟
وەڵام: من ئێستە دەرفەتی پێداچوونەوەی تەواوی کارنامەی ئەو دادگایەم
نییە، بەڵام دەتوانم بە کورتی بڵێم کە کاری دادگا ھەتا بڵێی خراپ و
نادوروست بوو. محاکەمەکردنی سەدام و دەستەودەیارەکەی فرسەتێکی مێژوویی
بوو بۆ گەلانی ناوچە بۆ بەربەرەکانی کردنی ئەو سێ جینایەتانە، بۆ ئەوەی
سەرۆکی حکوومەتێک و حیزبێکی بە دەسەڵات بە تاوانی ئەو جینایەتانە
دادگایی بکرێن، و لە ئاکامی ئەو محاکەمەدا، ھەم خەڵک وشیاری زۆرتر
وەدەست بخەن و ھەم کاربەدەستان و حیزبە حاکمەکان، لە ئێستە و لە
داھاتوودا، لە عێراق و لە دەرەوەی عێراق، بپرینگێنەوە یان بەلانی
کەمەوە بزانن کە لەوانەیە رۆژێک بێ کە تاوانبار و تەنبێ بکرێن.
بە بەرژەوەندیی ئەمریکا و حاکمە تازەکانی بەغدا، سەدام و
دەستەودەیارەی زۆر بەپەلە محاکەمە و ئیعدام کران. ئەو بەرژەوەندییە
تەنیا بارودۆخی شەڕیی و ئەمنییەتیی و عەسکەریی عێراق نەبوو. ئەگەر
ئەمنییەتیش ھەبا کێشەکەیان شرت و گوم دەکرد. ئەو سێ جێنایەتانە زۆر
باون و زۆرتر حکوومەتەکان دەیکەن بەڵام ھێزی غەیرەحکوومەتیش ئێستە
زیادتر لە جاران دەستی پێدادەنێ. حکوومەتەکان نایانەوێ لە ھێچ وڵاتێک
دەم و دەزگای رابەریی (سەرۆک وەزیر، سەرۆک کۆمار و حیزبە حاکمەکان) و
بونیادی دەوڵەت تاوانباربکرێن و دەیانەوێ بڕوای خەڵک بە دەوڵەت و
دەزگای دەوڵەتی بەتین بمێنێ (وەک لە تورکییە کە دەوڵەت بە بونیادێکی
موقەدەس دادەندرێ). ئەو دەوڵەتانە دەیانەوێ مافی جێنۆسایدکردن بۆ خۆیان
بپارێزن. دەوڵەتی ئەمریکا، کە خۆی بە ھەرە دێمۆکرات دادەنێ، لە دەست
تێوەدانی ئەو جینایەتانە لە زۆر دەوڵەتە دیکتاتۆرییەکان لەپێشترە.
ئەگەر ریژیمی بەعس ھەر لە چوارچێوەی عێراقدا ئەو جینایەتانەی دەکرد،
ئەمریکا لە سەرانسەری دنیادا کردوویەتی، بۆ وێنە کوشتاری گەلە
بوومییەکان، بۆردمانی ھێرۆشیما و ناگازاکی، بۆردمانی کیمیاوی ویەتنام،
ئەشکەنجەی زیندانیان لە ئەبوو غرەیب و گوانتانامۆبەی. جا سەیر نییە کە
ئەمریکا سی و شەش ساڵی پێچوو ھەتا کۆنوانسیۆنی جێنۆسایدی نەتەوە
یەکگرتووەکان پەسند بکا و کاتێکیش کردی ئەوەندەی شەرت و مەرج بۆ دانا
کە ھێچ قوربانیێکی ئەو جینایەتانە نەتوانێ تاوانباری بکا و بیباتە
دادگا. ئێستەش کە نەتەوە یەکگرتووەکان دوای چەند سال حەولدان بۆ
دامەزراندنی "دادگای جینایی نێونەتەوەیی" لە ساڵی ١٩٩٨دا قانوونی ئەو
دادگایەی بۆ دەنگدان ئامادەکرد، ١٢٠ دەۆڵەت پەسندیانکرد،٢١ دەوڵەت
دەنگیان نەدا، و تەنیا ٧ دەوڵەت دژایەتییان کرد
- ئەمریکا، عێراق،
ئێسرائیل، لیبی و چین و قەتەر. جا سەیر نییە کە ئەمریکا نەیویست
دادگایێکی رێکووپێک و لێھاتوو سەدام و حیزبەکەی محاکەمە بکا. ئەگەر
ئەوە کرابا، ئەمریکا خۆی و دەستەودەیارەکانی، تورکییە و ئیسرائیل کە
ھەر رۆژ ئەو جینایەتانە دەکەن، و ھاوپەیمانە ئورووپاییەکانی تووشی کێشە
دەبوون. حاکمانی تازەی بەغداش، کە خۆیان قوربانی ئەو جینایەتانە بوون،
ئەوەیان ھەست پێدەکرد کە، وەک حاکم، خۆشیان پێویستیان بەوە دەبێ کە ئەو
جینایەتانە بکەن و زوو سەدامیان بە تاوانی جینایەتی دوجەیل شرت و گوم
کرد و کۆتاییان بە دادگا ھێنا. من ئەوە وەک پیلانێک لە دژی گەلانی
ناوچە و لە دژی قوربانیکراوانی ئەنفال و جێنۆسایدی گەلی ھەرمەنی و
ئاسۆری و فلستینی دادەنێم. دەوری رابەرایەتی کورد و رۆشنبیر و چالاکی
سیاسیش زۆر جێی سەرنجە.
پرسیار ٣:
ئایا دەتوانین ڕەگەزەکانی جینۆساید بە پێوەری جیھانی لە
تاوانەکانی ھەڵەبجە و ئەنفال بدۆزینەوە,وەک پشتیوانییەک بۆ بە جیھان
ناساندنی تاوانەکە,ئەگەر لەمبارەیەوە ڕونکردنەوەیەکی زیاترتان ھەبێت؟
وەڵام: ئەگەر بێتوو کۆنوانسیۆنی جێنۆسایدی ١٩٤٨ بکەین بە بنچینەی
تێگەیشتنی جێنۆساید، دەبێ بڵێم کە جێنۆساید تەنیا دڕندەیی و بێبەزەیێتی
لە زەبروزەنگی شەڕدا نییە. بە پێوەری ئەو کۆنوانسیۆنە (مادەی دوو)، بۆ
ئەوەی جینایەتێک وەک جێنۆساید بناسرێ دەبێ مەبەست یان نییەتی
جینایەتەکەرەکە ئەوە بێ کە یەک گرووپی نەتەوەیی، قەومیی، رەگەزیی، یان
ئایینی لە ناوبەرێ جا چ تەواوی گرووپەکە بێ یان بەشێکی. ھەروەھا
پێویستە ئەو لەناوبردنە لەبەر نەتەوەیی بوون، قەومی بوون، رەگەزیی بوون
یان ئایینی بوونی ئەو کەسانەبێ کە لە ناویان دەبەن. بۆ وێنە ریژیمی
بەعس ئەگەر کوردی بە بیانووی "جیاوازیخوازی" یان بڕوای سیاسی (وەک
کۆمۆنیست بوون، لیبرال بوون و ھتد) کوشتبا، بە گوێرەی کۆنوانسیۆنی
١٩٤٨، ئەو کوشتارە جێنۆساید لەقەڵەم نەدەدرا. بەڵام ئەگەر کوردی لەبەر
کوردبوون کوشتبا، جینایەتەکەی وەک جێنۆساید حیسابدەکرا. ئەوەش کەم
وکووڕییێکی ئەو کۆنوانسیۆنەیە کە زۆریش رەخنەی لێگیراوە (ھەر بۆیە
کۆکوژێ زیاتر لە نیو ملیۆن کۆمۆنیست لە ئەندۆنێزی لە ساڵانی ١٩٦٥-١٩٦٦
وەک جێنۆساید داناندرێ. جا ئەو مەبەستە (لە ناوبردنی بە تێکڕایی یان بە
بەشێک) تەنیا بە کوشتنی دڕندانە و لەبرسان کوشتن پێک نایە. بۆ وێنە ھەر
ئەو مادەی دووھەمە جوێکردنەوەی منداڵ لە دایک و بابی (کە مەبەستی
گۆڕینی زمان و کوولتوورە) بە جێنۆساید دادەنێ. ئەگەر مەبەستی حیزبی
بەعس ئەوە بووبێ کە بەشێک یان تەواوی گەلی کورد، لە بەر کوردبوون،
لەناوبەرێ دەکرێ بە جێنۆساید دابنێین. لەگەڵ ئەوەشدا، حیزبی بەعس، بە
پێچەوانەی ریژیمی کەمالیستی تورکییە، دانی دەنا بە بوونی کورد وەک
نەتەوەیێک بەڵام بەڵگەی زۆر ھەیە بۆ سەلماندنی سیاسەتی لە ناوبردنی "کورد
وەک کورد". بۆ وێنە، لەگەڵ ئەوەشدا، دەرس خوێندن بە کوردی لە عێراقدا،
بە پێچەوانەی تورکییە و ئێران، باو بوو، بەڵام سیاسەتی تەعریب لە
پەروەردە و لە گشت بواری دی دا بە ئاشکرا رەچاودەکرا. سیاسەتی تەعریب،
کە سیاسەتی گۆڕینی زمان و کولتوری کورد و دێمۆگرافی کوردستان بوو
سیاسەتێکی جێنۆسایدانەیە جا چ بە ھێمنی کرابێ چ بە زەبروزەنگ.
پرسیار ٤: ئایا ھەڵەبجە جینۆساید نەبێت،لە قەوارەی تاوانەکە، لە
گەورەیی تاوانەکە لە ڕوی یاساییەوە کەمدەکاتەوە؟
وەڵام: ئەگەر باسی قانوونی ناونەتەوەیی بکەین، بە تایبەت دوای
کۆنوانسیۆنی جێنۆساید، دەکرێ بڵێین ھەر سێک جینایەت ھاوسەنگن. ئەگەر
کەسێک بیەوێ بیسەلمێنێ کە کۆکوژێ ھەڵەبجە جێنۆساید نەبوو دەبێ لە پێشدا
ئەوە بسەلمێنێ کە ریژیمی بەعس مەبەستی لەناوبردنی گەلی کوردی، بە
تێکڕایی یان بەشێکی، نەبوو. ئیستیدلالێکی وا بۆ بارودۆخی ١٩٨٨ زۆر
ھاسان نییە. با وای دابنێین کە جێنۆواید نەبوو و جینایەتی شەڕی بوو.
ئەوە لە رووی سیاسییەوە لە قورسایی ئەو جینایەتە کەم ناکاتەوە.
پرسیار ٥: بوونی ئێران لە ھاوکێشەکەدا لە لێدانی نەوتەکەی کەرکووکەوە
لە ئۆکتۆبەری ١٩٨٦، بە دوایدا دانانی بارەگای پاسداران لە زۆر ناوچەی
کوردستان تا دەگاتە پەلاماری ھاوبەش بۆ سەر ھەڵەبجە، بەھانەی دایە دەست
بەعسەوە بۆ ئەنجامدانی تاوان، ئایا ئەو کردارە چ ڕۆڵێکی ھەیە لە: - بە
جینۆساید نەناسینی ئەو تاوانانە، و - لە کۆمەڵکوژی کوردان.
وەڵام: لە حقووقی نێونەتەوەیی دا، بۆ ئەوەی کردەوەی عەسکەری وەک
جینایەتی شەڕیی و جینایەتی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید بناسرێ، بێجگە لە
کێشەی مەبەست و نییەت، دەبێ شەڕەکەش شەڕێکی نێونەتەوەیی بێ. بوونی
ئێران لەو شەڕەدا، رووداوەکە نێونەتەوەیی دەکا و کردەوەی ھێزە
عەسکەرییەکانی ئێران دەکرێ وەک جینایەتی شەڕیی و دژی مرۆڤایەتی دابندرێ.
بە گوێرەی مادەی سێی کۆنوانسیۆنی ژێنێو (١٩٤٩)، تەنانەت لە شەڕی
ناوخۆییشدا، ھەم ئەوانەی کە شەڕکەرنین و ھەم ئەو شەڕکەرانەی کە
خۆبەدەستەوەبدەن، برینداربن، نەخۆشبن، چەکدارنەبن، یان بەیەخسیرگیرابن
دەبێ وەک "کەسی پارێزراو" رەفتاریان لەگەڵبکرێ واتە دەبێ رەفتاری
مرۆڤانەیان (بە بەزەیی) لەگەڵبکرێ، و رەفتاری شەرمەزارکەرانە و
سەرشۆڕکەرانە و ئیعدامی دەستبەجێ دەبێ قەدەغەبکرێ (بۆ وێنە، کاتێکی
تورکییە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رفاند و بەدەستبەستراویی لە ژێر ئاڵای
تورکییەدا وێنەی ھەڵگرت و لە دنیادا بڵاوی کردەوە، رەفتارێکی
سەرشۆڕکەرانەی لەگەل زیندانییێکی رفاندراو کرد و مادەی سێی کۆنوانسیۆنی
ژێنێوی پێشێلکرد چونکە ئەو رەفتارەی شەرمەزارکەرانە لە قەڵەمدەدرێ؛
تورکییە ئەو کۆنوانسیۆنەی ئیمزاکردووە و بەستراوەتەوە بە رەچاوکردنی
ئەو مادەیە).
سەبارەت بە دەوری ئێران: دیارە دەستدرێژی ئێران بۆ خاکی عێراق و
دامەزراندنی پێگەی عەسەکەری و ھاوکاریکردنی حیزبەکانی کوردستانی عێراق
لەگەڵ ئێران بیانووی دا بە سەدام بۆ دەکارھێنانی چەکی کیمیاوی بە
تایبەتی لە ھەلەبجەدا. بەڵام بە گوێرەی "قانوونی شەڕ"، ھیچ دەوڵەتێک
یان ھێچ ھێزێکی غەیری-دەوڵەتی، لە ھیچ بارودۆخێکدا بە ھیچ بەھانەیێک،
مافی وەی نییە ئەو جینایەتانە بکا.
پرسیار
٦: لە تاوانی ھەڵەبجە ٧٢ پێشمەرگەی کۆمەڵە لە گوردانی شوان یان
کوژران یان بە دیل گیران و دواتر ئیعدام کران، لە کاتێکدا ئەم دۆسیەیە
وەک بەشێک لە دۆسیەی ھەڵەبجە پێشکەش بە دادگا کرا، وەلێ لێی دەرھێنرا،
پرسیار ئەوەیە کۆمەڵکوژی ئەو ٧٢ پێشمەرگە، لە ناویاندا ئیعدام کردنی
ژمارەیەکیان دەچێتە پای چ تاوانێک لە تاوانە گەورەکان؟ ئایا
بەرپرسیارێتی یاسایی کۆماری ئیسلامی ئێران چییە لە ئەنجامدانی ئەو
تاوانە؟
وەڵام: من نازانم بە چ مەبەستێکی سیاسی یان قەزایی باسی پێشمەرگە
ئیعدامکراوەکانی کۆمەڵەیان لە پەروەندەکە دەرھێناوە؛ رەنگە لەبەر ئەوە
بووبێ کە تەنیا ریژیمی سەدام بە بەرپرسیاری جینایەتەکە دابنێن. دیارە
پێوەندیی دۆستانەش لە نێوان حاکمانی بەغدا و تاران ھەیە. ئەوەندەی من
دەتوانم بڵێم ئەوەیە کە ئەرتەش و پاسداری ریژیمی ئیسلامی (وەک ئەرتەشی
ئیسرائیل و تورکییە و عێراق) لەو جینایەتانە ناپرینگێنەوە و کۆکوژیی
زیندانی شەڕیی وەک پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بە ئەرکێکی شەرعی دادەنێن.
پرسیار
٧: ((بەھۆی ھێنانی ئێرانەوە بۆ کوردستان، چ بەرپرسیاریەتییەک
یاسایی و سیاسی و ئەخلاقی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسانەی "بڕیاریان دا،
فرماندەی شەڕەکانیان کرد" مەبەستم لایەنە کوردییەکانە.)).
((لە تاوانی ھەڵەبجە و لە ئەنفالیش خەڵک دەیانەویست خۆیان دەرباز بکەن،
چونکە پێش بینی ھەموو تاوانێکیان لە بەعس دەکرد، بەڵام ھەندێک بەرپرس
ڕێگر بوون لە بەردەم خۆ ڕزگار کردنی ئەو خەڵکە، زۆربەی قوربانیانی
ھەردوو تاوانەکە قوربانی ئەم ھەڵوێستەن، ئەوانەی ئەو ڕێگرییەیان درووست
کرد چ بەرپرسیارییەتیەک دەکەوێتە ئەستۆیان؟ )).
(( دزی و تاڵان، بڕینی پەنجە و دەستی ھاووڵاتیان بۆ ئەنگوستیلە و بازنگ
و برینی بانکی شارەکە و بە تاڵانبردنی ماڵ و دوکانی خەڵک لە لایەن
پێشمەرگەو پاسدارانەوە،پاشان تاڵان کردنی شار بە گشتی لە لایەن کۆماری
ئیسلامی ئێرانەوە، دەتوانین لە ڕوی یاساییەوە
لە ڕیزی چ تاوانێک پۆلێن
بەندیان بکەین؟ وە تۆمەتبار چ تۆمەتێک دەیگرێتەوە؟ )).
((لەپای ئەو تاوانانە ئایا ئەو کەس و لایەنانەی کە دەستیان ھەبوو لە
ھێنانی سوپای پاسدار ئەرکیان نییە داوای لێبوردن لەو خەڵکە بکەن و
قەرەبووی بەشێک لە زیانەکانیان بکەنەوە؟)).
وەڵام: لە سەدەی بیستەوە تا ئێستا، بە تایبەتی دوای شەری جیھانی دووەم،
حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە چەند خەباتی چەکداریی لە دژی ھێزی
چەکداری ئێران و عێراق و تورکییە بەشدارییان کردووە. بەڵام ئەو شەڕانە
زۆر کەم لە روانگەی "قانوونی مرۆڤییانەی نێونەتەوەیی" لێکۆڵینەوە و
لێکدانەوەی لێکراوە. ئەو قانوونە بە نێوی دیش ناسراوە وەک "قانوونی
شەڕ" یا "قانوون و عورفی شەڕ" یان "قانوونی بەرەنگاریی چەکدارانە" (من
لێرەوپاش زاراوەی کورتتری "قانوونی شەر" دەکاردێنم). مەبەستی ئەو
قانوونە، کە بریتییە لە کۆنوانسیۆنەکان و پرۆتۆکۆلەکانی ژێنێڤ (١٩٤٩،
١٩٧٩، ٢٠٠٥) و لاھە(١٨٩٩, ١٩٠٧) و چەند پەیماننامە و "قانوونی عورفیی
نێونەتەوەیی"، ئەوەیە کە کردەوە و بەرپرسێتییەکانی شەڕکەران )واتە
دەوڵەتان و تاقەکەسان( سەبارەت بە خۆیان (ئەوانەی لە شەڕدان) و بە "کەسی
پارێزراو" )واتە خەڵکی شەڕنەکەر( تەعریف بکا. بۆ وێنە ئەو کۆمەڵە
قانوونانە رەفتاری دڕندانە و بێبەزەییانە لە دژی خەڵکی شەڕنەکەر یان
غەیری-عەسکەر (کەسی پارێزراو) و لە دژی شەڕکەرانی دوژمن و یەخسیری
شەڕیی قەدەغەدەکن و وەک جینایەتی شەڕیی و جینایەتی دژی مرۆڤ و جێنۆساید
چاولێدەکەن و سزای بۆ دیاریدەکەن. لە ساڵی ٢٠٠٢ ەوە "دادگای جینایی
نێونەتەوەیی" پێک ھاتووە کە مەبەستی محاکەمەکردنی ئەوکەسانەیە کە
تاوانبارکراون بە سێ جینایەتەکان. تا مانگی ئاداری ئەوساڵ، ١١١ دەوڵەت
بوون بە ئەندامی ئەو دادگایە و ٣٨ دەوڵەتیش قەراری دامەزرانی
دادگاکەیان ئیمزاکردووە بەڵام ھێشتا لە پارلمان پەسندیان نەکردووە.
ئەمریکا و ئیسراییل زیاتر لە گشت دەوڵەتێک بەربەرەکانی ئەو دادگایەیان
کردووە و وێڕای تورکییە، سوورییە، عێراق، ئێران، رووسیە، و چین ئەو
دادگایە بە رەسمی نەناسن. دیارە سەیر نییە ئەو دەوڵەتانە دژی دادگان:
ھەم لە رابردوودا جینایەتییان کردووە و ھەم ئێستە.
دوای شەڕی جیھانی دووەم، سێ دەوڵەتی تورکییە و ئێران و عێراق بەشێکی
زۆری "قانوونی شەڕ"یان پەسندکرد و لەسەریانە کە ئەو قانوونە
دەبەرچاوبگرن. بەڵام ھیچکام لەو دەوڵەتانە پێبەند بەو قانوونە نەبوون.
حیزبە کوردییەکان، کە رێکخراوەی نادەوڵەتین، بۆ ماوەیێکی زۆر ئاگایان
لەو قانوونە نەبووە، رێگەی پەسندکردنیشیان نەدراوەتێ و جاروبار
قانوونەکانیان پێشیلکردووە. سەرباقی ئەو جیاوازییە لە نێوان دوو لایەنی
شەڕ، چاوەڕواندەکرێ کە حیزبەکانیش بزانن ئەو قانوونە چییە و رەچاویبکەن.
رەفتاری پێشمەرگە لە گەڵ خەڵک و لەگەڵ ھێزی دەوڵەت دەبێ بە پێوانەی ئەو
قانوونە ھەڵبسەنگێندرێ. پێشمەرگەش وەک ئەو دەوڵەتانە لەسەرێتی کە ئازار
نەگەیێنێ بە ئەوانەی کە شەڕکەر نین یان ئەو شەڕکەرانەی کە برینداربوون،
چەک کراون، یان یەخسیرکراون یان بە ھەر ھۆیێک بێ توانای شەرکردنیان
نەماوە. شتێکی زۆر گرینگە رەفتاری پێشمەرگە لەگەڵ خەڵکی شاروگوندە. بۆ
ماوەیێکی دورودرێژ، گوندەکان بوون بە مەیدانی شەڕ و جێگەی حەسانەوە و
بووژانەوە و ژینی ھێزی شەڕکەری کورد. لەو بارودۆخەدا، بەڕێوەبردن و
بەخێوکردنی پێشمەرگە زۆر جار دەکەوتە ئەستۆی خەڵکی گوندەکان کە بە
زەحمەتێکی زۆر دەیانتوانی خۆیان بەڕێوە بەرن . لە ھەمان کاتدا، بوونی
پێشمەرگە لە گوندەکاندا، خەڵکی گوندەکان و ماڵ و ماڵات و مەزرا و
کانیاوەکانیانیانی دەکردە ئامانجی بۆردومان و کوشتار و وێرانکردن بە
دەستی جەیشی دەوڵەت. ئەگەر بێتوو ھێزی پێشمەرگە رێیانگرتبێ لە خۆ
رزگارکردنی خەڵک چ لە ھەڵەبجە چ لە ئەنفال دا، بە بۆچوونی من ژیانی
خەڵکەکەیان لە مەترسی خستووە و دەکرێ وەک جینایەتی شەڕیی حیسێب بکرێ.
تا ئێستا ئەوەندەی من ئاگام لێبێ، رێکخراوەی "چاودێری مافی مرۆڤ" (HRW)،
زۆرتر حەولیداوە پێشێلکردنی "قانوونی شەڕ" لە کوردستان تۆماربکا. بێجگە
لە کتێبی "جێنۆساید لە عێراقدا..." کە تۆمارکردن و لێکدانەوەی ئەنفال
بوو، لە سالی ١٩٩٥دا لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بە پێشێلکردنی قانوونی شەر
لە تورکییە بڵاوکردەوە لە ژێر سەردێڕی "راگوێزتنی چەک و پێشێلکردنی
قانوونەکانی شەڕ لە تورکییە" (Weapons Transfers and Violations of the
Laws of War in Turkey). لەو لێکۆڵینەوەیە دەردەکەوێ کە دەوڵەتی
تورکییە لە شەڕی خۆیدا لە دژی پ ک ک، بە شێوەیێکی سیستیماتیک "قانوونی
شەڕ"ی پێشێلکردووە، و ئەمریکاش کە یارمەتی ئەرتەشی تورکییە دەدا لەو
جینایەتانەدا ھاودەستە. ھەروەھا، ئەو رێکخراوەیە دەڵی کە پ ک کاش ئەو
قانوونەی پێشێلکردووە، بەڵام کەمتر لە ھێزی چەکداری دەوڵەت. (بۆ وێنە
بڕوانە لاپەڕەکانی ١٣٧-١٤٥ و ١٦٧).
خەباتێکی زۆر پێویستە بۆ ئەوەی سێ جینایەتەکە دووپاتە نەکرێنەوە.
حیزبەکان دەبێ خۆیان فێری ئەو باسانە و قانوونەکانی شەڕ بکەن و رابردوو
و ئێستەی کردەوەی خۆیان بە شێوەیێکی رەخنەگرانە ھەڵبسەنگێنن. ھەروەھا
ئەوانەی لە حیزبەکاندا نین پێویستە بە پشت ئەستووربوون بە لێکۆڵینەوەی
زانستی کردار و رەفتاری حیزبەکان ھەڵسەنگێنن و بەربەرەکانی جینایەتی
شەریی و دژی مرۆڤایەتی بکەن. مێتۆدی لێکۆڵینەوەی "مێژوی زارەکی" بۆ
ئەوەی رەفتاری ھێزی چەکداری کورد تۆماربکرێ و لێکبدرێتەوە زۆر بەکەڵکە.
پێویستە وشیاری سەبارەت بە شەڕ و قانوونەکانی شەڕ و دژایەتیکردنی
دڕندەیی لە شەڕدا قووڵتر و بەرزتر بکرێ. دەبێ ئەوەش بڵێم کە ئەو
قانوونانە بەرھەمی دڕندەیی لە رادەبەدری شەڕە لە ئوروپای سەدەکانی ١٨
بەولاوە بە تایبەت سەدەکانی ١٩ و ٢٠. مەبەستی ئەو قانوونە ئەوە نییە کە
شەڕ بە یەکجاری کۆتایی بێ. مەبەست ئەوەیە کە شەڕ کەمتر دڕندانەبێ.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو قانوونە زۆر گرینگە، نابێ پێمان وابێ بە
ئامرازی قانوون دەتوانین کۆتایی بە دڕندەیێتی شەڕ بێنین. بۆ وێنە، دوو
دەوڵەتی ئەمریکا و ئیسرائیل، کە خۆیان بە دێمۆکرات دادەنێن، لە
پێشێلکردنی قانوونی شەڕ لە زۆر دەۆڵەتی دی بەردەوامترن و بە شێوەیێکی
قانوونی "قانوونی شەڕ" پێشێلدەکەن و "جڤاتی ناونەتەوەیی" لێیان وەدەنگ
نایا. بۆ وێنە، ئەشکەنجەی زیندانییەکانی ئەبووغرەیب و گوانتانامۆبەی بە
شێوەیێکی رەسمیی وەک جینایەتی شەڕیی نەناسراوە ئەگەرچی ھەن پارێزەر و
پسپۆڕی حقووقی ناونەتەوەیی کە ئەو ئەشکەنجانە بە جینایەتی شەڕیی
دادەنێن. ئیسرائیلیش لە ناوچە داگیرکراوەکانی فلستین ھەر ئان خەریکی
جینایەتی شەڕیی و جینایەتی دژی مرۆڤایەتییە و بێدەنگی لێدەکرێ.
پرسیار٧: زۆر تاوان لە کوردستان ئەنجام دراون لە قاڕنێ وە بۆ دەرسیم،لە
ئەنفالەوە بۆ کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە و شوێن بزرکردنی ٨٠٠٠
بارزانی و دەیان ھەزار فەیلی، بۆردومانکردنی شارەکانی قەڵادزی و
ھەڵەبجە لە ساڵی١٩٧٤ و ڕاگواستن و تەعریبکردنی کەرکووک و ناوچە
دابڕاوەکان ،ھەمووشی لە فەرھەنگی سیاسی کورددا بە جینۆساید ناویان
دەبەن؟ کێ و چی بڕیار ئەدەن کە ئەم تاوانانە لە خانەی چ تاوانێکدان؟
وەڵام: لە پێشدا باسم کرد کە کۆنوانسیۆنی ١٩٤٨ ی نەتەوە یەکگرتووەکان و
قانوونەکانی بەتایبەتی بەرھەمەکانی "دادگای جینایی نێونەتەوەیی"
سەرچاوەیێکی باشن بۆ بڕیاردان لە سەر ئەو رووداوانە. بۆ وێنە، ئەو
دادگایە گشت جۆرەکانی سێ جینایەتەکە بە وردی دیاری کردووە و بە چەند
زمان بڵاوی کردۆتەوە. مەتنە عەرەبییەکەی،"ڕرکان الجرائم"، بە ھاسانی
لەبەردەست دایە و پێویستە بە پوختی بکرێ بە کوردی و بڵاوبکرێتەوە:
www.icc-cpi.int/NR/rdonlyres/EE79806C-FB7D-421F-B811-7F14A99974FA/0/Element_of_Crimes_Arabic.pdf
ئەوانەی ناوت بردوون ھەرکامەی ھەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی تایبەتی خۆی
پێویستە و ناکرێ حوکمێکی گشتیان بۆ دەرکەم، بەڵام ئەوەندە دەتوانم بڵێم
کە زۆربەیان جینایەتی شەڕیی و جینایەتی دژی مرۆڤایەتیین و دیارە
ئەوانەی بەشێک لە ئەنفال بوون وەک جێنۆساید داندراون. پێویستە ئەوانەی،
کە وەک ئێوە لەو بوارەدا خەبات دەکەن، حەولێکی باش بدەن بۆ لێکۆڵینەوە
و لێکدانەوە و تۆمارکردنی مێژووی جێنۆسایدی گەلی کورد. ئەوەش پێویستی
بە فێربوونی تێۆری و مێژووی جێنۆساید و جینایەتەکانی دیکەیە. ھێندێک
بەرھەمی باش ھەیە بەڵام ئەوەی ھەیە بە نیسبەتی دنیایێک جینایەت کە تا
ئێستە کراوە ھەر ھیچ نییە. بۆ وێنە بەرھەمێکی باش لێکۆڵینەوەی ئیسماعیل
بێشکچی سەبارەت بە ژێنۆسایدی دەرسیمە.
پرسیار٨: ئایا کورد بۆ خۆی پەرێزی پاکە؟ ئایا دەستی نەبووە لەجینۆساید
ھیچ نەتەوەیەکی دیکە لە مێژوودا؟ ئەگەر ھەیە ئەرکە ئەخلاقییەکانمان
چییە بەرامبەر بە مێژوو؟
وەڵام: کورد یان ھیچ نەتەوەیێکی دی مێژوویێکی خاوێنی نییە. بەڵام دەبێ
بڵێم ئەوە ناخاوێنیی تەواوی گەلی کورد یان گەلانی دی نییە. ئەو
ناپاکییە ئی چینە دەسەڵاتدارەکانە کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان شەڕی
خوێناوی وەڕێدەخەن و خەڵکی بە گیانی یەکتردادەدەن. ئەوە ئاشکرایە کە
ئەو شەڕانە ھەر شەڕی کورد و غەیری-کورد نییە. ئەمارەتە کوردییەکان
ھەمیشە بە یەکتریان دادەدا (بابان لە دژی ئەردەڵان، موکریان لە دژی
بابان و ھتد). خان و ئەمیر و ئاغاوەت و شێخ بۆ راوڕووتکردن، ھەمووکاتێ
ئامادەبوون بە بیانووی مەسیحی بوون، جوولەکەبوون، یەزیدی بوون یان
ھەرمەنی بوون و ئاشۆری بوونی بەشێک لە خەڵکی کوردستان ھێرشیان بەرنەسەر.
بۆ وێنە بەشێک لە ڕابەرانی کورد، وەک ھاودەستی دەوڵەتی عوسمانی، لە
جێنۆسایدی گەلێ ھەرمەنی و ئاشۆڕی دا بەشدارییان کرد. ئەرکی ئەخلاقی و
سیاسی ئەوەیە کە بەڕاشکاوی و بە بێ شەرت و مەرج ددانبندرێ بە
بەشداریکردنی رابەرانی کورد و خەڵکی دی لەو جینایەتە، و ئەو
بەشداربوونە مەحکووم بکرێ، و داوای لێبوردن لە پاشماوەی
جێنۆسایدکراوەکان بکرێ و حەولبدرێ بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکییە ددان بنێ
بە جینایەتی خۆی. ھەروەھا، دەبێ حەولبدری بۆ تێگەیشتنی جێنۆساید و بۆ
وشیاربوونەوە و وشیارکردنەوەی گشت لایێک لەمەڕ پێوەندیی نێوان جێنۆساید
و شەڕ و ناسیۆنالیسم و دین و دەوڵەت و نیزامی چینایەتی بەتایبەت
سەرمایەداری و ئیمپریالیسم. کوشتار و دڕندەیی لە شەڕدا لە مێژە ھەیە
بەڵام جێنۆساید وەک دیاردەیێکی "مۆدێرن" چاویلێدەکرێ. تێگەیشتنی
پێوەندی جێنۆساید و دێمۆکراسی و مۆدێرنیتە پێویستی بە کاری تیۆری و
مێژوویی ھەیە. تێکۆشان بۆ پێوەندی دۆستانە لە گەڵ گەلانی دی بە تایبەت
گەلانی ھاوسێ، ئەویش بە گیانێکی ئەنترناسیۆنالیستی، زۆر پێویستە.
کەسێکی بیەوێ بە ڕاستی دژی ئەو جینایەتە بێ دەبێ دەست لە بۆچوونی
ناسیۆنالیستی دووربێتەوە. کوردێکی ئیسرائیل وەک دێمۆکراسی چاولێبکا و
ددان نەنێ بە جینایەتی پاکتاویی رەگەزیی و ئاپارتایدی ئیسرائیل لە دژی
گەلی فلستین چۆن دەتوانێ بە راستی و رەوایی و بە سەربەرزی بەربەرەکانی
ئەو جینایەتانە لە دژی گەلی کورد بکا؟ کاتێکی ئەشکەنجەی دڕندانەی
زیندانییەکانی ئەبووغرەیب ئاشکرابوو و زۆر رێکخراوەی مافی مرۆڤ و
کەسایەتی و میدیای ئەمریکا و وڵاتانی تر بە توندی رەخنەیان لە دەوڵەتی
ئەمریکا گرت، چەند کوردێک لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵات دەستیانکرد بە
پاکانەکردن بۆ ئەمریکا و ھێرشیان دەبردە سەر ئەوانەی کە ئەمریکایان
تاوانباردەکرد بە جینایەتی شەڕیی. من پێم وایە ئەو بۆچوون و سیاسەتە
ناسیۆنالیستییە ناتوانێ بەرەنگاری جینایەتی وەک جێنۆساید و پاکتاویی
رەگەزیی و ئاپارتاید لە کوردستان بێ. کەسێکی بییەوێ بێدەنگی بکا لە
کردەوەی جێنۆسایدییانەی ئەو دەوڵەت و نەتەوانەی کە بە "دۆستی کورد"یان
دادەنێ ناتوانێ بە دڵێکی پاکەوە بەربەرەکانی جێنۆسایدی گەلی کورد بکا.
جێنۆساید جینایەتێکی ناونەتەوەییە و ئەرکی سەرشانی گشت کەسە، لە ھەر
جێیێک بێ و لە ھەر نەتەوەیێک بێ، دژایەتی ئەو جینایەتە بکا. ئەگەر
کەسێک ئینکاری جێنۆسایدێکی تایبەتی بکا وەک ئەویە ھاودەستی بکا و
درێژەی پێبدا.
سیاسەتی ناسیۆنالیستی ھەر جێنۆسایدی نەتەوەی خۆی پێ گرینگە و جیاوازی
دانانێ لە نێوان ئەو دەوڵەتەی کە جێنۆساید دەکا و ئەو نەتەوەی کە بە
ناوی وی جێنۆساید دەکا. بۆ نموونە، لە گەڵ ئەوەشدا ئاشۆرییەکانی عێراق،
وەک گەلی کورد وەبەر لێشاوی ئەنفال کەوتن، لە گوتاری ناسیۆنالیسمی کورد
سەبارەت بە ئەنفال زۆر کەم باسی ئاشۆرییەکان دەکرێ، دەڵێی ئەوان تووشی
کۆکوژێ نەبوون یان ریژیمی بەعس ئەوانی لەبیرچووبۆوە. ھەروەھا، ھەرچی
عەرەبە بە دوژمنی ھرچی کوردە دادەندرێ و دڕندەیێتی رێژیمی بەعس لە دژی
شیعەکان فەرامۆشدەکرێ.
پرسیار٩:
بە جیھان ناساندنی تاوانەکانی کورد وەک ئەوەی ئەرمەن و جولەکە
ئەنجامیان دا،چۆن دەستی بۆ ببردرێت و لە کوێوە ھەنگاوی بۆ بنرێت؟
وەڵام: وەڵام: ئەگەر مەبەستت ئەوەیە کە چۆن جێنۆسایدی کورد (وەک ئەنفال)
دەبێ بە جیھان بناسێندرێ، دەبی بڵێم ئەوە پێویستی بە تێکۆشانی فکری،
سیاسی و قانوونی و کۆمەڵایەتییە و ئەرکی سەرشانی حەموو ئینسانێکی
ئازادیخوازە بۆ ناساندن و بەربەرەکانیکردنی ئەو سێ جینایەتانە لە
کوردستان.
پرسیار ١٠: ئایا لە ڕوی ھاوشێوەییەوە دەتوانین تاوانی ھیرۆشیما بە
کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە و ھۆلۆکۆستیش بە ئەنفال بشوبھێنین؟ خاڵە
ھاوبەشەکان دەتوانین لە نێوان ئەو ٢ تاوانە و ھەڵەبجە و ئەنفال
بدۆزینەوە؟ ئایا ھیرۆشیماو ھۆلۆکۆست لە خانەی چ جۆرە تاوانێک ڕیز بەندی
کراون؟
وەڵام: ھۆلۆکاست و ھێرۆشیما جیاوازن. ھۆلۆکاست جێنۆساید بوو و ھێرۆشیما
جینایەتی شەڕیی. جیاوازییەکە لە نییەت و مەبەستی جینایەتەکە دایە.
ئەمریکا بە بۆردمانی ھێرۆشیما و ناگازاکی نەیدەویست نەتەوەی ژاپۆن،
تەواوی یان بەشێکی، لە ناوبەرێ بەڵام نازییەکان دەیانەویست کە گەلی
یەھوودی و رۆماکان بەیەکجاری لەناوبەرن و بە کوشتاری کەمئەندامان و
کۆمۆنیستەکان و گرووپی دی رەگەزەکەیان "خاوێن" بکەنەوە. بۆردمانی
ھێرۆشیما دەکرێ بڵێین جینایەتی شەڕی بوو. رەنگە لەوەدا شک نەبێ کە
کوشتاری ھەڵەبجە جینایەتی شەڕیی بوو بەڵام ئەگەر لە بڕگەی مێژوویی خۆی
دا چاوی لێبکەین و لە سیاسەت و کردەوەی بەعسی سالانی ١٩٨٦ بەولاوە جوێی
نەکەینەوە و وەک بەشێک لە پڕۆژەی جێنۆسایدی ئەنفال چاوی لێبکەین، دەبی
وەک جێنۆساید بناسرێ. جینایەتێکی شەڕیی یان جینایەتێکی دژێ مرۆڤایەتی
دەتوانێ بەشێک لە جێنۆساید بێ. جێنۆساید یەکدابەدوو دەست پێناکا و
تەواو نابێ، و پرۆسەیێکە کە لە زنجیرەیێک کردەوە و سیاسەتی
نابوودکەرانە پێکدێ. جابۆیە، کاتێکی دادگای عێراق رووداوی ھەلەبجەی کرد
بە باسی جێنۆساید بوون یان نەبوون کارێکی ناشایستی کرد. ئەگەر ریژیمی
بەعس لە ١٩٨٨دا خەریکی جێنۆساید بوو (لە ئەنفالدا) و ئەو پڕۆژەیە بە
شەڕی ئێران و عیراقە توندوتیژتر ببوو، چۆن دەکرێ ھەلەبجە لەو پڕۆژەیە
جوێبکرێتەوە؟ بگەڕێمەوە سەر ھۆلۆکاست و ئەنفال: ھەردووکیان جێنۆساید
بوون، ھۆلۆکاست نێوێکی دینییە کە سەھیونیست و ناسیۆنالیستی یەھوودی لەو
جێنۆسایدەیان ناوە بۆ ئەوەی لەوانی دی جوێی بکەنەوە و نرخێکی تایبەتی
بۆ دانێن؛ ئەنفالێش نێوێکی دینییە کە ریژیمی نادینیی بەعس لە
جینایەتەکەی ناوە.
پرسیار١١: ئایا کورد بۆ خۆی پەرێزی پاکە؟ ئایا دەستی نەبووە لەجینۆساید
ھیچ نەتەوەیەکی دیکە لە مێژوودا؟ ئەگەر ھەیە ئەرکە ئەخلاقییەکانمان
چییە بەرامبەر بە مێژوو؟
وەڵام: کورد یان ھیچ نەتەوەیێکی دی مێژوویێکی خاوێنی نییە. بەڵام دەبێ
بڵێم ئەوە ناخاوێنیی تەواوی گەلی کورد یان گەلانی دی نییە. ئەو
ناپاکییە ئی چینە دەسەڵاتدارەکانە کە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان شەڕی
خوێناوی وەڕێدەخەن و خەڵکی بە گیانی یەکتردادەدەن. ئەوە ئاشکرایە کە
ئەو شەڕانە ھەر شەڕی کورد و غەیری-کورد نییە. ئەمارەتە کوردییەکان
ھەمیشە بە یەکتریان دادەدا (بابان لە دژی ئەردەڵان، موکریان لە دژی
بابان و ھتد). خان و ئەمیر و ئاغاوەت و شێخ بۆ راوڕووتکردن، ھەمووکاتێ
ئامادەبوون بە بیانووی مەسیحی بوون، جوولەکەبوون، یەزیدی بوون یان
ھەرمەنی بوون و ئاشۆری بوونی بەشێک لە خەڵکی کوردستان ھێرشیان بەرنەسەر.
بۆ وێنە بەشێک لە ڕابەرانی کورد، وەک ھاودەستی دەوڵەتی عوسمانی، لە
جێنۆسایدی گەلێ ھەرمەنی و ئاشۆڕی دا بەشدارییان کرد. ئەرکی ئەخلاقی و
سیاسی ئەوەیە کە بەڕاشکاوی و بە بێ شەرت و مەرج ددانبندرێ بە
بەشداریکردنی رابەرانی کورد و خەڵکی دی لەو جینایەتە، و ئەو
بەشداربوونە مەحکووم بکرێ، و داوای لێبوردن لە پاشماوەی
جێنۆسایدکراوەکان بکرێ و حەولبدرێ بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورکییە ددان بنێ
بە جینایەتی خۆی. ھەروەھا، دەبێ حەولبدری بۆ تێگەیشتنی جێنۆساید و بۆ
وشیاربوونەوە و وشیارکردنەوەی گشت لایێک لەمەڕ پێوەندیی نێوان جێنۆساید
و شەڕ و ناسیۆنالیسم و دین و دەوڵەت و نیزامی چینایەتی بەتایبەت
سەرمایەداری و ئیمپریالیسم. کوشتار و دڕندەیی لە شەڕدا لە مێژە ھەیە
بەڵام جێنۆساید وەک دیاردەیێکی "مۆدێرن" چاویلێدەکرێ. تێگەیشتنی
پێوەندی جێنۆساید و دێمۆکراسی و مۆدێرنیتە پێویستی بە کاری تیۆری و
مێژوویی ھەیە. تێکۆشان بۆ پێوەندی دۆستانە لە گەڵ گەلانی دی بە تایبەت
گەلانی ھاوسێ، ئەویش بە گیانێکی ئەنترناسیۆنالیستی، زۆر پێویستە.
کەسێکی بیەوێ بە ڕاستی دژی ئەو جینایەتە بێ دەبێ لە بۆچوونی
ناسیۆنالیستی دووربێتەوە. کوردێکی ئیسرائیل وەک دێمۆکراسی چاولێبکا و
ددان نەنێ بە جینایەتی پاکتاویی رەگەزیی و ئاپارتایدی ئیسرائیل لە دژی
گەلی فلستین چۆن دەتوانێ بە راستی و رەوایی و بە سەربەرزی بەربەرەکانی
ئەو جینایەتانە لە دژی گەلی کورد بکا؟ کاتێکی ئەشکەنجەی دڕندانەی
زیندانییەکانی ئەبووغرەیب ئاشکرابوو و زۆر رێکخراوەی مافی مرۆڤ و
کەسایەتی و میدیای ئەمریکا و وڵاتانی تر بە توندی رەخنەیان لە دەوڵەتی
ئەمریکا گرت، چەند کوردێک لە کوردستان و لە دەرەوەی وڵات دەستیانکرد بە
پاکانەکردن بۆ ئەمریکا و ھێرشیان دەبردە سەر ئەوانەی کە ئەمریکایان
تاوانباردەکرد بە جینایەتی شەڕیی. من پێم وایە ئەو بۆچوون و سیاسەتە
ناسیۆنالیستییە ناتوانێ بەرەنگاری جینایەتی وەک جێنۆساید و پاکتاویی
رەگەزیی و ئاپارتاید لە کوردستان بێ. کەسێکی بییەوێ بێدەنگی بکا لە
کردەوەی جێنۆسایدییانەی ئەو دەوڵەت و نەتەوانەی کە بە "دۆستی کورد"یان
دادەنێ ناتوانێ بە دڵێکی پاکەوە بەربەرەکانی جێنۆسایدی گەلی کورد بکا.
جێنۆساید جینایەتێکی ناونەتەوەییە و ئەرکی سەرشانی گشت کەسە، لە ھەر
جێیێک بێ و لە ھەر نەتەوەیێک بێ، دژایەتی ئەو جینایەتە بکا. ئەگەر
کەسێک ئینکاری جێنۆسایدێکی تایبەتی بکا وەک ئەویە ھاودەستی بکا و
درێژەی پێبدا.
سیاسەتی ناسیۆنالیستی ھەر جێنۆسایدی نەتەوەی خۆی پێ گرینگە و جیاوازی
دانانێ لە نێوان ئەو دەوڵەتەی کە جێنۆساید دەکا و ئەو نەتەوەی کە بە
ناوی وی جێنۆسایدە دەکا. بۆ نموونە، لە گەڵ ئەوەشدا ئاشۆرییەکانی عێراق،
وەک گەلی کورد وەبەر لێشاوی ئەنفال کەوتن، لە گوتاری ناسیۆنالیسمی کورد
سەبارەت بە ئەنفال زۆر کەم باسی ئاشۆرییەکان دەکرێ، دەڵێی ئەوان تووشی
کۆکوژێ نەبوون یان ریژیمی بەعس ئەوانی لەبیرچووبۆوە. ھەروەھا، ھەرچی
عەرەبە بە دوژمنی ھرچی کوردە دادەندرێ و دڕندەیێتی رێژیمی بەعس لە دژی
شیعەکان فەرامۆشدەکرێ.
دەوڵەتەکانیش لە جێنۆساید کەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن و رێگە
نەدەن بە شارۆمەندان کە داوای مافی خۆیان بکەن. بۆ وێنە،
لێکۆلینەوەیێکی زۆر کراوە سەبارەت بە وەی کە دەوڵەتی ئیسرائیل و زۆربەی
سەھیوونیستەکان ھۆلۆکاست دەکاردێنن بۆ ئەوەی پاکانە بکەن بۆ داگیرکردنی
نیشتمانی فلستینییەکان و مافی چارەنووسی ئەو گەلە ئینکاربکەن و
درێژەبدەن بە پاکتاوی رەگەزیی و جینایەتی شەڕیی لە دژی ئەو گەلە.
سەھیوونیستەکان دەڵێن: "باسی سەرکوتکردنی فلستینییەکان مەکە، ئێمە
تووشی ھۆلۆکاست بووین!" لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەدا، دەبێ بڵێین: "چۆن
نەتەوەیێکی تووشی ھۆلۆکاست بووبێ دەتوانێ نەتەوەیێکی دی ھۆلۆکاست بکا؟"
لە کوردستانیش بیرەوەریی ھەلەبجە و ئەنفال گەمەی سیاسی پێدەکرێ. ئەگەر
لە فلستینی داگیرکراو و لە جێی دی مووزەی ھۆلۆکاست سازدەکەن بۆ
بەھێزکردنی نەتەوە-دەوڵەتی ئیسرائیل، لە کوردستانیش مووزەی ئەنفال و
بیرەوەری ھەلەبجە بۆ قایموقۆڵکردنی حکوومەتی کوردستان دەکاردەھێندرێ.
دیارە دانانی مووزە بۆ تۆمارکردن و وەبیرھێنانەوەی ئەو جینایەتانە زۆر
پێویستە بەڵام دەکارھێنانی ئەو بیرەوەرییە (١٦ی ئاداری ھەلەبجە، رۆژی
جێنۆساید ١٤ی مانگی ٤ ، مووزە و "مانیومنتی" ھەلەبجە و ئەنفال) بۆ کپ
کردنی دەنگی رەخنەگرانە و ئینکارکردنی مافی قوربانییەکانی ئەو
جینایەتانە و بێدەنگکردنی شارۆمەندان کردەوەیێکی ناشایستە. مەبەست دەبێ
ئەوە بێ کە یادکردنەوکان، رۆژەکان، مووزەکان و بینایەکان بەشێک لە
پڕۆژەی بنەبڕکردنی جێنۆسایدبن و یارمەتی بدەن بەوەی کە پاشماوەکانی
ئەنفال و ھەڵەبجە ژیانێکی ئاسایی و بەحورمەتییان ھەبێ نەک ئەوەی بێدەنگ
بکرێن و پێیان بڵێن: "سەدام وای لێکردین، رازی بە بە نەبوونی سەدام و
دەنگت دەرنەیا!"
پرسیار ١٢:
بیستمان بەڕێزت لە نووسینی بەشی تایبەت بە کورد لە فەرھەنگی
جینۆسایددا بەشداریت کردووە،ئەگەر لەو بارەیەوە باسێکمان بۆ بکەیت؟
وەڵام: من باسی "کورد"م لە دائیرەتۆلمەعاریف یان "ئەنسیکلۆپێدیای
جێنۆساید و جینایەتی دژی بەشەریی" نووسی کە لە سێ بەرگدا لە ئەمریکا بە
زمانی ئینگلیسی بڵاوبۆوە. سەرنووسەر پێی راگەیاندم کە نابێ نووسراوەکە
لە ٥٠٠٠ وشە زیاتر بێ. من باسی مێژووی جێنۆساید و جینایەتی شەڕیی و دژی
مرۆڤایەتی لە گشت ناوچەکانی کوردستانم کرد. دیارە لە ٥٠٠٠ وشەدا ناکرێ
ئەو گشتە مێژوویە، تەنانەت بە کورتی، تۆماربکرێ و شی بکرێتەوە بەڵام
حەولی خۆم دا. سەرنووسەر باسێکی منی سانسۆرکرد و ناچاربووم بەشی ئاخری
کە باسی بەربەرەکانیکردنی ئەو جینایەتانە لە چواروڵات و لە کوردستان
بوو زۆر کورت بکەمەوە. ئەوەی کە سانسۆرکرا ئەوە بوو کە نووسیبووم
تەجروبەی گەلی کورد قسەی لیۆ کووپر (Leo Kuper مێژوونووسی جێنۆساید)
دەسەلمێنێ کە دەڵێ دەولەتان "مافی جێنۆسایدکردن" بۆ خۆیان رەچاودەکەن و
رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ھیچی پێناکرێ. ئەو ئەنسێکلۆپێدیایە
لەباتی ئەوەی ئیسرائیل وەک وڵاتێک باس بکا کە بە جێنۆساید و پاکتاویی
رەگەزیی و ئاپارتاید و جینایەتی شەریی دامەزراوە، سووک و ھاسان بێدەنگی
لێدەکا. ئەوە دووەم ئەنسێکلۆپێدییا سەبارەت بەو باسە (بە زمانی
ئینگلیسی) بوو و بریابا بەرھەمێکی وا دابندرێ کە ئەو باسانە لە روانگەی
قوربانییەکانی ئەو جینایەتانە بکا نەک بە بەرژەوەندی دەوڵەتان و بە
پاکانە کردن بۆ جینایەتکەری وەک ئیسرائیل.
پرسیار١٣: پێت وا نییە لە ڕوی فەرھەنگەوە زمانی کوردی لە بواری یاسایی
و پرسەکانی جینۆسایدەوە ھەژار بێت؟ ئایا پێویست ناکات پسپۆرانی زمان
ھەوڵێک بدەن بۆ دەوڵەمەند کردنی زمانی کوردی.
وەڵام: بەڵێ زمانی کوردی لە بواری قانوونی و حقووقییەوە، بۆ باسی
جێنۆساید و گشت باسێکی دی، تەواو ھەژارە. ئەوەش تا رادەیێک بە ھۆی
ئەوەیە کە لە بەر نەبوونی دەسەڵاتی سیاسی، زمانی کوردی لەو بوارەدا زۆر
دەکارنەھاتووە. بەڵام بە بۆچوونی من ئەوەی کە زمانەکەی کۆڵەوارکردووە
بۆچوونی ناسیۆنالیستییە لە زماندا، مەبەستم پەتیگەرییە، کە دەیەوێ
تەواوی وشەی خوازراو، بە تایبەتی وشە و زاراروەی وەرگیراو لە عەرەبی،
لە زمانی کوردی وەدەربنێ. بۆ وێنە، لە کوردی دا وشەی بە رەچەڵەک کوردی
(ئەگەر شتی وا ھەبێ) بۆ "قانوون" نییە و ئەو وشە لە عەربی وەرگیراوە و
عەربیش خۆی "قانوون"ی لە یوونانی وەرگرتووە. جا پەتیگەران دێن "قانوون"،
کە زۆر لە مێژە لە کوردی دا دەکارھاتووە و بووەتە بەشێک لە زمانی کوردی،
فڕێدەدەن و وشەی "یاسا"ی لە باتی دادەنێن و نازانن کە یاسا مەغوولییە.
"جاف: فەرھەنگی گیرفانیی ئینگلیزی-کوردی" (چاپی سێھەم ٢٠٠٣) وشەی یاسای
بۆ سێ وشەی جیاوازی ئینگلیسی (rule, regulation, law) دەکارھێناوە بۆ
ئەوەی وشەی خوازراو لە عەرەبی دەکارنەھێنێ. بەڵام زمانێکی کە نەتوانێ
جیاوازی ئەو وشانە دەربڕێ بەکاری تێکۆشانی فکریی و رۆشنبیریی نایا. ئەو
دژایەتییکردنەی زمانی عەربی تەواو رەگەزپەرستانەیە و زمانەکەی تەواو
ھەژارکردووە.
لە باسی جینۆسایدیشدا ھەروایە. بۆ وێنە، کوردی وشەیێکی پەتیی بۆ
مەفھوومی "جینایەت" نییە و پەتیگەرکان لە باتی جینایەت وشەی "تاوان"
دەکاردێنن. بەڵام "تاوان" و "جینایەت" جیاوازن. بۆ وێنە دەتوانین بڵێین
کە "سەدام تاوانبارکرا بە ارتکابی جێنۆساید". لەو رستەدا، تاوانبارکردن
مانای "اتھام"ی ھەیە. بەرگی یەکی فەرھەنگی خاڵ کە لە ١٩٦٠ دا بڵاو بۆوە،
تاوان بە "گوناح" مانادەکاتەوە و ئەو شایەدەی بۆ دێنێتەوە: "بێ تاوان
کوژرا". لێرەدا، تاوان مانای جینایەتی نییە. بەڵام نووسەران ئەوەندە "تاوان"یان
لە باتی "جینایەت" دەکارھێناوە، خەریکە ئەو مانایە پەیدادەکا. ئەو
رێبازە پەتیگەرییە سەرەڕۆیانە رێگەنادا زمانی کوردی بەرەنگاری لێشاوی
وشە و زاراوەی زمانە پێشکەوتووەکان ببێ. بۆ وێنە، د. نووری تاڵەبانی،
کە خۆی پسپۆڕی قانوونە و ھەوەڵ فەرھەنگی بەپێزی زاراوەی قانوونی بە
کوردی و عەربی و فەرانسەیی و ئینگلیسی داناوە، وشەی تاوانی بۆ ئەو
وشانە دەکارھێناوە: جرم=تاوان، جریمە=تاوان، بریء=بێ تاوان، حکم
بالادانە=بڕیاری تاوانبارکردن، اعتراف بالژنب=داننان بە تاوان، و تجریم
متھم=تاوانبارکردنی تۆمەتبار. من پێم وایە ئەگەر بمانەوێ زمانی کوردی
(چ لەو بوارەدا چ لە بواری زانستییەکاندا) لە رادەی زانکۆیی دا دەکاربێ،
ئەو سیاسەتە پەتیگەرانەیە دەبێ وەلابنێین. (بڕوانە دوکتۆر نووری
تاڵەبانی، "فەرھەنگی قانوونی: عەرەبی-کوردی-فەرەنسی-ئینگلیزی"،چاپی
دووەم، ٢٠٠٦ لە سایتی:
www.pertwk.com/pdf/Farhangi_qanuny.pdf
____________________________________
*
نامەی حکوومەتی کۆماری گەلیی مەغوولستان بۆ رێکخراوەی نەتەوە
یەکگرتووەکان لە ٢ی مانگی ٧ی ١٩٦٣. لەو نامەیەدا، داوا کراوە کە باسی
"سیاسەتی جینۆسایدی حکوومەتی کۆماری عێراق لە دژی گە لی کورد" بخرێتە
نێو ئەجێندای کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ماڵپهڕی ئهمیری حهسهنپوور
|