په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

وزەى تازەبووەوە
(وزەى خۆر و با و ئاو).

     
د.ئیبراهیم محەمەد جەزا*

دەسپێک:


هەروەک لەوتارى پێشوودا باسم کرد کە بەگشتى دوو سەرچاوە بۆ وزە دەست نیشان دەکرێت: یەکێکیان سەرچاوە تازە نەبووەوەکانە،کە نەوت وگاز وخەڵوزى بەردین دەگرێتەوەودووەمیان سەرچاوە تازەبووەوەکانە کەئەمیان وزەى گەرمیى زەوى و وزەى خۆر(هەتاو) و وزەى با و تواناى ئاو و وزەى هەڵکشان وداکشانى ئاوى دەریا دەگرێتەوە. هەڵبەت لەوتارێکى پێشوودا باس لەوزەى گەرمیى زەوى کرا(لەلیستى سەرچاوەکاندا دانراوە)،بۆیەلەم وتارەدا هەوڵ دەدەم کە ئەوجۆرانەى تر کەمەبەست لەسەرچاوەکانى وزەى خۆر وبا وئاودەگرێتەوە،باس بکەم.


وزەى خۆر:


تیشکى خۆر یان هەتاو گرنگترین سەرچاوەى تازەبووەوەى وزەیە.یەکێک لەسیفاتەهەرەگرنگەکانى ئەوەیەکە پاکەو ژینگەپیس ناکات.بەپێى دوایین لێکۆڵینەوە گەردوونییەکان خۆر بۆ ماوەیەکى دوورودرێژى تر( چەند بلیۆن ساڵێک) لەدانى وزە بەردەوام دەبێت.ئەوەى کەگرفت دروست دەکات لەبەکارهێنانیدا ئەوەیە چونکەبەهەموو لایەکدا بڵاوە هەر بۆیەدەبێت کەلەڕووبەرێکى فراواندا کۆبکرێتەوەوچڕبکرێتەوە وپاشان کارەباى لێوەربگیرێت.


وزەى خۆر بەچەندڕێگایەک دەتوانرێت بگۆڕێت بۆ کارەبا.یەکێک لەڕێگەگرنگەکان ئەوەیەکەلەڕێگەى بەکارهێنانى ئاوێنەوهاوێنەکانەوە چڕبکریێتەوەو ئاوى پێگەرم بکرێت تادەبێت بەهەڵم و پاشان بەوهەڵمە تۆڕباینى بەرهەمهێنانى کارەبا هەڵبسووڕێنرێت. ئەوەى کەزۆرتر باوە بەڵام تەکنەلۆجیایەکى پێشکەوتووترى دەوێت ئەوەیە کەخانەى خۆریى یان خانەى هەتاویى(Solar cell ) بەکاربهێنرێت کەڕاستەوخۆ کارەبا بەرهەم دێنێت (وێنەى ژمارە1). پێویستە ئەو خانانەبەڕیزدابنرێن و وزەى خۆرى لێوە کۆبکرێتەوە. هەر ئەم ڕێگەیەلە دابینکردنى کارەبا بۆ مانگەدەستکردەکاندا بەکاردێت.هەندێک لەم خانانە لەسەر بانى ماڵەکان دادەنرێت وبڕێکى کەم کارەباى لێوەردەگیرێت. هەروەها ئێستا لەشارەکانى کوردستانیش ئەم تەکنەلۆجیایە لەچەندین شوێن بەکاردێت بۆ دەستکەوتنى کارەبا،بۆنموونەلەدابینکردنى کارەبا بۆگڵۆپەکانى هاتوچۆ وڕووناککردنەوەى شەقامەکان لەشارى سلێمانى(وێنەى ژمارە2 ).گرفت لەم ڕێگەیەدا ئەوەیەکەبڕى کارەباى بەرهەمهاتوو کەمە و وەک پێویست نییە.بۆنموونەئەگەر ولایەتەیەکگرتووەکانى ئەمریکا بیەوێت وزەى کارەباى ئێستاى لەوزەى خۆرەوەوەربگرێت ئەوا دەبێت ڕووبەرى 7000کم2 بەم خانانەدابپۆشێت! لەئێستادا زیاتر ئەم ڕێگەیەبەکاردێت بۆگەرمکردنى ماڵەکان وهەروەها گەرمکردنى ئاو لەماڵاندا،ئەویش لەڕێگەى دانانى ئەم خانانەى هەتاویى لەسەر سەربانى خانووەکان.هەرچەندەگرفتى سەرەکى لەبەکارهێنانى ئەم خانانەدا بریتییە لەڕۆژانى هەورو بێ هەتاویدا کە تواناى بەرهەمهێنانى وزەى کارەباى زۆرکەم دەبێتەوە.

وزەى با:


سەرچاوەیەکى ترى وزەى خۆر کەناڕاستەوخۆ دەتوانرێت لەبا وەوەربگیرێت.زۆر ئاشکراوڕوونەکە بۆماوەیەکى زۆر درێژە پانکەکانى هەڵسوڕێنەرى ئاشەکان بەکارهاتووەبۆهاڕینى دانەوێڵە،بێگومان ئاویش هەروەها بەکارهاتووەبۆهەمان مەبەست.بەڵام لەم دوواییەدا سوود لەبا وەرگیرا بۆبەرهەمهێنانى کارەبا وەک ئەوەى کەلەوڵاتى دانیمارک بەڕێوەدەچێت. لەهەندێک شوێن وەک کالیفۆرنیا لەئەمریکا بە هەزارەها لەم پانکانەدانراوەبۆ بەرهەمهێنانى کارەبا،هەروەها لەوڵاتى ئەڵمانیاش بەکاردێت (وێنەى ژمارە 3). وەک هەمووجۆرەکانى وزەى خۆر سوودى سەرەکى ئەم جۆرەوزەیە ئەوەیەکەپاکە وژینگەپیس ناکات وپێویستى بەسووتەمەنى نییەوگازى دووانۆکسیدى کاربۆن ناکاتەبەرگەهەواوە،لەگەڵ ئەمانەشدا ئەگەر بەتاک حسابى ئەم پانکانە بکرێت زۆر گران دەکەوێت و ناشتوانرێت وزەى بەرهەمهاتووبۆ ئیشپێکردنى ئۆتۆمبیل وکەشتى و فڕۆکەبەکاربهێنرێت.هەروەها زیادبوون وکەمبوونى با کاریگەرى هەیەلەسەر ئاستى بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا.


وزەى ئاو یان وزەى هایدرۆئێلیکتریک (کارۆئاویى):


تواناى ئاو بۆبەرهەمهێنانى وزەى کارەبا بۆسەردەمێکى کۆن دەگەڕێتەوە وتا ئەمڕۆش ڕۆڵى خۆى دەبینێت لەدابینکردنى کارەبا بۆ ناوچەى جیاجیا لەدانیشتوانى گۆى زەوى. وزەى کارۆئاوى یەکێکەلەوسەرچاوەتازەبووەوانەى وزە کەپشت دەبەستێت بە بوونى ئاولەناوچەیەکدا. سەرچاوە سەرەکییەکەى ئەم وزەیەش هەردەگەڕێتەوەبۆ خۆر کەئاوى زەریاکان گەرم دەکات ودەبێت بەهەڵم وپاشان چڕدەبێتەوەو وەک باران وبەفر دەبارێت و ئاوى پێویست دابیندەکات بۆ سووڕاندنەوەى تۆڕباینەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا. بۆ ئەم وزەیەپێویستەبەنداوێک بنیاتبنرێت و پاشان لە کاتى بەردانەوەى ئاوەکەدا تۆڕباینى بەرهەمهێنانى کارەبا هەڵدەسووڕێنێت،بۆنموونە لەبەنداوەکانى دوکان ودەربەندیخان دا سوود لەڕۆشتنى ئاوەکەوەردەگیرێت بۆبەرهەمهێنانى کارەبا(وێنەى ژمارە4). لەئەمریکادا تائێستاش 15% وزەى کارەبا لەپڕۆژە کارۆئاوییەکانەوەبەرهەم دێت. بۆ چەند ساڵێکى درێژیش بەتایبەتى لەپاش ڕاپەڕینى گەلى کوردستان لەساڵى 1991 وە تەنها سەرچاوەى سەرەکى کارەبا بۆ شارەکانى کوردستان لەودووبەنداوە دەست دەکەوتن.دروستکردنى بەنداولەناوچەیەکدا لەوانەیەسوودى گلدانەوەى ئاوى هەبێت وناوچەیەکیش لەلافاوبپارێزێت،بەڵام لەهەمانکاتدا دەبێتە داپۆشینى ناوچەیەکى فراوان وتێکدانى ژیانى کێوى لەناوچەکەدا،ئەمەسەرەڕاى داپۆشینى چەندەها شوێنى نیشتەجێبوونى خەڵک بەئاو.


وزەى هەڵکشان وداکشانى ئاوى دەریا:


ئەم وزەیەپشت دەبەستێت بەئاو و کاریگەرى هەڵکشان وداکشانى ئاولەزەریاکاندا. لەڕێگەى دروستکردنى بەنداو لە بەردەم ئاوى زەریادا لەشوێنەگونجاوەکاندا،کاتێک ئاستى ئاوهەڵدەکشێت واتەبەرزدەبێتەوە ئەوا لەڕێگەى ڕێڕەوێکەوە لەپشت بەنداوەکەدا کۆدەبێتەوە وگیر دەخوات و پاشان لەکاتى دابەزینى ئاستى ئاویان داکشانى ئاوى زەریادا ئەوا ئەو ئاوە بەڕێڕەوێکدا دێتەوەدەرەوە کەلەبەردەمیدا تۆڕباینەکانى بەرهەمهێنانى تواناى کارەبا دادەنرێت (وێنەى ژمارە 5).ئەم کردارەلەوڵاتەکانى وەک چین وڕوسیا وفەڕەنسا سوودى لێوەردەگیرێت بۆبەرهەمهێنانى کارەبا. ئەم سەرچاوەیە بەردەوام تازەدەبێتەوە تا کاریگەرى کێشکردنى مانگ هەبێت. زیادلەوەش ئەم سەرچاوەیە دەتوانێت وزەدابین بکات بەبێ پیس بوونى ئاو و هەوا.
تێبینى: گشت وێنەکان بۆ نووسەردەگەڕێتەوە، جگەلەوێنەکانى 1 و5 نەبێت کەلەسەرچاوەى دووەمەوە وەرگیراون.
 

______________________________________
سەرچاوەکان:


- Grotzinger، J.، Jordan، T.H.، Press،F.، and Siever، R.، 2007، Understanding Earth، Freeman and
Company،New York،y، 579p.
- Hamblin،W.K.، and Christansen،E.H.، 2004، Earth's Dynamic Systems، 10th Edition، Pearson،
Printice Hall، New Jersey، 759p
- Smith،G.A.، and Pun،A.، 2006، How does earth work?، Pearson Printice Hall، New Jersey، 641p.
- Hamblin،W.K.، and Christansen،E.H.، 2004، Earth'sDynamic Systems، 10th Edition، Pearson،
Printice Hall، New Jersey، 759p.
- Thompson، G.R.، and Turk، J.، 2007، Earth Science and the environment، 4th edition، Thomson Books/Cole، Belmont، USA، 635p.
- Marshak، S.، 2001، Earth portrait of a planet، Norton and Company، New York، 735p.

- ئیبراهیم محەمەد جەزا،2009، وزەى گەرمیى زەوى،گۆڤارى خاک، ژمارە 146، ل 47-49 .
- ئیبراهیم محەمەد جەزا ، بابارەسول غەفور ، کەیوان مەحمود، 2002، فەرهەنگى زەویناسى(ئینگلیزیى- کوردیى)،
چاپخانەى بەدرخان،سلێمانى،127ل.

 


وێنەى ژمارە 1: وزەى خۆر دەتوانرێت ڕاستەوخۆ بگۆڕدرێت بۆ کارەبا. لەم کردارەدا پێویستە
ژمارەیەکى زۆر لەخانە کانى خۆریى بەکار بهێنرێت.



وێنەى ژمارە2: بەکارهێنانى خانەکانى خۆریى بۆ بەدەستکەوتنى کارەبا بۆ ڕووناککردنەوەى شەقامەکان لەشارى سلێمانى،کوردستان.

 

وێنەى ژمارە 3: پانکە زەبەلاحەکان لەوڵاتى ئەڵمانیا بەکاردێن بۆ بەرهەمهێناى وزەى کارەبا.



وێنەى ژمارە 4: ئاوى ناو بەنداوەکان بەکاردێت بۆ بەرهەمهێنانى تەزووى کارەباوەک
ئەمەى لەبەنداوى دوکان لەشارى سلێمانى هەیە،کوردستان.



وێنەى ژمارە 5: هەڵکشان وداکشانى ئاوى ئۆقیانوس(زەریا) بەکاردێت بۆ بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا. لەکاتى هەڵکشانى ئاودا(a ) ئاولەپشت بەنداوەکەوە کۆدەبێتەوە.لەکاتى داکشانى ئاودا(b ) ئاوەکەلە جۆگەى لێڕۆشتنەوە تۆڕباینەکان دەسووڕێنێت ودەربازدەبێت.


*پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر ، بەشى زەویناسى، زانکۆى سلێمانى.


ibrahimjaza@yahoo.com