په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١١\٢٠١٠

خاک بەرامبەر بە پۆست.

جەلال چوارتایی 


کاتێک کۆتایی بە دەسەڵاتی ھاشمیە نەگریسەکان(حوکمی مەلەکی) ھات لە عێراقدا و حکومەتێکی کۆماری دەسەڵاتی گرتە دەست بە سەرۆکایەتی خوالێخۆشبوو عەبدولکەریم قاسم ، "ماددە سێ" خرایە نێو دەستوری عێراقییەوە ، کە بە پێی ئەو ماددەیە کورد و عەرەب ھاوبەشبوون لە خاکی عێراقدا .


لەگەڵ ئەوەی کە ماددە سێ ھەموو مافەکانی کوردانی دەستەبەر دەکرد ، لە ھەمان کاتدا ترسی خستە دڵی داگیرکەرانی دیکەی کوردستان و تەواوی ناسیۆنالیستە توندڕەوەکانی عەرەبییەوە کە بە ناسریەکان بەناوبانگ بوون ، ھەر بۆیە زۆر بە خێرایی بیریان لە کەسانێک دەکردەوە کە بیانکەنە بەڵا بەسەر کوردانەوە و خەونەکانی کوردانیان پێ زیندەبەچاڵ بکەن ، بۆ ئەم مەبەستەش باشترین یاریکەری نێو گۆڕەپانەکە خوالێخۆشبووان "مستەفا بارزانی و ئیبراھیم ئەحمەد" بوون ، چونکە ئەم دوو کەسایەتییە بەجۆرێک لە دوای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان وێڵ بوون کە ئامادە بوون ھەموو کوردان سەرنگون بکەن لە پێناوی دەسەڵاتێکدا کە بۆ خۆیان مسۆگەر بکرێت .


پاش کۆتایی ھاتنی دەسەڵاتی کۆماری و بە ئامانج گەیشتنی قەومچیە عەرەبیەکان ، ململانێی دەسەڵاتپەرستانەی ئەم دوو کەسایەتیەش دەست پێدەکات ، کە ئەنجامی ئەم ململانێیەش لە ساڵی ١٩٦٤دا دابەشبوونی پارتی لێدەکەوێتەوە بۆ { باڵی مەکتەبی سیاسی بە سەرۆکایەتی ئیبراھیم ئەحمەد } و { باڵی مەکتەبی عەسکەری بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی } کە لە دوایدا بە جەلالی و مەلایی نێوبانگیان دەرچوو .


ئەم ململانێیە تا کۆتایی ١٩٦٩ درێژەی کێشا کە پارسەنگی دەسەڵات بە قازانجی باڵی جەلالی دەشکایەوە ، باڵی مەلاییش بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بگرێتەوە و سەرۆکایەتی پارتی بۆ مەلا مستەفا قۆرخ بکات ھانا بۆ ڕێکەوتنێک دەبات لەگەڵ بەعسییەکاندا ، ئەنجامی ئەو ڕێکەوتنەش بەیاننامەی ١١/ئازاری/١٩٧٠ی بە دوادا ھات .


زۆر کەس بەیانی ١١ی ئازار بە دەستکەوتێکی پیرۆز دەزانن بۆ کوردان ، ئەم گوتەیە کاتێک ڕاست دەردەچێت ئەگەر بەراوردی بکەین بە سەردەمی بارزانی کوڕ و تاڵەبانی زاوا کە جگە لە داردەستێتی داگیرکەران و شیرازەتێکدانی کۆمەڵگای کوردەواری و ژێرپێ خستنی داخوازیەکانی کوردان زیاتر ھیچ شتێکی دیکەی تێدا بەدی ناکرێت .


بەڵام ئەگەر بەیاننامەی ١١ی ئازار بەراورد بکەین بە ماددە سێی سەردەمی کۆماری ئەوا بە شومترین و ترسناکترین پیلان لەسەر کوردان دەژمێردرێت تاوەکو ڕۆژگاری ئیمڕۆش . چونکە بەیاننامەی ١١ی ئازار جگە لەوەی کە "ماددە سێ"ی کردە خەونی نێو ھۆنراوەکان لە ھەمان کاتدا بەشێکی بەرفرەش لە باشووری کوردستان کرایە دیاری دەستی بارزانی بۆ داگیرکەری عێراقی لە پێناوی بە دەسەڵات گەیشتنی خودی خۆی‌دا ، کە ئەو ناوچە بەرفرەیەش بریتی بوو لە پارێزگای نەینەوا بەگشتی و شاری موسڵ بەتایبەتی .


بەڵام بەر لە بەخشینی پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ بە داگیرکەری عێراقی دەبێت چ نھێنییەک لەو دیوی پەردەوە بووبێت بۆ کپکردنی دەنگی کوردان ؟


چونکە بەر لە بەخشینی پارێزگای نەینەوا ، شاڵاوی کۆچبەرکردن و دەرکردنی کوردان دەست پێدەکات لە موسڵ و دەوروبەریدا و بەشێکی کەمیش لە پارێزگاکە جیادەکەنەوە و پارێزگای دھۆکی لێ دادەمەزرێنن تاوەکو بەو ھۆیەوە مەسەلەی موسڵ زیندەبەچاڵ ببێت ، کە ئەنجامەکەشی زۆر سەرکەوتوانە سەری گرت و بەو ھۆیەشەوە ھەم ماددە سێ و ھەم پارێزگای نەینەوا لە دەستی کوردان دەرھێنران و کرانە قوربانی پۆستێک کە بە پۆستی سەرۆکی پارتی بەناوبانگە .


خۆ ئەگەر ماڵی بارزانی ئاوێک بڕێژن ئەوا تاڵەبانیش بەموو لێی لانادات و پێی خۆی تێدەخات واتە { ڕەوشتی لاسایی کردنەوە } . چونکە ئەگەر بۆ مسۆگەرکردنی پۆستی سەرۆکایەتی پارتی ماددە سێ کرابێتە خەونی نێو ھۆنراوەکان و ماڵئاوایی لە پارێزگای نەینەوا و شاری موسڵ کرابێت ، ئەوا بۆ مسۆگەرکردنی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقی عەرەبیش دەبێت ئازادی کوردان بکرێتە لە خەون خەونتری نێو ھۆنراوەکان و ماڵئاوایی لە تەواوی ناوچەکانی گەرمیان و شاری کەرکوکیش بکرێت . ئێستاش بە ھەمان شێوەی ساڵی ١٩٦٩ کوردان لە تەواوی ناوچەی گەرمیان دەردەکرێن و بەڵێنی بەخشینەوەی پۆستی سەرۆککۆماریش بە تاڵەبانی دەدرێت .


ئەی دەبێت بۆ لەبیرچوونەوەی کەرکوک و گەرمیان چ پڕۆژەیەکی دیکەش لە و دیوی پەردەوە ھەبێت ؟


ئایا دەبێت چەند گوندێکیش لە پارێزگای کەرکوک داببڕن و ناوی پارێزگایەکی نوێی لێ بنێن بۆ دڵنەوایی کوردان و لەبیرکردنی کەرکوک و گەرمیان ؟

دووبارە بوونەوەی مێژوو:


مامێکم ھەبوو کە کەسێکی زۆر دنیا دیدە و ئاقڵ بوو ، ئەم مامەم ھێندەی شەیتانێک ڕقی لە حەمە ڕەزا شای ئێران دەبوویەوە ، بەڵام کاتێک لە ساڵی ١٩٧٩دا حەمە ڕەزا شا ڕوخا و خومەینی جێگەی گرتەوە ، مامم بە پێچەوانەی ھەموو خەڵکەکەوە خەم و پەژارە دایگرتبوو ، واتە لەو کاتەدا خەڵکەکە شایی و سەمایان دەکرد بۆ ڕوخاندنی شا ، کەچی مامم قوڕی دەپێوا بۆ ھاتنە سەرکاری خومەینی ، منیش خۆم پێ ڕانەگیرا و پرسیارم کرد :


پرسیار/ مامە ، خۆ تۆ زۆر لە شا بێزاربوویت و دەتگوت پەیماننامەی شومی ئەلجەزائیری لەسەر کوردان جێبەجێ کردووە ، ئەی خێرە ئێستا بۆ ڕووخاندنی شا خەم دایگرتوویت ؟
وەڵام :- خەم لە ڕوخاندنی شا ناخۆم ، بەڵام خەم لە بە دەسەڵات گەیشتنی خومەینی دەخۆم .
پرسیار/ بۆچی ؟
وەڵام :- ئەی نەتبیستووە دەڵێن سەگی ڕەش ڕۆیشت و سەگی سپی جێگەی گرتەوە ؟
ئەو کات من منداڵ بووم و لە مەبەستی ئەم گوتەیە تێنەگەیشتم ، بەڵام لە دوای‌دا بۆم دەرکەوت کە سەگی سپی زۆر لە سەگی ڕەش دڕتر و ھارترە ، چونکە پاش ئەوەی خومەینیش کەمێک خۆی سەقامگیر کرد یەکەمین فتوای فتوای جیھاد بوو دژ بە کوردان ، کە ئەنجامی ئەو فتوایەش سوتاندنی تەڕ و وشک بوو بە یەکەوە .


کاتێک تاڵەبانیش بوویە سەرۆککۆماری عێراقی عەرەبی ، ھەمان دیاردەی ١٩٧٩ی ئێرانی ئیسلامی دووبارە بوویەوە و زۆربەی کوردان شایی و سەمایان دەکرد ، ھەندێکیان لە خۆشی ئەوەی کە کوردێک بۆتە سەرۆکۆمار و ھەندێکی دیکەش لە خۆشی ئەوەی کە یەکێک لە بەڵاکان لە کۆڵ کوردان دەبێتەوە و بەڵاکە دەباتە عێراقی عەرەبی ، بەڵام من بە پێچەوانەوە خەم دایگرتبووم و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە خەم و پەژارەدا نە خەوم ھەبوو و نە خۆراک .


کاتێک پرسیاریان لێکردم و گوتیان/ بۆچی پێت ناخۆشە کوردێک ببێتە سەرۆککۆمار ؟
گوتم :- پێم ناخۆش نییە ئەگەر کوردێک ببێتە سەرۆککۆمار ، بەڵام زۆرم پێ ناخۆشە کە ئەو کوردە جەلال تاڵەبانی بێت .
گوتیان/ بۆچی ؟
گوتم :- لەبەر دوو ھۆ:


١-تاڵەبانی لاسایی ماڵی بارزانی دەکاتەوە و ھەمان دیدو بۆچوونی ھەیە ، ئەگەر ماڵی بارزانی لە پێناوی پۆستی سەرۆکی پارتی‌دا "ماددە سێ"یان زیندەبەچاڵ کردبێت و پارێزگای نەینەواشیان بەخشیبێت و بە چەسپی دوو قولیش بەو پۆستەوە نوسابن و لێی نەبنەوە ، ئەوا تاڵەبانیش ھەمان پیشە دووبارە دەکاتەوە و ماددەی ١٤٠ بە ئازادی کوردانیشەوە زیندەبەچاڵ دەکات و خودا حافیزی لە گەرمیان و شاری کەرکوکیش دەکات و لە چەسپی دوو قولی قایمتریش بەو پۆستە کارتۆنییەوە دەنوسێت کە بە پۆستی سەرۆککۆماری بەناوبانگە .
٢-لە پێناوی ئەو پۆستەدا ھەموو ڕێسێکی کوردان دەکاتەوە بە خوری ، ئەگەر لە کوردستاندا تەنھا لە نێو کورد و عێراقی داگیرکەردا دەنگی ببیسترایە ئەوا لەو جێگەیەوە دەنگی بە ھەموو جیھان دەگات و لە نێو کۆمەڵگای جیھانی و ناوەندە بڕیار بەدەستەکاندا دەنگی نەتەوەکەمان دەخنکێنێت و کوردان وەکو کۆیلە دەھێڵێتەوە .

پێشنیار:


پێویستە ھەموو ئەو کەسانەی کە شادومانن بە پۆست وەرگرتنی تاڵەبانی و بارزانی کەمێک بیربکەنەوە لەم دوو کەسایەتییە و تەواوی ئەو کوردانەی کە لە ڕابردووشدا لەلایەن داگیرکەرانەوە پۆستیان پێ بەخشرابوو لە وێنەی {عیسمەت ئینینۆ و ئۆزال و نوری سەعید و تەھا جەزراوی و کەریم سەنجاوی و ...ھتد} .


ئەو کوردانەی کە لەلایەن داگیرکەرانەوە پۆستیان پێ دەبەخشرا وەکو ( ئینینۆ و ئۆزال و نوری سەعید و تەھا جەزراوی و کەریم سەنجاوی) تەنھا بەھۆی بەخشینی خودی خۆیانەوە بوو بە داگیرکەران . بەڵام پۆست بەخشین بە تاڵەبانی و بارزانی بەرامبەرە بە بەخشینی خاکی کوردستان بە داگیرکەران .

جیاوازیی تاڵەبانی و بارزانی:


جگە لە جیاوازی ناوەکەیان تەنھا یەک جیاوازی دیکە بەدی دەکرێت لە نێوان تاڵەبانی و بارزانی‌دا ، ئەو جیاوازییەش بریتییە لە دەربڕینی ڕاستیەکان ، واتە ھەم تاڵەبانی و ھەم بارزانی یەک ناوەڕۆکیان ھەیە (دوو ڕووی یەک دراون) ، بەڵام تاڵەبانی ڕاستیەکان دەردەبڕێت و بارزانیش ڕاستیەکان دەشێوێنێت . چونکە کاتێک تاڵەبانی دەڵێت دەوڵەتی کوردی لە خەون خەونترە واتە ڕوو دەکاتە کۆمەڵگای کوردەواری پێیان دەڵێت :- ئەگەر ئێوە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە من بە ئازادیتان بگەیەنم ئەوا ھەم خەیاڵتان خاوە و ھەم سیر بخۆن و زوڕناش بژەنن .


کە بەپێی درکاندنی ئەم ڕاستیانەش تەنھا ئەو تاوانانە دەکەوێتە سەر شانی تاڵەبانی کە لە ڕابردوودا بەنێوی کوردایەتیەوە ئەنجامی داوە ، دەنا لە ئێستا بەدواوە تاوانباری سەرەکی ئەو کەسانەن کە لە دەروێشیکردن ناکەون بۆ ئەم زاتە و ھەر بە شانوباڵی‌دا ھەڵدەڵێن .


بەڵام مەسەلەی بارزانی زۆر جیاوازترە ، چونکە جگە لەوەی کە بارزانیش ھەمان ناوەڕۆکی تاڵەبانی ھەیە و بگرە ناوەڕۆکێکی گەلێک خراپتریشی ھەیە ، کەچی ھەمیشە لە گوتنی ڕاستیەکان خۆی دەبوێرێت و لە چەواشەکاریەکانی خۆی ناکەوێت و کردەوەکانی ١٨٠ پلە پێچەوانەی گوتەکانیەتی .


چونکە ئەوە بارزانی بوو کە دەیگوت ھیچ کەسێک ھێندەی ئێمە دژ بە بەعس نەبووە کەچی ڕاستینەی ئەم گوتەیەش ٣١ی ئاب بوو ، ئەوە بارزانی بوو کە دەیگوت دەبێت تانکەکانی تورک بەسەر پشتی مندا دەربازی باشووری کوردستان ببن کەچی گەواھی گوتەکانیشی پەلکێش کردنە لە ژماردن نەھاتووەکانی سوپا دڕندەکەی تورکە فاشستەکانە بۆ باشووری کوردستان ، ئەوە بارزانی بوو کە دەیگوت ئەگەر لە کاتی خۆی‌دا ماددە ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت لافاوی خوێن ھەڵدەستێنین کەچی بە کردەوەش سازکردنەوەی ماڵی داڕماوی داگیرکەری عێراقە و ھەزاران چەواشەکاری دیکەش .


بریا تەنھا یەکێک لە کردەوەکانی بارزانی ھاوشێوەی گوتەکانی بوویایە ، ئەو کات نەک ھەر وەکو سەرۆکی ھەرێم بەڵکو وەکو سەرۆکی کوردستانیش پێناسە بکرایە .‌

(بە زیندووی بەڵا ، بە مردویش ھەر بەڵا) = (لە دەسەڵاتدارێتیدا بەڵا ، لە بێدەسەڵاتیشدا ھەر بەڵا):


بەشێک لە پاکستانیەکان فیل ڕادەگرن بۆ گوێزانەوەی پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان ، ئەم فیلانەش زۆر جار دەبنە بەڵا بۆ خاوەنەکانیان ، چونکە ھەتا فیلەکان زیندوون خواردنێکی زۆریان دەوێت و کاتێکیش دەمرن ناتوانن تەرمەکەیان لە ماڵەکانیان دوور بخەنەوە بەھۆی زەبەلاحییانەوە ، واتە بە زیندویی دەبنە بەڵا و بە مردویش ھەر دەبنە بەڵا.


دیاردەیەکی ھاوشێوە ڕووی لە باشووری کوردستانیش کردووە و نەتەوەکەمانی دووچاری ھەمان چارەنووسی خاوەن فیلە پاکستانیەکان کردووە بەھۆی ھەردوو لایەنی پارتی و یەکێتییەوە .


کوردان خاوەنی یەکێتی و پارتین ، یەکێتی و پارتیش لە دەسەڵاتدارێتیاندا ڕێکخەرەوەی ماڵی داڕماوی داگیرکەر و زیندەبەچاڵ کردنی دەستکەوتەکانی نەتەوەکەمانن ، لە بێدەسەڵاتێتیشدا خاوەنی شەڕی کوردکوشتن و پەلکێشکردنی داگیرکەران و ڕێگەخۆشکردن بۆ ئەنفال و کیمیابارانن .


ئێستاش لە شاری ھەولێرەوە ماڵی داگیرکەر ڕێکدەخرێتەوە کەچی ھەر لە ھەولێریشەوە پیلانی دژ بە کوردان ڕێکدەخرێت ، ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە کە کوردانیش بیر لە ڕێگەچارەیەکی دیکە بکەنەوە و پۆستی پۆستخوازان زیندەبەچاڵ بکەن ؟

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال چوارتایی