په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٨\٢٠١٢

خاڵێک لە بارەى ئەمڕۆى شیعری کوردییەوە.


رێبین ئەحمەد خدر    


نابێ، نابێ بێ لەبەرچاوگرتنى ڕۆژگار لە شیعر بدوێین، ئەمە تەنها ڕستەیەکە نەک دەستوورێکى جێگیر، چونکە بەشێکى شیعر پەیوەندى بە ڕۆژگارێکەوە - دەمێکى دیاریکراوەوە نییە.بەشێکى شیعر یان هەندێک شیعر لە ڕۆژگاردانین، لە سەرووى ڕۆژگارەوە هێڵبازیى دەکەن.بەڵام خۆ مەرجى شیعرى مەزن ئەمە نییە. نە شیعرێکى تەواو بە کاتێکى دیاریکراوەوە پەیوەست، نە شیعرێکى تەواو لە کاتێکى دیاریکراوەوە دوور. ئەم دووانە مەرج نین.


نموونە بە جەنگێک دەهێنینەوە کە لە ئیستادا ڕوودەدات، شیعرێک لەوکاتەدا وێنەى دەگرێت بە هەمان ساڵ و مانگەوە، شیعرێکیش دوورى دەخاتەوە لە ئیستا، دەیبەستێتەوە بە بابەتێکى وجوودیى یان شەڕەکە ( ئەو شەڕەى لە ئیستادا ڕوودەدات) لە تەمومژیى دەئاڵێنێت، بە جۆرێک ڕوخسارى جەنگەکە دەشێوێت و لە مێژووى دەستێنێتەوە، دەشێ ئەوەى مۆرى ساڵ و مانگەکەى لێدراوە داهێنەرانەتربێت لەوەى لە تەمومژ و رەمز ئاڵاوە و پێچەوانەکەشى دووبارە دەشێ، بەڵام ئەم دوو شیانەش هەردووکى مەرجى خۆى هەیە، کە پەیوەستن بە کۆى پێکهاتەکانى دەقەوە.


گرفتى تەواو ئەوەیە کە شیعر لە هەردوو شێوەکە دوور بخرێتەوە و بەتەواوى لە ژینگە و سرووشتیى ژیان داببڕێت.دەپرسین ئەمە واتاى چى شیعر چۆن لە ژینگە و ژیان دادەبڕێت کاتێک هەر بۆخۆى لەناو ژیاندا دەنووسرێت؟ ئایا شیعر دەکرێ لە مێژوو داببڕێت و لە دەرەوەى مێژووش؟ ( لە مێژوودا نەبێت و لەدەرەوەى مێژووش دانەبێت) ئایا ئەمە دەکرێت؟ لە ژینگەدا نەبێت و لە دەرەوەى ژینگەش دانەبێت؟ وەڵامى ئەم پرسیارانە - وردبینى دەوێت لەسەر شیعرى کوردیى ئەم ساڵانەى دوایى و درێژەدان بە شیعر وەک سۆزێکى لەراوە، وەک پەرشکردنى هەستى بڵاو بڵاو و ڕۆمانسیى - دروسکردنى زەمینێک تەنها بۆ بەنجکردن، زەمینێکى بەهەشتیى، لێرەدا شیعر دەردەچێ لە ژینگە، ناشتوانێت لە دەرەوەى ئەو ژینگەیەى کە ئامادەیى هەیە، ئەو واقیعەى کە هەیە بژیت، بەڵکو دەرچوونێکە - هەڵاتنێکە تواناى نییە بمێنێتەوە، گەر وردتربین لەخۆیدا هەڵاتن نییە، جێهێشتن نییە، بەڵکو مانەوەیە لەناو ڕەقییەتى واقیعدا بە بەنجکردن و سڕکردنێک - سڕکردنێک کە تا ئیستا شیعرى کوردیى درێژى دەکاتەوە.


ئەمەى وایکردووە شیعر بگات بەوەى تەنها هەڵدانى سۆز و هەستى شاعیربێت، تێگەیشتنى لاوازی ئێمەیە لە شیعر. هەر ئەوەشە وایکردووە شیعر بەتەواوى داببڕێت لە مەعریفە و چوونە ناو کۆمەڵگە و دروسکردنى فەرهەنگێکى تر - زمانێکى تر، تەنانەت ئەخلاقێکى تر، چونکە لە ماوەى ڕابردوودا کارکرا شیعر لە هەموو شتێک پاکبکرێـتەوە و هەموو شتێکیشى لێ بسەننرێتەوە، کاتێ دەڵێم ( هەموو شت ) مەبەستم ئەو ئەرک و پەیامە نییە کە بەشێوەیەکى ڕوون و ئاشکرا شیعر بیدات و ناوى لێبنێن وەزیفەى شیعر - بەڵکو دنیابینى و ئەو دنیایە کە شیعر دروستى دەکات ئەو زمان و بەیەکدادانەى شیعر دروستیاندەکات - ئەمانە دەخوازیى و بانگدان نیین بۆ ئەوەى تاک فێرى شتێکى دیاریکراوبکەن و ئاراستەیەکى مەبەستدارى فیکریى پەخشبکەنەوە، نەخێر بەڵکو شیعر وەک بوونەوەرێکى زیندوو دەگات بە کۆمەڵگا و تێکەڵى خانەکانى دەبێت، ئەوەى شیعر لەناو خۆیدا ئەنجامى دەدات دووبارە بەشێوەى جیاجیا دەگاتەوە بەخوێنەر، هەر کەسە و جۆرێک تێگەیشتنى بۆ دەبێت و لە هەمانکاتدا بینین فراواندەکات و تێگەیشتنێکیش جێ دەهێڵێت، کە ئیستا دەیبینن شیعر لەمانە دابڕاوە و خاڵیکراوەتەوە لەوەى هەر هیچ شتێک بگەیەنێت جگە لە پەرشکردنەوەى هەست و سۆز و خۆخاڵیکردنەوە، دواجار ئەم تێگەیشتنە لە شیعر شیعر و شاعیرى وا بەرهەم دەهێنێت کە بێ هیچ لێ وردبوونەوەیەک بەردەوام شیعر بنووسێت و ئاسان ئاسان بەردەوامیشبێت، چونکە ڕەوایەتى دراوە بەوەى شیعر شتێکە لە دەرەوەى فیکر و کارلێکردن لەگەڵ فەرهەنگ و ئەخلاق و کلتوورى کۆمەڵگە - ڕەوایەتى دراوە بەوەى کە شیعر بنەماى نییە و هەرکەسێک دەتوانێت بێ ژمارە شیعر بنووسێت و پاساویى بەردەوامبوونیشى و دەرکەوتن و ناوبانگبوونیشى تەنانەت بایەخپێدانى زۆریشى ئەوەیە - کە شیعر لە دەرەوەى ئەقلکارییە و تەنها خۆم لە هەستەکانى خۆم تێدەگەم و بۆ شیعر هەموو شتێک دەشێ و شیاوە!


حاڵەتى سەرگەردانبوونى شیعر و ئەوانەش کە بە ناوى شیعرەوە دەنووسرێن، هێشتا بەردەوامە پێوەر و ڕەخنەیەکی ئاوایش نییە لە ناو ئەدەبیى کوردییدا هەڵاویرکردنێک بکات، هەموو شتەکان بەتەواوى تێکەڵبوون، رۆژێکە هیچ لە هیچ جیاناکرێتەوە و هەمووشیان بەیەکەوە دەڕۆن و زۆربەى کاتیش ئەو دەقانەى هەڵگرى هیچ لایەنێکى هونەریى و فیکریى نیین پێشدەکەون و ڕیى زیاتر بۆخۆیان دەکەنەوە، ئەمەش هەر بەو مەرجانەى کە لەپێشووتردا ناسێنراون یان بەهۆکاریى لایەنداریى ئەوانەى نووسین و وتار لە بارەى دەقەکانەوە دەنووسن، دەقانێک لەبەرچاودەگرن و ئەوانەش کە نووسەرەکەى ناناسن و ئاشنایەتى و پەیوەندی لەگەڵیان نییە فەرامۆشییان دەکەن.


لە ناو ئەم پەشێوییەدا:


١. شیعرێک بەرھەمھاتووە و خۆی درێژدەکاتەوە کە تەنھا ھەڵدانی سۆز و پەرشکردنەوەی ھەستە، بێ ئەوەی ڕووبکاتە لایەنی تری پێکھاتەی دەق.
٢. شیعر دابڕێندراوە لە ھەموو شتێک و بە پاساوی ئەوەی پەیوەندی بە ھیچ لایەنێکی فیکریی و بنەمایەکی ئەخلاقیی و کلتوریی یەوە نییە و ھیچ شتێک بە جێناھێلێ و بەدەرە لە مەعریفە.
٣.شیعرێک بەرھەمھاتووە لەدەرەوەی ژینگە - لەوێشدا نامێنێتەوە، ھەڵاتنێکە توانای مانەوەی نییە، بەڵکو تەنھا سڕکردن و بەنجککردنێکە.


بێگومان هۆکارى تر و خاڵى ترى پاڵ ئەم خاڵانەش وایانکردووە ئەمڕۆ شیعر لەناو ئێمەدا ببێتە شتێکى بە ڕووکەش سەیرکراو، تەنانەت خوارتریش لە ژانرەکانیتر، زۆر کەسیش ئەم کەوتن و سەرگەردانییەى شیعر دەگەڕێننەوە بۆ هۆکارى ئەوەى کە لە هەموو جیهاندا شیعر پاشەکشەى کردووە و سەردەمى شیعر لە چاو ژانرەکانیترى وەک ڕۆمان بەسەرچووە، بەڵام ئەمە بۆ ئێمە بەتەواوى هۆکارێک نییە جێى دڵنیایى بێت، شیعر لە ئەوروپادا پاشەکشە دەکات، بە هۆکاریى ئەوەى کاریى فەرهەنگیى و فیکرى ئەوێ بەتەواوى چۆتە پێشەوە و هەروەها ژانرە ئەدەبییەکانیش : ڕۆمان و چیرۆک و لە پاڵ ئەوانیشدا سینەما ڕۆڵى گرنگ دەبینێ - یان سیستمى ئاڵۆزیى تەکنۆلۆژیایى، گەر ئەمە هۆکارگەلێک بن باندەست بەسەر ئەوروپاو ئەمریکا و تارادەیەک هەموو دنیایەوە، بەڵام تا چ ڕادەیەک ئەمانە لە کۆمەڵگاى کوردییدا بەدى دەکرێن و بووبنە هۆکارى پاشەکشەکردنى شیعر..لە هەموو ئەوانە دەگەڕێین، لە کوێدا ڕۆمان و چیرۆکى کوردیى ئەوەندە چونەتە پێشەوە تا شیعر بکەوێتە دواى ئەم دوو ژانرە، لە کوێدا شانۆ و سینەماى کوردیى ئەوەندە گەشەیانکردووە تاوەکو خەڵکان لەبرى خۆخەریککردن بە وێنەى سەر کاغەزەکان بە زیندوویى لەگەڵ وێنەکاندا بژین؟


کاتێ دەق لەخۆیدا ناژى - ناتوانێ لەناو ئەوانیتریشدا ژیانبکات، ئەمڕۆ شیعرى کوردى بەهۆى هەموو ئەو پاساوانەى پێشووتر هەبوون و بەردەوامیش دەوترێنەوە لە ژیانکردنێکى باشدانییە و ناشتوانێ لە ژینگە و ژیانى خۆى نزیکبێتەوە و برواتە ناو خانەکانى کۆمەڵگا، زۆربەى شیعرى کوردى لەسەر دەرهاویشتە خۆى بنیات دەنێت و پەرچەکردارێکى هەستەکى دەنووسێـتەوە.


یەکێک لەو هۆکارانەى کە وایکردووە شیعرى کوردى لە دەرهاویشتەدا بنیشێت ئەوەیە کە وەڵامى ئازارەکان دەداتەوە، لەبرى ئەوەى قوڵ ڕۆبچێتە ناوییان، مەبەست لە وەڵامدانەوەى ئازارەکان ئەوەیە - شیعرى کوردیى بەردەوام لە بابەتەکانى سێکس، شەڕ، جوانى، دڵداریى، نیشتیمان - بە پەرچەکردار خەریکى وەڵام و خۆخاڵیکردنەوەیە، یان بۆ ساتێک دەرچوونە لەو کەپتانەى کە لە واقیعەکەدا هەن، ئەمە وادەکات شیعر ببێتە پەناگە بۆ کەپت و غەریبى و سەرگەردانیى ناو واقیع - نووچدانێکە نەک دروسکردنى دنیایەک کە ئەم هەموو ئازارانە خەڵق دەکات.


ئەمانە پەیوەندیدارن بە قسە و وتارى نووسەرانى کورد لەسەر شیعر، بەوەى کە شیعر دونیا ناگۆڕێت، شیعر تەنها جوانى بەرهەمدێنێت و جوانییش بەشێوەیەک لە شێوەکان بۆ هەموومان گرنگ و پێویستە، شیعر ئاڵۆزە و خوێندنەوەى بۆ خوێنەرانێکى نوخبە و کەمینەیە، شیعر ناڕواتە ناو گشتەوە..هتد.. وردە وردە زۆریتر لەم قسانە ڕاستەوخۆ شیعر دەخاتە پەراوێزەوە، ڕاستەوخۆش ئەدەب دەخاتە پەراوێزەوە، چونکە مادام شاعیران و نووسەران پێیانوابێت ئەوەى ئەوان دەینووسن ئاڵۆزە و بۆ نوخبەیە یان هیچ ناگۆڕێت و تەنها جوانییەکى پەتییە، خوێندنەوەى وەها دەقێک بۆ زۆر لە خوێنەران دەبێ بە شتێکى زیادە -دەقى شیعریى وەک ئاشنایەک سەیرناکەن و لێى دووردەکەونەوە.


ڕستەى (ئەمڕۆ شیعرى کوردى لە قەیراندایە) تەنها ڕستەیەکە و بەناوماندا دەخولێتەوە و هیچترى لێ سەوزنابێ - لەهیچ لایەکیشەوە ئەو قەیرانە ناخرێتە ناو توێژینەوە و ڕامانەوە، رێگەدەدرێت ئەو ڕستەیە ئاوا بە رێگادا بڕوات و بەردەوام دووپات ببێتەوە، لە بەردەوامییدا شیعر دووربکەوێتەوە لە کۆمەڵگە و چاپخانەکان وەک دێوەزمە و کتێبخانەکان وەک ئەژدیهایەکى بێ کەڵک سەیرى بکەن! هەر ئەم ڕستەیە کاردەکات بۆ ئەوەى شیعرێکى نوێش نەیەتە ناوەوە و بەردەوام چەند شاعیرێکى دیاریکراو هاوشێوەى پاڵەوانى ناو ئەم قەیرانە و ئافاتە پێشوازییان لێبکرێت و وا دەخرێتە بەرچاو کە باشە لەناو ئەو هەموو قەیرانە و سڕبوون و کەوتنى شیعرەدا هێشتا دوو یان سێ شاعیر ماون شیعرمان بۆ بنووسن و تامى شیعر بکەین! لە خۆیدا بازنەکردن بە دەورى دوو یان سێ شاعیردا دەرئەنجامى نەبوونى وردبینى و تێرامان و رەخنەیە نەک ئەو قەیرانەى کە دەناسێنرێت و وەک ئەوەى شیعر وەک باڵندەیەک هەڵفڕیبێ و ئیتر ڕوو لە ئێرە نەکاتەوە. کاتێ ڕەخنەش هاودەم لەگەڵ دەقدا ناڕواتە پێشەوە و تەنها وتار و نووسین لەسەر ئەم دوو یان سێ شاعیرە هەن و ئەوەیتریش کە دەنووسرێت ئەوەندەى پەیوەندى بە نووسەرەکەوە هەیە و پەیوەندییەکانى لەگەڵ وتارنووس ئەوەندە پەیوەندى نییە بە دەقەکەو خوودى ڕاکێشانى دەقەکە - دەق فەرامۆشدەکرێت و شیعر دەکەوێتە ئەو دۆخەى کە ئیستا تێیدایە.


دۆخێکى وا:


١. شیعر دابڕاوە لە کۆمەڵگە و وا نیشاندەدرێت ھیچ پەیوەندییەکی بە لایەنی مەعریفەوە نییە و زیاددکراوێک نییە بۆ تێگەیشتن و فراوانکردنی دنیابینی خوێنەر.
٢. شیعر دەگاتە شوێنێک نەک ھەموو کەس دەتوانێت بینووسێت، بەڵکو ھەموو کەس بتوانێت پاساوی بێ بنەما بۆ نووسینی شیعر بێنێتەگۆڕێ.
٣.شیعر لە زەمینێکی بەھەشتیی دەئاڵێت و دەبێتە خانەی بەنجکردن و خاڵیکردنەوە و وروژاندن - خانەی وەڵامدانەوە و پەرچەکردار، ھەروەھا دەرگاکردنەوەیەک بۆ کەپتکراوەن و بۆ ساتێکی کەمیشبێ ھەڵاتن لە واقیع.
٤. شیعر تایبەت دەکرێت بە دوو یان سێ شاعیر یان چەند شاعیرێکی دیاریکراو بەردەوام ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکان بەدەوری ئەوەندا دەخولێنەوە و چاپخانەکانیش ھەمانشێوە مۆری چاپ تەنھا لەو شیعرانە دەدەن، جگە لەوانەش کە لەگەڵ شاعیرەکە پەیوەندییەک لە دەرەوەی دەقەکە کۆیاندەکاتەوە.
٥. شیعر بێ کاری رەخنەیی کە پێویستە ھاوشان و لەپێشووتریشی بێت سەرگەردان ماوەتەوە، ئەمە قسەیەکە بەردەوام ھەموومان دەیڵێینەوە و راستیشە.


سەرەراى ئەو هۆکارانەش - دوان لەش شیعرى کوردیى بە قوڵى پەیوەندى بە لایەنەکانى ترى وەک خوێنەر - سیستمى کۆمەڵگەى کوردیى و بارنەهێنان بۆ خوێندنەوە، پەروەردە و نەکردن بە دۆستى کتێبەوە هەیە، ئەمە لە ئاستە گشتییەکەدا کە خوێندنەوەى شیعر و هەموو بابەتەکانیترى دەرەوەى شیعریش دەگرێتەوە، چونکە زۆر حاڵەتى چەقبەستن بۆ ڕوانین لە شیعر و ئەدەبیات پەیوەندى هەیە بە خوێنەرانیشەوە، وێراى ئەوەى پەیوەندى هەیە بە دەق و نووسەر و ڕەخنەوە، تایبەت بۆ کۆمەڵگەى کوردى کە تیایدا رەخنە لاوازە و لە حاڵى نەبووندایە، بەهۆیەوە قورسایى زۆر بۆ ناسینى ئەدەب و شیعرى داهێنارانە دەکەوێتە ئەستۆى خوێنەر خۆى.

 

ماڵپه‌ڕی رێبین ئه‌حمه‌د خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک