په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١١\٢٠١٠

خامەی خانمانی نەتەوەکەم.

حەمەرەشید ھەرەس

- بەشی چوارەم -


ئەم باسەی من دەستم داوەتێ و، تا ئێستا ئەمە بەشی چوارەمە لە بەر چاوی ئێوەی خۆشەویستا، باسێکی زۆر ھەستیارە، ئەمەی من لەسەری ئەرۆم کێشەی ژنە لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا و ھەروا ئاسان نیە. ھەر کە دەڵێین: با خانمانی کورد خامەکانیان بخەنە واری ژیانەوە و لە قەپیلکی کۆنە خوازان بێنە دەرەوە، کە مافێکی بێ چەند و چوونی کۆمەڵگایە بە گشتی، نەک ھەر ژن وەک لایەنێک لە کۆمەڵگاکە. بەم وتە و‌ بانگەوازەمان، قورسترین کوتەک ئەکێشین بە سەری ئەوانەی ژنان لە ژیان دوور ئەخەنەوە و، لە ژێر لەچک و عەبای ئاودامان و، کۆت و بەندی کلتووری بێگانەدا نەک ھەر سەربەستیی بەڵکو مرۆڤ بوونیان لێ ئەسێننەوە.


شاراوە نیە و خۆیایە، ھەرچی یاسا و رێسای ئاسمان و زەوییە، ھەر ھەمووی زادەی بیری پیاوە. ئیتر وەک پەندە کوردییەکە ئەڵێت: دۆم بێت و کڵاش بۆ خۆی بکات، ئەم‌ پیاوە بێ نیھادانە ھاتوون بە ھەوەسی خۆیان پیاویان باڵادەست کردووە و، ژنیشیان وەک کویلەیەک بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانیان ھێشتۆتەوە. ئیتر بیانوو ھێنانەوە و،( شێرە لێرە و بێرە لەوێ) نایخوات، ھەرچی یاسا و رێسا و دین و فەلسەفە ھەیە لە بەرژەوەندی پیاو داڕیژراوە، بێ ئەوەی ھەژماری ئەوە بکەن‌ خۆشیان سەر بە دایک و خوشک و باوکی کچەکانیانن و ژنانیش بە گشتی نیوەکەی تری کۆمەڵگان، ئیتر ھاتوون تا توانیویانە پیاویان لە چاو ژنا کردووە بە دێو و، ژنیشیان کردووە بە کاڵایەکی سەر بە خاوەن و، ئەو خاوەنەش دێوەکەیە.


گومانم نیە ئەگەر ژن ھەر لە دێرینەوە، خاوەن ھێز و توانا و بیرکردنەوە و خامەی خۆیان بوونایە، ئەوا ئێستا لە کۆمەڵگایەکی ھاو ئاھەنگا، بەھاکانی ژیان بە کپ کردنی دەنگی ژنان نەدەھاتە خوارەوە.


ئا لەبەر ئەوەیە خامەی خانمان بەلای منەوە، سەرەتای ئەو شۆڕشەیە بۆ ھەڵشێلانی فەلسەفە و، یاسا و رێسای قرپۆک و، لە جێی ئەوانە بۆچوونگەلێک بێنە پێشەوە، ژنان تیایدا پەرێزخراو و بەشخوراو نەبن و، ھەر پیاو بە تەنیا میرزا و خوێندەواری کۆمەڵگا نەبن و لە جیاتی ژنان بخوێننەوە و بنووسن و، پارسەنگی تەرازووی ژیان بەلای خۆیانا داشکێنن.


ئەمەش دەسکێکی تر لە خامەی ئەو خانمانەی لە لالەزاری رۆشنبیریی کوردیدا بۆ ئێوەی بەرێزم چنیوەتەوە، کە لە کولتووری دواکەوتووی چواردەوری کورد دوورمان ئەخاتەوە و، بەرەو ئەو دنیایەی بۆنچڕووکی بوغورد کاسمان ناکات.


شنە ئیسماعیل پێنجوینی.
ئەم بەڕێزە خامەی کردۆتە دەروێش و لە توێی پەنجە ئەفسوناویەکانیدا حاڵی پێگرتوون. نووسین و بیری ئەم خانمە لە بزێویدا رەنگدانەوەی دەروونی پڕ ماخۆلانێتی بۆ بینینەوەی راستییەکان. ھەندێکجار بە شرۆڤەکردنی دەقی دڕاما و شانۆ. ھەندێک جار خەمخۆرێکی دلسۆزی بیری نەتەوییە. نووسینەکانی شنە خان زۆر جار ئاما‌ژە بە جۆرەھا سەرچاوە ئەدەن، مانای فراوانی بیری ئەم خانمە و بە ئاگاییەتی لە بەکارھێنان و جێ کردنەوەی بیری جیاواز لە راژەی بابەتەکانیا. سەرەڕای ھەموو ئەمانە شێوەکارێکی لێھاتووە،‌ تابلۆ ھونەرییەکانی بە زمانێکی سازگاری سروشتی کوردستان، لە بڵنداییەوە بۆت دەپەیڤن.


ئالان عومەر.
ئەم ھونەرمەندە دەنگخۆشە جگە لە چڕینی ناسکترین ئاوازی رەسەن و، پەی بردن بە نھێنیەکانی نوێ بوونەوە لەو بوارەدا، رۆژنامەنووسێکی بە ئاوەزە و شێوازێکی سەربەخۆی ھەیە لە وروژاندنی بۆچوونەکان، ھەڤپەیڤینەکانی ئەم بەڕێزە ھەر لە دەستپێکەوە ھەست دەکەیت ئەو شێوازە ترادێشناڵانەی پەرێز خستووە و، جڵەوی لە شێوە باوەکان سەندۆتەو و، رووی کردۆتە تازەگەرییەکی تایبەت، کە تاموچێژێکی وای لێ ئەبینێت ئاسایی نیە بەلای خوێنەرەوە، ھەمیشە ئەگەڕێت بە دوای ستایڵێکدا تایبەت بێت بە خۆیەوە و، باوەڕێکی پتەوێشی بە خۆیەتی و شارەزایانەش دەر ئەبات و ئەزانێت ئەگاتە ئەو ئامانجەی خۆی مەبەستێتی.


ئاڤان فارس جاف.
ئەوەی ناتوانم لە بیری بکەم وەک وەفاییەک بۆ ئەو ژنە گەرمیانییە بوو لە زستانی ئەمساڵ لە نۆڕینگەیەک، بێتاقەت دانیشتبووم ھاتە پاڵم، باسی مەینەتییەکانی ژیانی خۆی بۆ گێڕامەوە، پاشان کەسێکی نزیکی ھاتە پێش و باسی لەوەکرد ئەو ژنە پیرە ٣ کوڕی ئەنفالە، ھاوسەرەکەیی و کوڕێکیتریشی شەھیدن، کەچی ئەو ژنە دڵنەوایی منی دەدایەوە، بەر لەوەی بڕوات وتی:" چەندین جار جەرگم سووتاوە، رۆحم کوژراوە، تا ئێستا نەگریاوم چونکە ئەوان ھەر کوڕی من نەبوون، ھی کوردستان بوون، ھەڵبژاردن و پەرلەمان و حکوومەتی کوردیم بینی ھەموو ئازارەکانە بیر چوویەوە"، قسەکانی ئەو ژنە دونیایەک ھێزو توانای پێ‌ بەخشیم، رۆژانەش کە دەبینم بۆ دوو دێرە نووسین و چەند قسەیەک چەندین ژن خەڵات دەکرێن، ئاخێک ھەڵدەکێشم بۆ ئەو ژنە مەزنانەی کە لای من چەشنی کێوێکن، ئەوەندە بەرزن، ئەوەندە دیارن، بۆ کەس ژنی ئەنفالی لە یاد نییە، بۆ کەس و لایەنێک ئەوان خەڵات ناکەن، ئەوان ئەمڕۆییان دروستکرد، ئەوان ئێمەیان ئازاد کرد، توخوا ئەمجارە ئەگەر ویستتان ژنی چالاک خەڵات بکەن، ژنی ئەنفال لە یاد مەکەن، ئەوان شایەنی خەڵاتی گەلن، خەڵاتی وەفا، ئەو ژنەی گەرمییان لە بیر مەکەن، چونکە تا ئێستا بۆ کوڕەکانی و ھاوسەرەکەی نەگرییاوە،خەڵاتی وەفاو خۆراگرییان پێ‌ ببەخشن، بەو ژنانەی تا ئێستا باڵاییان رەشکردووە، بەو کچانەی ئێستاش چاوەڕێ‌ ی دەسگیرانەکەییان.
ئەوەی سەرەوە بەشێک بوو لە دەقێکی دادە ئاڤان.
چی لەو وشانەی دادە ئاڤان بەدی دەکرێت؟
نیھادێکی خاوێنی نەتەوەیی، بەسەرکردنەوەی بابەتێکی ھەستیار و جێکردنەوەی نموونەیەکی رۆژنامەنووسانەی پرۆفێشناڵ، خۆنەویستی لەچاو ئازارەکانی دەوروپشتا، بیرێکی پیرۆز و باوەڕبوون بە تاکە خۆڕاگرەکانی کۆمەڵگا.
گشت نوسینەکانی ئەم خانمە، بە ئێمەی خوێنەر ئەڵێن: فەرھەنگی کورد، بە خامەی خانمانەوە رازاوەتەوە.


ئاریان ئومێد عارف.
ئاریان خانم ھەرچەندە لە ھەنگاوە سەرەتاییەکانی دایە، بەڵام ئەو بەرھەمە کەمەی ھەیەتی نیشانەی ئەوە ئەدات کە لە زەمینەیەکی پتەوەوە بناغەی تەلارێکی جوانی بۆ خۆی داڕشتوە، دەسەڵاتێک و توانایەکی ھەستپێکراو لە توێی وشکانیدا خۆی ئەسەلمێنێت، کە بەرھەمەکانی ئەخوێنیتەوە ھەست ئەکەیت، مێژوویەکی دەوڵەمەندی بە دواوەیە و لە بارستاییەکی شیاوا جێی بەرھەمەکانی کردۆتەوە.


ناڵە عەبدولرەحمان.
کەس ئەو دەرفەتەی نیە چی ‌بنووسرێت بیخوێنێتەوە، یان ھەر ھەموو نووسینێکی بەرچاو بکەوێت و بە سەریا تێنەپەڕێت، نایشارمەوە زۆر جار ناوی ئەم خانمەم دیوە بەڵام بابەتەکەیم نەخوێندۆتەوە. بۆ؟
ئاخر مەرج نیە منیش ھەموو بابەتێک بخوێنمەوە، کەچی لەم رۆژانەدا ھات بە سەرما بابەتێکی ئەم بەڕێزەم خوێندەوە. ھەستم کرد بەرامبەر نووسینێکی ئاسایی دانەنیشتووم و خاوەنی نووسینەکە ھەڵیکشانمە بارستاییەکی زۆر بڵند، بەڵی بڵند، چونکە ئەم لە بڵنداییەکی واوە دەپەیڤێت ئەگەر بۆ بارستایی ئەو سەرنەکەویت نازانیت ئەڵی چی، بە پڕاوپڕی وشە رۆشنبیرە، ئەمە جگە لە ھۆنراوەکانی کە تاڤگەیەکی سازگاری تووڕەن ئەڕژێنە ناو ھەرچی کەند و کۆسپی کەموکوڕی کۆمەلگا و ھەرچی نەریتی دواکەوتوو ھەیە ئەیخنکێنێت، ھەرچەندە لە واری نەتەوەییەوە لەگەڵ بۆچوونەکانی ئەم خاتوونەدا نیم، بەڵام سەرسامم بە خامە بوێرەکەیی و ئەوەی خۆی باوەڕی پێیەتی بەلای منەوە پیرۆزە. ناڵە خان، ئەگەر نووسین سەر توێژی ھەبوایە، نووسینەکانی بەڕێزت نەک ھەر سەرانسەرەکەی بەڵکو تا بنی جامەکەش ھەر ھەمووی سەرتوێژێکی بەتامە.

رۆژ ھەڵەبجەیی.
ھۆنراوەکانی دادە رۆژ گمەی کۆترێکی یاخییە، لە رەوە کۆترێکی پێنجھەزاری تەرە بووە و بۆیان ئەگمێنێت، ئازارەکانی ئەوەندە بە سوێن ھانای بۆ بەھرەی ھەڵبەست بردوە و، خواستێتی لە خوێنەر بگەیەنێت کە لە جیاتی ئەوەی ئەم ھۆنراوە بڵێت، کەچی ھۆنراوەکان ئەم ئەڵێن، ئەم بەڕێزە بە ھۆنراوە بە ھێزەکانی پیرۆزترین مۆنۆمێنتی لە نیھادی خوێنەرا بۆ ھەڵەبجە دامەزراندووە. ئەم خانمە چوار خوشک و براو دایکی بە کیمیاوی عروبە بەرەو بەھەشت بوونەتەوە و، ئەمیش لە لێواری مەرگ گەڕاوەتەوە، ئەوەی ئەم دیوێتی کەسانێک ئەگەر لە خەویشا بیبینن مێشکیان تێک ئەچێت، کەچی دادە رۆژ سەلارانە بە وشەی رەسەنی کوردی خۆی گەیاندۆتە لوتکەی داھێنان و، ئەفراندنی ئەفسانەیەک ئەو ئەفسانەیەش ناوی رۆژ ھەڵەبجەییە.


ئەھا چی ئەڵێت:


ئەی مارت من بەم ھەموو عوزلەتەوە،
پارچە، پارچە بووم...
گریان و شینم بۆ کۆناکرێتەوە
بڕۆ لالەزارێک بدە لەیەخەی شارەزوور،
بۆ ئەوەی پێنج ھەزار گوڵ پێبکەنێ....
بڕۆچینەیەک بکە، لەڕیشی شنروێ،
بۆ ئەوەی پێنج ھەزار کەو داوگە بڕوخێنێ..
بڕۆ ھەڵپەڕە لەعەنەب و عەبابەیلێ
بۆ ئەوەی پێنج ھەزار کانی چەپڵە لێ دا..
بڕۆ نوچێک بۆ خوا سەوز بکە
بۆ ئەوەی پێنج ھەزار ئەحمەد موختار سەوزبێ و
پێنج ھەزار ھەڵەبجە ئازاد....


کیمیاوی عروبە خەریک بوو ئەم دەنگەش کپ کات و، بە کیمیاوی ئەوەندەی نەمابوو چاوە جوانەکانی لە دەست بدات، ھەر ھەموو عەرەب بە ئاژداوئاباییانەوە بە قوربانی برژۆڵەیەکی بن.


ئێوەش ئەی ئەو خانمانەی توانای نووسینتان ھەیە و پڕکێشی ناکەن، دەست بدەنە خامەکانتان، نازانم کارێکم کردووە نووسینتان لا شیرین ببێت و ئەوەی توانا شک ئەبات یەکەم پیرۆزترین ھەنگاو بنێت؟ خۆزگە ئەو کارەم کردبێت.


٨
\١١\٢٠١٠ - کەنەدا

ماڵپەڕی حەمەڕەشید هەرەس