په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠٢١

تەنزە چیڕۆک:

 خانەنشینیی.


جەلال قادر     

 

ئێوارەی چوارشەممەی رابردوو، کاتێ مامۆستا (موسلح)م لەگەڵدابوو لە ناو تەکسییەکەم، لێمپرسی: بۆچی ناتەوێ خۆت خانەنشین بکەی و کاتێکی خۆش لەگەڵ نەوەکانت بەسەربەری؟
بە پێکەنینەوە گوتی: وەڵایی، ئەگەر پێم شەرم نەبووایە یەک جڕتم بۆ لێدەدای... ژن و منداڵەکانم لە ماڵەوە وەک پیرەمێردێکی خەڵەفاو سەیرم دەکەن... دەست بۆ هەر شتێک دەبەم، پێمدەڵین دانیشە، خەراپی دەکەی!
- ببوورە مامۆستا. هیوادرام قسەکانم بەردڵتی نەگرتبێ. ماشەڵا تەمەنی بەڕێزتان نزیک حەفتا ساڵ دەبێ، کەچی هێشتا لەوپەڕی جوانییت.
مامۆستا موسلح سەرە زڵە کەچەڵەکەی هێنایە پێش و گوتی: لەبیەن خۆمان بێ، من خانەنشینم. خۆبەخش دەچم بۆ زانکۆ و موحازەرە دەڵیمەوە.
نەمتوانی وەڵامێکی دروستی بدەمەوە، پێمگوت: کارێکی چاکدەکەی و بۆ خۆتیش کەمێک لە ماڵەوە دوور دەکەیتەوە.
تاوێک بێدەنگیی کەوتە نێوانمانەوە. تا نزیک بە پیتزا رەستورانێک بووینەوە. ڕووخستەم لە موسافرەکەم (مامۆستا موسلح) وەرگرت تا پیتزایەک بکڕم و بۆ ماڵ و مندالەکانمی بەرمەوە.
لە پاش دە خولەکێک بە دوو پیتزا باکسی گەورە گەڕامەوە، تەکسییەکەم داگیرساند و کەوتینەڕێ.
کاتێ گەیشتینە بەردەم ماڵی مامۆستا موسلح. یەکێ لە پیتزاکانم پێدا و گوتم مامۆستا دانەیەک پیتزاشم بۆ تۆ کڕیوە... لەمەودوا هەوڵدە قەد بە دەستبەتاڵیی مەگەڕێوە ماڵ.
- نا پێویست ناکا...سوپاس.
- مامۆستا تۆ پەنجا ساڵە نان دەکەی بەدەم ئەم منداڵانەوە، ئێستا کە دەبینن بە دەستی خاڵی دەگەڕێیتەوە، وەک پیرەمێردێکی پەککەوتە تەماشات دەکەن. زۆربەی مرۆڤ وایە، نانی دوێنێ و رابردوویان زوو لەبیردەچێتەوە.
مامۆستا (موسلح) بزەخەنەدەیەکی کرد و گوتی: تۆ ئەم هەموو شتانە لە کوێ دەزانی؟
بە پێکەنینەوە گوتم: دەی منیش هەروەک تۆ خانەنشینم. بەڵام بۆ ئەوەی یەک دوو عانە پتر پەیدا کەم و ماڵەوە لێم بێزار نەبن تەکسی دەکەم!

 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک