په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٥\٢٠١٢

پشتگیریی لە ''کەمپەینی ‌بەرگرتن بە سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین'' دەکەین.
 


بە دوای سیناریۆکەی ڕۆژنامەی "چرپە"و ئەو ڕووداوانەشی کە لە شاری ھەولێر بەشوێنیدا ھات، حکومەتی ھەرێم لە ڕێی پارلەمانەوە ھەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ دەرکردنی یاسایەک بە ئامانجی بەرتەسکردنەوەو سنووردارکردنی ئازادیی بیروڕاو ئازادیی دەربڕین‌و ئازادیی ڕۆژنامەگەری، بەناوی پاراستنی "پیرۆزییە ئایینییەکانەوە".

ئەم ڕووداوانە دووپاتیان کردەوە کە کۆمەڵگای کوردستان دابەش بووە بەسەر دوو پۆڵی دژبەیەک سەبارەت بە چەمکی ئازادیی. لەلایەک دەسەڵات‌و حزبەکانی لە پۆڵی دژبەری ئازادیی‌و کرانەوەو ڕەخنەدا وەستاون بۆ بەرتەسککردنەوەی ئەم ئازادییانە، لەولای تریشەوە جەماوەری فراوانی خەڵکی کوردستان شانبەشانی ڕووناکبیران‌و ئازادییخوازان، لە پۆڵێکی جەماوەری فراواندا لەپێناو بەرفراوانکردنەوەی پانتایی ئازادیی بیروڕاو ئازادیی ڕۆژنامەگەریدا لە تێکۆشاندان بۆ ئامانجی بەرجەستەکردنی ئەم مافە ڕەھاو بێچەندوچوونەی ھاوڵاتیان.

بەڵام ئەو دەسەڵات‌ و حکومەتانەی کە خۆیان سەپاندووە، ناتوانن دەست بۆ دەمکوتکردن‌ و سەرکوتکردنی ھاوڵاتیان نەبەن. لەم ڕاستایەشدا کۆمەڵێک ڕێوشوێن‌و بەھای کۆن‌و چەپێنراو ئەکەنە بیانووی دەستیان تا لە تەنیشت شێوازەکانی تری سەرکوت‌و تۆقاندنەوە، ئەمجار لەڕێی یاساوە شەرعیەت بدەن بە ھیرش بردن بۆ سەر ماف‌و خواست‌و ئازادییەکانی خەڵک‌و کۆمەڵگا.

ئێمە لە خانەی ئازادیی ھۆڵەنداوە پێمانوایە پیرۆزترین دیاردەی کۆمەڵگاکەمان ئازادیی بیروڕاو ئازادیی ڕۆژنامەگەریە، کە خۆی ھەوێنی کرانەوەو داھێنان‌و تەقینەوەی تواناییە مرۆییەکانە، وە کۆمەڵگای ئێمە وەکو ئۆکسجین پێویستی بە ھەناسەی ئازادیی ھەیە، کەچی دەسەڵات لە ھەوڵی سەرکوتکردنیدایە، بۆیە ئێمە بەمشێوەیە پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ " کەمپەینی‌ بەرگرتن بە سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین" ڕادەگەیەنین کە لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکی ئازادییخوازەوە بانگەوازی بۆ کراوە بە مەبەستی ھەڵوەشانەوەی ھەوڵی دەرکردنی ئەو یاسا دژە ئازادییە.
 


خانەی ئازادیی لە ھۆڵەندا
١٩\٥\٢٠١٢
xanay.azady@gmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک