١٩\٣\٢٠١٥
خاوەنەکانی عێڕاق
کێن؟!

عەلی حسێن کەریمی
عێڕاق ئەو ناوەی کەلەدوایی جەنگی جیهانی
یەکەم هاتە بوون. واتا دروست بوونی عێڕاق لەئەنجامی گۆڕانکاریەکی گەورە
دروست بوو.
کە خوێنێکی زۆر ڕژا بوو بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی جیهان.
عێڕاق ئەو وڵاتەی لە هەناوی بەریتانیا هاتە بوون. دابەش بوونی ناوچە
بەجێماوەکانی دوای دەوڵەتی عوسمانی، چەندەها دەوڵەتی لێدروست بوو.
عێڕاق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پایەوبناغەی لەلایەن بەریتانیا
دانرا.سەرەتا بەریتانیا ویستی بە هەمان شێوەی خۆی سیستەمێکی مەلیکی
دابمەزرێنێت .بەڵام پاشایەتی لەعێڕاق هەر زوو بووە هەڵمێک و زۆر بە
خێرای ونبوو.
کۆتایی سیستەمی پاشایەتی و دروست بوونی جۆرێکی تر لە عێڕاق، هێدی هێدی
وڵاتی دوو ڕوبارەکە بووە وڵاتی سێ ڕووبارەکە.
کە ڕووباری سێیەمیان سەرچاوەکەی لە خوێنەوە هەڵ دەقوڵێ. مێژووی ئەو
عێڕاقەی کە خاوەنداریەتی لە یاریگایەکی زور گەورەی جەنگ دەکات ،بە
خەیاڵی کۆڵونیالیزمێکی وەکو بەریتانیا بنتاتنرا.
ئەو خەونەی کە بۆی بنیاتنرا بوو زوو کۆتایی هات، بەڵام ناوی عێڕاق بە
نەگۆڕی مایەوە.
ئەوەی کە ڕونە ناوی عێڕاقە بەڵام ئەوەی کە لە ژێرتاریکای ماوەتەوە
ئەوەیە کە لە پێناوی پاراستنی ناوی کارتۆنی عێراق ،هەموو چرکەیەک
جۆگەلەی خوێن بەبەردەوامی زیاد دەکات .درێژەدان بەپاراستنی ناوی عێڕاق
،بە مانای وشک نەبوونی کانیە خوێنیەکەیە.
عێڕاق ئەو وڵاتە ئاڵۆزەیە کەلە سێ جەمسەری تەواو جیاواز پێک هاتوە
.جەمسەری یەکەمیان کە سونە عەرەبەکانن، توانیبوویان خاوەنداریەتی لە
دەسەڵاتی عێڕاق بکەن تاکو ۲٠٠۳بەڵام لەم کاتە بە دواوە عێڕاق لەژێر
دەستی سونەکان دەرهات.
دەکرێت بڵێین تۆپەکەیان لەدەستدا بۆڕکابەرەکەیان.
جەمسەری دووەم کە شیعەکانن، تاکو۲٠٠۳ خۆیان بە غەدرلێکراوترین هێز لە
عێڕاق دەناساند .شیعەبوون لە عێڕاق تەنها ئێران تاکە ڕێگەی دەرەوەیان
بوو. لە دوای ڕوخانی سەدام ئەوان واتا شیعەکان بوون شیعاری یەکگرتوی
عڕاقیان هەڵگرت.
جەمسەری سێیەم، کە کوردەکانن .کەئەو میللەتەی غەدر لێکراوترین هێزی ناو
عێڕاقە ،کە بەهۆی پارچەکردنیەوەو لکاندنی بەسەر چەند دەوڵەتێک
،زەرەرمەندترین هێزی ناو عێڕقن .عێڕاقی بوون بۆ کوردەکان سەرەتای
کرانەوەی دەرگایەکی تا دواسات کارەساتاوی بوو. هێزی سێیەم واتا
کوردەکان بەبەردەوامی وەکو جوداخواز ناسێنراون.
بۆ هێشتنەوەیان لە عێراق بەبەردەوامی هێز و پێکدادان تاکە زمان بووە کە
گفتوگۆی پێکراوە.
بۆ هێشتنەوەیان لە عێراقدا پەنا بۆ دەوڵەتە زلهێزەکان براوە ،کە
ئەوانەی عێڕاقیان دروست کردەوە.
دەستاودەست کردنی دەسەڵات لە عێراق لە نێوان سونەو شیعە ،کوردی لەم
یاریە دورخستۆتەوە.
لە دوای شیکاریەکی زۆر سادە دەکرێ بپرسین کێن ئەوانەی خاوەنداریەتی لە
عێراق دەکەن؟
هەتا ئەو ڕۆژەی کوردستان وەک هەرێمێکی تەواو جیاواز لە عێراق بوونی
نەبوو جۆگەلەی خوێنی عێراق سەرچاوەکەی کوردستان بوو. لە دوای ئەوەی کە
کوردستان وەک هەرێمێکی نیمچە جیاواز خۆی بنیات نا ،جۆگەلەی خوێنەکە
گەڕایەوە بەغداد، لە پایتەختی عێڕاقیەکان کانیەسورەکە سەری هەڵدایەوە
.کە لە ئێستادا کانیەکە پەرشو بڵاو بووە لە ناوچەی سونەکان کوردەکان.
بۆگەنی جۆگەلەکە وای لە زۆر خەڵک کردوە ،کە ڕا بکەن بەهۆی بۆگەنی .لە
هەمان کاتدا ئەم جۆگەلەیە بەخوێنی عێراقیەکان درێژە بە بوونی خۆی دەدات
کە بەدبەختی عێراقی بوون بەرۆکی گرتون دەکرێت بپرسین وشک نەبوونی ئەم
کانیە چ سیحرێکی لە پشتە ؟ کێیە کە دەیهەوێت بەبەردەوامی
لەخاوەنداریەتی عێڕاق بکات.
سیحری هێشتنەوەی سێجەمسەری جیاواز لە ژێر چەتری عێراقی بوون چیە.
ئەو بەریتانیایەی کە عێراقی دروست کرد لەگەڵ ئەمریکا ،تاکە هێزی
سەرسەختی پارێزگاری عێراقن .کە بەهۆی ئەوەیتاکوئێستا بۆنی جۆگەلە
خوێەکەیان نەکردوە یاخود لوتی خۆیان بەستوە لەم بۆنە.
دەکرێ بپرسین کێن ئەوانەی خاوەنی عێراقن؟
ئەو خەڵکەی کە کوژراوە یاخود ئەو میللیۆن کەم ئەندامەی لە عێراقدان
یاخود ئەو خەڵکەهەڵاتوە ،کە بەدوای ژیانێکی باشتر ڕایکردوە.
پێموایە هیچ یەکێک لە مانە خاوەنی عێراق نین ،تەنها ئەوانە نەبێت کە
کوردیان بەشەق بە عێراقەوە گرێداوە و بە پەتێکی خەیاڵی درۆزنانە سونەو
شیعەیان بە یەکەوە بەستۆتەوە و پارێزگاری لە جۆگەلە خوێنەکە دەکەن لە
پێناوی چەند ئامانجێکی دیاریکراودا.
سکۆتلەند
alihusainkarimi1986@gmail.com
|