١٢\٣\٢٠٢٢
خەبات لە دژی دۆخی
ناهەمواریی ژنان
روویەکی تری
واقعیەتی کۆمەڵگەی کوردستانە!

دەشتی جەمال
ئەم ڕۆژانە ١١١ ساڵ بەسەر بەفەرمی ناسینی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان،
ڕۆژی دەربڕینی ناڕەزایەتی و ڕاوەستانەوە بەڕووی هەرجۆرە جیاکاری و
بێمافییەکی ژنان تێپەڕ دەبێت. لەگەڵ ئەوەدا له‌دنیای ئەمڕۆدا و لە
ئاکامی خه‌باتێکی بەردەوام و نه‌پچڕاوەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و
یه‌کسانیخواز بەشێكی بەرچاو له مافه فه‌ردی و مه‌ده‌نییه‌کانی ژنان
به‌ده‌ستهاتووه، و حکومه‌ته‌کانی ناچار کردوه که بەشێك لە مافه‌کانی
ژنان لەیاساکاندا جێگیر بکەن، بەڵام هێشتا چه‌وساندنه‌وه و توندوتیژی
ونایه‌کسانی و ستەمکێشی ژنان ڕوویەکی قێزەونی نیزامی سەرمایەدارییە. له‌و
کۆمه‌ڵگایانه‌ی که یاسای دینی و که‌لتوری کۆنه‌په‌رستی و پیاوسالاری و
نەریتە کۆنەکان ڕیشەیان هەیە، سته‌مکێشی ژنان و بێمافی و ژێرده‌سته‌یی
بەئاشکراترین شێوه بەڕێوە دەچێت. هه‌ر بۆیه‌خه‌بات و تێکۆشان بۆ
لەناوچوونی دابەشبوونی ئینسانەکان بەسەر چینەکان و کۆتاییهێنان بە
نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نێوان ژن و پیاو به‌شێکی جیانه‌کراوه‌یه
له خەبات بۆ هه‌ڵگەڕانەوەی ئەم سیستەمە و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی
ئازاد و یه‌کسان.
لە کوردستان له‌ژێر سایه‌ی سیستەم و ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆرژوازی کورددا،
ژنان به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووی کوشتن و توندوتیژی و ئه‌تك
کردن و گێچه‌ڵ و سوکایه‌تی پێکردن و ناچاركردن به خۆسوتاندن و
خەتەنەکردنی کچانی مناڵ و ده‌یان دەرد و کێشە بوونه‌ته‌وه. ئه‌م
ڕۆژانه هه‌واڵی سوتاندنی شنیار هونەری ٢١ ساڵ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە
لە شەوی ١٩ی شوباتی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی کە ناخی هەموانی هەژاند و
جارێکی تر وێنەیەکی تری تراژیدیایی پەلاماردانی سەندنەوەی مافی ژیان لە
ژنان خستەوە بەردەم کۆمەڵگای کوردستان و شنیاریش چووە ڕیزی لیستێکی
بێ‌کۆتایی لەقوربانیانی توندوتیژی و فەرهەنگی کۆنەپەرستی پیاوسالاری،
تاوانبارانیش زۆرجار به بڕیاری په‌رله‌مان و یاسای کۆنه‌په‌رستانه‌ی
ده‌سه‌ڵاتداران له‌ژێر ناوی لێبوردنی گشتیدا ڕزگار کراون، وەیان
بەشێوەی سوڵحی عەشایەری لەسزاکانی خۆیان دەربازکراون، جگە لەو
یاساوڕێسا دواکەتووی وکەلتوری ناموسییانەی کە دەستوپێگیرە وە ئیرادەی
سەربەخۆی ژنانی کوردستانی لە قاڵبداوە. ئەمە لەپاڵ ئەوەی لەگەڵ هەر
ڕووداوێکی کوشتنی ژنان و کوشتنێکی ناموسیدا ڕێگە بۆ مەلا و
بانگخوازەکانی ئاوه‌ڵابووە کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو حزبانەدا وە
یان مینبه‌ری مزگه‌وته‌کانەوە پاساو بۆ کوشتنی ژنان بهێنرێتەوە و
زۆرجار سوکایه‌تی و بێڕێزی و تەشیهر وزمان زبری بەکەسایەتی ژنان بکەن.
ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنیت که سیسته‌م و دەسەڵاتێك لە
کوردستاندا باڵاده‌سته پارێزه‌ری سته‌مکاری و پیاوسالاری و سوکایه‌تیکردنه
به حورمه‌ت و که‌سایه‌تیی ژنان. سیسته‌مێکی سیاسی ئاوێزان له‌گه‌ڵ ڕه‌وته
ئیسلامییه‌کان ومه‌لاکانیان که له‌نێو وه‌زاره‌تی ئه‌وقافدا کۆکراونه‌ته‌وه.
هه‌ر بۆیه هه‌ر ئاڵوگۆڕێك له ژیانی ژنان و دانانی سنوورێك بۆ
بەرگرتن بە کوشتنی ژنان و بێمافییان، ڕاسته‌وخۆ ڕووی لە بەرپرسیارێتیی
دەسەڵاتدارانە لە کوردستان.
لە دەرەوەی وڵاتیش ژنانی پەنابەری کوردستان کاتێك ڕوو لە وڵاتانی
ئەوروپا دەکەن بەهۆی یاساکانی پەنابەری و سیاسەتی "فرەکەلتووری"وڵاتانی
ئەوروپا لەژێر ناوی ڕێزدانان بۆ فەرهەنگی خۆ، لەگەڵ ئەوپەڕی بێمافی و
جیاکاری بەرەوڕوو دەبن و هەمان فەرهەنگی پیاوسالاری و دینی و نەتەوەیی
و بوون بەپاشکۆی پیاو، ژنانی لەگەڵ توندوتیژی خیزانی وسوکایەتی وە
تەنانەت کوشتن رووبەڕووکردۆتەوە. کەم نین ئەو تاوانانەی کەلەنێو
جالییەی کوردی‌دا ڕوویانداوە کە ژنان لەلایەن کەسوکار وە یان مێردەوە
ڕووبەڕووی لێدان و توندوتیژی و کوشتن بوونەتەوە. هەموو ئەمانەگەواهی
ئەوە دەدەن کە هەمان ئەو سیستەمە دژی ژنەی کوردستان کە لەژێر سایەی
دەسەڵاتدارانی کوردستاندا بەڕێوە دەچێت کاریگەریی داناوە و
گوێزراوەتەوە نێو جالییەی کوردی وە تەنانەت تاوانبارانیش زۆر جار
پەناگەی سەلامەتی خۆیان لە کوردستان دۆزیوەتەوە لەلایەن دەسەڵات و
حزبەوە داڵدە دراون.
کەوایە ئەگەر دەسەڵاتی کۆنەپەرست و ناسیونالستی و ئیسلامییەکان
ئەلگۆیەکی ناشرینی دەسەڵاتی دژە ژن بن، ئەوا سیما و ڕوخساری کۆمەڵگای
کوردستان نیە، بەڵکو وەستانەوە و خەبات لە دژی دۆخی ناهەمواری ژنان و
بێمافییەکانیان، لە دژی دەسەڵاتی دژەژنی کوردایەتی ڕوویەکی تری گەشاوە
و پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگای کوردستانە. بەرامبەر بەم دۆخەی ژنان لە
کوردستان هەوڵێکی چڕ‌وپڕ و خه‌باتێکی هەمەلایەنەی کۆمه‌ڵایه‌تی و فکری و
فه‌رهه‌نگی دەخاتە ئەستۆی بزووتنەوەی ئازادیخوازی‌و یەکسانیخوازی ژنان و
پیاوانی کوردستانەوە له‌دژی کوشتنی ژنان و پێگەی پیاوسالاری و ئه‌خلاقیات
و نەریتە دژه ژنەکان. لەپاڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریدا، ڕۆڵی
خۆی بگێڕێت، هێز بدات بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و کۆمەڵگا
بخاتە پشت سەری خۆی و ئەلگۆی پشتبەخۆبەستن و نواندنی ئیرادەی سەربەخۆ،
بهێنێتەوە مەیدان لەپێناودامەزراندنی سیستەم و دەسەڵاتێکی جەماوەری کە
سەرجەم ماف وئازادییەکانی ژنان و سەرجەم چین و توێژە چەوساوەکانی
کۆمەڵگادەستەبەر بکات.
٦\٣\٢٠٢٢
ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال
|