په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٢\٢٠٢٦

   خەفەتخان!

دارا خونچە

دە ئاخر من

بەرگەی شاڵاوی ئەو حەمکە غەمە ناگرم: ١

          کیژۆلەیێ

             (زەبروزەنگی نێرەوزیی و ئەفسوونسازیی

             بیر و هۆش و خڕ دەروون و لەشولاری داغان دەکا)

                چوون کێژوولەیێ گێژووێژ وە لۆژەلۆژ دەگژگژێ! ٢، ٣

        - ئەوە چیە؟!

          گوایە قۆز و شۆخوشەنگە.. سەمادەکا؛

          هونەردۆستە.. گەرموگوڕ و پڕ لە سۆز و جوانپەرستە

                         حەز و ئارەزووی لەسەری دەڕژێتەوە

          بێ وەی خۆی چێژێ ببینێ ٤

                     جەستەی وێکڕا ٥

                               هەڵتەک هەڵتەک.. دەڕەتێنێ! ٦

                        - ئایششش.. بەستەزمان.. ٧

                                   کۆرە بم لۆت کەسێ خاری! ٨

         ئاییی کە زگم بەو مرۆیە ''دەروونپاگژ''انە دەسۆتێ ٩، ١٠

                      تەمەنیان خشت وەپڕاوپڕیی ١١

                      وە نیازی پاک و ئەندێشان وەسەردەبەن ١٢

                                    تاقە ئامانجێش ناپێکن!

                        - وەیششش.. خەریکە..

                                    دڵ و دەروونم شەق دەبا!

          ئەوانەی زۆرتر لە هەمووان

            خێ وە برینانم وەردەکەن ١٣

            وە ناو خامەوەدەستانن.. وە تایبەتییش مێینەکان!

               تکایە لێم دوورکەونەوە؛

               واژەکانتان گوڵ ناگرن.. خلەوخەرمان ناچننەوە ١٤

                   رستەکانتان رێی ''سەراو''ێم.. جێی ژوانێم ١٥

                                              پێشان نادەن

                  دێرەکانتان.. نە چێژەک وە کەس دەبەخشن

                                نە یەک هومێدیان لێ دەڕوێ!

                        - تکایە لێم دوورکەونەوە

                                  چیدی خەفەتخانم مەکەن! ١٦

          ...

دە ئاخر من سووچم چیە

            سوودم چیە

            تا هەناسەم لەبەردەبڕێ و دادەڕمێم

                                  لە بن باری غەم داچەمێم!

ئایششش.. چەند سەختە..

           کۆرە بم لۆت کەسێ خاری!

وەیششش.. هاوارە..

            دڵ و دەروونم شەق دەبا!

تکایە لێم دوورکەونەوە

           چیدی خەفەتخانم مەکەن!

__________________________________________________________

١- حەمکە: زۆر، هەموو، خڕ، فرە، گەلەک.

٢- کێژوولە: بێچووە کێشکە، بێچووە پاساریی.

٣- دەگژگژێ: لە پێناو خولیا و ئامانجەک دەبزوێ.

٤- بێ وەی: بێ ئەوەی.(جودایە لە وشەی ''بێوەی'' کە واتای بێ سووچ یان بێ تاوان دەدا).

٥- وێکڕا: پێکەوە، بهەڤرا، بەیەکەوە.

٦- رەتاندن: هینان و بردن و جوولەجوول پێکردن تا ماندییبوون و شەکەتبوون. چەوساندنەوە یان پتر لە پێویست بەکارهینان و ماندییکردن.

٧- بەستەزمان: کەسی بێچارە و بێدەسەڵات کە ناتانی خۆی دەرببڕی یان بەرانگژ ببتەوە. بەستەزمان وە ئاژەڵیش دەگۆترێ کە زمانی ئاخافتنی نییە و ناتانی ویست و ئازارەکانی خۆی بگەینی.

٨- کۆرە بم لۆت کەسێ خاری: کوێر بم بۆ تۆ ئەی کەسی خاڵی خۆت. لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە تەنێ خاڵ ئەوە وە خوارزا بێژی.. بەڵکە هەر کەسەک دەتانی ئەوە وە کەسەکی لە خۆی گچکەتر بێژی کە بەزەیی پێدادێتەوە.

٩- پاگژ: پاقژ، پاکژ، پاک، خاوێن.

١٠- زگسۆتان: دڵ بۆ سوتان، بەزەییپێداهاتنەوە.

١١- خشت: رێک، راست، لێواولێو.

١٢- وە: بە.

١٣- خێ: خوێ.

١٤- خلەوخەرمان: دەغڵودان، پتر وە بەرهەمی ساڵانەی خەرمان و دانەوێڵە دەگۆترێ.

١٥- سەراو: سەر ئاو، دەو ئاو یان دەو کانی. دەم ئاو یان دەم کانی.

١٦- خەفەتخان: کەسەک کە تووشی غەم و خەفەتی زۆر دەبی.

 

بەر لە ٢٠٢٦

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک