په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٣\٢٠١٥

خەڵاتی ساڵی ٢٠١٤ی محەممەد ماملێ پێشکەش بە ھونەرمەند یای «زۆزان» کرا.

 

مەنسوور جیهانی


خەڵاتی ساڵی ٢٠١٤ـەی گۆرانیبێژی ناوداری کورد "محەمەد ماملێ" لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری «ھاگن»ی وڵاتی ئاڵمانیا پێشکەش بە گۆرانیبێژی کورد "زۆزان گولەر" کرا.


وەکوو نەریتی ساڵانە، لێژنەی ڕاوێژکاری مەڵبەندی ھونەریی ماملێ بڕیاریدا کە شەشەمین خەڵاتی گۆرانیبێژی ناوداری کورد "محەمەد ماملێ" بە ناونیشانی "خەڵاتی ساڵی ٢٠١٤" بە ھونەرمەندی کوردی باکووری کوردستان "زۆزان گولەر" پێشکەش بکرێت.


بە ئامادەبوونی بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ماملێ و بەشداریی کۆمەڵێک کەسایەتیی کورد، لە شاری «ھاگن»ی ئاڵمانیا خەڵاتی ٢٠١٤ی ماملێ درا بە ژنەھونەرمەندی گۆرانیبێژ یای زۆزان. بۆنەکە سەرەتا بە خولەکێک بێدەنگیی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکیی شەھیدانی کوردستان دەستی پێکرد.


پاشان بەڕێوەبەری بۆنەکە "کاکشار ئۆرەمار" کورتە باسێکی لەسەر قۆناغەکانی ژیانی ھونەرمەند "محەممەد ماملێ" پێشکەش کرد.


ئۆرەمار لە وتەکانیدا ئاماژەی بە ھونەر و خەباتی ھونەرمەند "محەممەدی ماملێ" کرد و پاشان خاڵە ھاوبەشەکانی ژیانی ھونەری و خەباتی نەتەوەیی ماملێ و زۆزانی دەستنیشان کرد. بەشێکی دیکەی وتەکانی کاکشار گێڕانەوەی چەند بیرەوەرییەکی خۆی لە ھونەرمەند "محەممەد ماملێ" بوو.


لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا مافناس "عەزیز ماملێ" بە نوێنەرایەتی مەڵبەندی ھونەری ماملێ و نوێنەرایەتی بنەماڵەی ماملێ چەند وتەیەکی لەسەر خەڵاتی ناوەندی ھونەریی ماملێ پێشکەش کرد. ناوبراو وێڕای بەخێرھاتنکردنی ئامادەبووان، سپاسی ئەنستیتۆی کورد لە ئاڵمانیای کرد کە ھاوکاربوون بۆ سازدانی کۆڕەکە و ھەڵبژاردنی ھونەرمەندی ساڵی ٢٠١٤ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ماملێ.


عەزیز ماملێ لە درێژەی وتەکانیدا بە گشتیی ئاماژەی کرد بە مێژووی ھونەریی بنەماڵەی ماملێ و بەتایبەتیی ھونەرمەند محەممەد ماملێ. ھەروەھا رۆڵی محەممەد ماملێی لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بەرز نرخاند کە بە شانازیی پێشمەرگایەتیی لە کۆماری کوردستاندا گەییشت.


ناوبراو لەسەر شەڕی داسەپاو بەسەر باشوور و رۆژاوای کوردستان دوا و وتیی: «بە پێویستمان زانی ئەمڕۆ بە سازدانی ئەم مەراسیمە سادەیە خۆمان ھەم بە ھاوبەشی خەم و ئێشەکان و ھەم بە ھاوبەشی شادی و سەرکەوتنەکانی گەلی خۆمان بزانین».


لەبارەی مەڵبەندی ماملێ‌وە "عەزیز ماملێ" وتی: «مەڵبەندی ھونەریی ماملێ و خەڵاتە ھونەرییەکەی لە لایان بنەماڵەی ماملێ‌وە بڕیاری لەسەر دراوە و دامەزراوە. ھەروەھا بە تەواویی سەربەخۆیە و بە ھیچ لایەنێک، حیزبێکی سیاسی، حکومەت یا دەوڵەتێکەوە نەلکاوە، تەنانەت حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش. ئەم مەڵبەندە لەسەر ئەرک و ئیرادە، ویست و داخوازیی بنەماڵەی ماملێ پێکھاتووە و ھەر واش دەمێنێتەوە».


"عەزیز ماملێ" سەبارەت بە وەرگری خەڵاتی ٢٠١٤ی ماملێ وتی: «ئەمساڵ بەھۆی ھەلومەرجی تایبەتیی شۆڕشی کوردستان، ھونەرمەندێکی تایبەتیشمان ھەڵبژاردووە کە گەلێک بەلامانەوە بەڕێز و قەدر و حووڕمەتە، چ لە بواری ھونەری و چ خەباتی سیاسییەوە. ھەر بەم بۆنەشەوە بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە لەم ڕێبازەی خۆمان شل نابینەوە و ھیوادارین تا شۆڕشی کۆبانێ ببێتە سەرەتایەک بۆ رزگاریی ھەموو کوردستان و ئیمەش بتوانین لە کوردستانێکی سەربەخۆدا ئەم بۆنەیە ساز بکەینەوە».


دواتر ھونەرمەند "زۆزان" کە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ماملێ دەستنیشان کرابوو،لە چەند وتەیەکدا پاش دەربڕینی ھەست و سۆزی خۆی بۆ خزمەتەکانی ھونەرمەندانی بەرەی پێشوو، بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی «خوایە وەتەن ئاواکەی» چەند سروودێکی تری نەتەوەیی کۆڕەکەی ڕازاندەوە.


ئەندازیار "حاجی ئەحمەدی" دۆست و لایەنگری دەنگی ماملێ و "عەلی قازی" (کوڕی رەش) دوو بەشداربووی دیکەی بۆنەکە بوون کە چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.


دواتر ھونەرمەند "خەلیل خەمگین" بە نوێنەرایەتی گرووپی ھونەریی «کۆما بەرخۆدان» دوا. ناوبراو سەبارەت بە جێگە و پێگەی ھونەرمەند لەناو گەلی کورددا قسەی کرد و رایگەیاند کە ھونەرمەندگەلێکی وەک "محەممەد ماملێ"، "حەسن زیرەک"، "محەممەد عارف جەزراوی"، "حەسەن جزیری"، "مریەم خان" و "ئایشەشان" قوتابخانەیەکی بەنرخمانن. ئەمانە بە ھونەری خۆیان کوردستانیان بەیەکەوە گرێدەدایەوە کە بەپێچەوانەی ویستی داگیرکەران بوو.


لە درێژەی مەراسیمەکەدا "حوسێن بەخشی" بە ھۆنراوەیەک لە ھەڵبەستوان «ڕەسوڵ کەریمی» کە بۆ ماملێ وتراوە ھەستی خۆی دەربڕی و بەدوای ئەویشدا "شێخ عەلی" (نەوەی شێخ "سەعید پیران" و شارەداری باژاڕی «تەکمان» لە باکووری کوردستان) چەند وتەیەکی ئاراستەی بەشداربووان کرد.


پاشان "ئەحمەد ئاکتاش" بە نوێنەرایەتیی ئەنستیتۆی کورد لە ئاڵمان وتەیەکی پێشکەش کرد و وێڕای کەیفخۆشی دەربڕینی خۆیان لەمەڕ ھاوکاربوونیان بۆ ئەم بۆنەیە سوپاسی ڕۆڵی گرنگی ھونەرمەندە کوردەکانی کرد لەمەڕ خزمەتیان بە کورد و داواشی کرد کە ھەر کوردێک دەبێ بەپێی توانای خۆیان وەک ھونەرمەندان بە ھەڵوێست بن و خزمەت بە گەل و نیشتیمانیان بکەن. ھەروەھا دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی ھونەرمەند "خەلیل خەمگین" بۆ پشتیوانیی لە ھونەرمەندانی کورد.


لە بەشێکی تردا "حەسەن شەتەوەی" خوشکەزای شەھید د.قاسملو بە چەند وتەیەک بۆ ئامادەبووان دوا.


ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنە سیاسییەکان نابێ شاعیران، ھونەرمەندان و زانایان بکەن بە ئەندامی بیرۆی سیاسیی خۆیان و ئەرکی لایەنەکان ئەوەیە کە پشتیوان و یارمەتیدەریان بن.


دواتر "شاھۆ حسینی" بە پیامێک بەشداری مەراسیمەکە بوو. ناوبراو بۆچوونێکی لەسەر ھونەر و ھونەرمەند پێشکەش کرد و وتی: «ھونەر بریتییە لە کۆمەڵێک بەرھەمی ھەڵقوڵاوی ھەست و شعوری ئینسانی کە بە ئامانجی کارتێکردنە سەر ھەست، ئیحساس و شعوری مرۆڤەکان بە مەبەستی گەیاندنی مانا و چەمکێکی ئینسانی بەرھەمھاتووە، ھەر بۆیە ھونەر ھەمووکات پێوەندێکی ھەستیار و تایبەت لە نێوان ھونەرمەند و لایەنگرانیدا سازدەکا، بە جۆرێک کە کارتێکردنی جۆراوجۆری لەسەر لایەنگرانی خۆی دەبێ.


"شاھۆ حسێنی" ھەروەھا وتی: «ھونەر ئەو بەرھەمە سنووربەزێنەیە کە ھەموو سنوورەکانی دەست‌کردی مرۆڤ لە ھەموو بوارەکان‌دا دەبەزێنێ و لە رێگای دڵکانەوە پێوەندێکی ئیحساسی و ھەستیار لەگەڵ لایەنگرانی ساز دەکات.


ھونەرمەند "جۆمێرد" دوایین کەس بوو کە وتاری پێشکەش کرد لەسەر ڕۆڵی ھونەر دوا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان و ناحەزانی کورد.


بڕگەی کۆتایی بۆنەکە بەخشینی خەڵاتی ٢٠١٤ی ماملێ بوو کە لە لایەن "عزیز ماملێ"،"عەلی قازی" و "حەسەن شەتەوی"‌یەوە پێشکەش بە ھونەرمەند یای "زۆزان" کرا.


لە ساڵانی ڕابردوودا خەڵاتی گۆرانیبێژی کورد "محەمەد ماملێ" بە چەندین ھونەرمەند و گۆرانیبێژی ناودار و بەئەزموونی کورد پێشکەش کراوە، لەوانە: لە ساڵی ٢٠٠٩ بە ژەنیاری بەتوانای شمشاڵ مامۆستا "قاڵەمەڕە"، لە ساڵی ٢٠١٠ بە گۆرانیبێژ و موزیکزانی کورد مامۆستا "باکووری"، لە ساڵی ٢٠١١ بە گۆرانیبێژی کورد "عەزیز شاھرۆخ"، لە ساڵی ٢٠١٢ بە گۆرانیبێژی کورد "عەبباس کەمەندی" و لە ساڵی ٢٠١٣ بە ھونەرمەندی بەناوبانگی کورد "ناسر رەزازی".
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک