په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٣\٢٠١٤

خەڵاتی نۆبڵی ٢٠١٤ شایستەی کێیە؟

- نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز مەهاباد قەرەداغی -

جەلال محەمەد     


دواین هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ٧\٣\٢٠١٠دا ئەنجام درا، ئەگەرچی لایەنە شیعەکان زۆرینەی دەنگەکانیان بە دەست هێنابوو ، بەڵام بە هۆی گوشاری زۆری سونە توندڕەوەکانی عێراقەوە نە دەگەیشتنە ئەنجام بۆ پێکهێنانی حکومەت و ئەنجامی ئەو گوشارهێنانەش چەندین مانگ کابینەکەی نوری مالکی دواکەوت، گوشارهێنانی سونەکانیش هەمووی لەسەر مادەی ١٤٠ بوو، چونکە سونەکان نەک هەر نەیاندەویست مادەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت بەڵکو دەیانخواست پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆکیش بخەنەوە ژێر ڕکێفی عێراقی عەرەبی. هەرچەندە لایەنە شیعەلانیش جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبوو لەگەڵ سونەکاندا دەربارەی دۆزی کورد ، بەڵام بۆ پێکهێنانی حکومەت دەبوو لەگەڵ سونە و کورددا بگەیشتنایەتە ڕێکەوتنێک.


دواکەوتنی حکومەتیش هەمووی لە بەرژەوەندی کورداندا بوو ، چونکە ماڵی دوژمن هێندەی نەمابوو بە یەکجاری هەڵوەشێت و کوردانیش بتوانن هەناسەیەکی شادی هەڵمژن؛ لێ بەڵێ لە بەدبەختی کورداندا مەسعود بارزانی (وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی) کەوتەخۆ بۆ سەریەک خستنەوەی ماڵی دوژمن و تەواوی لایەنە دژە کوردەکانی بانگێشتی هەولێر کرد و لە کورتترین ماوەدا پێکیهێنان بۆ دامەزراندنی حکومەت بە سەرۆکایەتی نوری مالکی.


سەریەک خستنەوەی ماڵی شێواوی دوژمن لە مەسعود بارزانی چاوەڕێ دەکرا ، چونکە یەکەم جاری نەبوو کە کردەوەی وەها چەپەڵی ئەنجام دەدا و دەبوویە ڕێنیشاندەری دوژمنان بۆ شێواندنی ماڵی کوردان. کەچی سەرسوڕمان ئەوە بوو کە لە پای ئەو کردەوە قێزەونەدا ڕۆشنبیرێکی وەک "مەهاباد قەرەداغی" لە جیاتی ئەوەی خاوەن هەڵوێست بوویایە و ڕەخنەی لەو کردەوە نانیشتمانییەی مەسعود بارزانی بگرتایە، کەچی ڕێک بە پێچەوانەوە نووکی پێنووسی خستە خزمەتی "کاکە!!"ی سەری ڕەش و دەیگوت: (ئەگەر خەڵاتی نۆبڵی ٢٠١٠ نەدرێت بە کاک مەسعود بارزانی ئەوا ئەو خەڵاتە هیچ بەهایەکی نامێنێت و بەخشێنەرانی خەڵاتەکەش غەدرێکی گەورە دەکەن).


بەڵام ئێستا کە نزیکەی ٦ مانگ دەرباز دەبێت بەسەر هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستاندا و حکومەتیش دانەمەزراوە و هێشتاش نازانرێت چەندی دیکەش ئەم بێ حکومەتییە درێژە دەکێشێت کەچی "کاکە" نەک هەر هەوڵی پێکهێنانی لایەنەکان نادات بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵکو لەم پاشاگەردانییەدا مێشیش میوانی نییە.


ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە بەڕێز "مەهاباد قەرەداغی" هەڵوێست وەرگرێت لە بەرامبەر مەسعود بارزانیدا و بڵێت: ئەرێ سەرۆکی هەرێم، وەک بۆ سەریەک خستنەوەی ماڵی شێواوی دوژمن هێندە کارا بوویت، ئەی چی ڕویداوە کە بۆ ئەم پاشاگەردانییەی باشووری کوردستان خاوەنی هیچ کردەوەیەکی جوامێرانە نیت؟
 

ماڵپه‌ڕی جه‌لال محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک