په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

خەڵک داوای پردێکی بێ رێگر لە سەرۆکی هەرێم دەکەن.


سالار بابەشێخ  


ئەو چەند دێڕەی لەم نووسینەدا بەرچاوی خوێنەر (بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی بێلایەن)ەوە دەکەوێت، زیاتر لەوەی کە ئەفراندنی ئەندێشەی خۆم بێت، داواکاری و پێشنیار و گلە و سکاڵای خەڵکە کە بە هەموو چین و توێژەکانیەوە گوێبیستیان بووم و وەک ئەرکێکی نیشتمانی بە باشم زانی بڵاوی بکەمەوە کە هەموو مرۆڤێک دەتوانێت بە ئازادی تێیدا رای خۆی دەر ببڕێ، بە مەرجێک بەری بێت لە ناوزڕاندن و سووکایەتی کردن. بە هۆی سەرقاڵی و ئەرکی زۆر و کاری رۆژانە، بەداخەوە زۆر کەم دەتوانم سەردانی شوێنە گشتییەکان بکەم، بەڵام هەر لەو ماوە کورتەی کە لە رۆژانی پشوودا دەرفەتم بۆ دەڕەخسێ، لە شایی و پرسە، لە مزگەوت و چایخانە و...، بە هۆی ئەرکی پیشەیی و کاری رۆژنامەیی، گوێی زۆر هەڵدەخەم و گوێم لە ئاە و ناڵە و گلە و سکاڵای رەوا و ناڕەوا دەبێت. بۆیە لێرەدا وەک داواکاری و پێشنیاری ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە چەند خاڵێکدا ئاماژەیان پێدەکەم.


1. پێویستە قەڵاچۆکردنی گەندەڵی لە ئەولەوییەتی کارەکانی سەرۆکایەتی هەرێمدا بێت، هەر کادیر و کارمەند و فەرمانبەرێک کە تووشی گەندەڵی بوو، یان راپۆرتی چەواشەی بەرزکردەوە، لابدرێ و کەسی شیاو و متمانەپێکراو لە شوێنی دابنرێ.


2. سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لە ماوەی سەرۆکایەتیدا واز لە پلەی حزبی خۆیان بێنن، بۆ ئەوەی زیاتر سەرقاڵی چارەسەرکردنی قەیران و گرفتە بەربڵاوەکانی ناو کۆمەڵگەی خۆیان بن و لە کۆبوونەوەکانی حزبی تایبەت و ئەرکی حزبی خۆیان دوور بگرن.


3. لە هەر ئاستێک و لە هەر پلە و پایەیەکدا، بەر لەو پارە خەیاڵییە نایاساییانە بگرن کە رۆژانە لە وڵات دەردەکرێن.


4. زەریبەی کارخانە و هوتێل و دوکان و ئۆتۆمبێل و .. هتد دەستنیشان بکرێ و بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و بێکاری بکرێ بە یاسا و بەسەر هەموو لایەنەکانی حکومی و کەرتی تایبەتدا بسەپێندرێ.


5. چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون بە دروستکردنی شوقە و خانووی هەرزان کە چینی کەمدەرامەت بتوانن لێی سوودمەند بن، نەک ئەوەندە گران بێت کە هەتا مردن بە ئاواتی رزگار بوون لە کرێچییەتی بمێننەوە، کرێچی زۆربەیان ئامادەن ئەو کرێخانووەی ئێستا بە خاوەن خانووی دەدەن، بە حکومەتی بدەن و لە شوێنێکدا بژین کە لە دواڕۆژدا ببێتە موڵکی خۆیان.


6. یاسا لە سەرووی هەموو کەس و لایەنێک بێت و کار بۆ کاڵکردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆک عەشایری بکرێ و هەموو ناکۆکی و کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە بەردەم یاساو دادگەدا یەکلایی بکرێنەوە.


7. ئەو باوکایەتییەی سەرۆکی هەرێم ئامادە بوو بۆ کچێکی پاشماوەی تەقینەوەیەک بیکات، بۆ هەموو منداڵانی بێسەرپەرست و منداڵانی سەرشەقام بکرێت.


8. تۆراوەکان و ناڕازییەکان کە بە هەڵە وایان زانی دەنگنەدان تۆڵەسەندنەوەیە، ئاشت بکرێنەوە.


9. خەڵک لە راگەیاندن و زۆری و بۆرییان ناڕازین و ئاماژە بەوە دەکەن کە دەسەڵات و خەڵکیش بڕوایان بە راگەیاندنەکان نەماوە، هیچیان بێلایەن نین و نەبووەنەتە هێزێک بۆ دروستکردنی فشار لە سەر دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی خواست و داواکارییەکانی خەڵک.


10. راگەیاندنەکانی سەر بە دەسەڵات چەند کەسایەتی و پڕۆفیسۆرێکی بیانی لە سەر رەوش و دۆخی کوردستان دەدوێنن و چەندین مەنشێتیش لە پەیڤ و پەندەکانیان دروستدەکەن، کە زۆر جار بە بەراورد لەگەڵ بیرمەندانی خۆمان، ئەو لێکدانەوە و شیکارییە نالۆژیکییانەی کە لە دوورەوە لەسەر کۆمەڵگەی کوردی دەیخەنەڕوو، زۆر لاوازە و گوێیان لێدەگیردرێ، بەڵام روناکبیرانی خۆمان شیکاری باشتر و رێگەچارەی گونجاوتریان بۆ کەمکردنەوەی قەیران و کێشەو گرفتەکان هەیە و بە رامانێکی دڵسۆزانە و خۆماڵی لە نزیکەوە بە ناخی دیاردە و هاوکێشەکاندا شۆڕ دەبنەوە، کەچی زۆر گرنگییان پێنادرێ و پلان و رێکارە پێشنیارییەکانیان پشتگوێ دەخرێن. بۆیە دەسەڵات زیاتر لەوەی گوێ لە پسپۆری بیانی دەگرێت، پێویستە ئاورێک لە زانا و بلیمەتەکانی میللەتی خۆی بداوەتەوە و رایان بە هەند وەربگرێ.


11. دەسەڵات لە بواری وشیاری سێکسی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کەمکردنەوەی لادانە ئەخلاقییەکان، پێویستە کاری زیاتر بکات و هاندەر و پشتیوانی راگەیاندنەکان بێت؛(بە دەنگ و رەنگ و چاپەمەنییەکانەوە) بۆ ئەوەی سنووری شەرم و عەیبەی ناڕەوا ببەزێنن و گەنجی ئەم وڵاتە لە سەر نامە گۆڕینەوەیەک نەکوژرێن.


12. جیاوازی مووچەکان کەم بکرێنەوە، نەک وەزیر و پەرلەمانتارێک بە خولێک کاری پێسپێردراو، بە بڕی 15 بەرامبەری مووچەی فەرمانبەرێکی 25 ساڵ خزمەت خانەنشین بکرێت.


13. بۆ بەکارهێنانی کارتەکانی فشار لە سەر حکومەتی ناوەند و رای گشتی بۆ گەیشتنی کورد بە سەرجەم مافە رەواکانی و گەڕانەوەی ناوچەدابڕاوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، پشتیوانی و هاندانی شەقامی کوردی بکرێت کە دانیشتووانی هەرێم بە جەماوەری دەنگی خۆیانی تێدا بەرز بکەنەوە.


14. هەر بەو جۆرەی هەرێمی کوردستان لە بواری جوانکاری و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە لادێ و شارۆچکە و شارەکانی هەرێم و بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و لە بواری ئەمنی و پاراستنی ئاسایشی گەل سەرکەوتوو بووە، پێویستە دەسەڵات لە بوارەکانی پڕۆژەی ستراتیژی و کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەپارێزی و دانانی کارخانە و فێرگەی جۆراوجۆری تەکنیکی و فەننی و بەرفراوانکردنی هێڵەکانی بەرهەمهێنانی خۆماڵی زیاتر خۆی ماندوو بکات و جیا لە پلانڕێژکردنیان، کردارییان بکات.


15. سەروەت و سامانی هەموو بەرپرسان پێش کاری پێسپیردراوی حکومی و پاش (وازهێنان - لادان - خانەنشینی) ئاشکرا بکرێن.


16. هەرێمی کوردستان پەناگەیەکی پاکە بۆ پەنابەران و بە تایبەتی بۆ ئەو کەسایەتییە سیاسییانەی کە رووی تێدەکەن، بۆیە پێویستە بە پێی پێوەروپێوانە نێودەوڵتییەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دوای لانیکەم 5 ساڵ لە مانەوەیان لە هەرێمی کوردستان مافی هاووڵاتی بوونیان پێبدرێ.


17. بە دەیان رێنووسی جۆراوجۆر زمانی کوردی لە چاپەمەنییەکان بڵاو دەکرێنەوە و هیچ بەربەستیکی یاسایی لە بەردەم سەروگوێ شکاندنی ئەم زمانە بەستەزمانە لێقەوماوەدا نییە، بۆیە پێویستە بەرزترین زمانەوانەکانی کورد و کوردیناس کۆبکرێنەوە و لە دوای شرۆڤەیەکی گشتگیر، یەک رێنووس و رێزمانی کوردی بۆ هەموو ئاستەکانی خوێندن دەستنیشان بکرێت و بە سەر هەموو بڵاوکراوەیەکدا بیسەپێنن. بۆ نموونە ناوی وڵاتێک (فەرانسە، فەڕانسە، فرانسا، فڕانسا، فەڕانسا فەرانسا..) بە چەندین جۆر دەنووسرێ کە لە زمانی عەرەبی و فارسی و زمانی خاوەنداردا ئەو سەرلێشێواوییە نابیندرێ. دەسەڵاتی کوردی ئەرکی سەرشانیەتی یەکێک لە گرنگترین فاکتەکانی نەتەوەبوون کە زمانی هاوبەشە لەم قەیرانە زمانەوانییە رزگار بکات.


18. کرێکارانی بیانی بە جاران بینراون لە جادە و شوستە و شەقامەکان نووستوون کە ئەمە لە لایەک سیمای ئەم وڵاتە ناشیرین دەکات و پێویستە ئاوڕیکیان لێبدرێتەوە و لە لایەکی دیکەوە هێنانی بە لێشاوی کرێکاری بیانی لە لایەن چەند کۆمپانیایەکی بازرگانییەوە کاریگەری خراپی لەسەر رەوشی بێکاری و بژیوی کرێکارانی خۆماڵی هەبووە.


19. جگە لەم دواییانە کە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵبژاردنەکان و هەندێک لە کار و پڕۆژەکانی حکومەت خرانە بەر چاوی هاووڵاتی، بە گشتی حکومەت راپۆرتی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی بۆ هاووڵاتی بڵاو نەکردووەتەوە، کە دەکرا بە ئاشکراکردنی ئەو کارانە و وردەکارییەکانی و دەستنیشانکردنی بودجە و تێچووی پڕۆژەکان هاووڵاتی ئاگادار بکەنەوە. ئەو جۆرە کارانە و روونکردنەوەکانی دەسەڵات لە بەرامبەر ویژدانی هاووڵاتیدا دەتوانێت رێخۆشکار بێت بۆ کەمکردنەوەی مەودای نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی و بێگومان دەتوانێ بۆ کەمکردنەوەی رێژەی خەڵکی ناڕازێ رۆڵێکی کارای هەبێت.


20. خەڵک داوای پردێکی بێ رێگر لە سەرۆکی هەرێم دەکەن، بۆیە پێویستە سەرۆکایەتی هەرێم لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا نووسینگەی خۆی بکاتەوە و نوێنەرانی سەرۆکایەتی هەرێم لەو نووسینەگە تایبەتانەدا دەسەڵاتی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی خەڵکیان هەبێت و ئەوەیشی لە توانایاندا نەبوو، بە ئەمانەتەوە بۆ سەرووی خۆیان بەرزی بکەنەوە و بەدواداچوونی بۆ بکەن، نەک داواکارییەکانی خەڵک لە سەرۆکایەتی هەرێم، لە ناو زبڵدانی بەرپرسانی بەردەستی سەرۆکایەتیدا بنێژرێن.


ئەمانە و چەندین خاڵی دیکە هەن کە لە دادێ ئاماژەیان پێدەکەم و بەوەش زۆر گەشبینم کە تاکی کورد(بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی لایەندار و بێلایەنەوە) وڵاتی خۆیان خۆش دەوێت و باشووری کوردستان دەبێتە نموونەیەکی بەرچاو لە شارستانییەتی هاوچەرخ کە دەکرێ وڵاتانی دراوسێ سەرمەشقی لێوەربگرن.

 

 

salar_hisami@yahoo.com