په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٢\٢٠١٦

خەڵکی باشوور پێویستیان بە چاکسازیی نییە،

بەڵکو پێویستیان بە بەرپاکردنی شۆڕشی کۆتاییە!

تاهیر حەسەن     


بزووتنەوەی کوردایەتی لە باشووری کوردستاندا،لە چەلەکانی سەدەی ڕابردودا سەری ھەڵداو، بنەماڵەی بارزانی لەکۆنترین حیزبی کوردایەتی بنەماڵەی و خێڵەکین لە باشووردا. لە دوای شکستی بەناو شۆڕشی ساڵی ١٩٧٥ چیتر بزووتنەوەی کوردایەتی جێگا ئومێدێک نەبو بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی. دوای ئەوەی لەڕێی شۆڕشی نوێوە،کە تاڵەبانی سەرکردایەتی دەکرد،بزووتنەوەی سیاسی کوردایەتی دەستی بەخەباتی چەکداری کردەوە دژی ڕژێمە سەرکوت گەرەکانی عێراقی شۆفێنیزمی ناسیۆنالیستی عەرەبی.


ڕاپەڕینی ساڵی١٩٩١ی خەڵکی عێراق و باشووری کوردستان،وەرچەرخانێکی نوێ بوو لەمێژوی ڕابردوی عێراقدا. لەڕێی ڕاپەڕینەوە توانرا ڕژێمی دڕندەی بەعس لە کوردستانی عێراق وەدەر نرێت. کومەڵانی خەڵکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ، زۆر دڵ پڕ و قارەمانانە ئامادەی بەخشینی گیان فیدا کاری بوون. ئەوی لەو سەرو وەختەدا ژیا بێت،دەیزانی ئەو کۆمەڵگایە بەچ ئەندازەیەک گیانی شۆڕشگێڕێتی تێدا بڵند بوو. چونکە ئەو خەڵکە زەحمەتکێش و ئازادیخوازە ناھەقی نەبو، زۆر سوکایەتی و چەوساندنەوەی دی بەدەستی پیاوەکانی بەعس و کوردە بەکرێگیراوەکان. (مرۆڤ دەبێت بەویژدان بێت و ئەو خەڵکە زەحمەتکێشە نەداتە بەر ڕەخنە،بەڵکو ھەمیشە ئەرکیەتی حیزبە چەتەکانی کوردایەتی بداتە بەر ڕەخنە و بەعس ئاسایان بەسەر بێنێت).


خەڵکی باشووری کوردستان،وا بۆ زیاد لەبیست و پێنج ساڵ دەچێت،بەگۆشت و ئیسقانیەوە،ئەزمونی حکومەتی کوردی بۆرژوازی کوردی دەکات و تادێت جۆرێک لە پەشیمانی پێوە دیارە لەوەی ئاخۆ ئەوان ئەو کۆ قوربانیەیان ڵەپێناو ئاوا ڕۆژێکدا دا؟ ئاخۆ ئەو ئازادیەی کۆمەڵانی خەڵک چاوەڕێیان دەکردو خەباتیان لەپێناودا دەکرد،ئەمە بوو کە ئێستا لێی بێزار بوون؟ ئایا بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کامە جیاوازیەتی لەگەڵ بزووتنەوە ناسیۆنالیستیە ناوچەیەکانی تردا؟ ئەرێ ئیسلامی سیاسی ھەر ئەو ئیسلامەی سەردەمی پەیامبەر نیە؟ کەواتە،چەوساندنەوە،ھەر چەوساندنەوەیەو شەقیش ھەر یەک شەقەو، سوکایەتیەکەی ھیچ جیاوازیەکی نیە لەوەی کێ شەقەکە دەوەشێنێ و سەر بەکام نەتەوەیە!


دەسەڵاتە چێنایەتیە چەتەکەی کوردی خۆماڵی،لەگەڵ دەسەڵاتە چەتەکەی عێراقدا،ھەڵگری یەک چەمک و یەک ئامانجن،ئەویش گێل کردنی کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش،لەڕێی تۆوی دوبەرەکایەتی قەومی و مەزھەبی ـ ئاینیەوەیە،چونکە لەو ڕێگایەوە،خەڵکانی ھەژار کراو دەکەن بەدوژمنی یەکتری و خۆیشیان لەسەرەوە بۆخۆیان دزی دەکەن و ملیاردەکانیان زیاتر دەکەن.


لای من ھیچ جیاوازیەک نابینم لەنێو ئامانجی داعش و حیزبە کوردیەکان و دەوڵەتەکەی عەبادی و ئەردۆ داعش و ئەسەد و ئال سعود و ئالەکانی تر و خامینەئیدا. ئەوانە بەکۆ،سەر بەیەک خێزانن و پێکەوە پەیوەندی توند و تۆڵیان ھەیە و سەربەیەک خێزانی چینە چەوسێنەرەکانن، بۆیە ئەرکی کۆمەڵگا ئەوەیە لەو جیاوازیە چینایەتیە تێ بگەن.


خەڵکی زەحمەتکێشی ھەرێم نابێت چاوەڕێی دەستی ساتو سەودای بزووتنەوەی گۆڕان و حیزبە ئیسلامیەکان بن. ئەو حیزبانەیش سەر بەھەمان بنەماڵەن و ئەوانیش شینی ھەریسەکە دەکەن،نەک شیوەن بۆ حسەین.


چاوەڕوانی بۆنێو ئامانجەکانی ئەو بەرە بەناو شۆڕشگێڕە،بەغەیری ھەڵچنینی بێ ئومێدی، چیتری لێ چاوەڕوان ناکرێت. ئەو بەرەیە، لەنێو پاکێجی چاک سازیەکەیدا بەشوێن بەرژەوەندیەکانی چینی بۆرژواکانەوەیە و ئامادەی شۆڕش کردنی نیە بەسەر حکومەت و حیزبەکاندا،ئەوان ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان،بەکار دەھێنن لەپێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا،ھەروەک ئەوەی لە ١٧ی شوباتدا کردیان.


ئەرکی جەماوەری ئازادیخوازی باشوور،تەنھا بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی مەزنە کە تەواو کەری شۆڕشی ساڵی ١٩٩١ بێت،چونکە ئاماجی کۆتای ڕاپەڕین یان شۆڕش ھێشتا نەگەیشتۆتە دوا مەنزڵی خۆی. مێژوی مرۆڤایەتی لەو قۆناغە جۆراو جۆرانەی زۆرە. ڕەنگە ڕونترینیان شۆڕشی بۆلشەویکی ڕوسیا بێت. بەرپاکردنی ئەو شۆڕشە لە ساڵی١٩٠٥ وە دەستی پێکرد،دژی دەسەڵاتی قەیسەری پاشای ڕوسیاو، لەپێکدادان و ململانێی نێو باڵە جۆراو جۆرەکانی حیزبە بۆرژوازی و قەومی و سۆسیالیستیە جۆراو جۆرەکاندا درێژەی کێشا،تا دواجار لەساڵی ١٩١٧ دا کە بەشۆڕشی ئۆکتۆبەر بەناوبانگە توانی سەرکەوتن بەدەست بھێنێت بەسەر کۆی حیزبە قەومی و بۆرژوازیەکاندا و وەک مەزنترین شۆڕشی چینایەتی،چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش، ئەژمار کرا لە جیھاندا.


کۆمەڵانی خەلکی باشووریش تا دەگات بەوڵاتانی بەناو بەھاری عەرەبی و ئێرانی ئێستا،پێویستیان بە بەرپاکردنی شۆڕشی کۆتای ھەیە،تابتوانن ئامانجەرەواکانی شۆڕشێکی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی بەدەست بھێنن.

 

٢٣\٢\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن



 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک