٢٨\١٠\٢٠١٦
خەڵکی چەکداری
کەرکوک و مەترسیی داعش.

ئاسۆ کەمال
هێزی چەکداری خەڵکی کەرکوک دژی داعش لە ٢١
ئۆکتۆبەردا ڕوداوێکی گرنگە کە میدیاکان گرنگی پێ نادەن و یەکێتی و
پارتیش دەیانەوێ باسی ئەم هێزە نەکرێت. ئەوەی لەسەرەتای شەڕی کەرکوک
دژی داعش بینیمان لەم ڕۆژەدا هاتنەمەیدانی خۆبەخۆیی خەڵکی چەکداری
کەرکوک بوو و ئەم هێزە هەرچەند پەرژوبڵاو بوو بەڵام بەو ژمارە زۆرە و
بەو گیانە جەنگاوەریەوە زوو توانی دۆخی ترس لەداعش نەهێڵێ و هێزی
جەماوەری دژ بەو چەتانەی داعش کۆبکاتەوە. هەرچۆن ڕاپەڕینی ١٩٩١ خەڵکی
چەکدار کردی نەک هێزی چەکداری یەکێتی و پارتی. ئەمە موبادەرە و
دەستپێشخەری جەماوەریە دژی داعش و گرنگە پەرەی پێ بدەین.
هاتنە ناوەوەی دەیان چەکداری داعش فەشەلی ئاسایش و هێزەکانی یەکێتی و
پارتی دەردەخا لە پاراستنی کەرکوک لە داعش سەرەڕای ئەو ملیۆنەها
دولارەی بەدەست ئەم دەزگایانەوەیە. هەربۆیە خەڵکی کەرکوک پێویستە بۆ
پاراستنی خۆیان لە داعش بیر لە ڕێکخستن و دروستکردنی هێزی چەکداری
خۆیان بکەنەوە لە گەرەک و ناوچەکانی کەرکوکدا. نابێت ڕێگە بە هێزەکانی
یەکێتی وپارتی بدرێت کەئەم دەستپێشکەری و هاتنەمەیدانەی خەڵک لەناوبەرن
و بەناوی ئەوەی تەنیا ئاسایش و دژە تیرۆر دەتوانێ خەڵک بپارێزێ.
داعش تەنیا سوپایەکی پیشەیی نیە کە شەڕی جەبهە بکات و بەس ،بەڵکو ئەم
هێزە لەناو خەڵکی کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری نفوزی هەیە. هەربۆیە
ئامادەیی خەڵکی چەکدار لە گەرەک و شوێنەکانی شاردا زۆر گرنگە بۆ
وەڵامدانەوەی خێرا و نەهێشتنی گەیشتنی چەکدارەکانی داعش بە ئامانجی
زاڵکردنی فەزای ترس و کۆنترۆڵی گەڕەک و دائیرە و شوێنە گشتیەکان. بەڵام
تێکشکانی داعش لە کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری تەنیا بە هێزی عەسکەری
ناکرێ. داعش دەیەوێ لە کەرکوکدا شەڕی کورد و عەرەب دروست بکا و لەم
بارەوە تەجروبەی دروستکردنی شەڕی سونە و شیعەی هەیە کە تیایدا
سەرکەوتوبوە. هەربۆیە خەڵکی کەرکوک دەبێ دژی هەر سیاسەت و کردەوەیەک
بوەستنەوە کە دەیەوێ خەڵکی عەرەب و سونەی ناو کەرکوک بە داعش هەژماربکا
و بەمەش هانی ئەوەدەدا کە داعش ئەم خەڵکە بکاتە هێز و نفوزی خۆی. خەڵکی
کەرکوک لە شەڕی دژی داعشدا سەرناکەوێ ئەگەر ڕێگە لە هەر کردەوە و
سیاسەتێک نەگرێ کە بەشێک لە خەڵکی کەرکوک هان دەدا بۆ چونە پاڵ داعش و
سەیرکردنی داعش وەک پەنا و هێزێک بۆ پاراستنی خۆی. هەر نەعرەیەکی
شۆڤینیستی و مەزهەبی ، کوردی یان شیعی ، خزمەت بە بەهێزکردنی داعش دەکا
و دەتوانێ هێز و نفوزی داعش زیادبکا.
خەڵکی کەرکوک بۆ نەهێشتنی داعش پێویستی بە هێزی چەکداری جەماوەری و
ڕیزی یەکگرتوویی هەمو دانیشتوانەکەیەتی بە کورد و عەرەب و تورکمان و
هەر مەزهەب و لایەنێک بێت.
ماڵپهڕی ئاسۆ کهمال
|