په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٨\٢٠١٢

خەڵکی کەرکوک

تەنیا دژی ھاتنی دەولەت باخچەلی و ئەحمەد ئۆغلۆ نییە
بەڵکو دژی ھاتنی بەرزانی و تاڵەبانی و مالکیشە.

عەبدوڕەحمان محەمەد    


کەرکوک ، ئەو شارەی لە دوری ھەزاران کیلۆمەترەوە، ملیۆنەھا کەس خۆی بە خاوەنی دەزانێت، نمونەمان زۆرە، وڵاتانی پیشەسازی و باڵا دەستی سەرمایەداری جیھانی کە تا ئێستاش ھەر ڕەوڕەوەی بەرەوپێش چونی ئابورییان پشت دەبەستێت بە تەکنۆلۆجیایەک کە وزەی بە گڕخستنەکەی نەوتە، بەرزبونەوەو دابەزینی ئەو ماددە حەیاتیەی ئەمڕۆی ژیانی مرۆڤایەتی لە دورترین کونجی ئەم دنیایە ھەستی پێ دەکرێت، لە بەر ئەوەی لە گواستنەوەی شتو مەکەکانەوە دا دەگاتە وە گەڕ خستنی ئامێرەکان بەشدارە، شەڕ لە ناوچە نەوتیەکاندا بە تایبەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەراستدا زیاتر کاریگەرە لە سەر ڕاگرتن یا تێکدانی شیرازەی سروشتی ژیانی خەڵکەکان، لە ئەوروپادا دەبینین ،بە ھەواڵێکی مەترسیدار لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ئۆتۆمبێل لە سەر جادەکان کەم دەبێتەوە لە بەر سەرکەوتنی نرخی سوتەمەنی ، وە نرخی شتو مەکیش لە خۆراکەوە تا جلو بەرگ ،تا نرخی پلیتی سەفەر کردنیش.


خەڵکی کەرکوک،، ئەوانەی کە تائێستاش نەیانتوانیوە نزیک بنەوە لەو بابا گوڕگوڕەی ، کە بە وتەی بەرژەوەندی پەرستان دەڵێن (ئاڵتونی ڕەش) بەرھەم دەھێنێت، بونەتە قوربانی ئەم ماددە سەڕسوڕھێنەرە ،کە سیحری دنیای پیشەسازی و پێشکەوتنە،دەیان وشکانی کردۆتە بەھەشتێک کە ئینسان لە سەرتاسەری جیھانەوە تامەزرۆن سەردانی بکەن لە چەشنی دوبەی ،ھەرچی مافیای دنیا ھەیە بەرنامە دادەرێژێت بۆ بە دەست ھێنانی،خەڵکی کەرکوک دەیان بگرە ھەزاران خاوەن و خەمخۆری ھەیە تا تەنکەرەکەی پڕ دەکات، عیراقێک ،سەرو خواری ئارامە ، کار بۆ بنیاد نانەوەی دەکرێت لە سەر حیسابی بۆمب و کوشتاری خەڵکی کەرکوک ،کام لە بەرپرسانی کەرکوک ،کە دەوامیان تەواو دەبێ ئێواران لە سەرچنار و ھاوینەھەوارەکان بە بێ ترس و بێ خەم لە باوەشی ھێمنی خێزانەکانیاندا ناخەون، مالکی و بەرزانی کێشەیان ھەیە ،تەقینەوە لە کەرکوک دەبێت!!!، ھەرێم و بەغدا کێشەیان ھەیە ، باخچەلی و ئەحمەد ۆغلو دێنن بۆ کەرکوک!!! پێش ئەمانە ھاتنی مالیکی ھەمان ھەراو ھوریای لێ کەوتەوە، سەردانەکانی تالەبانی و بەرزانی ھەمان ڕەنگدانەوەی ھەیە لە کوشتار و ماڵ وێرانی خەڵکی کەرکوک، سەدان خەڵکی کەروک لە لای حکومەتی ھەرێمی ھاوزمان و ھاو نیشتمانی ،دوای بیست ساڵ دەڵێن، ماڵە ئاوارەکە، کەرکوکیەکە، کە زۆر جارێش زۆری لێ دەکرێت یا بەرژەوەندی دەخەنە پێشی بۆ گەڕانەوەی بۆ ئەو جەھەنمەی کە پێی دەڵێن کەرکوک، ئەوەی ڕوخساری شارستانیەت بێت بەو شارەوە نەماوە، لە کاتێکدا کە قوربانیانی تەقینەوەکان لە سەرەمەرگدان ،لە بەر نەبونی دکتۆر و داودەرمان ،دەیان ھەزار بەرمیلی نەوت لەو ساتە وەختەدا دەفرۆشرێت.


ئەگەر ھەمو خەڵکی عیراق دوای روخانی ڕڕێمەکەی سەدام شتێک لە ئازادی بە دیھێنا ،بەڵام خەڵکی کەرکوک بووە قوربانی ئەو دەسەڵاتە قەومی ە مەزھەبیە عەشایریە کە لە عێراقدا پێک ھات، کێشە نائینسانیەکانیان لە سەر لاشەی خەڵکی بەشمینەتی کەرکوک یەکلادەکەنەوە،بۆیە خەڵکی کەرکوک ھیچکام لە ئێوەی پێ قبوڵ نیە ، کە سەرچاوەی ژەھراوێکن بەشەریەت تا ئەمڕۆش نەعلەتی لێ دەکات،لە نەتەوە پەرستیەوە تا دەگاتە بیرو بۆچونی کۆنەپەرستانەتان.چەند بەرپرسانی تورک نامۆن بە شاری کەرکوک ،ئێوەش ئەوەندە، کام پەیامی ئینسانیتان، تا خەڵکی کەرکوک بەراوردێک بکات لە نێوان ئێوەو باخچەلیدا، بۆیە خەڵکی کەرکوک دەبێت دژی ھەمو دەست تێوەردانێکی دەرەکی بێت، لە بەغداوە بێت یا ھەرێم یا تورکیا یا ئیران، دەستی ھەموو خەڵکێکی ئینسان دۆست و دلسۆز بە گەرمی دەگوشێت، بۆیە ھەڵوێست وەرگرتن دەبێت زانستیان بێت نەوەکو عاتفیانە، دەیان کەسی ڕۆشنبیرو بە ھەڵوێست ،بۆ ژەمێکی چەور خۆی خزاندۆتە نێو ئەو ھاوکێشە دژە ئینسانیەی کە خەڵکی کەرکوک باجەکەی دەدات و لە میدیا ڕەشەکانی دەسەڵاتەوە پینەو پەڕۆی شەرمەزاریەکانیان دەکات،خەڵکانی ئازادی خوازی شارەکانی تری عیراق نابێت ئاوا دەستە وەستان تەماشای ئەو کارەساتە دڵتەزێنانەی شاری کەرکوک بکەن. ھاوکێشەی کێشمەکێشەکان دیارە، ئەو ناوچانەی کە زۆربەیان کورد نشینن یا شیعە نشینن یا سوننە ، چوارچێوەیەکی سنوری بۆ کێشراوە ئیتر لە ژێر ناوی فیدرالیەتدا بێت یا ھەرشتێکی تر، بە ھێزە ئەمنیەکانی چوار دەورە دراوە، لە بازگەی شارەکانیاندا ھەزاران لێکۆڵینەوەت لێ دەکەن ،بۆ ھاتوی ، کارت چیە ،تا دەگاتە ئەوەی سەردانی کێ دەکەیت و لە کوێ دەمێنیتەوە، بەڵام کەرکوک بێ دەرگا و بگرە ھەر خودی تیرۆریستان و ئەوانەی تەقینەوەی تیادا دەکەن دەیپارێزن!!


ئەگەر تەماشایەکی ڕوداوەکان لە دیدی ئیناسنیەوە تەماشا بکەیت ، تا ئێستا لە کەرکوکدا لە دوای بە ناو ڕزگار کردنی کەرکوکەوە ،ھیچ کێشەیەکی نەتەوەیی ئایینی لە نێوان پێکھاتەی ئەو شارەدا نەبووە، بەڵام کێشەکان لە نێوان بە ناو نوێنەری ئەم پێکھاتانەی کەرکوکدا وەزعی ئەمنی شارەکە ئاڵۆز دەکات، بۆیە ئازادیخوازان و ئینسان دۆستانی کەرکوک لە ھەموو پێکھاتەکانی کەرکوک دەبێت ھەڵوێستی عەمەلیانە دەربڕن لە دروست کردنی ڕێکخراوی ڕۆشنبیریەوە تا دەگات کەمپینی ھاوبەش دژی ھەموو دیاردەیەکی ناشارستانی و نا مەسئولانە لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەشە ئارامەکانی تری عێراقەوە.


١٧\٨\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڕه‌حمان محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک